سەردێڕ:

ئیتر قسە ئەکەم (٧)

7/17/2019 12:01:57 PM
22086 جار خوێندراوەتەوە
عەبدولڕەزاق شەریف
+ -

(119) بەردی بناغەی کوردستانی گەورە

ساڵی ٢٠٠٤‌و لە بەغدا، مەسعود بارزانی و نەوشیروان مستەفا سەرۆکایەتی تیمی نوێنەرایەتی کوردستانیان لە لیژنەی نوسینەوەی دەستوری عێراقدا دەکرد، وایان رێکخستبوو یەکەمیان بەیانیان و، ئەوی تریان ئێواران ئامادەبێت.

دوای پشوی نیوەڕۆژێک، بارزانی لە ھۆڵەکە و لە چاوەڕوانی ھاوسەرۆکەکەیدا، بۆ پرس ‌و گفتوگۆیەک ئەمێنێتەوە، ئەو کە چەند رۆژێک بو دەستەواژەی "ماعدا اللمحافظات المنتظمە فی اقلیم"، واتە "جگە لەو پارێزگایانەی کە لە چوارچێوەی ھەرێمێکدا رێکخراون" بۆ مادەی (١١٩) ئیزافە ئەکرد ‌و بەیانی رۆژی دواتر، لادەبرا، لای عەبدولعەزیز حەکیمیش بە گلەییەوە لە ھۆی لابردنەوەکەی پرسیبوو، ناوبراو پێی وتبو:" نە شیعە و نەسوننە کێشەیان لەگەڵ ئەو ئیزافەیەدا نیە، ئێواران لەدوای تۆ کاک نەوشیروان دەیکوژێنێتەوە".

- راستە تۆ ئەو دەستەواژە لە مادەی (١١٩) ئەسڕیتەوە کە ئێمە ئیزافەی ئەکەین؟ 
بەم پرسیارە گفتوگۆی ئەو تاقی ئێوارەیەی نێوانیان دەستپێدەکات.

- بەڵێ راستە، من ئەیسڕمەوە. 

کاک مەسعود بە سەرسوڕمانەوە ئەم وەڵامەی کاک نەوشیروان وەرئەگرێت ‌و ئەڵێ:" دیارە تۆ نیازی جیاکردنەوەی سلێمانیت ھەیە؟!".

- نەخێر، مەبەست جیابوونەوە نییە، من پیاوێکی مارکسی بووم، حەقی جیابوونەوە بە رەوا ئەبینم، تۆ کتێبەکەی لینین-ت لەسەر مافی جیابوونەوەی گەلان خوێندووەتەوە ؟

- بەڵێ، چ پەیوەندی ھەنە ؟

- تەڵاق مافێکە نە ئیدیعای بۆ ئەکەین ‌و نە لە خەڵکی ئەسەنینەوە.

کاک نەوشیروان زیاتر لەسەری ئەدوێ ‌و بۆی رووندەکاتەوە لە ئایندەدا بۆ رێگریکردن لە غەدری پارێزگایەک لە پارێزگایەکی تر، ئەم مەسەلەیە گرنگە و ناکرێ ئەو مافە بە دەستور لە خەڵک وەربگرینەوە، بەڵام دڵنیابە بانگەشەی بۆ ناکەم.

ھەرچەندە کاک مەسعود بڕوای بەو لۆژیکە ‌و مافە دەستورییە ھێنا، مادەکە وەک کاک نەوشیروان ویستی لە دەستوری عێراقدا جێگیربوو، بەڵام ئیدیعا و تۆمەتی حەزو ویستی کاک نەوشیروان بۆ جیابوونەوەی سلێمانی لە ھەرێمی کوردستان بە ناڕەسمی و ھەندێکجاریش بە رەسمی لەلایەن پارتییەوە بەردەوام بوو، ھەمووجارێکیش لە وەڵامدا کاک نەوشیروان ئەم گفتوگۆیەی خۆی و کاک مەسعودی دەگێڕایەوە، بڕوای تەواویشی پێی ھەبوو.

ھەرێمی سلێمانی !

کاردانەوەی پارتی بەرامبەر رێککەوتنی سیاسی گۆڕان و یەکێتی ھەر لە سەرەتاوە بیری پرۆژەیەکی بۆ جیاکردنەوەی "ھەرێمی سلێمانی" لای کاک نەوشیروان گەڵاڵەکرد، ھەرچەندە ھێزە عێراقی و نێودەوڵەتییەکان لە سەرەتاوە پیرۆزباییان لە رێککەوتنەکە کرد، بەڵام کاری دەستوبردی پارتی بۆ لەباربردنی رێککەوتنەکە وایکرد، جگە لە ئێرانییەکان، ھیچ کام لە نوێنەرایەتی ئەو لایەنانە لە مەراسیمی ئیمزاکردنی رێککەوتنەکەدا ئامادە نەبوون، ئەمریکییەکان بە کارمەندێکی کوردی کونسوڵخانەکەیان بەشدارییان کرد و ئەوانی تر مەعزەرەتیان ھێنایەوە و وتیان:" لەئاستی باڵای وڵاتەکانمانەوە ئاگادارکراوین کە بەشداری نەکەین".

لە ناوخۆی ھەرێم و حزبە کوردستانییەکان ‌و یەکێتی نیشتمانیدا، پارتی بە چڕی کەوتە دژایەتیکردنی رێککەوتنەکە و لەڕێگەی ھەوادارەکانیەوە توانی ئەو متمانەیەی پێش ئیمزاکردنی رێککەوتنەکە ھەبوو، لەقی بکات، بەداخەوە باری ناوخۆی یەکێتیش رێگەخۆشکەر بوو بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەکەی پارتی، تا گەیشتن بە جیاکردنەوەی باڵی "ناوەندی بڕیار"، کاک نەوشیروان ھەر لە سەرەتای مەترسییەکەوە پەیڕەوێکی بۆ سەرکردایەتی ھاوبەش نوسی و وەک پاشکۆیەکی رێککەوتنەکە لە کۆبوونەوەیەکیاندا بۆی خوێندنەوە و پەسەندیان کرد، تیایدا، ئیقرار کرابوو کە ھیچ کەسێکی تر بۆ ئەو سەرکردایەتییە زیاد نەکرێت، تەنانەت لە حاڵەتی چۆڵبوونی شوێنی ھەر ئەندامێک بە ھەر ھۆیەک، ھەتا بە مردنیش کەس جێگەی نەگرێتەوە، سەرکردایەتی ھاوبەش بۆ گشت قەزاو ناحیەکان دروست بکرێت، پارەو داھاتی سنوری سلێمانی بە لیژنەیەک لێکۆڵینەوەی لێ بکرێ و بزانرێ و کۆبکرێتەوە، ھێزی پێشمەرگە و پەیوەندییەکان و دارایی ھاوبەش بکرێ. لەوچوارچێوەیەشدا وەک سەرەتایەک پشتگیری مادی بزوتنەوەی گۆڕان بکرێت، جێگەی خۆیەتی باسلەوەش بکەین لای گۆڕانەوە حەمەتۆفیق بە فشاری ھێرۆخان و لای یەکێتیشەوە دکتۆر بەرھەم بە فشاری کاک نەوشیروان لەو سەرکردایەتییە دانران.

لەگەڵ زیاتر بێئومێدبونی کاک نەوشیروان لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە ‌و فشارەکانی پارتی بۆ لەباربردنی، سەرقاڵی نوسینی پرۆژەیەکی گشتگیر بوو بۆ بەکارھێنانی ئەو مافە دەستورییەی خەڵکی سلێمانی، بۆ ئەو مەبەستەش ھەم پرس ‌و ڕا ھەم گفتوگۆی لەگەڵ زۆر لە ھاوڕێکانماندا دەکرد.

- کاکە پێتوانییە لەڕوی مەسەلە گەورەکەی نەتەوە و نیشتمانەوە زیان بە نەوەکانی ئایندە بگەیەنێ ؟

من وەڵامی ئەم پرسیارەم لا گرنگ بوو، بێ بیرکردنەوە زۆر بەوردی وەڵامی دامەوە:

- من ژیانی پێشمەرگایەتیم، پارتیزانیم وایکردووە ھەموو مەسەلە گەورەکان بەو تەجروبەیەوە و دەرسەکانی بەراورد بکەم، بۆ جێبەجێکردنی ستراتیژ و بەرنامەی درێژخایەن، کورد پێویستی بە شوێنێکی ئەمین ھەیە (ملاذ امن)، خەباتی پارتیزانیش وایە، پەکەکە بۆیە نافەوتێ، قەندیل بووە بەو پەناگەیە بۆیان، ھەر کات ‌و لەھەر شوێنێ فشاریان بچێتەسەر، ئەگەڕێنەوە ‌و لەوێ ئەتوانن خۆیان رێکبخەنەوە، ھەر لەوێش ئەتوانن پەلوپۆ بۆ ھەموو کوردستان بھاوێژن، ئەمە بۆ حیزب و بزوتنەوەی چەکداری دروستە و ئێمەش ھەروابووین، بۆ حکومڕانی کوردیش وەک نەتەوە و بۆ ھەر چوار پارچەی کوردستانیش ئێمە پێویستمان بە پەناگەیەکەی ئەمین ھەیە، شوێنێک کە بە دەستور و یاسا بتوانین بیپارێزین، ژێرخانی خۆی و سەرخانێکی پتەوی خۆی ھەبێ، لەڕوی دیموکراسی و مافی مرۆڤ نمونەیەک بێ باسبکرێ و چاوی لێبکرێ. مێژووی فکر و ئەدەب و سیاسەت ‌و رۆشنبیری سلێمانی، ئەو فرە رەنگ و دەنگییە، باشترین شوێنە بۆئەوەی بتوانین بیکەین بەو پەناگە ئەمینە ‌و خاڵی گۆڕانکاری لە بیری سیاسی کورددا، دەکرێ لە قۆناغی یەکەمدا سود لەو پشتیوانییەی بەغدا وەرگرین، گەر بتوانین لەجیاتی ئەو ھەموو زانکۆ بێکەڵکە تەنیا زانکۆیەکمان ھەبێ بچێتە ئاستی زانکۆ جیھانییەکان و مامۆستای لە دەرەوە بۆ بھێنین، لە جیاتی ئەو ھەمو خەستەخانەیە، یەک دوو خەستەخانەی گەورە لە ئاستی ئەوانەی دنیای دەرەوەدا بن و دکتۆر و پسپۆڕی بیانی بۆ بھێنین.. ئاسایش، پۆلیس، ھێزی چەکدار، ئازادی بیروڕا، ئەدەب ‌و ھونەرو...

لەڕاستیدا کاک نەوشیروان زۆر بە وردی ھەمو کۆڵەکە سەرەکییەکانی ژیان و بەردەوامی ھەرێمی سلێمانی باسکرد.

جارێکی تر و لە وەڵامی ھاوڕێیەکی باژێڕی ھەولێردا، کە پێی وابوو پارتی دەربەدەریان ئەکات و راوەدویان ئەنێ، وتی:

- نەک ھەولێر ‌و دھۆک، ھەمو شارەکانی تری پارچەکانی کوردستان خۆزگە بەو ھەرێمە ئەخوازن، ئەوەی ئێمە بیری لێ ئەکەینەوە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی و ئێران ‌و تورکیاش پشتیوانی ئەبن، لێتان تێکنەچێ، ئەمە دوو ئیدارەیی نیە، ئەمە ھەرێمی سەربەخۆیە و دەستوری عێراق رێگەی پێداوە، ئەسڵەن بۆ نەھێشتنی ئەم دوو ئیدارە فەرزکراوەیە کە مەسئولەکانی یەکێتی و پارتی لە بەرژەوەندی شەخسی خۆیان فەرزیان کردوە، خۆ ئەگەر ھەر پارتی فەلاقەی کردن، بڕۆن خەباتی سیاسیی ژێرزەمینی بکەن و ئێمە دەستان لێ بەرنادەین، وەک چۆن لەو شاخە دوو بۆ سێ ھەزار کەس بوین، بەڵام دەیان ھەزار کەسمان لە سلێمانی و ھەولێر و کەرکوک لەژێردەستی بەعسدا خەباتیان ئەکرد، ھەوڵبدەن و بڵێن ئەمانەوێت ئێمەش وەکو سلێمانیمان لێ بێت، رەنگە پارتیش لە مونافەسەی ئێمەدا وەزعی ھەولێر و دھۆک باشتر بکا، چونکە ئەوکاتە رێز و حورمەتی پارتییەکان دەبێ لە سلێمانی زیاتر بێ لە حیزبەکانی تر، بیریشت نەچێ، پارتی ھاوکارمان بێ، دەکرێ یەک ھێزی پێشمەرگە ‌و یەک ئابوری و یەک پەیوەندی دیپلۆماسی ھاوبەشمان ھەبێ، ئەو ھێزانەی ھەر لە سەرەتاوە لە پارتییەوە دورکەوتونەتەوە، بەھێزبوون ‌و گەشەیان کردوە، بەپێچەوانەشەوە ئەوانەی پارتی سەیتەرەی بەسەریاندا ھەبوە، وێران بوون، بۆ یەکەمیان نمونەی پەیەدە و پەکەکەی لە رۆژئاوا و باکور ئەھێنایەوە و بۆ ئەوی تریشیان حیزبەکانی باشور ‌و رۆژھەڵاتی کوردستانی بە نمونە ئەھێنایەوە، پارتی نایەتەژێر بارو باشترین چارەسەر دورکەوتنەوەیە لێی.

دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر و ئەم فکرەیە بەجۆرێکی تر لەلایەن ھێزە عێراقییەکانەوە بۆ بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتی تەرحکرا، تەنانەت عەبادی جوابی ناردبوو کە وەفدێکی ئێمە بڕوات ‌و پارەی ھەموو ئەو ساڵانەی موچەخۆرانی سلێمانی بەبێ پاشەکەوت تەسلیمی پارێزگاری سلێمانی بکات، لەگەڵیا پارەی پرۆژە و تەنمیەی ئەقالیم بنێرێ.

لە ساڵی ٢٠١٤وەو لەسەروەختی دەسەڵاتی مالیکییەوە حسابمان کرد زیاتر لە (١٠ ملیار دۆلار) دێتە سلێمانی و ھەموو تەسەڕوفێکی لەرێگەی پارێزگار و ئەنجومەنی پارێزگا ‌و دەزگا رەسمییەکانەوە ئەبێ.

- خواھاوار ! کەس ھەیە ئەم عەرزەی بەغدا رەتبکاتەوە ؟ ئەم فرسەتە لە مێژوودا نە بۆ کورد نە بۆ سلێمانی رێکناکەوێتەوە.

من ئەم قسەیەم لە کۆبوونەوەیەکدا کرد و حەمەتۆفیق رەحیم بە گژمدا ھات:

- ئەوە جێبەجێکردنی ئەجێندای وڵاتانی ئیقلیمییە.

- نەخێر ھەمووتان ئەزانن کاک نەوشیروان پرۆژەیەکی موتەکامیلی ھەبوو بۆ ئەو مەسەلەیە و تەمەن دەرفەتی نەدا، لای ھەمووشتان باسی کردوە، ئامادەم دوو سەعات لەسەر پرۆژەکەی قسەبکەم.

بەتەنیا و جودا جودا ھانام بۆ ھەمو ئەو ھاوڕێ دەستڕۆیشتوانە برد، سەید عومەر ئەزمونی حکومەتی ھەرێمی پێ لە ھەموو حوکمدارێتی دنیا جوانتر و گەورەتر بوو، ئەوانەی دەرەوەی سلێمانی ھەموو دژایەتییان ئەکرد، ھەر لەمیانی ئەو گفتوگۆیانەدا جارێکیان سەید عومەر وتی:" بەم عەقڵەوە ئیعلامەکە بەڕێوە ئەبەی؟ لە تەلەفزیۆنەکەوە ئەڵێی یەکەمجارە لە مێژوی عێراقدا وەزیرێکی کورد لەسەر گەندەڵی دەربکرێ.. لەمەدا مەبەستی راپۆرتێک بو لەسەر کەیسەکەی ھۆشیار زێباری لە KNNوە بڵاوکرابوەوە"، وتم:" جەنابی کاک عومەر ئەوە راستییە ‌و ئێمە لەسەر ئەو کەیسە وا قسەمان کردوە، خۆشم نوسیومە"، لێم راستبوەوە و بەتوڕەبونەوە وتی:" دەبا پێت بڵێم لە تەئریخی عێراقدا وەزیرێکی کورد نەبووە بەقەد ھۆشیار زێباری باش بووبێت و ئیشی بۆ کورد کردبێ".

لەوێدا تێگەیشتم بیرکردنەوەی من و ئەو پیاوە, ئەو پیاوە و خەڵکی ئەم ھەرێمە چەند لەیەکەوە دورن و چەند ناجۆر و ناتەبان.

بەھەرحاڵ لەژێر فشاری ھاوڕێکاندا، پێشنیازکرا وەفدێکی ھاوبەشی بزوتنەوەی گۆڕان، یەکگرتوو و کۆمەڵی ئیسلامی پێکەوە سەردانی بەغدا بکەن، دواجار بە ھەرھۆیەک بوو، من نازانم بۆ ئەو وەفدە ھاوبەشە لەوکاتەدا رێکنەخرا، شۆڕش حاجی بەتەنیا وەکو نوێنەری گۆڕان سەردانی بەغدای کرد، بەڵام لەژێر فشاری سەید عومەر و ھاوبیرەکانیدا قەناعەتیان پێکردبوو بەنھێنی و دور لە چاوی کامێرا حەیدەر عەبادی ببینێ، عەبادیش لە وەڵامی ئەو جۆرە کۆبوونەوەیەدا وتبوی:" ئینجا کە پێیان شەرم و شەرمەزاییە کە بە ئاشکرا بمبینن، بۆچی نوێنەریان ناردووە بۆلام ؟"، زیارەتی شۆڕش حاجی رەتکرایەوە و دیدارەکە روینەدا، ھەموو ئەو روانینەی شۆڕش ‌و ھاوبیرەکانی بۆ ئەوە بوو کە پارتی تەخوینی بزوتنەوەی گۆڕان نەکا، وەک چۆن لەوکاتەدا سەرگەرمی تەخوینکردنی یەکێتی بو، کێچ کەوتە کەوڵم و لەو سەروبەندەدا پەیوەندیم بە یەکێک لە موستەشارەکانی مالیکی لەلایەک ‌و چەند کەسایەتییەکی دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە لەلایەکی ترەوە کرد کە لە عێراقدا کاریان ئەکرد، ھەردولا یەک قسەیان کرد ‌و وتیان" لە ١٦ی ئۆکتۆبەردا یەکێتی یەک ھەنگاو ھاتەپێشەوە، پارتی و بارزانی بە ١٠٠ ھەنگاو پێشیان کەوتن، ئیتر بۆچی لە پارتیو کاک مەسعود ئەترسن ؟".

ئەمەیان نەکرد و پارتی و بارزانی خۆیان چونە بەغدا و رێککەوتن، بوونەوە بە دەمڕاستی ھەرێم ‌و دوای ھەموو ئەمانە بزوتنەوەی گۆڕان  لە بەیاننامەیەکدا داوا لە حکومەتی عێراق دەکات پارەی موچەخۆران بدات و داواش لە پارتی دەکات پاشەکەوتی موچە لابەرێ، ئێستاشی لەسەربێ ھەم پارەی پارەی موچەخۆران لە غەرغەرەدایە و ھەم پارتیش  پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەرانی نەداوە. 

ماویەتی..