سەردێڕ:

​پەرلەمانی داهاتوو لەنێوان بیرۆكراسیەت و دیمۆكراسیەت

1/3/2019 5:25:28 PM
2089 جار خوێندراوەتەوە
هێمن سەعید
+ -

 بە بۆچوونی ھانس کلسن پەرلەمان نمونەیترین فۆرمە بۆ پیادەکردنی دیموکراسی، ھەروەک دەڵێت ئەگەر تاکە فۆرمێکی سیاسیانە لە ئارادا بێت کە پێویست بێت شایانی چارەسەرکردنی ئاشتیانەی ململانێی نێوان چینەکانی بدرێتە دەست، ئەوا ئەو فۆرمە بریتی دەبێت لە پەرلەمان.

ئەگەر بەوردی سەرنج بدەینە ئەم وتەیەی کلسن پێچەوانەکەی دەبینین لە ھەرێمی کوردستان، چونکە پەرلەمان بەدرێژایی ژیانی سیاسیی خۆی لەژێر ھەژموونی حیزبێک یان دوو حیزبدا بووە کە لەنێوان خۆیان ئاڵوگۆڕیان پێکردووە، تەنانەت بۆتەنھا جارێکیش قبوڵیان نەبووە جگە لەخۆیان حیزبێکی دیکە ئەوئەرکە بگرێتە ئەستۆ جارێکیش کە ئەوە رویدا ھەر زوو گەڕاندیانەوە ژێر باڵی خۆیان، ئەوەتا ھەر لەئێستەشەوە بۆچەندەیەمین جار دابەشیان کردەۆتەوە لەنێوان خۆیان.

ئەوەش ئەو راستیەمان بۆ دەسەلمێنَت پەرلەمان کەمترین نوێنەرایەتی راستەقینەی گەل بکات، بەڵکو زیاتر لەشێوەی بازاڕدا دەبێت لە سیستمی سەرمایەداریدا، چونکە گفتوگۆ و ململانێ لەسەر بەرژەوەندیە ماددیە حیزبیەکان و ئەندامەکانیان دەکات، وەک مامەڵەکردنی کاڵایەک کڕین و فرۆشتن بە بڕیارەکانیەوە دەکرێت. یاساکانیش بەرئەنجامی گفتوگۆی ئازادانە بەرھەم ناھێنرێن، بەڵکو بەرئەنجامی ململانێ و بۆچوون و بەرژەوەندیەکانیانەوە سەرھەلدەدەن، ھەر ئەمەشە وادەکات خودی پەرلەمان لەناو قەیرانێکی راستەقینەدا گوزەران بکات.

ئەوەتا ھەرچی بڕیاری گرنگە لەدەرەوەی پەرلەمان بڕیاری لەسەر دەدرێ و لە پەرلەمان تەنھا رویەکی یاسایی پێدەبەخشرێت، ھەر بۆیە ئەم دامەزراوەیە لە دەزگایەکی نوێنەرایەتیکردنەوە بووە بەتەنھا دەزگایەکی کارگێڕی و بە نوسراوی نھێنی بڕیار لەسەر شتەکان دەردەکات و دوایش لەکۆبونەوەی گشتیدا دەقی بڕیارەکانی ڕادەگەیەنێت.

لەئێستادا پەرلەمان بوەتە بینایەکی گەورە و ژیانی پەرلەمانی لەخودی بیناکەی نەوی ترە و ئەو توانایەیی نیە ئەرکەکانی خۆی راپەرێنێت، کۆمەڵێک بەناو لیژنەی لێدروست بووە کە جگە لە ئامرازێکی سادە و تەکنیکی چی دیکە نیە، لەمەوە ئیتر پەرلەمان وەزیفە ئەسڵیەکەی خۆی لەدەست نامێنێت و لەوەش دەردەچێت کە شوێنێک بێت بۆ کارکردنی سیاسیانە و دەرکردنی بڕیار و تەنھا وەک فەزایەکی بەڕێوەبردنی ململانێی حیزبەکان دەمێنێتەوە  لەچوارچێوەی خانەی بیرۆکراسی، چونکە تائیستا نەیتوانیوە سنورێک بۆ گەشە و ھەڵکشانی بیرۆکراسیەت دابنێت.

سەرەڕای ئەوەی ھەتاکوئێستا پەرلەمان جگە لەوەی نەیتوانیوە ببێتە دامەزراوەیەکی نوێنەرایتی، بەڵکو نەشیتوانیوە کۆمەڵە فەرمانڕەوایەکی کارامەش بەرھەم بھێنێت، بەپێچەوانەشەوە ئەو نوێنەرەی  ئیدیعای پاڵەوانی رزگاری دەکات لەدەرەوە، کاتێک دەچێتە پەرلەمان بودەڵەو لاواز دەبێت، چونکە گرووپێک لەدەرەوە ئاڕاستەی بڕیار و کارەکانی دەکات و مەجالێکی بۆ سەربەخۆیی ئەندامەکانی نەھێشتوەتەوە کە تەنانەت تەعبیر لە بیر و بۆچۆنی خۆشی بکات، یان گیرۆدەی نەفسی ھەلپەرستی خۆی دەبیت یان کۆت و بەندی بیرۆکراسیەت دیلی دەکات.

مۆرکی نوێنەرایەتیکردنی پەرلەمان لە ھەرێمی کوردستان زیاتر مۆرکێکی حیزبیە و ئێستا ئیتر ئەو شوینە نیە کە بڕیاری سیاسیانەی تێدا دەربکرێت، بەڵکو بوەتە جێگایەک بۆ ململانێی حیزبی و بەدەستھێنانی بەرژەوەندی ماددی لەلایەن حیزبەکان و ئەندامەکانیان و لەبری نوێنەرایەتی گەل بکات نوێنەرایەتی یەک یان دوو حیزبی گەورە دەکات.  ئەوتا کەمینەیەک بەویستی خۆیان چۆنیان بوێت تەسەڕوف بە داڕشتنی پرۆگرام و بەرنامەکانیەوە دەکات کە کار لەسەر بەرژەوەندیە ماددیەکانی خۆی دەکات و بۆ پاریزگاری کردن لەو پلەو و پایەیی خۆی سوود لەو ململانی و بەرژەوەندیە مادیەکان وەردەگریت و تەمەنی خۆی پی دریژدەکاتەوە. ھەر ئەمەش وادەکات گفتووگۆ گشتیەکان شتێکی بێمانابن ئەگەر پێشتر گفتوگۆی تایبەتی لەسەر نەکرابێت.

بۆیە تا حیزبە گەورەکانی ناو پەرلەمان بەرپرسیاری تەواوی خۆیان لەئاست کاروبارەکانی ھاوڵاتیانی ھەرێمدا لەبەرچاو نەگرن سیستمی پەرلەمانی ناتوانێت بەمەھامی راستەقینەی نوێنەرایەتی خۆی بگات، ئەوەتا ئامانجی ئەو حزبە گەورانەش بریتیە لەوەی لەڕێگەی ھەڵبژاردنەوە پۆستی سیاسیانە بەدەستبھێنن و لە ژێردەسەڵاتی سەرکردەیەک یان دەستەیەکدا کۆببنەوە، بەمەش جۆرە رێکخستنێکی بیرۆکراتیانە لەناویاندا پەرە دەسەنێت و جارێکی تریش پەرلەمان لە ژێر رەحمی بیرۆکراسیدا دریژە بەکاروانی خەباتی خۆی دەدات.