سەردێڕ:

بۆچی بزوتنەوەی گۆڕان و جوڵانەوەی نەوەی نوێ سەر بە پرۆژەیەکی رادیکاڵ نین؟

5/29/2019 2:10:08 PM
4355 جار خوێندراوەتەوە
د. دارا محەمەد
+ -

ئەو بزوتنەوە و ھێزانەی لە پاش راپەڕینەوە ھاتونەتە کایەوە کە توانای لەخۆگرتنی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیان ھەبووە و لە دژی دەسەڵات و مۆدێلی حوکمڕانی یەکێتی و پارتی کاریان کردوو‌ە تەنھا بۆ ماوەیەکی کورت ئەم توانایەنە بڕی کردووە و لە زۆربەی بارەکاندا جۆرێک لە مۆدێلی رێکخراوی سیاسیان دروستکردووە کە بریتیبووە لە ‌سەرلەنوێ بەرھەمھێنانەوەی مۆدێلی سیاسی یەکێتی و پارتی. ھۆکاری سەرەکی ئەم جۆرە لە سیاسەتکردن و دنیابینیە بۆ کایەی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە باشوری کوردستاندا لەلایەن ئەم بزوتنەوە و ھێزانەوە بریتیە لە نەبوونی پرۆژەیەکی فیکریی و جیھانبینیەکی سیاسی کە بەتەنھا خۆی لە رێکخراوبوونی حزبگەرایی خۆیدا نابینێت، بەڵکو ئەو ڤیژنە مرۆییە گشتگیرەیە کە کایەی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە باشوری کوردستاندا جیاناکاتەوە و گۆڕینی کایەی سیاسی بە گۆڕینی کایەی کۆمەڵایەتیەوە دەبەستێتەوە.

ھەروەھا بەشێکی گەورەی وزەی خۆی بۆ دروستکردنی پرۆژەیەکی سیاسی و فیکریی تەرخان دەکات بۆ گۆڕینی ئەو نۆرم و بەھاو جیھانبینیە کە مروڤی کورد لە باشوردا لەسەری گۆشکراوە و بەشێکی زۆری ئەم بەھا سیاسی و ئەخلاقیانە لە رێگەی ھەژمونی دەسەڵاتی یەکێتی و پارتیەوە چەسپیوە. ئەو کاراکتەرە سیاسیەی لە رێگەی ئەم دەسەڵاتەوە دروستبووە پێویستی بە ‌بوونی پرۆژەیەکی فیکریی وسیاسی ھەیە کە جیھانبینی خۆی بۆ کایەی سیاسی و کۆمەڵایەتی بگۆڕێت.‌ ئەم کاراکتەرە دواجار دەبێتە بکەری ئەو کردە سیاسیانەی توانای داھێنانیان ھەیە و دەبنە بکەری سەرەکی گۆڕانە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان. بەڵام کاراکتەرێکی لەمجۆرە دەبێت خاوەنی پرۆژەیەکی فیکریی رەخنەگرانەی دیاریکراو بێت، ھەروەھا ئیرادەیەک بۆ بەئەنجامگەیاندنی ئەوەی دەشێت تەنھا وەک ئەگەرە مەحاڵەکان وێناکرابێت.

بێگومان ئیرادەیەکی گەورە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا ھەیە بۆ گۆڕینی ئەم مۆدێلە لە حوکمڕانی و ئەم دەسەڵاتە ھەژمونخوازەی حزب. بەڵام ھەموو جارێک ئەم بزوتنەوە و ھێزانە ئەم ئیرادەیە لە ناو ھەرەمیەتی حیزبی خۆیاندا و بە ئاراستەی بەرژەوەندی تاکەکەسی و حیزبیدا بەتاڵدەکەنەوە و بۆ ماوەیەکی درێژ نائومێدیەکی گەورە لەناو کۆمەڵگەدا دروستدەکەن. بوونی ئیرادەیەکی لەم چەشنە ھەموو ھاوکێشەکە تەواو ناکات، ئەگەر ئەم ئیرادەیە ھەڵگری بەرنامەیەکی روون و ئامانجێکی دیاریکراو نەبێت و دیدێکی مرۆڤدۆستانە و ژیاندۆستانەی بۆ کێشە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکان نەبێت. ئەم ئیرادەیە دەبێت بە رێڕەوی بەرنامەیەکی رادیکاڵانەدا بڕوات کە عەقڵیەت و بیرکردنەوە و جیھانبینی تاکەکان و کۆمەڵگە  بە ئاراستەیەکی پێشکەوتنخوازانەدا بگۆڕێت.

کاتێک باس لە رادیکاڵبوونی بزوتنەوە و بەرنامەیەک دەکەین، مەبەست لە بوونی حەماسەت و ھاتنە سەر شەقام و پەلاماردان نیە، بەڵکو تەواو پێچەوانەی ئەمە بریتیە لە بەرپاکردنی شۆڕش لە عەقڵیەت و رۆحیەتی کۆمەڵگەدا بۆ دەرچوون لەو چوارچێوە تەسک و نامرۆڤدۆستانە ‌و مەرگدۆستانەیەی دەرئەنجامی کۆمەڵێک بەھای دواکەوتوو گرفتاوین. بەمانایەکی دیکە، فڕینە لە ژینگەیەکی کۆمەڵایەتی و رۆشنبیریی و سیاسیەوە بۆ ژینگەیەکی دیکە کە تیایدا پەیوەندیەکانی نێوان ئەندامانی کۆمەڵگە لەسەر بنەمایەکی یەکسان و دادپەروەرانە بنیاتنرابێت. کەواتە بزوتنەوەیەکی رادیکاڵ دەبێت ئەو بزوتنەوە کۆمەڵایەتیە بێت، پێش ئەوەی بزوتنەوەیەکی سیاسی بێت، کە دەتوانێت ھەرەمیەتی دەسەڵات و پەیوەندیەکانی ھێز لەنێوان ئەندامانی کۆمەڵگە ‌و پێکھاتەی ‌دەسەڵات و خودی تاکەکەسەکاندا کە لەسەر بنەمایەکی نایەکسان دروستبووە بگۆڕێت.

گۆڕینی دەسەڵاتی سیاسی لە ژینگەیەکی نادیموکراسی و ئۆتۆکراسی وەک کوردستاندا، کە خۆی لەسەر ھەژمونی نوخبەی حوکمڕانی خێزانی و دەسەڵاتی خێڵەکی-حیزبی دامەزراوەو ھەموو ئەمانەش لە رێگەی چەندین ھێزی چەکداری پەرتەوازەوە دەپارێزرێن،‌ لە رێگەی پەرلەمان و گۆڕینی چەند کەسێکەوە کارێکی ئەستەمە و تارادەیەکی گەورە پرۆسەیەکی ناسەرکەوتووە. گۆڕینی دەسەڵاتی سیاسی پێویستی بە گۆڕینی ئەو کەلتورە سیاسیەیە کە نوخبەی دەسەڵاتدار لە ماوەی سێ دەیەی حوکمڕانی خۆیدا بەرھەمیھێناوە کە ئەوانیش نەمانی ژینگەیەکی دیموکراسیە بۆ گەشەکردنی جۆرێک لە ھاوڵاتیبوون کە تیایدا بەھاکانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و ئازادیەکانی تاکەکەس و ھەروەھا بوونی یاسایەک کە یەکسانی بۆ ھاوڵاتیەکانی فەراھەم بکات. ئەو کەلتورە سیاسیەی ئەم دوو نوخبە ھەژمونخوازەی دەسەڵات ساڵانێکە بە ئاگایانە گەشەی پێدەدەن کار لەسەر ھێشتنەوەی چەقی دەسەڵاتی سیاسی دەکات لە دەستی نوخبەیەکی بچوکی خێزانیدا، دروستکردنی چەندین کۆمپانیای حزبیە بۆ درێژەپێدان بەم ھەژمونەیان، دروستکردنی چەندین یەکەی تایبەت و سوپاو لەشکر و ھێزی سەربازی تایبەتە کە لە خزمەت ئەم کۆمپانیا حزبی و ھەژمونە خێزانیەدا بەکاردەھێنرێت.

ئەم بزوتنەوە ‌و ھێزە نوێیانە دەبێت وەک بزوتنەوەی کۆمەڵایەتی درێژە بە خۆیان بدەن و لە ژینگەیەکی ئاوادا بۆ گۆڕینی ئەم دەسەڵاتە سیاسیە پێویستیان بە گۆڕینی ئەم کەلتورە سیاسیە ھەیە و توانای وێناکردنی دنیایەکی جیاوازیان ھەبێت لەوەی کە ھەیە، واتە توانای دەستکاریکردنی ئەو پەیوەندیە کۆمەڵگەیانەیان ھەبێت کە رێگرە لەبەردەم ئازادیەکانی تاکەکەس و ئەو بەھایانەی دەسەڵاتێکی پیاوسالاریی لەناو کۆمەڵگەدا دەچەسپێنن و بە ھەمان شێوە دەسەڵاتێکی باوکسالاریی لە ناو کایەی سیاسیدا پیادە دەکەن. لێرەدا بۆ زیاتر تێگەیشتن لەم خاڵە پێویستمان بەم روونکردنەوە کورتە ھەیە. ئەگەر دەسەڵات بە تەنھا لە دەسەڵاتی سیاسی ناو حکومەت و ئۆرگانەکانی حیزب و دامەزراوەکاندا کورتنەکرێتەوە ئەوا پێویستە دەسەڵات بە شێوەیەکی فراوانتر و گشتگیرتر سەیربکرێت. واتە وەک ئەوەی فۆکۆ دەسەڵات لە ناو سەرجەم کایەکان و دامەزراوەکاندا دیاریدەکات، بۆ نمونە دەسەڵات لەناو بەندیخانە و خەستەخانە و قوتابخانەو زانکۆ و خێزان و کارگە و ھتد دا بوونی ھەیە و لە شێوەی دیسپلینکردنی کەسەکان و ئەوانەی لەناو ئەم دەزگایانەدان پیادە دەکرێت و ھەروەھا لە شێوەی بایۆ-دەسەڵاتدا خۆی نمایشدەکات. کەواتە دەسەڵات لەناو پەیوەندییەکاندا ھەیە، ئەو پەیوەندیانەی لە نێوان تاکەکەسەکان لەسەر ئاستی جیاوازو لە نێوان تاکەکەسەکان و دامەزراوەکاندا ھەیە. ھەر کاتێکیش ئەم دەسەڵاتە بوونی ھەبوو لەناو کایەکانی کۆمەڵگە و دامەزراوەکاندا، ئەوا جۆرێک لە بەرگری لەبەرامبەر ئەم دەسەڵاتەدا دروستدەبێت کە دەخوازێت سنورێکی بۆ دابنێت و لە قورسایی و کاریگەریەکانی کەمبکاتەوە. من لێرەدا نامەوێت بە قوڵی لەسەر چەمک و تیۆرەی فۆکۆ بۆ دەسەڵات بدوێم، تەنھا ئەو نەبێت کە لەوە تێبگەین کە ئەم شێوازە لە بەرگری لەلایەن تاکەکەسەکان و بزوتنەوە و ھێزە کۆمەڵایەتیەکانەوە پیادە دەکرێت. کەواتە گۆڕینی کۆمەڵگەو بەھاکانی و گۆڕینی خودی دەسەڵات بە تەنھا بە کەناڵەکانی دەسەڵاتی سیاسیدا ناڕوات، بەڵکو بۆ دروستکردنی دنیایەکی جیاواز و نوێ پێویستمان بە ململانێکردنە لەگەڵ ئەو دەسەڵاتەی لە ناو ھەموو کایەکاندا لە شێوەی پەیوەندیەکانی ھێز لە نێوان کەسەکان و کۆمەڵگەو دامەزراوە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکاندا دروستدەبێت.

کەواتە ئەگەر لەم دیدگەیەوە ھەوڵی خوێندنەوەی ئەم بزوتنەوە و ھێزە بەرگریکار و ئۆپۆزسیۆنانە بدەین، ئەوا رەنگە بزوتنەوەی گۆڕان لە رواڵەتدا وەک بزوتنەوەیەکی رادیکاڵ دەرکەوتبێت، بەڵام لە راستیدا بزوتنەوەیەکی رادیکاڵ نەبووە بەو مانایەی لەسەرەوە دەستنیشانمان کرد. گۆڕان وەک بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی و جەماوەری ھاتەپێشەوەو پاشان وەک بزوتنەوەیەکی سیاسی کە تا ئەم ئاستەش توانایەکی گەورەی جەماوەریی لەبەردەستدا بوو توانای جوڵەی شەقام و تاودانی سیاسی و گۆڕینی تەرازووەکانی ھێزی ھەبوو. گرفتی گەورەی ئەم بزوتنەوەیە ئەوەبوو،‌ تا ئێستاش ھەروایە، کە بڕوای بە گۆڕانێکە کە لەسەرەوە بۆ خوارەوە بێت، واتە پێیانوایە کە دەتوانن ململانێی سەرەکی خۆیان لە ناو ھۆڵی پەرلەماندا یەکلایبکەنەوەو لەوێوە دەسەڵات بگرنەدەست. لە ھیچ ساتێکدا ئەم بزوتنەوەیە کاری لەسەر گۆڕانکاریەکی لە خوارەوە بۆ سەرەوەی نەکردووە کە ئەمەش بە دروستکردنی کۆمەڵێک بەھا و نۆرمی کۆمەڵایەتی و سیاسی لەناو کۆمەڵگە ‌و دامەزراوە کۆمەڵایەتیەکاندا دەستپێدەکات. خۆپەروەردەکردن و پەروەردەکردنی ئەندامەکانی لەسەر پرۆژەیەکی فیکریی و سیاسی کە ببنە ئەو کەسانەی توانای کارکردنی بەتەنھا و بە کۆمەڵیان ھەبێت. بەشێکی زۆری ئەو جەماوەرەی لە دەوری بزوتنەوەی گۆڕان کۆبۆوە ھەڵگری کۆمەڵێک خەون بوون لە گۆڕینی سیستمی سیاسی و مۆدێلی حوکمڕانیەوە تا دەگاتە بەشداریەکی گشتی و ھەمەلایەنەی ھاوڵاتیان لەپرۆسەیەکی دیموکراسیانەدا. کەواتە ئەم بزوتنەوەیە لە سەرەتاکانیدا ھەڵگری کۆمەڵێک خەون و بەرنامەپلان بووە بۆ گۆڕینی شێوازی حوکمڕانی. بەڵام ئەم بزوتنەوەیە توانای بەرھەمھێنانی ھیچ پرۆژەیەکی فیکریی و سیاسی یان ئایدۆلۆژیایەکی دامەزراو نەبوو بۆ چۆنێتی ھێشتنەوەی ئەو جەماوەرە لە دەوری خۆی کە خاوەنی ئیرادەو ئامادەییەکی گەورە بوو بۆ ئەنجامدانی کردەی سیاسی و دروستکردنی فشار بۆ سەر حکومەت و دەسەڵاتی سیاسی کەلەلایەن یەکێتی و پارتیەوە کۆنتڕۆڵکراوە.

جەختی گەورەی ئەم بزوتنەوەیە لەسەر پەرلەمان و حکومەت بوو. بێگومان ساتی ئۆپۆزسیۆنبوونی بریتیبوو لە ساتە باشەکانی بە بەروارد لەگەڵ ساتی چوونە ناو حکومەتەوە. ئەم بزوتنەوەیە پێیوابوو، ئێستاش پێیوایە،‌ بە بوونی لەناو حکومەتدا توانای گۆڕینی گەورەی لەدەستدا دەبێت، کە ئەمە جگە لە وەھمێک ھیچی دیکە نیە. بە ئامانجگرتنی پەرلەمان وەک تاکە چەق و ناوەندی ململانێکان بزوتنەوەکە ھەر زوو توشی شکست دەکات لە کاتێکدا گرنگترین تایبەتمەندی سیاسی ھەر بزوتنەوەیەکی جەماوەری ئەوەیە کە توانای ھێشتنەوەی خۆی ھەبێت بە کۆی جەماوەرەکەی و توانای بەدەستھێنانی متمانەی کۆمەڵگەی ھەبێت. یەکێک لە سیفەتە سەرەکیەکانی ئەم بزوتنەوەیە نەفەس کورتی بوو لەوەی کە توانای مانەوەی وەک بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی نەبوو، ھەر زوو خۆی گۆڕی بە فۆرمێکی حیزبی و ھەرەمیەتێکی دەسەڵاتی لەناو خۆیدا دروستکرد کە ئەمە دواجار بوووە ھۆی لەدەستدانی پێگەی کۆمەڵایەتی و جەماوەریی و بچوکبوونەوەی بۆ ئەو کەسانەی ئەندام و لایەنگری ئەم حیزبەن. کاتێک ناوەندی ململانێ و فشارە سیاسیەکان لەناو پەرلەمان و حکومەتدا کاریگەری خۆی دەبێت کە سیستمێکی دیموکراسی بوونی ھەبێت کە رێز لە بردنەوەی ھەڵبژاردن بگیرێت و دەسەڵاتی سیاسی لەلایەن چەند نوخبەیەک و خێزانێکەوە قۆرخ نەکرابێت. بەڵام کاتێک ھیچ دامەزراوەیەک وەک دامەزراوە سەربەخۆکانی حکومەت کارناکەن و پتر وەک سێبەری دەسەڵاتی حیزب و بگرە لە خزمەت حیزبە باڵادەستەکاندا بەکاردەھێنرێن، بۆ نمونە ھێزی سەربازی بوونی سەربەخۆی نیە و ھێزێکی نیشتمانی نیە، بەڵکو موڵکی ھەردوو حزبی باڵادەستە، ئەوا مەحاڵە لە دۆخێکی ئاوادا لە رێگەی پەرلەمانەوە گۆڕانکاریی دروستبکرێت. ئێمە لە کوردستاندا لە وەھمی دیموکراسیەتدا دەژین نەک دیموکراسیەتێک کە پایەکانی لەسەر ھاوڵاتیبوون و ماف و ئازادیەکانی تاکەکەس و رێزگرتن لە یاسا و باڵادەستبوونی دامەزراوەکانی حکومەت بنیاتنرابێت.

کەواتە گورزی کوشندەی ئەم بزوتنەوەیە کە لەخۆی دەدات ئەوەیە کە توانای مانەوەی نیە وەک بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی لەکاتێکدا خاوەنی بنکەیەکی جەماوەری بەرینە. بۆ ئەمەش کۆمەڵێک ھۆکار ھەن لەوانە نەبوونی نەفەسێکی درێژ و ڤیژنێکی روونە بۆ کاری سیاسی درێژخایەن لە پێناوی بردنەوەی سۆز و عەقڵی زۆرینە، ھەروەھا بە ھۆی بەرژەوەندی بەشێکی ناوخۆی بزوتنەوەکە بۆ دەستکەوتی تاکەکەسی و پلەوپایەی ناو دەسەڵات. لێرەوە بزوتنەوەکە خۆی لە فۆرمێکی حیزبیدا لە قاڵبدەدات کە بە ناچاری دەبێت پەیڕەوی پرۆسەیەکی بیرۆکراسی لە بڕیارەکانیدا بکات کە ئەمەش کردنە ‌دەرەوەی بەشێکی ئەو بنکە جەماوەریەیە کە چیتر ناتوانێت وتەیەکی تیادا ھەبێت. ئەم گوێزانەوەیە لە بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیەوە بۆ فۆرمێکی حزبی کە پیادەی دەسەڵاتێکی ھەرەمی لەسەرەوە بۆ خوارەوە دەکات بریتیە لە پرۆسەیەکی "کافکا" ئاسای لە چەشنی گوێزانەوەیەکی بایۆلۆژی لە بونەوەرێکەوە بۆ بونەوەرێکی دیکە. ‌لەم گوێزانەوە بایۆلۆژیەی بزوتنەوەی گۆڕاندا و بوونی بە بونەوەرێکی حزبی خاوەن ھەرەمیەتێک ھەموو قورسایی خۆی لە خەباتی پەرلەمانیدا چڕدەکاتەوە. کاتێکیش دەکەوێتە ململانێی سیاسی و حیزبیەوە لەگەڵ ھەردوو حیزبە باڵادەستەکەدا و توشی قەیرانی پەرلەمانی دەبێت و ئەو دەرگایەی لێدادەخرێت، ئیتر توانای ئەنجامدانی کردەیەکی سیاسی ئەوتۆی نامێنێت و بەشێوەیەکی بەردەوام بنکە جەماوەریەکەی بەرەو کەمبوون دەڕوات.‌ کەواتە بزوتنەوەیەکی لەمجۆرە کە چەقی قورساییەکانی لەسەر پەرلەمان داناوە و پێیوایە دەتوانێت لە رێگەی ھەڵبژاردنەوە گۆڕانکاریی گەورە بھێنێتەکایەوە بەبێ کارکردن لەسەر بەرنامەو پرۆژەیەکی فیکریی و نەبوونی ئایدۆلۆژیایەکی سیاسی روون، ئەمە وادەکات ھەمیشە ئەم بزوتنەوە سیاسیە لەبەردەم ئەگەری کەمکردنەوەی دەنگەکانیدا بێت لە کاتی ھەڵبژاردنەکاندا.

بێگومان گورزی کوشندەی دووەم کە گۆڕان لە خۆی دەدات ئەوەیە لە کاتێکدا نەوشیروان مستەفا وەک سەرۆکی بزوتنەوەکە کەخاوەنی سەرمایەیەکی رەمزی و کاریزمایەکی سیاسی بوو وەک تەنھا کۆڵەکەی سەرەکی و دامەزرێنەری بزوتنەوەکە دەتوانێت جەماوەرێکی بەرفراوان لەدەوری بزونتەوەکە کۆبکاتەوە، بەڵام لە گۆشەنیگای موڵکدارێتی سیاسیەوە لەبری ئەوەی ئەم خاوەندارێتیە بۆ خودی بزوتنەوەکە بگەڕێندرێتەوە و سەرکردە و ئەندام و بنکە جەمارەیەکەی لەبەر رۆشنایی توانا مادی و مەعنەویەکانی بزوتنەوەکە ‌درێژە بە کاری سیاسی خۆیان بدەن،‌ دەبینین بە شێوەیەکی راستەوخۆ میراتی موڵکی و سیاسی رادەستی وەچەکانی دەکات و ئەمەش دەبێتەھۆی پچڕان و لێکترازانێکی گەورەی ناۆخۆیی.

جوڵانەوەی نەوەی نوێش بە ھەمان ئەندازە سەرەتا وەک بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی و جەماوەری خۆی دەناسێنێت و لە سەروبەندی ریفراندۆمدا و وەستانی دژ بەو تەوژمەی ھەموو حزبەکان لەسەری دەڕۆیشتن و بەرتەسکبوونەوەی بنکە جەماوەریەکی گۆڕان و نائومێدبوونی بەشێک لە ئەندامەکانی گۆڕان لە ئەنجامی ئەو ھۆکارانەی لەسەرەوە باسکران و کاریگەری تەلەفزیۆنی "نرت" وەک کایەیەکی میدیایی کارا و ھەڵمەتکردن بۆ جوڵانەوەکە، نەوەی نوێ توانی بنکەیەکی جەماوەری بەدەستبھێنێت و لە یەکەم تاقیکردنەوەی خۆیدا لە ھەڵبژاردندا جۆرێک لە جەماوەریبوونی خۆی بینی. بەڵام ئەم جوڵانەوەیە چاوەڕێی دەستکەوتی سیاسی خێرایە ‌و بۆیە ھەر زوو خۆی لەناو فۆرمێکی حیزبیدا رێکخستەوە و ھەرەمیەتێکی حزبی بۆ خۆی دروستکرد و چەقی قورسایی سیاسی خۆی لەسەر پەرلەمان دانا. سەرۆکی جوڵانەوەکە، شاسوار عەبدولواحید،‌ بەشێکی گەورەی وێنەی ئەم جوڵانەوەیە داگیردەکات و دەتوانین بڵێین کە ھەموو شتێک بۆ ئەو و لە پێناوی ئەودایە کە ئەمەش تارادەیەک دەڕژێتە خانەی ئیگۆی سیاسیەوە. بەو مانایەی کە تەنھا کەسێک وەک ناوەندی رووداوەکان دەردەکەوێت و خۆی دەبێتە دەموچاوی جوڵانەوەکە ‌و سەرچاوەی دارایی و مەعنەوی و بڕیاردەری ئاراستەی سیاسی و داڕێژەری کاری جوڵانەوەکە دەبێت.‌ 

یەکێک لە گرفتەکانی ئەم جوڵانەوەیە لە سەرەتایدا ئەوەبوو بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە دەتوانێت کۆمەڵگەیەک دروستبکات کە ھەموو کەس توانای خۆ دەوڵەمەندکردنی ھەبێت. باشترین وێنەش کە لەم بوارەدا پەخشدەکرایەوە وێنەی سەرۆکی جوڵانەوەکە بوو کە بزنسمان و خاوەن کارێکی سەرکەوتووە کە توانای بەدەستھێنانی ئەم سەرمایەی ھەبووە بەبێ ئەوەی بە کەناڵەکانی حزبدا رۆیشتبێت. ئەم وێنەو خەیاڵە سەرمایەداریە دەربڕی تەوژمێک بوو کە میراتی خەیاڵگە ‌و کولتوری نیو-لیبڕاڵیزمە کە ئازادی بازاڕ و سەرمایە و دامەزراوە ئابوریەکان بە پلەی یەکەم وەردەگرێت و پرسیار لەسەر رەوایەتی ئەو پەیوەندیە مرۆییانە دروستناکات کە دەبێت لەسەر بناغەی ماف و ئازادیە تاکەکەسی و سیاسیەکان دامەزرابێت. ئەم تەوژمە نیو-لیبڕاڵە جۆرێک لە پۆپۆلیزمی سیاسی دەیبات بەڕێوە ‌و یەکێکە لە تایبەتمەندیە سەرەکیەکانی. یەکێک لە وێنەکانی ئەم ئیگۆیزمە سیاسیە کە رەنگە وەک ئیلھامبەخشێک بێت بۆ سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بریتیە لە مۆدێلی ترەمپ کە چۆن وەک بزنسمانێک دێتە ناو کایەی سیاسیەوە و پۆستی سەرۆکایەتی دەباتەوە. بەم پێیە ئەمە سەلماندنی ئەو رایە بوو کە ھەبوونی ھێزی ئابوریی و دارایی کاتێک لەگەڵ کایەی سیاسی و با‌نگەشەی سیاسیدا لێکدەدرێت ئەوا رەنگە بە ھێز و دەستکەوتی سیاسی کۆتایی بێت. بەڵام لێرەدا دەبێت ئەوەش بوترێت کە سەرۆکی نەوەی نوێ خاوەنی سەرمایەیەکی رەمزی و سیاسی نیە، ئەمەش یەکێکە لەو ھۆکارانەی کە رەنگە زیاتر لە ھەر سەرۆکێکی دیکە لەبەردەم ھێرشی گرتن و پەلاماردانی دەسەڵاتی ھەردوو حیزبە باڵادەستەکەدا بێت.

کەواتە گرفتی سەرەکی ئەم جوڵانەوەیە ئەوەیە کە وەک بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی و جەماوەری لەناو توێژەکانی کۆمەڵگەو خەڵکداو لە خوارەوە دروستنەبووە و پاشان گەشەی کردبێت و گەورە بووبێت. بەڵکو زیاتر ویستی سەرۆکی جوڵانەوەکەیە بۆ دروستکردنی حزبێک کە دوای ئەو تەوژمە دەکەوێت ھەروەک لەسەرەوە باسمانکرد کە کەسێکی خاوەن ھێزێکی ئابوریی و خاوەن کەناڵێکی میدیاییە و پێیوایە دەتوانێت بە ھەمان شێوە ببێتە خاوەن ھێزێکی سیاسی و سەرمایەیەکی سیاسی بۆ خۆی دروستبکات. ئەمەش لە کاتێکدا دێت کە دەتوانێت بەشێک لە ئەندامان و جەماوەری بزوتنەوەی گۆڕان بەلای خۆیدا رابکێشێت، ئەوانەی لە بزوتنەوەکە ‌نائومێد دەبن بە تایبەتی کە بزوتنەوەکە توشی قەیرانی یەک لەدوای یەک دێت لە پاش مردنی رێکخەری گشتی بزوتنەوەکەوە. بێگومان ئەمە یەکێکە لەو ھەلانەی لەگەڵ ئەو ھەموو نائومێدیەی خەڵک بەرامبەر بە دەسەڵاتی سیاسی ھەیەتی وایکرد نەوەی نوێ ‌بتوانێت لە یەکەم ھەڵبژاردنی پەرلەمانیدا دەنگێکی تا رادەیەک باش بھێنێت. ئەم جوڵانەوەیە ھەڵگری پرۆژەیەکی فیکریی بەرنامەڕێژکراو و ئایدۆلۆژیایەکی سیاسی نیە، بەڵکو پتر دەرھاویشتەی ویستی کەسێک و کۆمەڵێک ھەلی سیاسیە. ھەر بۆیە لەگەڵ بڕیاری گواستنەوەی خۆی بۆ رێکخستنێکی حزبی و چونە ناو ململانێی حیزبیەوە، چیتر ناتوانێت وەک بزوتنەوەیەکی بەرفراوان بنکە جەماوەریەکەی خۆی بپارێزێت و بە تەواوی بەرەو لاوازی دەڕوات ئەگەر سەرۆکی جوڵانەوەکە لە رووی ئابوریی و سیاسیەوە توشی قەیرانی گەورە ببێت.  ‌  ‌