سەردێڕ:

قۆناغی پۆست نێچیرڤان بارزانی... ململانێی باڵی بازەکان

1/6/2019 3:14:56 PM
6945 جار خوێندراوەتەوە
ئەنوەر حسێن
+ -

(١-٢)

پێکھێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەت، لە بەردەم چەند ئاریشە، گرفت و تێڕوانین و ململانێی جیاوازدایە کە پەیوەندی بە (پارتی و یەکێتی)یەوە ھەیە بە پلەی یەکەم، دواتر گۆڕان و کۆمەڵ و ھێزەکانی تر، بە تایبەتی دوای ئاڵوگۆڕ لە پۆستی سەرۆکی حکومەت و قەیرانی سەرۆککۆمار و کەیسی کەرکوک و کاراکردنەوەی سەرۆکی ھەرێم، بۆیە ھەرکام لە ھێزەکان تێڕوانین و گرفتی خۆیان ھەیە:

یەکەم: پارتی پێنج گرفت و تێڕوانینی سەرەکی ھەیە بۆ پێکھاتنی حکومەت:

یەکەم: پارتی کە خۆی یەکلا کردووەتەوە، کە کێ سەرۆکی حکومەت دەبێت، لە نێوان نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی، کە زۆرتر فۆکەس لەسەر کارەکتەری دووھەم بوو، ئەم ئاڵوگۆڕەش ڕەنگە کاردانەوەی جۆراوجۆر بەدوای خۆیدا بھێنێت، بە تایبەتی کە ڕۆژی ٣/١٢/٢٠١٨ ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی بڕیاری یەکلاکەرەوەی دا، پێ دەچێت کاریگەریی لەسەر ئاڕاستەی پێکھاتن و داھاتووی کابینەکە ھەبێت، کە دیوێکی پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە یەکێتییەوە ھەیە، ئەگەرچی ئاماژەکانی پێشتر دیار بوون کە نێچیرڤان بارزانی بێزار بووە لە حکومەت و دوور دەکەوێتەوە و مەسرور بارزانی ئەو پۆستە دەبات، ئەوەی پەیوەندیی بە پارتییەوە ھەبوو، پار ساڵ ئاڵوگۆڕ لە ڕێکخستنەکان و لقەکان کرا بە کۆنتڕۆڵکردنی لقەکانی ھەڵەبجە و سۆران– ٢١، لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش لە کۆی (٤٥) کاندید (٤٣) کاندیدیان سەر بە مەسرور بارزانیین، واتا پێشتر زەمینەی کۆنتڕۆڵکردنی پەرلەمانی بۆ ساز کرابوو، کە ھیچ ڕێگرییەک لە بەردەم سەرۆکی حکومەت نەبێت، ئێستا کە ئیتر ھەریەکە لە ئاشتی ھەورامی و کەریم سنجاری وەکو دوو پۆستی ئابووری و ئەمنی دوور دەخرێنەوە، ھێندەی تر ڕوون دەبێتەوە کە دژایەتیی نێچیرڤان بارزانی دەکرێت، بە تایبەتی کە پێ دەچێت ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانیش بخرێتە سەر حکومەت.

ئەوەش کە پەیوەندی بە دەرەوەی پارتییەوە ھەیە، لەم ئاڵوگۆڕانەدا ئەوەیە، کە دوای ڕووداوەکانی ڕیفراندۆم دوو کارەکتەری ئەمنی سەرەکی لەناوچەی سەوز دەرکەوتن کە پارتی ئاسودە نییە لەگەڵیان (باڤێڵ تاڵەبانی و لاھور شێخ جەنگی)ین، بۆیە پێ دەچێت پارتی مەبەستی بێت مەسجێک بداتە یەکێتیی، کە ئێمەش لە بەرامبەر باڵی بازەکانی ئێوە، باڵی بازەکانی پارتی دێینە پێشەوە، بۆیە گەر یەکێتیی ئەم نەخشەیەی بۆ پابت بوو، واباشە بیر لە ئەڵتەرناتیڤێکی تر بکاتەوە لە حکومەت، بەمەش ھاوکێشەکە ڕاست دەبێتەوە، بەڵام ڕەھەندێکی تری ئەم ئاڵوگۆڕانەی پارتی ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ململانێی نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانییەوە ھەیە و لەناو حزبەکەشدا مەیلێک ھەیە بۆ پشتیوانی لەم ئاڵوگۆڕانە بە قازانجی مەسرور بارزانی، بەڵام واقیعییەتێک ھەیە ئەوەیە کە نەیارەکانی پارتی نابێت وابزانن ئەم ململانێیی ئامۆزاکان لەم دەورەیەدا دەبێتە کێشە و گرفتی گەورەی ئینشقاق، بەڵکو ئەم ئەگەرە تەنھا لە غیابی بارزانییدا شیمانەی ھەیە و تا چەند ئاڵوگۆڕی تر کێشەکان بە ساردی دەچنە پێش، ئەگەرچی بارزانی دەیەوێت ئەزموون لە مردنی خوالێخۆشبوان مام جەلال و نەوشیروان مستەفا وەربگرێت، کە پێش مردنی خۆی (ھیوادارم تەمەن درێژ بێت) کەسێک بۆ شوێنی خۆی دابنێت، ئەگەرچی لە ڕابردوودا نێچیرڤان بارزانی واناسرا بوو کە کارەکتەرێکی نەرم و نیان و خۆگونجێنە و کارکردن لەگەڵیدا ئاسانە، لە کاتێکدا مەسرور بارزانی توند و ئەمنییە و کارکردن لەگەڵیدا پڕیەتی لە گرێ و گۆڵ، بەڵام پێ دەچێت ئەم کارەکتەرە تازەیەش، گەر تاکتیکیش بێت وا مامەڵە بکات و بگرە نەرمتر بێت بۆ جێ پێ قایمکردنی خۆی و سەرکەوتنی لەو پۆستەدا و ئەزموون لە ھەڵەکانی محەمەد بن سەلمانی سعودیش وەربگرێت کە توندڕەوییەکەی گەیاندی بە کوێ، بە تایبەتی لە کەیسی خاشقچیدا، بۆیە ڕەنگە ھەوڵبدات ئیدارەی کێشەکان بکات لەگەڵ یەکێتیی، سازش لەگەڵ گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتووش بکات و پارەی نەوتیش بەکاربێنێت بۆ خزمەتی ئەجێنداکەی و دووریش نییە کەیسی ئاشتی ھەورامی و نەوت بھوروژێنێت و ڕابردووی ئەم کەیسە تەموومژاوییە لە ملی خۆی دابماڵێت، لە ئێستاشەوە لەگەڵ عێراق ڕێککەوتون کە نەوتی ھەرێم ڕادەست بکەن و پاشەکەوتی موچە چاک بکات و دوور نییە قەرزی فەرمانبەرانیش بداتەوە، وا بڕیارە لەگەڵ پێکھاتنی حکومەتی ھەرێم (وەزارەتێک دابمەزرێنێت بۆ پەیوەندییەکانی ھەرێم و بەغدا کە پارتی دەبێت) ئەمەش بە دوو نیاز:

یەکەم: بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی پارتی یان ھەرێم و بەغداد کە سەرەتاکانی دەرکەوتووە و پارتی بەڵێنی داوە کە ھەموو کێشەکان لەگەڵ عێراق چارەسەر دەکات.

دووەم: بۆ فەرامۆشکردنی سەرۆککۆمار و مامەڵەنەکردنە لەگەڵیدا بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ، واتا ئەم وەزارەتە پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا، بە واتایەکی تر پەیوەندییەکانی (مەسرور بارزانی – عادل عەبدولمەھدی) ڕێکدەخات، سەرەڕای ئەوەی پارتی بڕیاریداوە پشت لە واشنتۆن و ڕوو لە تاران بکات و دانیشتنە زۆرەکانی ئەم دواییەی مەسعود بارزانی و قاسم سولەیمانی ئاماژەیە بۆ تەندروستکردنەوەی پەیوەندییەکانی پارتی و ھەرێم لەگەڵ عێراق و ئێران.

واتا دانانی مەسرور بارزانی ناکرێت وەکو ئاڵوگۆڕێکی سادە یان ئاڵوگۆڕێکی دیموکراسی سەیر بکرێت، بەڵکو دەکرێت ڕەھەند و باکگراوەندی زۆر بە دوای خۆییدا بھێنێت، کە ھیواخوازین باشتر بێت لەو بۆچوونە نێگەتیڤانەی کە چاوەڕوانی کێشە و گرفت و ململانێی سەخت و حکومەتی ئەمنی دەکەن، ئەگەرچی بۆچوونێک دروستبووە، کە زۆرتر پارتی بانگەشەی بۆ دەکات کە ئەم ئاڵوگۆڕانە لادانی نێچیرڤان و بەھێزکردنی مەسرورە، بەڵام لە واقیعدا نێچیرڤان بارزانی بە خواستی خۆی لە حکومەت دوور کەوتۆتەوە، بە ھۆکاری ڕێگریکردن و گرفت دروستکردن، نەچوونە پێشی بەرنامەکانی و دەخالەتکردن لە ئەجێنداکەی، گوێ نەگرتن لە ڕاو نەزەر و بۆچوونەکانی لە پەیوەست بە پەیوەندی پارتی و یەکێتیی بە تایبەتی بۆ دەست ھەڵگرتن لە ململانێی و چارەسەری کێشەکان، پەیوەندی پارتی بە حزبەکانی تر، پەیوەندی حکومەت و پارتی لەگەڵ ئەنکەرە و تاران و بەغدا، کە زۆرجار تێڕوانینی نێچیرڤان دبلۆماسی و مەنتقی بووە بۆ حەل و چارەسەری کێشەکان، نەک ئەو مامەڵەیەی دەکرا و گوتاری توند و ڕادیکاڵ و ھێرشکردن لە پەیوەست بە عێراقەوە، نێچیرڤان ئەگەرچی زۆرجار لە پرێس کۆنفرانسەکاندا ھێرشی دەکردە سەر عێراق و حکومەتی عەبادی، بەڵام لە واقیعدا ھەمیشە لەگەڵ مامەڵە و دیالۆگ و گوتاری ئارام بووە و زۆرتر فشاری پارتی لەسەر بووە و تەنانەت لە پرسی ڕیفراندۆمدا ئەو بۆچوونێکی تەواو جیاوازی ھەبوو لە پارتی، بەڵام دژایەتی ڕانەگەیاند لەگەڵ پرسەکەدا، وەکو چۆن یەکێتیی پێی باش نەبوو، بەڵام لەگەڵ ڕەوتەکە ڕۆیشت و دژ نەبوو، لە سەرووی ئەوانەوە نێچیرڤان بە دەوڵەتمەدار ناسراوە و پەیوەندی لەگەڵ زۆربەی حزبەکان ئارام و دۆستانە بووە و دبلۆماسییانە مامەڵەی تەندروستی کردووە و وەکو دەڵێن دەست ئاوەڵا و میھرەبان بووە لە ھاوکاری حزبەکان و وەزیرەکان لە دوایین کۆبوونەوەی باڵای بارزانییەکان، نێچیرڤان ھەموو ئەو گلەییانەی بە بارزانی و مەسرور بارزانی وتووە.

ئەوەش ڕوونە کە حکومەت ڕابردووی نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی لە سەردەمێکدا بوون کە توشی قەیرانێکی گەورەی ئابووری بووە و لەگەڵ ئەوەشدا ھەنگاوی باشی نا، لە کاتێکدا لە ئاستی ناوخۆ (گۆڕان و یەکگرتوو و کۆمەڵ) بە ڕۆژ لەگەڵ حکومەت و شەویش ئۆپۆزسیۆن و جوێن بارانیان دەکردن، لەگەڵ عێراق کێشە و ئاریشەی زۆری ھەبوو.

دواجار دەبێت ئەوەش بزانین کە حکومەت گەر دەستکەوتی ھەبوو بێت زۆرجار حزب بردوویەتی بۆ خۆی و شکستەکانیشی خستۆتە ئەستۆی حکومەت و دامەزراوەکانی، کەم جاریش ھەر لەلایەن حزبەکەی خۆیەوە لەلایەن لق و ناوچەوە کێشە و گرفتی کەمی بۆ دروست نەکراوە.

واتا ئاڵوگۆڕی نێچیرڤان بە پێچەوانەوە ئەو تەفسیرەی بۆ دەکرێت، وازھێنانی خۆی بووە و بە ڕەغبەتی خۆی تا ڕێگا بدات کەسێکی تر لەو باشتر کابینەکە بەڕێوەبەرێت.

دووەم: خیلاف و دوو بۆچوونی مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، لەسەر بەشداری لایەنە سیاسییەکان (ھەرچی کارەکتەری یەکەمە. پێی باشبوو گۆڕان بەشدار بێت، بەڵام سەرۆکی حکومەتی پێشوو ڕازی نەبوو لەگەڵ گۆڕان و کۆمەڵ کاربکات)، ڕەنگە ھەر ئەوەش وایکردبێت نێچیرڤان بارزانی ئامادە نەبێت سەرۆکایەتی حکومەت بکات و پاشەکشە بکات. مەسرور بارزانی لەمبارەیەوە ئەجێندای باوکی پێ باشترە، (بەڵام بۆچوونەکەی نێچیرڤان بارزانی دروستە لەسەر ئەوەی کە گۆڕان و کۆمەڵ، بە ڕۆژ لەگەڵ حکومەت و بە شەو لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنن، بەردەوام دژی حکومەت بوون)، کە وادیارە ئەمجارە ئەم مەرجەش بەسەر ئەو دوو ھێزەدا دەسەپێندرێت گەر لە کۆتاییدا بەشداربوون، کە نابێت ئەنتی حکومەت بن.

سێیەم: پارتی دەیەوێت سەرۆکایەتی ھەرێم زیندوو بکاتەوە، لەگەڵ سەرۆکی حکومەت و وەزارەتەکان بیکاتە پاکێجێک (ئەمەش دوای ئەوە دێت کە لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، کاندیداتۆرەکەی ی.ن.ک سەرکەوت، سەد و بیست ملیۆن دۆلاری چەکی بانکی پارتی (بۆ ئاڵوگۆڕکردنی بەرھەم سالح بە فوئاد حوسێن نەیتوانی ئەو ململانێیە بە قازانجی پارتی تەواو بکات) و کارەکتەرەکەی یەکێتیش، پاڤێڵ تاڵەبانی، پرسەکەی بە قازانجی د. بەرھەم یەکلاکردەوە.

سەبارەت بە سەرۆکی ھەرێم بۆ ئەم کەیسە مەسعود بارزانی شوێنەکەی خۆی جێدەھێڵێت بۆ نێچیرڤان و جێگرەکەشی کاندیدێکی یەکێتیی دەبێت، بەڵام ھێشتا ساغ نەبۆتەوە کە ئایا پارتی ڕەزامەندە بە کاراکردنەوەی سەرۆکی ھەرێم، بەڵام دەسەڵاتەکانی پەرلەمانی بن یان سەرۆکایەتی کە زۆرتر مەیلی بەلای فۆڕمی دووھەمەوەیە.

قورسیشە نێچیرڤان بارزانی لە سەرۆکایەتی ھەرێم سەرکەوتوو بێت، چونکە ئەو ناتوانێت ڕۆڵی مەسعود بارزانی بگێڕێت و ئەو کارێزمایەی ئەوی نییە و دووھەمیش ڕەنگە گرفتی زۆری بۆ بێتە پێش، کە لە سەردەمی بارزانییدا ھیچ کەس نەیدەتوانی ئەو کارە بکات، ئەمەش ڕێک ئەو ھەلوومەرجەیە کە بۆ فوئاد مەعسوم ھاتە پێش لە سەرۆککۆماری عێراقدا، چونکە نەیتوانی ڕۆڵی کارێزمایی مام جەلال بگێڕێت دوای ئەو، لە لایەکی تریشەوە زۆرجار حزبەکەی خۆی ڕێگری بوون لە دروستکردنی کێشە و بە گوێیان نەدەکرد.

چوارەم: تا ئەو ساتەش پارتی کەیسی سەرۆککۆمار و پارێزگاری کەرکوکی وابەستە کردووە بە حکومەتی ھەرێمەوە، نەیتوانیوە ئەم ڕیتمە تێپەڕێنێت و فەرامۆشی بکات، ھەر بۆیە گەر بەم شکڵە بەردەوام بێت، دوور نییە یەکێتیی ھەڵوێستی توندی ھەبێت، سەبارەت بە کەیسی سەرۆککۆمار پارتی چەندینجار ئەوەی بە عادل عەبدولمھدی ڕاگەیاندووە گەر وەزارەتی داد، بدرێتە ی.ن.ک ئەوان لە پرۆسەی سیاسی عێراق دەکشێنەوە و لە دواین ھەوڵیشدا بە میانگیری ئێرانییەکان و ئەمەریکییەکان لە ڕێگای فالح فەیازز و ئەبو مەھدی مھندس لەگەڵ بارزانی کە لە نەمسا بوون، سەرکەتوو نەبوون و بارزانی پێی ڕاگەیاندون کە سەیرە ھەمووتان داکۆکی لە ی.ن.ک دەکەن.

لە کەیسی پارێزگاری کەرکوکیش پارتی ئامادە نییە ئەندامانی ئەنجوومەنی برایەتی لیستەکەی خۆی بنێرێتە کەرکوک بە بیانووی داگیرکردنی بۆ ئەو شارە، بۆ ئەوەی ڕزگار عەلی کاندیدەکەی یەکێتیی نەبێتە پارێزگار، بەڵام لە ژێرەوە لەگەڵ عەرەب و تورکمانەکان دانوستان دەکات، چۆن ئەو پۆستە بۆ یەکێتیی نەبێت، ئەوە لە کاتێکدا پارتی لە ھەولێر باس لە ئیستحقاقی ھەڵبژاردن دەکات بۆ پۆستەکان، بەڵام لە کەرکوک باسی پێوەری نیشتیمانی و ئیحتلال دەکات، بەڵام بە نەتیجە یەکێتیی پارێزگارەکەی خۆی دادەنێت بە تایبەتی دوای ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا.

پێنجەم: گرفتێکی تری پارتی ئەو نەغمە مەترسیدارەیە کە قسەی پێدەکات و گوتاری پێدەدات کە گوایە پارتی (کە زۆرینەی پەرلەمانییە) ئیتر لەگەڵ یەکێتیی و گۆڕان و کۆمەڵ شەریک نییە، بەڵکو بەشدارن.

ئەوە ڕاستە کە پارتی زۆرینەی کورسییەکانی بردۆتەوە، بەڵام ئەوە نازانێت کە ھێشتا کوردستان مەحکومە بە دوو مۆدێلی حکومڕانی دوو ھێزی باڵادەست و دوو جوگرافیا و دوو سیستمی دیموکراسی جیاوازە و گەر وابێت دەچنەوە سەر قسەکەی مەلا بەختیار و کە وتی: یەکێتیی بە یەک کورسیش بێت ھەر یەکێتییە، بۆیە گەر پارتی لەسەر ئەو ڕیتمی ھەڕەشەکردنەی باسی زۆرینە دەکات، حکومەت ناتوانێت لە دوو ساڵ زیاتر بەردەوام بێت و شکست دەھێنێت.