سەردێڕ:

کاریگەرییەکانی کۆرۆنا بەسەر مرۆڤایەتییەوە

3/23/2020 10:53:03 PM
3366 جار خوێندراوەتەوە
ئەردەڵان عەبدوڵڵا
+ -

ھیچ کاتێک ڤایرۆسێک  وەکو ئێستا تەنگی بە تەواوی مرۆڤایەتی ھەڵنەچنیوە، راستە مێژووی مرۆڤایەتی پڕیەتی لە نەخۆشی کوشندە، بۆ نموونە لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا ئەنفلۆوەنزای ئیسپانی، جیھانی گرتەوە و ملیۆنان کەسیش بوونە قووربانی، بەڵام  وەکو ئێستا ھەموو مرۆڤایەتی زیرەی لە ڤایرۆسێک نەکردووە و نەیتوانیوە بیخاتە زیندانی ماڵەوە.

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە، جیھان بەرەو قۆناغێکی نوێ ھەنگاو دەنێت، بە بڕوای من دەکرێت لێرەوە مێژووی جیھان بکەین بە " پێش  و پاش" کۆرۆنا، ئەمیش ھیچی لەو قۆناغە مێژوویانەی تری مرۆڤایەتی کەمتر نییە،  ئەمیش وەکو " کۆتایی جەنگی یەکەم و  دوووەم، رووخانی دیواری بەرلین و نەمانی جەنگی سارد" وایە، کە دووبارە سیستەمی جیھانی ئەبدەیتکرایەوە، من لەو باوەڕەدام، مرۆڤایەتی پێویستی بەم ڤایرۆسە ھەبوو ھەتاوەکو مێشکی ئەبدەیت بکاتەوە و  لە کۆمەڵێک کێشەی گرنگ بە ئاگای بھێنێتەوە.

لە لایەکی ترەوە، بە بڕوای من کۆرۆناش  وەکو ھەموو رووداوێکی تری جیھانی لایەنی باش و لایەنی خراپی ھەبوو.

لایەنی پۆزەتیڤ:

لایەنی باشی ئەوەبوو جۆرە ھاوسۆزیی و ھاوکارییەکی لە نێوان گەلانی جیھانی دروستکرد، کە پێشتر ئەمجۆرە ھاوسۆزییە نەبوو، بە واتایەکی تر ئەم نەخۆشییە دووبارە بە ئاگای ھێناینەوە و پێیوتین، پێش ھەموو شتێک ھەموومان مرۆڤین،  چەندە لە یەکتری جیاواز بین و دوژمنایەتی یەکتری بکەین، بەڵام دواجار چەند شتێکی ھاوبەش، ھەموو مرۆڤایەتی بە یەکترییەوە دەبەستێتەوە، ئەمەش دەتوانم بە خاڵێکی باشی دابنێم.

ھەروەھا، لە تەواوی جیھانیشدا جۆرە ھەڵمەتێکی گەورە لە دژی چەند دابونەریتێکی خراپ بەرپا بووە، کە پێشتر لای خەڵکانێک ھێندە گرنگیان پێ نەداوە، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە پاکوتەمیزییەوە ھەیە.

خاڵێکی گرنگی تریش مرۆڤایەتی لە ترسی جەنگی ڤایرۆسەکان بەئاگا ھێنایەوە، دیارە پێشتر مرۆڤایەتی ترسی لەمجۆرە جەنگە ھەبوو، بەڵام پێدەچێت لە داھاتوودا ئەمەش ببێتە جەنگێکی نوێ لە نێوان دەوڵەتانی جیھاندا.

ھیوادارم ھیچ کاتێک دەوڵەتە فاشیستەکان دەستیان بە  زانستی مۆدێرنی دروستکردنی ڤایرۆسەکان نەگات، بەتایبەتی ئەوانەی دوژمنی سەرسەختی کوردن.

خاڵێکی باشی تری ئەم ڤایرۆسە ئەوە بوو، دووبارە ھەموو دەوڵەتەکانی جیھان بە پێشکەوتوو و پاشکەوتوشەوە، بە ئاگای ھێنانەوە لە خراپی سیستەمی تەندروستیان و پێی راگەیاندن کە کێشەی گەورەیان ھەیە و ناتوانن بەرگەی کارەساتی گەورە بگرن.

ھەروەھا ئەوەش بۆ جیھان روونبووەوە، کە ھەموو جیھان پێویستی بە ھەماھەنگی  زۆر ھەیە لە بواری سیستەمی تەندروستیدا، دەتوانم لێرەدا رۆڵی رێکخراوی تەندروستی جیھان باش بنرخێنم، بەراستی لەم کارەساتەدا، رۆڵی باشیان بینی بەتایبەتی لەھاوکاریکردنی دەوڵەتان لە رووی رێنمایی و ھاوکاری پزیشکییەوە.

بە بڕوای من پێویستە دەوڵەتانی جیھان، گرنگی زیاتر بەم رێکخراوە بددەن، چونکە لە داھاتوودا ئەم جۆرە رێکخراوانە ، سوودی زۆر بە مرۆڤایەتی دەگەیەنن.

لایەنی نێگەتیڤ:

لایەنی نێگەتیڤی ئەم رووداوە ئەوەیە، ئەم ڤایرۆسە کوشندەیە دەبێتە ھۆی نەخۆشخستن و مردنی خەڵکانێکی زۆر لە جیھاندا، لەدەستدانی دۆست و خۆشەویستان، ھەمووکاتێک مایەی بێزارییە بۆ مرۆڤ.

لە پەنای ئەوەشدا دوو شتی تازەی ھێنایە کایەوە، یەکەمیان: بڵاوکردنەوەی جۆرە فۆبیایەکی گەورە لە جیھاندا، دووەمیان : راسیزمێکی گەورە.

گەر سەیری ئەم چەند مانگەی پێشوو بکەین، جۆرە فۆبیایەکی گەورە تەواوی جیھانی گرتەوە،  ھەموو جیھان ترسێکی گەورەی لە دوژمنێکی ترسناک، مەرگھێنەر، زاڵم ، کوشندە ھەیە، کە ئەویش ڤایرۆسێکە، کە تەنھا لەناو تاقیگە گەورە و مۆدێرنەکانی جیھان دەبینرێت.

لەماوەی پێشوودا بەتایبەتی لە سەدەی نوێدا، ھیچ کاتێک جیھان وا مۆبیلیزە نەکراوە لە دژی دوژمنێکی گەورە، کە بەنیازە ژیانی ملیۆنان کەس لەناوبەرێت.

بە بڕاوی من ئەم ترسە گەورەیەش لە ئێستا و داھاتووشدا کاریگەری خراپی بۆ کەسایەتی ھەموو مرۆڤەکان دەبێت، بەتایبەتی لەو وڵاتانەی کە ڤایرۆسەکە زۆر بڵاوبووەتەوە.

خاڵێکی نێگەتیڤی تری ئەم رووداوە لەوەدایە، جۆرە راسیزمێکی نوێی لە دژی ئەو گەلانە ھێنایە کایەوە کە نەخۆشییەکەیان تێدا بڵاوبووەتەوە، بەتایبەتی چینییەکان، لە ئێستادا لە تەواوی جیھاندا  جۆرە راسیزمێکی کوشندە لە دژی چین وەکو گەل و دەوڵەت و کولتوور بەرپابووە، ئەمەش لە ڤایرۆسکە ترسناکترە، چونکە ئامانجی سەرەکی بزووتنەوە فاشیستەکان، ناشیرین کردنی گەلانی ترە و بەشەیتانیکردنی ئەوانی ترە.

بەداخەوە ئەم رووداوە ھێندەی تر رەوتە پۆپۆلیست و راسیزمەکانی لە جیھاندا بەھێزترکرد.

وانەی گرنگ

وانەی گرنگ لەم کارەساتە ئەوەیە، دەبێت ھەموو وڵاتانی جیھان چەندە کێشە و ملاملانێی سیاسیی و ئابووریان ھەبێت، دواجار دەبێت ئەوە بزانن کە ھەموومان مرۆڤین و لە ژیان لەسەر ئەم زەویە ھاوبەشین، گەر مرۆڤایەتی نەتوانێت لەسەر کۆمەڵێک پرسی ئابووری و سیاسی رێکبکەوێت، ئەوا بە ناچاری دەبێت ھەموو دەوڵەتانی جیھان لەسەر کۆمەڵێک پرسی ھاوبەش رێکبکەون، لە سەروھەمووشیان پرسی " ژینگە، نەخۆشییەکان"

خاڵێکی گرنگی تریش مەسەلەی " جەنگی ڤایرۆس یان بایلۆژی" دووبارە ھێنرایەوە ئاراوە، ھەرچەندە ئەم  مەسەلەیە لە جەنگی یەکەمی جیھانییەوە لە نێوان زلھێزەکاندا ھەبووە، لە زۆر جەنگیشدا چەکی کیمیاویی و بایلۆژی بەکارھێناوە، ئێمەی کوردیش باجی گەورەمان لە بەکار‌ھێنانی ئەم چەکانەدا داوە، ھەتاوەکو ئێستاش ھەر قووربانی دەستی چەکی کیمیاویی و بایلۆژین.

لە لایەکی ترەوە مەسەلەی تاقیگە مۆدێرنەکان بەتایبەتی ھی دەوڵەتە زلھێزەکان، دووبارە پێویستی بە چاودێری ورد و  تۆکمە ھەیە، چونکە دزەکردنی ھەر ماددەیەکی کوشندە لەم تاقیگانە، کارەساتی گەورە بۆ مرۆڤایەتی دەھێنێت.

من دڵنیام کە سەرکەوتنی کۆتایی بۆ مرۆڤ دەبێت لەم جەنگە ترسناک و قورسەدا، بەڵام گرنگ ئەوەیە کە ئەم کارەساتە بکرێتە وانەیەک بۆ ئەوەی مرۆڤایەتی سوودی لێوەربگرێت وھەمان ھەڵە دووبارە نەبێتەوە.