سەردێڕ:

یەک دوو قسە لەبارەی یەکێتییەکەی جاران

11/12/2019 12:08:16 PM
4979 جار خوێندراوەتەوە
ئەردەڵان عەبدوڵڵا
+ -

لەماوەی پێشوودا دەمی ھەر کادیر و ئەندام سەرکردایەتی و مەکتەب سیاسییەک دەکەیتەوە، دەڵێت: با یەکێتی بکەینەوە بە یەکێتییەکەی جاران. جارێک پێش ھەموو شتێک دەبێت بپرسین یەکێتییەکەی جاران کامە بوو؟ ئەی یەکێتییەکەی ئێستا کامەیە؟ ئایا ھیچ جیاوازییەک لە نێوان جاران و ئێستادا  ھەیە؟ لە ھەمووشی گرنگتر دەبێت بپرسین بۆچی دەبێت یەکێتییەکەی ئەمڕۆ بکەینەوە بە یەکێتییەکەی جاران؟

ئەم پرسیارانە ئەوەمان پێدەڵێن کە یەکێتی لە ئەمڕۆدا لە کێشەیەکی گەورەی سیاسیی و ئیداری و فکری گەورەیە، ئەمەش لە زاری زۆرێک لە بەرپرسانی ئەم حیزبەوە دەووترێت. فرانسیس فۆکۆیاما فەیلەسووفی ناسراوی ئەمریکا لە کتێبی "رەگوریشەی سیستەمی سیاسی" دەڵێت: کاتێک سیستەمە سیاسییەکان ناتوانن خۆیان لەگەڵ باردوخە گۆڕاوەکاندا بسازێنن، ئیتر داڕمانی سیاسی روو دەدات".
ھەمیشە مرۆڤیش کاتێک کێشەی ھەبێت لە ھەنگاونان بەرەو پێشەوە و ھیچ داھاتوویەکی ڕوونی نەبێت، ئەوا ھانا بۆ نۆستالۆژیا دەبات و خەون بە یادەوەرییە خۆشەکانی دەبینێتەوە. 

بەڵام با پرسین یەکێتی جاران چۆن و کامە بوو؟
یەکێتی لە سەردەمێکدا دروستبوو کە تارمایی نائومێدیی و تاریکبینی باڵی بەسەر کۆمەڵگەی باشووری کوردستاندا کێشابوو، بزووتنەوەیەکی جەماوەری گەورەی چەکداری کە ھەزارن چەکداری ھەبووە لەناوچووە، سەرکردەیەکی کاریزمایی ئیعلانی وازھێنان لە شۆڕش دەکات. لەبەرامبەریشدا رژێمێکی بەعسی دڕندە کە بە ناوی ھاوپەیمانییەوە گەورەترین حزبی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی "شیوعی" کپکردووەو خۆی بۆتە پاڵەوانی مەیدانی سیاسی عیراق و کوردستان، تەواوی دەوڵەتانی جیھانیش بە بلۆکی رۆژھەڵات و رۆژئاواوە، دۆستی رژێمی بەعسن و پشتگیری دەکەن، ھەروەھا دەبێتە خاوەنی ئابوورییەکی بەھێز و نەوتی، لەھەمانکاتیشدا رۆژ لە دوای رۆژ سوپای عیراق بەھێزتر دەبێت. لە کوردستانیشدا بەھۆی ئەو نائومێدییە گەورەیەی کە ئاشبەتاڵ ھێنابوویە ئاراوە، شەپۆلی خۆفرۆشی و جاشایەتی زیاد دەبێت.
ئا لەم رەوشە ترسناک و نائومێدییەدا، کۆمەڵێک گەنجی خوێندەوارو خوێنگەرم، دژی ھەموو ئەم رەوشە سیاسییە ناوخۆیی و ئیقلیمی و جیھانییە دەوەستنەوە و بڕیاری بەرخودان دەدەن، ئەوان لەناو ئاسمانی نائومێدیدا، موژدەی ھیوا لەگەڵ خۆیان دەھێنن، ھەرچەندە زۆر کەم کەسیش باوەڕیان پێدەکات. لەماوەیەکی ئێجگار کەمدا، جەماوەری کوردستان بەتایبەتی ھەژارو  زەحمەتکێشەکان، باوەشی گەرم بۆ ئەم حیزبە دەکەنەوە.


 بەڵام بۆچی یەکێتی ئێستا  خەون بەو یەکێتییەی جاران دەخوازێت؟
چونکە لەو کاتەدا یەکێتی حزبێکی خۆشەویست بوو لەناو جەماوەر. دیارە ئەم خۆشەوسیتییەش دەگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵێک ھۆکار:
پێش ھەمووشتێک تەواوی ئەوانەی کە چرای ھیوایان بەرز کردەوە، نەوەیەکی نوێ بوون، تەمەنیان لە نێوان ١٨ بۆ ٤٠ ساڵ دەبوو، یەکێتی لە سەرەتاکانی دروستبوونیدا، حزبێکی تەواو گەنج بووە، حزبی نەوەی نوێ بووە، نەک تەنھا لە تەمەندا نوێ بووە بگرە لە رووی شێوازی کارکردن، فکری سیاسی دا، تەواو نوێ بووە و جیاواز بووە لە حزبەکەی پێش خۆی. لە ھەمووشی گرنگتر سەرکردەکانی ئەم حزبە چ لە شاخ و چ لە ناو شار و  زیندانیشدا، ئەرکە گەورە و مەترسیدارەکانیان دەگرنە ئەستۆ، ئەوان پێش پێشمەرگە و تەنزیماتەکانی ناو شار دەکەوتن و دەچوونە ریزی یەکەمی قووربانیانەوە. ھەروەھا لەو ساڵانەدا "مبدء" لە "مەسڵەحەت" گرنگتر بوو. کەسێک لە زیندان سازشی بۆ رژێم بکردایە، لەناو ئەندام و لایەنگرانی یەکێتیدا، ریسوا دەکرا. لەوکاتەدا ئەم حیزبە، ھیوای خەڵکی رەنجدەرو زەحمەتکێش و ھەژارو جووتیارانی کوردستان بوو، بەتەواوەتی حیزبی سەرمایەدارو ملیۆنلێرەکان نەبوو. لەھەمووشی گرنگتر پشت و پەنای پارچەکانی تری کوردستانیش بوو.

ئەی یەکێتییەکی ئێستا چۆنە؟
یەکێتییەکەی ئێستا تەواو جیاوازە لە یەکێتییەکی جاران، نەوەکو جاران دەتوانێت ھاوکاری پارچەکانی تری کوردستان بکات، نە دەتوانێت وەکو پێویست داکۆکی لە بەرژەوەندی خەڵکی ھەژارو زەحمەتکێش و رەنجدەران بکات، بگرە لە ھەندێک رووەوە بۆتە حزبی سەرمایەدارەکان، پێش چەند ساڵێک بەرپرسێک شانازی بە ژمارەی ملیۆنێرەکانی سلێمانییەوە دەکرد. لەھەمووشی ترسناکتر، یەکێتی ئەو جەماوەرییەی جارانی نەماوە.

بەڵام دەبێت چیبکەین تاوەکو ببینەوە بەیەکێتی جاران؟ 
پێش ھەمووشتێک دەبێت بگەڕێینەوە بۆسەر ئەو بنەما فکریی و سیاسییانەی کە ئەم حزبە لەسەری دروستبوو، واتە دەبێت ئەم حیزبە خاوەنی ئایدۆلۆژیاییەکی فکریی و سیاسی خۆی ھەبێت، بەشێوەیەک لە حزبەکانی تری جیابکرێتەوە. دەبێت یەکێتی ببێتەوە بە حزبی رەنجدەران و ھەژاران و داکۆکی لە مافی ئەوان بکات و دژی رێچکەی سەرمایەداری باو بوەستێتەوە، چونکە چینی سەرمایەدار چ لە قۆناغی خەبات و تێکۆشان، چ لەکاتی تەنگانەدا، پشتگیری یەکێتی نەکردووە لەھەموو کاتێکی تەنگانەشدا، ئەوە تەنھا خەڵکە ھەژارو زەحمەتکێشەکەیە دێت بەھانای یەکێتیەوە. لەھەمووشی گرنگتر دەبێت بەشێوەیەکی جددی کاربکات بۆ لەناوبردنی گەندەڵی و سزادانی ئەوانەی کە حزب و حکومەت بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاردەھێنن. ھەروەھا  رێگە بە نەوەیەکی نوێی ئەم حزبە بدرێت، تاوەکو مەشخەڵی حزبەکە ھەڵبگرن و بەرەو سەرکەوتنی بەرن، گەر وانەکەن، ئەوا بەدڵنیاییەوە وەزعی لە ئێستا خراپتر دەبێت.