سەردێڕ:

با سوپاسێکی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق بکەین

9/12/2019 9:38:29 PM
6517 جار خوێندراوەتەوە
ئەردەڵان عەبدوڵڵا
+ -

جاران واماندەزانی چەندە لە بەغدا دووربکەوینەوە ھێندە لە  بەرژەوەندی گەلی کورددایە، لێ بەداخەوە لەم چەند ساڵەی پێشوودا کورد بە تەجروبە بۆی دەرکەوتووە، چەندە لە بەغداوە نزیک بێتەوە لە ھەموو ڕوویەکەوە بۆی باشترە. 

ئەوەتا ماوەی چەندین ساڵە بەناوی ئابووری سەربەخۆ و " نەوتی خۆمان بۆ خۆمان" نەک وڵاتمان ئاوەدان نەکردەوە، بگرە ئەم نەوتە بووە نەگبەتییەکیش بۆمان و تووشی کێشە و گرفت و قەیران و قەرزارباریشی کردین، لەبەرئەوە دووبارە بە ویستی خۆمان بۆرییە نەوتەکەمان رادەستی بەغدا کردەوە، چونکە نەوتی کورد لەژێردەستی بەغدا بێت باشترە تاوەکو ئەنقەرە و تاران. 

گەر سەیری لایەنی ئیداری و سیاسی و دیموکراتی و دەستووریی و پەرلەمانیش بکەین، سەیر دەکەین بەغدا زۆر ھەنگاوی باشی لەم بوارەشدا ناوە، ئەوەتا پەرلەمانەکەی بەغدا کام وەزیر زۆر بەھێزە راپێچی دەکات و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکات و سزاشی دەدات، لەکاتێکدا ئێمە بە ویستی پارتێکی دەسەڵاتدار لە ھەولێر، دوو ساڵ دەرگای پەرلەمان داخرا. 

دوایین کاری باشی بەغدا بۆ ئێمە ئەو بڕیارە حەکیمانەی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان بوو، کە ھەر حزبێک بەشداری ھەڵبژاردنەکانی پارێزگاکان بکات، دەبێت کۆنگرەی خۆی ببەستێت، ئەمەش باشترین بڕیارە کە ئەم دەزگایە دابێتیی و خزمەتێکی گەورەی پرۆسەی دیموکراتی لە عیراق و ھەرێمی کوردستان کردووە. 

ماوەی چەندین ساڵە پارتە کوردییەکان لە پێش ھەموویانەوە پارتە گەورەکان " یەکێتی، پارتی، گۆڕان" خۆیان لە پرسی بەستنی کۆنگرە دەدزنەوە، ھەریەکەیان بیانوویەک دەدۆزێتەوە. ھۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ سروشتی ئەم پارتانە، کە تاڕادەیەکی زۆر لە دیموکراتی و پرەنسیپی حزبایەتی دوور کەوتوونەتەوە. 

یەکێتی ماوەی حەوت ساڵە  کۆنگرەی دواکەوتووە، سکرتێرەکەی مردووە، جێگرێکی وازیھێنا و پارتێکی سیاسی " وەرزی!" دروستکرد و پاشان گەڕاوە و کرا بە سەرۆک کۆمار، چەند ئەندام مەکتەبێکی سیاسی وازیان ھێناوە، تەواوی ئەندام و لایەنگرانی لە سەرکردایەتی بێزارن و  داوای بەستنی کۆنگرە و گۆڕانکاری دەکرد، بەڵام بەداخەوە ھیچ کاتێک بڕیاری کۆنگرە نەدەدرا، ھەرچەندە ھەموو کوتلەکان لەبەرچاوی راگەیاندنەکان، داوای بەستنی کۆنگرەیان دەکرد، لێ ھیچ کات ھەنگاوی جددی نەدەنرا. بەڵام دواجار کاتێک بڕیارەکەی کۆمسیۆن دەرچوو، ھەر پاش رۆژێک مەکتەبی سیاسی بڕیاریدا ئەمساڵ کۆنگرە ببەسترێت و دواجاریش لەم ھەفتەیەدا رۆژ و مانگی بەستنی کۆنگرەش دانرا، کە بە بروای من، ھۆکاری سەرەکی بۆ بەستنی کۆنگرە زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ ئەو فشارەی کۆمسیۆنی باڵا.

بە دڵنیاییەوە کۆنگرە بۆ ھەموو پارتەکان بە گشتی و یەکێتی بەتایبەتی زۆر گرنگە، چونکە لەماوەی پێشوودا کۆمەڵێک رووداوی گەورە روویانداوە و پێویستی بە داڕشتنی بەرنامەی نوێ ھەیە، ھەروەھا ئەو نوخبە سیاسییەی کە ئێستا حوکمی پارتەکان دەکەن، پیربوون و لە لایەن زۆربەی ئەندامانی پارتەکانەوە، ویستێکی  گەورە ھەیە بۆ گۆڕینی ئەم نەوە کۆنە بە نەوەی نوێ. 

راستە لە ئێستادا بەستنی کۆنگرە سوود بە چەند کەسێک دەگەیەنێت و بە ئامانجی خۆیان دەگەن کە ببنە ئەندام سەرکردایەتی یان مەکتەبی سیاسی،  من بەشبەحاڵی خۆم، ھیچ تموحی ئەو شتانەم نییە، بەڵام نابێت ئەوەمان لەبیربچێت، بەستنی کۆنگرە ، ڕێز و شکۆداری بۆ ئەندامانی حزبەکان دەگەڕێنێتەوە و جارێکی تر دەبنەوە خاوەنی بڕیار، ھەروەھا کەمێک ئەندام مەکتەب سیاسییەکانیش، لە لووتبەرزی خۆیان دێنە خوارەوە و دووبارە ناچاری دەنگی ئەندامانی حزبەکانیان دەبنەوە.