سەردێڕ:

شێری نێو ئەم دارستانە

6/10/2019 3:36:09 PM
3408 جار خوێندراوەتەوە
عەزیز ڕەئوف
+ -

یەکەم: ئەمڕۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی بنەماڵەیی و سوڵتانی لە کوردستان، بەرگێکی یاسایی و قانونی بەبەردا کرا. سەرۆکایەتی ھەرێم و سەرۆکی حکومەت و بارەگای بارزانی، وەک شوێنێک بەناوە بۆ مەرجەعی سیاسی لە کوردستان و نابووتکردنی پارلەمان، سەلمێنەری ئەو ڕاستیەن کە بە ئاشکرا یەک بنەماڵە و لە یەک مەتبەخ و لە چوارچێوەی یەک دیواری ماڵێک بڕیار لە چارەنوسی خەڵکی کوردستان دەدرێت.

دووەم: ئەوەی یەکێتی لەم ماوەیەدا کردی، جگە لە نەزانینی سیاسی چیتر نەبوو. نەدەبوو ئەم دۆخە بەسەر یەکێتیدا تێپەڕێت، لەلایەک دەنگ بە سەرۆکی ھەرێم نەدا و لەلایەکی تر بەشدار بێت لە ڕێوڕەسمەکەدا. جیاوازیەکانی ناو یەکێتی کە گروپێکیان پێڵاوی لاستیک ئاراستەی دەمی برادەرانی پارتی دەکەن، لەگەڵ گروپێکی تر کە بە ھەموو جوڵەیەکی پارتی ڕازین و بەرژەوەندییان پێکەوەیە، پەرتپەرتبوونی ماڵی یەکێتی نیشان دەدات.

سێیەم: ئەوەی ھێزە بەناو ئۆپۆزسیۆنەکان و پارتەکانی دەرەوەی دەسەڵات کردنیان، ئینتیحارێکی سیاسی گەورە بوو کە بەڕاستی وێنەی خۆیان ئەوەندەی تر لای خەڵک ناشرینتر کرد. بەم کردەیەیان سەلماندیان کە ناتوانن بە ھەر پێوەرێک بێت پارتی تێپەڕێنن و ھەم دەسەڵات و ھەم شەقامیان دۆڕاندووە و لە نێوەندەدا ھەندێکیان سودمەند و ھەندێکیشان ھەر ئەوەندە لە سیاسەت دەزانن.

چوارەم: دەبێ ئیعتراف بەو ڕاستیە بکەین کە لە ئێستادا پارتی یاریکەری سەرەکی ھەرێم و ناوچەکە و جیھانە و لە لە ئێستادا دنیای ئێمە لە ئاستی ھێزی سیاسیدا لە پارتی جیاوازتری بەرھەم نەھێناوە.

پێنجەم: ئەگەر دادگایەکی سەربەخۆ، ئەگەر شەقامێکی ئەکتیڤ ئەگەر ئۆپۆزسیۆنی کارا ئەگەر ڕێکخراوی مەدەنی بێلایەن، ئەگەر گەلێکی ھوشیارمان ھەبوایە، دەبوو نێچیرڤان بارزانی لەسەر ئەم ھەموو فەزاحەتەی لە ڕابردوودا ئەنجامی داوە لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت نەک بخرێتە سەر بەرزترین کورسی دەسەڵات لەم ھەرێمە.

ئەم پیاوە وەک سەرۆکی جێبەجێکردن لە ماوەی حەڤدەساڵی ڕابردوودا پشکی شێری بەردەکەوێت لە کۆی گەندەڵی و بەھەدەردانی داھاتی میللەت و خراپی پەیوەندی لەگەڵ ناوچەکە و شکستی ڕیفراندۆم و یەکنەگرتنەوەی ھێزی پێشمەرگە و مۆتەکەی ئابووری سەربەخۆ. لە ھەموو بەڵێنەکاندا ئەم پیاوە شکستی ھێناوە، ئێستا ئومێد دروستکردن لەسەر ئەم پیاوە لە نوکتە زیاتر ھیچی تر نیە.