سەردێڕ:

کێ نەوشیروان مستەفای کوشت؟

5/20/2019 2:08:43 PM
13796 جار خوێندراوەتەوە
عەزیز ڕەئوف
+ -

یەکەم: تەقدیسکردن و سەردانی سەر گۆڕی کاک نەوشیروان و لەپاڵیشدا ئەم ھەموو ناشرینیەی شوێنکەوتووانی لە دەسەڵات لە ھەولێر و بەغدا بینیمان، سەلێمێنەری ئەو ڕاستیەیە کە زۆرن ئەوانەی ناشرینیەکانی خۆیان لەسەر گۆڕی کاک نەوشیروان دەشارنەوە و بە قسەی بێتامی" درێژەپێدەری ڕێیازەکەی کاک نەوشیروانین"، دەیانەوێت کۆی ئەو سیاسەتە ھەڵە و تەماحی کورسی و داراییە کە وای لە زۆرێک لە شوێنکەوتووانی کردووە بە تەقدیسکردنی کاک نەوشیروان ناشرینیەکانی خۆیان بشارنەوە.

دووەم: ئەوەی لە دوو ساڵی دوای مەرگی نەوشیروان مستەفا دەیبینین، ئەو نوسین و ھەڵدانەوەی جوڵە شەخسیەکانی ئەم پیاوە لەلایەن شوێنکەوتەکانیەوە، سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە کە کاک نەوشیروان نەیتوانی شوێنپێی کاریگەر جێبێڵێت. ئەو زمانە سادە و پڕ لەتەشھیر و ناشرینەی کە شوێنکەوتووانی کاک نەوشیروان بەرامبەر بەیەک دەریدەبڕن، سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە کە ئەم ھێزە لە چ بەتاڵیەکی فکری و پەرورەدەیی و نەبوونی جیاوازی دا دەژێت .

سێیەم: بەبنەماڵەییکردنی ئەم بزوتنەوەیە ھەوڵێکی زۆر خراپ بوو بۆ کوشتنی ئەو خەون و دنیابینیەی نەوشیروان مستەفا. کاک نەوشیروان دژ بە تەوریسی سیاسی بوو، بەڵام ئێستا بەئاشکرا بزوتنەوەکەی خۆی دوای دوو ساڵ لە جێھێشتنی شوێنپێی نەوەکانی بەسەر سیاسیەت و میدیا و مڵک و ماڵی ئەم ھێزە دەردەکەوێت و ئەمەش گورزێکی کوشندەیە لە خەباتی سیاسی و کەلتوری ئەم پیاوە.
چوارەم: بۆ پارتی سیاسی پەروەردە گرنگتر بوو لە بەشداریکردن لە دەسەڵات. بێنە پێش چاوت گۆڕان لە ٢٠١٤ بەشداری دەسەڵاتی نەکردایە و لەجیاتی ئەوە لەماوەی ئەو دە ساڵەدا سەدان گەنجی خوێنگەرمی پەروەردە بکردایە بە فکری سیاسی و دنیابینی نوێ و مۆدێلێکی تری سیاسی، ئێستا چ کاریگەری و شوێنپێیەکی گرنگی جێدەھێشت نەک قەڵەوکردنی مرۆڤی گرگن لەناو پارلەمان و وەزارەت و ڕاوێژکاری بێ ڕاوێژ لە کوردستان و بەغدا کە ھەندێکیان بوونەوە بە یەکێتی و پارتی. ئەم کردەیە وایکرد بەشداری دەسەڵات چ گورزێکی کوشتندە بدات لە جەستەی گۆڕان (کە بە نوسین پێمان وتن بەشداری دەسەڵات مەکەن). بەشداری دەسەڵات و نەبوونی پەروەردەی سیاسی لەناو گۆڕاندا دوو ھەڵەی گەورەی کاک نەوشیروان بوو.

پێنجەم: تەسەور ناکەم نە لەناو گۆڕانی ئێستا و نە لەناو گۆڕانخوازە ناڕازییەکاندا کەس ھەبێت بتوانێت نەوشیروان مستەفا بخوێنێتەوە. ھەرچەندە کاک نەوشیروان کەسێکی ئایدۆلۆژی نەبوو، یان بەمانایەکی تر شتێک بەناوی ڕێبازی نەوشیروان بوونی نەبوو،بەڵکو سلوکی سیاسی جیاوازی ھەبوو. گۆڕانی ئێستا توزقڵێک لەو سلوکە سیاسیەی ئەو پیاوە ناچێت و ئەوەی لەم ماوەیە لە پارلەمان کردنیان خۆی بۆخۆی کوشتنی خەونی نەوشیروان مستەفا و سلوکی سیاسی ئەم پیاوە بوو.

شەشەم: لە دوو ساڵەی کۆچی دوایی ئەم پیاوە چەند پرسیارێک دەوروژێنم؟ بۆ کاک نەوشیروان بەشداری ئەو دەسەڵاتەی کرد کە خۆی دەیزانی چاکسازی ناکەن؟ ڕای خۆی بوو یان دەوروبەری دەیانوسیت بەشدار بن؟ بۆ کۆی مومتەلەکاتی گۆڕان تاپۆ کرا لەسەر کوڕەکانی؟ دەستی خۆی بوو یان دەوروبەرەکەی ئەوەیان دەخواست؟ بۆ بزوتنەوەی گۆڕان خاوەن فکر و جیھانبینی نەبوو؟ بۆ کاک نەوشیروان ھەوڵی ئەوەی نەدا کە ئەم بزوتنەوەیە لەوانی تر جیاواز بێت؟ شوێنپێی ئەم پیاوە لەکوێدا دەردەکەوێت؟ بۆ کاک نەوشیروان سەرکەوتوو نەبوو لە ھەڵبژاردنی ئەو کارەکتەرانەی بۆ پۆستە حکومیەکان لە بەغدا و کورستان دیاریکردن و مۆفەق نەبوون و لەوانی تر جیاواز نەبوون؟ پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: کێ خەون و جیھانبینی نەوشیروان مستەفای کوشت؟ خودی خۆی یاخود کوڕ و لایەنگر و شوێنکەوتووانی؟ ھاوڕێکانی شاخ، یاخود سەرکردەکانی ئێستای گۆڕان؟