سەردێڕ:

زەینەب و سایە و دنیای ئێمە

6/25/2019 12:14:22 PM
8136 جار خوێندراوەتەوە
عەزیز ڕەئوف
+ -

یەکەم: سایە و زەینەب دوو ڕووی یەک دراون لە کۆمەڵگەی کوردیدا،ئەویش خۆسەرقاڵکردنە بە شتە بچوکەکانەوە و فەرامۆشکردنی خەمە گشتیەکانە. ئەم دوو دەرکەوتەیە کە یەکیان ڕووت و قوتە و ئەوەی تریان تەنھا چاوی دیارە بیماری کۆمەڵگەی کوردیمان بۆ دەردەخات کە بە بەرگری لە نیقاب دەیەوێت پاکی خۆی پیشان بدات و بە ھێرشکردنە سەر جەستەی سایە دەیەوێت خۆی وەک فریشتە نیشان بدات. لەسەدا نەوەد و پێنچی کورد موسوڵمان بێت چۆن دوو ملیۆن کەس لە گۆگڵ سێرچ دەکات بۆ بینینی جەستەی سایە کەریم؟ خەلەلێک لە سترەکتوری کۆمەڵگەی کوردیدا لە ئارادایە کە لە جەستەی ژندا بەدوای جوانی و پاکی و ڕەشت و ئەخلاقدا دەگەڕێ.
دووەم: پارتییەکی سوڵتانی لە فۆرمی وەک سوڵتانەکانی سعودیە و سەلەفیەکی مەدخەلی نێو نیقاب، خۆیان یەکتری تەواو دەکەن. سەلەفیەکان بەڵێ بۆ ڕیفراندۆم دەکەن و سەرۆکی ھەرێم بە ئەمیر موئمنین وەسف دەکەن. ئەم دوو بەرەیە یەکتری تەواو دەکەن و شەڕێکی لەوە بچوکترە کە شەڕە گەورەکانمان بیربەرێتەوە.
سێیەم: نە ڕوتکردنەوە بێ ڕەوشتیە و نە داپۆشین ئەخلاقە. ئەخلاق بە رووتکردنەوە و داپۆشین نیە. مرۆڤەکان ئازادن چی دەپۆشن. مادام لە ھەردوو بەرەکەدا چەقی مەسەلەکە جەستەیە، ئیتر ڕوتی بکەیتەوە یان دایپۆشی جیاوازییەکی ڕیشەییان نیە. لە کۆمەڵگەی ئێمەدا چاوێک ھەیە لە پشتی نیقابیشەوە ژن بە ڕووتی دەبینێت. نە ڕووتبوونەوە کۆمەکمان دەکا نە داپۆشین. لە ھەردوکیدا ستەمکاری سەرمایەداری و ئاین بە مەفھومی سعودی و کردەیەکی ئیسلامی سیاسی ھەست پێدەکرێ.
چوارەم: پارتییەکان لە سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی پارلەمان و ئەنجومەنی دادوەری لە سەفی پێشەوەن و کەس ورتەی لێوە نایا، بەڵام نیقابپۆشێک کە دەخرێتە سەفی دواوە زۆرێک لە خەڵکی نیگەران کردووە. 
پێنجەم: ئەم ھەموو قەیرانە لە وەزارەتی پەروەردەدا ھەیە، لە سیستەمی پەروەردە وە بۆ خراپی پرسیارەکان، بەخستنە سەفی دواوەی کچێکی نیقاب ھەموو ڕەخنەکانی بیر خوێندکاران و خەڵک بردەوە.