سەردێڕ:

ئەم ھاوکێشە سادەیەش بزانە ڕەنگە سوودی ھەبێ

9/3/2019 9:23:28 PM
5978 جار خوێندراوەتەوە
هیمداد شاهین
+ -

ئاسانترین کارێک مرۆڤ بیکات ئەوەیە ھیچ کارێک نەکات، بەڵام کاتێ ھیچ ناکات، دەبێ ئەوە قبوڵ بکات کە ھیچیش بەدەست ناھێنێ!

بەبیانووی ئەوەی لە دۆخەکە نائومێدیت، ناکرێ دابنیشیت و ھیچ نەکەیت، جارجارە بۆ تامی دەم چواردەورەکەشت وەکو خۆت نائومێد بکەیت، بێگومان ئەمە خواستی دەسەڵاتە و دەسەڵات ڕێک ئەمەی دەوێ، تۆ نائومێدبە بۆ دەسەڵاتێک کە ھەمیشە ئومێد و خواستی گەورەی بۆ کۆنترۆڵکردنی زیاتری ئابووریی و کایەی سیاسیی و کۆمەڵگا ھەیە، بەڵام یەک ڕاستیی سادە ھەیە، ئەویش ئەوەیە نائومێدیی تۆ جگە لە نائومێدیی و نائومێدیی و نائومێدیی ھیچی تر ناخاتەوە.

 ئەو نائومێدییە سیاسییەی تۆ ھەتە، زیاتر نییە لە نائومێدبوونی سیاسیی ھاوڵاتییەکی ئەڵمان لەسەردەمی نازییەتدا و بەڵام ببینە کۆمەڵگای ئەڵمان چۆن ھەستانەوە، زیاتریش نییە لە نائومێدبوونی ڕەشپێستێک لەسەردەمی باڵادەستیی سپیی پێستەکانی ئەمریکا، بەڵام ببینە خەبات و چالاکیی مەدەنیی چۆن باڵادەستیی سپیی پێستەکانی لەگۆڕنا، بێگومان ئەم نائومێدبوونەی تۆ زیاتریش نییە لە نائومێدبوونی بۆسنەییەکی موسوڵمان لەسەردەمی قەتڵ و عامی موسوڵمانەکانی بۆسنە و ھەرسەکدا، بەڵام دەبینین دوای تێپەڕینیی چەند ساڵێک، دۆخەکە بەتەواویی گۆڕاوە.

بەریتانیای ئێستا، بەرھەمی زیاتر لە ٨٠٠ ساڵ خەبات و تێکۆشان و بونیادنانەوەیە دوای دەیان جەنگی گەورە، ئەوروپا دوای کوشتنی دەیان ملیۆن کەس، ئێستا دەیبینین لە کوێدایە.

ھەموو ئەوەی دەمەوێ بیڵێم ئەوەیە کە نائومێدیی پێویستە قۆناغ بێت نەک دۆخێکی ھەمیشەیی کۆمەڵگا، نائومێدیی وەک قۆناغی پێش ھەستانەوە گرنگە بوونی ھەبێ، چونکە ھۆشیاریی و ئومێدی گەورە درووست دەکات بۆ وێناکردنی ژیانێکی باشتر و مانادارتر، بەڵام کاتێ دەبێتە دۆخێکی ھەمیشەیی، ئەوە کۆمەڵگا زەرەری گەورە و دەسەڵات قازانجی گەورە دەکات.