سەردێڕ:

بە بارانیش وشکە ساڵە

5/28/2019 10:45:02 AM
4076 جار خوێندراوەتەوە
سامانی وەستا بەکر
+ -

گرنگە دوژمن و نەیار جیاکرێنەوە لەوڵاتـی دیموکراسییدا دوژمنـی سیاسـی نیە بەڵکو ئەوەی ھەیە نەیاری سیاسییە بەپێچەوانەی وڵاتە یەک حیزب و تاکڕوەکان، کە وەھمـی دوژمنـی سیاسـی ناوخۆی دروست دەکەن بۆ سەرکوت کردن و بێدەنگ کردن و دەستەمۆ کردنیان. 

مۆدێلی حوکمرانی لەکۆی دنیای دیموکراسـی و نیمچە دیموکراسـی لە دوو پێکھاتەی سەرەکـی دروست دەبـێ ئەوانیش حکومەت و ئۆپۆزسیۆنە لە دەوڵەتە دیکتاتۆرییەکانیشدا تەنھا ڕژێمێک ھەیە و بەس، لە ھەرێمـی کوردستانیش لەبری حکومەت و ئۆپۆزسیۆن حیزب و خەڵکی  قەڵمەڕەو ھەیە.

بەئارەزووبێ یان بێئاگای تێکەڵی و پێکەڵییەک دروستکراوە لە نێوان دەستەواژەی نەیارو ئۆپۆزسیۆن و ئەنجامەکەشی ئەوەی لێکەوتەوە ئێستا ھیچ حیزبێ ئارەزووی ئۆپۆزسیۆن بوون ناکەن ئەگەرچی سەرزارەکیش وا خۆیان بناسێنن.

داواکردنی ماف و بەتایبەتی مووچە بەرامبەر ئەو ئەرکەی پێشکەشی حکومەت دەکرێ دوور و نزیک ناچێتە چوارچێوەی نەیارەوە.

لە سیستمی وڵاتانی ئۆرگانیزە کراوا مووچە تەنانەت بۆ کاتژمێرکیش دواناکەوێ. کەچی پاش چەند ساڵێک لە سێ چارەک و نیو و چارەکە مووچە و  درێژکردنەوەی مانگ لە ھەندێ کاتدا بۆ نێوان ٦٠ بۆ ٩٠ ڕۆژ و بێدەنگی و بە ئەمەکی خەڵک و خۆڕاگری و بواردان بە حکومەت، ئێستا کاتێ دەنگی ناڕازی لەناو خەڵکانێکەوە بەرزبێتەوە کە حیزبەکەی بەشێکە لە پێکھاتەی حکومەتی چاونەپشکوتوو ئەو کارە بە بخرێتە چوارچێوەی نەیارەوە و سکاڵای یاسای تۆمارکرێت!

زۆربەی وڵاتانی زلھێز و گەشاوە و خاوەن ئابووری پتە و تەنانەت لە  ٢٠ وڵاتە زلھێزە ئابوریەکەی جیھانیش قەرزی کۆمپانیا و وڵاتانی دیکەیان لەسەرە بەڵام ھیچ کاتێ نەبیستراوە مووچەی مانگێکی مووچەخۆرانی وڵات بدرێتەوە بە قەرزی کەڵەکەبووی سەر حکومەت!

کاتێ باران لە بەغداوە دەبارێ حکومەتی ھەرێم چەتر بۆ ھاوڵاتی و مووچەخۆرانی ھەرێم ھەڵەدەدا تا گیرفانیان تەڕنەبێ!

کاتێ بارانی بەغدا بەسەر ھەرێم نەدەباری دەوترا وشکە ساڵییەکە "بێ مووچەی" خەتای بەغدایە ئێستا بارانی بەغدا بەخوڕ بەسەر ھەرێمدا دەبارێ کەچی ھەر وشکە ساڵییە و ھەرێم پێی ناخۆشە لە دادگا بووکە بە بارانێش بکرێ.

ئەم وەرزی بارانە یەک ساڵییە و وشکە ساڵییەکی زۆری بەداوەیە و ئەگەر یوسفێک ئەم خەونە بۆ ھەرێم لێکنەداتەوە.

تا حکومەت و دەسەڵاتدار  باشتر ھەڵسەنگاندنبکەن و داوای ماف بە نەیار نەخوێننەوە و خەڵکی باشتر بەرچاو ڕوونبێ وەک کارێکی چەند بارە لەخوارەوە بەراوردێکی نەیارو ئۆپۆزسون دەکەین:

نەیار بەو کۆمەڵە کەس و رێکخراو گروپە چەکدارو بزوتنەوە رامیاری و کۆمەڵ و ھەندێ جاریش تاکانە دەوترێ کە بەشێوەی کاری پەچەکرداری و رێکخراو یان رێکنەخراوا بەگژ لایەنک یان دەستەیەک یان دەسەڵاتێکا دەچنەوە، بەھۆی ھەندێ ھۆکارەوە لەوانە:

- کاتێ تاک ھەستبکات وەلاوەنراوە و دەنگی ناگات و گوێی بۆ ناگیرێ. 

- کاتێ کۆمەڵێک ھەست بەجیاوازی رەگەزی (التمیز العنصری) یا بێبەشکردنیان لە مافەکانیان لە بەرژەوەندی کۆمەڵێ کەس و لایەن بکەن. 

- کاتێ نەتەوەیەک سەرەتایترین مافەکانی پێشێل دەکرێ لەلایەن دەسەڵات و بەڕێوەبەرانی وڵاتەوە بەجۆرێک کە نا یەکسانی کۆمەڵایەتی بەشێوەیەکی ئاشکراو بوونی دەبێت. 

- کاتێ پێکھاتەکانی کۆمەڵ سەرجەم بەیەکەوە لەپای چەوسانەوەیان ‌ لەدەسەڵاتێکی خوێن مژە و دیکتاتۆر یاخی دەبن.

- کاتێ گەندەڵی بەشێوەیەک باڵ دەکێشێ بەسەر وڵاتا کە ھیچ رێگایەک نامێنێ نەگیرێتەبەر و بەبنبەست ئەگا.

ئەمانە ھەندێ ھۆکاری تریش ھەن کەوا دەکات دیاردەی بەنەیار بوون ڕووبدات و لەھەندێ کاتیشدا یاخی بوونی لێبکەوێتەوە بۆ گێڕانەوەی مافەکان و شتە لێ زەوتکراوەکان، ئەمەش کاتێ ڕودەیات کە بێ ھیوای باڵ بکێشێ بەسەر کۆمەڵا و تروسکای بەدی نەکرێ بۆ پێکەوە ژیان یان بەرەو باشبردنی بارودۆخ و دەستھەڵنەگرتنی لایەک لە بڕیارە تاکڕەویەکانیان و خۆبەزلزانین و گۆێنەدانە کەسانیترو کارکردن لەپێناوی دەسەیەک یا ھۆزێک یا بنەماڵەیەک یا گروپێکی سیاسی دابڕاو لە کۆمەڵگا.

ھەر لایە و نەیار بە کڵاوی خۆی دەپێوی و لێکدانەوەی بۆ دەکات بۆ نمونە بە پێوانەی رژێمی بەعس ئێمەی کورد نەیار بووین، بەڵام ئایا ئێمە نەیار بووین یان بەش خوراو؟ نەیار بووین یان ماف پێنەدراو؟ ھاوڵاتی بووین یان بە نەژاد کراو؟ سەربەست بووین یان بەندو دەست و پێ پەیوەند کراو؟...ھتد.

ئایا تورکیا کاتێک ھەڵدەستێ بە داخستنی پارتە کوردیەکان و دەستگیرکردنی پەرلەمانتاران کە بە دەنگدان ھەڵبژێردراون یان کاتێ ئینقیلاب دەکەن بەسەر حوکمەتەکانی خۆیان کە بەجۆرێک لە جۆرەکان ئاھێکی بە دیموکراتیزەکردنی تورکیایان تیابەدی دەکرێ ناو بنێین چی؟ تا دوێنێ تاڵیبان لە ئەفغانستان دەسەڵادارو بەڕێوەبەری وڵات بوون ھەرچەندە نمونەیەکی زۆر ناشرینی دەسەڵاتی ئیسلامیان پشانی سەرجەم مرۆڤایەتیدا، کەچی ئەمڕۆ ھەرھەمان دەسەڵات یاخی و نەیارە! زۆرن ئەو نمونانە، کەواتە ھەرکەسەی بەپێی بەرژەوەندی خۆی ئیتر ئایا گشتی بێ یا تاکەکەسی دەڕوانێتە بەرامبەر و بە پێی بۆچوونە ڕامیاری و ئابوری و کۆمەڵایەتیەکانی گونجاو بۆخۆی لایەنی بەرامبەر بانگ دەکا نەیار.

پێ دەچێ تۆ نەیاربی لەکات و شوێنێکی دیاری کراو و ھەر تۆش لەھەمان کات بەرامبەرەکە و ناوزەندکەی بە نەیار بەڵام لێرەدا سەنگی مەحەک ھاوڵاتییەو ھەر ئەوانن دەتوانن نەیاری راستەقینە دیاریکەن و بڕیاری خۆیان بسەپێنن بەسەر لایەنی خاوەن حەق و لایەنی زۆردارا، ئەوەشمان لەبیر نەچێ کە ھاوڵاتی تاسەرو بۆ ھەتا ھەتای کەس بەنەیار نابینێ و لەگەڵ کەسیشدا یان راستر بڵێین لەگەڵ ھیچ دەسەڵاتێکیشا تا سەر نابێ.‌

ھاوڵاتیش بەپێی خزمەت و دادی کۆمەڵایەتی وبژێوی ژیان دابین کردن و یەکسانی و سەربەستی بیرو بۆچوون دەڕبڕین و دەستەبەرکردنی مافەکانی تای تەرازوی خۆی دەبینێ ڕونتر بڵێین، ئەگەر بینی تای تەرازوھی دەسەڵات ھاوسەنگ و جێگیرە ئەوا ئەو‌یش گوێڕایەڵی دەسەڵاتە و ھاوڵاتیەکی بەئەمەک و بەرھەمھێنەرە لە ھەوڵا دەبێ شان با شانی حکومەت خزمەت بکا و زۆرترین قوربانی بۆ سەرکەوتنی کارەکانی خۆ، ئەگەر بینیشی تای تەرازوەکەی لاسەنگە و بەشی خۆی لەدادی کۆمەڵایاتی و خزمەتگوزاری و بژێوی ژیانی بۆ دابین نەکراوە، بەگوێرەی مافی ھاوڵاتی بوونی ئەوا ئەوکاتە دەسەڵات بەنەیاری مافەکانی دەبینێ و لەھەوڵادەبێ بۆ دوورخستنەوەی جا ئەویش گەر وڵات دیموکراتی بوو ئەوا سندوقەکانی دەنگان بەکاردەھێنێ بۆ دەستە بەرکردن و گەڕانەوەی مافاکانی خۆی، ئەگەر نا ئەوا یاخی دەبێت و چیتر گوێڕایەڵ و بێدەنگ نابێ، زۆر رێگاش ھەیە بۆ پشاندانی توڕەیەکانی ھەر لەخۆپیشاندانەرە تا یاخی بوونی چەکداری.

ئۆپۆزسیۆن زۆر جیاوازە ئەویش بەوەی کە لەھەوڵێکی بەردەوامدایە و ململانێ دەکا لەسەر ئەوەی لایەنە خراپەکانی دەسەڵات، یان ڕاستر بڵێین کارە کاڵ و کرچەکانی بە خەڵکی بناسێنێ و ھەوڵدەدا کە کارەکانی حکومەت دیار و شەفاف بێ و بودجە لەخزمەتی ھەموو پێکھاتەکانی کۆمەڵادابێ، بەڵام  ئەگەر ھەستی کرد کارەکانی حکومەت ئاڵۆزە و دیار و ڕون نیە ئەوا لە ‌ڕەخنە گرتنێکی بەردەوامدا دەبێ و بەردەوام بەرچاو ڕوونی دەدات لەسەر ئەو خاڵانەی کە حکومەت وەک خۆی بە ھاوڵاتی ناگەیەنێ.

لە ھەرێم  نەیار ھیچ کاتێ بوونی نەبووە و ئۆپۆزسیۆنیش بوونی نەماوە ئەگەرچی ھەندێ جار نووزەنووزێک ئەبیسترێ کە ھیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێ چونکە ئەگەر خەڵکانێک نەبن بەڕاستی پەستان بخەنە سەر حکومەت تا پابەندبێ بەو ڕێکەوتنەی لەگەڵ حکومەتەکەی عادل عەبدول مەھدی کردوویەتی و ئەو بڕە نەوتە ڕادەستی بەغدا نەکات ئەوا ئیحراجییەکی زۆر بۆ عەبدول مەھدی دروست دەبێ و سەرەنجام ھەرێم یەکێک لە باشترین دۆستەکانی لەدەستدەدات و بێ متمانەیی دروست دەبێ کە ئەمەش دەرکەوتەی سەرەتایەکی نوێ دەبێ بۆ خیتامێکی خراپ.