سەردێڕ:

گرنگتر و گەورەترە

3/21/2019 12:17:47 PM
3600 جار خوێندراوەتەوە
سامانی وەستا بەکر
+ -

واباوە کە بۆنە ئایینیەکان زۆرترین خەڵک لێی کۆئەبێتەوەو  یاد ئەکرێتەوە بەڵام ئەم بۆنە ئاینیانە ھەرچەنە بەشێکی زۆر لە دانیشتوانی ناوچەیەکی جوگرافی لێی کۆئەبێتەوە بەڵام لە دووبەرەکی و ڕای جیاواز بێ بەش نین، بۆ نمونە زۆر کەم موسوڵمانانی ھەردوو مەزھەبی سونەو شیعە پێکەوەو لە یەک کاتا یادی جەژنەکانی ڕەمەزان و قوربان ئەکەنەوە، بەڵام ھەرچی نەورۆزە کۆی نەتەوەی کورد لەسەری کۆکەو لەیەک ڕۆژا ھەمووان پێکەوە یادی ئەو بۆنەیە ئەکەنەوەو جەژن ئەگێڕن کە ئەمەش یەکێکە لە بەھێزترین ئەو خاڵانەی کە کوردی بەیەک و یەکگرتووی ھێشتۆتەوە، لەکاتێکا نەتەوەی کورد باوەڕدارو ئاینزای زۆر جیاوزی ھەیە و ھەر کۆمەڵە باوڕدارێک لەکاتێکی جیاوزا یادی بۆنە ئاینیەکانی ئەو ئاینە ئەکەنەوە کە ھەڵگری پێناسەکەین. بۆیە لێرەوە ئەوەمان بۆ ڕوون ئەبێتەوە کە نەورۆز گەورەترین خاڵی بەھێزی مانەوەی کوردە و ئەبێ گرنگی زیاتری پێبدرێ ومێژووەکەی و سەرەتای دروست بوونی ئەو بۆنەیە لە خوێندنگاکانا بخوێنرێ وھەروەک چۆن ئەوەشمان بۆ ئاشکرایە کە نەورۆز بۆ نەتەوەی کورد لە کۆی بۆنە ئاینەیکانن گرنگترەو گەورەترە.

جەژنی نەورۆز پێشینەیەکی دوورودرێژی ھەیە و کۆنترین بۆنەو جەژنی مرۆڤە لە سەر زەوی، بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانەی لەو بوارەدا کراون کۆنترین مرۆڤەکانی سەر گۆی زەوی ئەو کاتەی کە لە ئەشکەوتەکانا ژیاون رۆژی یەکەمی بەھاریان کردووە بە جەژن. نەورۆز ھەمان جەژنی (تەمووز و عەشتار)ە کە سۆمەرییەکان پێش ئەوەی لە ئەشکەوتەکانی کوردستان بێنە دەرەوە و بەرەو خوارووی ئەو شوێنەی ئێستا وڵاتی عێراقی پێ ئەوترێ بڕۆن ئەو جەژنەیان بەڕێوە بردووە.

گرنگی نەورۆز لەوەدایە کە توانیویەتی کۆی لەمپەڕەکان تێپەڕێنێ و بێ لێکدانەوەی جیاوازی ئاین و مەزھەب لە درگای دڵی ھەمووان بات و بەناو دڵا شۆڕبێتەوە ئیتر ئەگەر لە پشتی ئەم کۆ یەکی و ھاوبەشی و ھاوڕابوونەوە ئەفسانەش ھەبێ ھیچ گرنگیەکی نیە چونکە لە بوونی خودی نەورۆز خۆی نەبێ ھەرچی چیرۆکێک ھەبێ ھەمووی ئەفسانەن، بۆیە لێرەوە ئەگەینە ئەو باوەڕەی کە ئەکرێ ئەفسانە یەکێکبێت لە باشترین میتوود بۆ یەکگرتنی میلەتی پەرش و بڵاو یان میلەتێکی وەک کورد کە خاونی چەندین دیالێکت و ئاین و مەزھەبی جیاجیایە.

ئەو بۆنانەی کە زۆرترین خەڵک لەخۆی کۆئەکاتەوە بۆنە ئاینیەکانە کە زۆرترین خەڵک لە یەک کاتدا بەشدار ئەبن بەڵام بۆ نەتەوەی کورد نەورۆز بۆنەیەکی گەورەترە چونکە سەرجەم ئاینە جیاجیاکانی نەتەوەی کورد لەسەر ئەم بۆنەیە ھاوبەشن و لەیەک کاتدا بەشدار ئەبن و یادی ئەکەنەوە کەواتە گرنگترین بۆنە بۆ نەتەوەی کورد نەورۆزە.

ھەنێ جار ئەو ئەفسانەیە کە گیانی ناو کۆی  ھاودڵی لە نێوان دانیشتوانی ناو سنورێکی جوگرافی ئەوەندە ئەباتە پێشەوە کە میللەتێکی لێ دروست ئەکات ئەمە بە تایبەت بۆ ئەو گەل و نەتەوانە دروسترە کە زمان و زاراوەی زۆر و جۆراوجۆریان تیایە.

نەورۆز چرکە ساتێکە کە نەتەوەی کورد ھەستی گەڕانەوەی بۆ مێژوو لادروست ئەبێ و ئاوێتە بوونی بە خاک و ئینتما بوونی بۆ خاک بۆ ئەگەڕێتەوەو ھەستی ژیانەوەو ژیانێکی نوێ و ھیوای بۆ دروست ئەبێت.

ئەو ئەفسانانەی بە بەرۆکی نەورۆزا ھەڵواسراون سوودێکی زۆری لێ وەرگیراوە، بێجگە لە یەک بوون و ھاوبەشی و ھاوڕابوونی کۆی کۆمەڵگە بەڵکو سوود لە چیرۆکی ئازایەتی کاوەو خۆێن ڕێژی زوحاک (ئاستیاگ)یش وەرگیراوە ھەر بۆ نمونە ناوی کاوە وەک پاڵەوانێکی میللی لە چەندین یاد و بۆنەدا کە کورد تیایا زەرەرمەند یان دۆڕاوە یان زوڵمی لێکراوە ئەھێنرێتەوە پێشەوە تا سەرلەنوێ ئازایەتی ببەخشێتەوە بە کۆمەڵگە، یان تا ئێستاش ئەگەر کەسێک زۆردار بێت پێی ئەوترێ زوحاک وەک وەبیرھێناوە و ئاگادارکردنەوە.

نەورۆز داب و نەریتێکی زۆر کۆن و دێرینە کە لە لایەن کورد و فارس و تورک نەتەوەی دیکەوە بە شێوەی جۆربەجۆر پەیڕەو ئەکرێت، ڕەگ و ڕیشەی ئەگەڕێتەوە بۆ کەونارایەکی پێش لە مێژوو وە  ھەندێ پێیان وایە زاڵبوونی کاوە بە سەر زوحاک سەرچاوەی نەورۆزە بەڵام نەورۆز زۆر لە ئەفسانەی زوحاکیش کۆنترە شارەزایانی نەورۆز بڕوایان وایە جەمشێد کە یەکێک لە پاشاکانی پێشدادییەکان بووە نەورۆزی داھێناوە ھەرچەنە ژیانی ئەو پاشایانە لە ئەفسانە بەدەر نییە و بەسەرھاتەکانیان زۆر خەیاڵین وسەردەمەکەشیان پێش لە چاخی مێژووە کەوابێت بنەمای نەورۆز ئەگەڕێتەوە بۆ چاخە دێرینەکان.

ئەکرێ سەرکەوتنی ھەخامنشییەکان بەسەر دەوڵەتی ماددا و کۆتاییھاتنی تەمەنی یەکەمین دەسەڵاتی کوردی و سەرکەوتنی تیرەیەکی فارس و دامەزراندنی دەوڵەت لە لایەن ئەوانەوە بۆتە ھۆی ئەوەی کە لە کۆنەستی فارسەکان بە گشتی و لە نەستی کەسێکی وەک فیردەوسیدا (دانەری پەرتووکی شانامە) بە تایبەتی ئەفسانەیەکی لەو جۆرە وێنا بکرێت و ڕوخساری دوژمن(کورد)ی پێناشرین بکرێت.

ئەفسانەی کاوە و زوحاک و ئەوەی فیردەوسی باسی دەکات ھیچ بنەمایەکی مێژوویی نییە دیارە زوحاک یان (ئاستیاگ) ھەبووە و دوایین پاشای مادەکان بووە بەڵام نەوەک ئەو جۆرەی کە فیردەوسی باسی ئەکات، ئاخر فیردەوسی وەکو کابرایەکی خوێنخۆری مار لەشانی زاڵم باسی ئەکات کە ئەبوو ھەموو رۆژێ مێشکی دوو گەنجی دەرخوارد بەن ھەر بۆیە کاوەی ئاسنگەر لێی یاخی ئەبێت و شۆڕشێک لە دژی بەرپا ئەکات و تەخت و تاراجی لێ تێکئەیات لە کاتێکا ھەر لەو وتارە پڕ بەڵگەکەی د. مەولود ئیبراھیم حەسەنا ھاتووە کە ئاستیاگ دوایین پاشای مادەکان بووە نەک زاڵم و شێت نەبووە بەڵکو پیاوێکی تا بڵێی ڕووخۆش بووە بەڵام مێژووی پەیوەندیدار بەو کابرایە تەواو پێچەوانە و شێوێندراوە.

پاش رووخانی ئیمپراتۆریەتی مادەکان ئەوانەی ھاتوون و سەرگوزشتەو و مێژوو ئەنووسنەوە ئەبێ بەو شێوەیە بینوسنەوە کە دەسەڵات بەدڵێتی، کەوابوو ئەگەر ڕوخسارێکی سامناک لە دوایین پاشای مادەکان واتە ئاستیاگ پیشان بەن شتێکی سەیر نییە ئەگەر زۆر دووریش نەگەڕێینەوە و ووردبینانە لە مێژووی ھاوچەرخی خۆمان بڕوانین کە ئەبینین ئێستاش دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان چۆن لە ھەموو ڕێگەیەکەوە ھەوڵ ئەیەن ڕوخساری راستەقینەی ئازادیخوازان بخەنە بن پەردەی سەدان ناو ناتۆرەی دزێوەوە ھەر بەوجۆرەش سەردەمی کۆتای دواین دەسەڵاتی کوردی ماددەکانیان لێ کردووین بە ئەفسانەیەک کە لەوێدا دواین دەسەڵاتداری کورد بە دیکتاتۆر و خۆێن ڕێژ و بێ بەزەی وێنە کراوە.

بە گوێرەی ساڵنامەی زەردەشتی ساڵ بەسەر دوانزە مانگ دابەش کرابوو ھەر مانگێکیش ٣٠ ڕۆژ بووە، بەمجۆرە ساڵێک ئەیکردە ٣٦٠ ڕۆژ واتا ھێشتا ٥ پێنج ڕۆژ یان وردتر ٥ ڕۆژ و ٥ سەعات و ٤٨ خولەک و ٥٠ چرکە ئەما بۆ پڕ کردنەوەی ساڵێکی تەواو. ھەر تەنیا پشتگوێ خستنی ئەو ٥ سەعات و ٤٨ خولەک و ٥٠ چرکەیەی کە خوڵی ساڵی پێ کۆتایی یەت ئەبێتە ھۆی ئەوەی ھەر ١٢٠ ساڵێک ھاتنی ڕۆژی نەورۆز یەک مانگ دوا بکەوێت. لە سەردەمی دەستەڵاتی ساسانیەکانا چەند جارێک ساڵ کراوەتە ١٣ مانگ تا لە سەردەمی دەستەڵاتی مەلەکشای سەلجوقی (١٠٧٢-١٠٩٢ز)، لە لایەن وەزیری وی واتا نیزامول مولک لە ساڵی ١٠٧٤ز، ساڵنامەی جەلالی داھێنرا لەو ساڵنامەیەیا شوێنی نەورۆز لە ٢١ ئادار چەسپ کرا.

جەژنی نەورۆز لە کاتی سەراتای بەھارا دەست پێئەکات لە زانستی ئەستێرەناسیا سەراتای بەھار لە نیوەگۆی باکووری زەوی بەو کاتە دەگوترێت کە خۆر لە ھێڵی ئیستیوای زەوی تێئەپەڕێت و ڕوو لە باکوور ئەکات، بەم چرکەساتەش چرکەساتی یەکەمی بورجی کاوڕ ئەوترێت و لە ڕۆژژمێری کۆچی ھەتاویا بە یەکەم رۆژی (ھورمز رۆژ یا ئورمزد رۆژ) لە مانگی یەکەمی بەھار ھاتووە ھەروەھا نەورۆز لە رۆژژمێری زایینیا یەکسانە بە ٢١ و ٢٢ی مارس.

ھەرچەندە نەورۆز سەرەتا تەنیا خۆشی نواندن بوو بە درێژ بوونەوەی ڕۆژ و ھاتنی بەھار بەڵام لە سەردەمی ساسانیەکانا بۆ یەکەمجار بەرگێکی ئایینی لەبەرکرا و بوو بە یەکێک لە جەژنە ئایینیەکانی زەردەشتی. دیارە پێشوتریش بە ھۆی نەریتی ئاگر کردنەوەوە لە نەورۆزا ئەوانەی کە دژی یادکردنەوەکەی ئەوەستانەوە ھەر ھەمان ئەو ئاگر کردنەوەیان ئەکردە بیانو کە گوایا ئەمە جۆرێکە لە ئاگری پیرۆزی ئاتەشگاکانی زەردەشتی و خەڵک بەو شێوەیە ڕێزی لێئەگرن.

ئەگەر لە مێژووی نەورۆز بڕوانی ئەبینی ئەم بۆنەیە بۆ چەندین ھۆکار گەڕێنراوەتەوە لەوانە ئەگەر سەیری ساڵنامەی سروشتی گەردوونیی بکەین بۆمان دەرئەکەوێت کە کەژەکانی ساڵ پەیوەندیان بە سوڕانەوەی گۆی زەوی ھەیە لە چواردەوری تەوەڕەیی خولگەیەکی دیاریکراوی خەپڵەی خۆر. یان گوایە پێنچ ڕۆژ پێش یەکەم ڕۆژی دەستپێکی ساڵی نوی "نەورۆز" گیانی مردووەکان گەڕاونەتەوە ناو ماڵەکانی خۆیان و دوای کۆتایی ھاتنی پێنج ڕۆژەکە، ئینجا دەبوو بە نەورۆز و یەکەم ڕۆژی ساڵی نوێ ئنجا لە ڕۆژی نەورۆزا ئەوان ئەچوونە سەر بانی خانوەکانیان و شوێنی بڵندی تر نزیک ماڵەکانیان بۆ ئاگر کردنەوە وەک ماڵئاوایی کردن لە گیانی مردوەکانیان کە لەو پێنج ڕۆژەیا لەناویانا بوون.
لای زەردەشتیەکانیش خەڵک سەرەتای ساڵی نوێیان نەئەزانی بۆیە پیاوانی ئاینی واتا موغ و ھیربەد و موبەدان لە شوێنە بەرزو سەربانی ماڵەکان ئاگریان کردۆتەوە وەک ئاماژەیەک بۆ دەستپێکی ساڵی نوێ.

ھەندێکیش لە سۆمەرییەکان لە مێزۆپۆتامیا لایان وابووە کە (دموزی) خوداوەندی بەپیتی لە پایزدا دەکوژرێت لە بەھارا زینوو ئەبێتەوە.
ئەوانەی مێژووی نووسی ئیسلامن نوسیویانە کە خەڵکی جوتیار ٢٥ رۆژ پێش ھاتنی نەورۆز دانەوێڵەی جواروجۆریان لە قاپێک یان دەفرێکا چاندووە ھەر جۆرێکان لە کۆتای ئەو ٢٥ رۆژەیا کام جۆریان باشتر ڕسکاو ڕوابوون ئیتر ئەو جۆرەیان ئەچاند ھەتا بەروبوومی باشتر بچێنەوە.
ئێستاش وێڕای ئەوەی کە بە پێی بەڵگە مێژووییەکانیش دەرکەوتووە کە نەورۆز جەژنێکی تەواو کوردییە و لە کوردستانەوە بە وڵاتان و ناوچەکانی دیکەی دەورووبەرمانا بڵاو بووەتەوە، ھێشتا وەک پێویست لە ڕوومان نایەت ڕاشکاوانە بڵێین ئەو جەژنە جەژنێکی ڕەسەنی کوردییە.