سەردێڕ:

بۆ سلێمانى؟

2/11/2020 10:38:48 AM
17410 جار خوێندراوەتەوە
سامانی وەستا بەکر
+ -

چاندنی ئاشتی زۆر لە ھەڵکەنینی ڕق قورسترە.

 تێبینی/ ھەر ناوھێنانێکی سلێمانی مەبەست لێی ھەڵەبجە و گەرمیان و ئیدارەی ڕاپەڕین و پاشان سلێمانییە.

ئەوەی ئیدارە یەک لە دوای یەکەکانی حکومەتی ھەرێم دەیکەن زۆر لە چاندنی ڕق دەچێت لە نێوان دەڤەرە جیاوازەکانی ھەرێمدا نەک ‌ھەڵکەنین و بنەبڕکردنی دوبەرەکی.

ئاخر کابینەکانی پێشووی نێچیرڤان بارزانی و ئەوەی ئێستای مەسرور بارزانیش ھەمان ئەو سیاسەتە بەرامبەر سلێمانی جێبەجێ دەکەن کە لەسەردەمی حکومەتی بەعسا جێبەجێ دەکرا.

بەعس کاتێک دڵنیابوو کە سلێمانی بۆ دەستەمۆ ناکرێ و بە ئاسانی ملکەچناکات ئیتر بیری بۆ دوو شت چوو بیکات بەرامبەر سلێمانی، ئەوانیش:
یەکەمیان دژایەتی سلێمانی لەڕێی ئازاردانی گەنجەکانی شار و سەرکوتکردنی خەڵکەکەی و ناردنی زۆرترین ھێز بۆ چاوترساندنی خەڵکەکەی.
دوومیش لەڕێی بچووکردنەوەی جوگرافیای سلێمانی و کێشانی بازنەیەک بەدەوریا کە بە شەقامی شەستییەکەی سلێمانی ناسراوە و ناساندنی ئەودیووی شەقامەکە وەک "الارچ المحرمە"واتا زەوی قەدەغەکراو.

ئەوکات حیزبی بەعس ناھەقی نەبوو وا لە سلێمانی بکات، چونکە سلێمانی بووبووە لانەی کۆی شۆڕشە یەک لەدوای یەکەکان و بنکەی چەماوەری زۆربەی حیزبەکان ئەگەر ھەمووشیان نەبێت، ھەرچەندە گومان ھەیە پێش ڕاپەڕین ھیچ حیزبێکی کوردستانی بنکەی جەماوەری و ڕێکخراوی لە ھیچ شارێکدا وێنەی سلێمانی ھەبووبێت.

سلێمانی بۆ حکومەتی ئەو سەردەمەی بەغا زیاتر لە ناوچەیەکی شەڕ و ئاشوب دەچوو تا شارێک بەھۆی ئەو پۆلە کچ و کوڕەی سلێمانییەوە کە یان ڕوویان لە شاخ کردبوو یان لەناو شارا خەریکی کاری ڕێکخستن بوون. ئەم گەنجانە بە شێوەی جیاواز جیاواز بەردەوام لەڕێی چالاکی ڕامیاری، پارتیزانی، ڕێکخراوەیی، ڕێکخستن و پەکخستنی کاری حیزبی بەعسەوە وایان کردبوو کە حکومەتی ئەو کاتە زۆرترین چاودێری لەسەر سلێمانی ھەبێ و لەو ڕێیەشەوە زۆرترین وێرانکاریی لە سلێمانیدا ئەنجامبدات.

باشە ئایا سلێمانی بەروبومی ئەو ھەموو شۆڕش و یاخی بوون و ھەڵچوون و داچوونەی بەرامبەر حیزبی بەعس دەیکرد لە پێش ڕاپەڕینەکەی ساڵی ١٩٩١ ھیچی چنیەوە یان پاداشتی ئەو زوڵمەی لەسەری بوو قەرەبوو کرایەوە؟

ئەگەر بەراوردێک لە پێش سلێمانیەکەی پێش ساڵی ١٩٩١ و سلێمانیەکەی ئێستا بکەین بێگومان وەڵامەکە "نەخێر"ە.

خۆ ئەگەر ئەو کارو خزمەت و جوانکارییانەی لەسەردەستی کەرتی تایبەت و دەوڵەمەند و خەڵکی شارەکە خۆیدا کراوە لابەرین ئەوا زۆر بەڕوونی دەردەکەوێت کە حکومەتی ھەرێم ھەمان سیاسەتەکەی حێزبی بەعس دەرھەق بە سلێمانی پەیڕەو دەکات و بەردەوامی بە ھەردوو کارەکەی ئەو بەعسیە نەگلیسە ئەیا دژی سلێمانی. ھەم لە ئازاردانی خەڵکی شار ئەگەر ئازاری فیزیکیش نەبێت ئەوا ئازاری دروونی خەڵکی شار بەردەوامە کاتێک ئەبینرێ ڕۆژ بەڕۆژ لەکۆی سێکتەرەکانا سلێمانی پشتگوێ دەخرێت و بەراورد بە زۆری ژمارەی دانیشتوانەکەی و بەرینی خاکەکەی کەمترین بودجەی بۆ سەرفدەکرێت یان ئەگەر بۆشی سەرف کرێ ئەوا بۆی خەرج ناکرێ.

ئازاری دەروونی خەڵکی سلێمانی ئەوە نیە کە گرنگی بە ھەولێر و دھۆک بدرێت، بەڵکو بە پێچەوانەوە ئەو ئومێدی سیاسیەکانە کە خەڵک وابیربکاتەوە و دووبەرەکی خەڵکی ئەو دەڤەرانە لە ھەڵکشانابێت ھەتا خۆیان سوودمەندبن، بەڵکو ھەموو بەرەو پێشچوونێکی ھەولێر و دھۆک یان ھەر ناوچەیەکی تری کوردستان مایەی دڵخۆشی کۆی ھەموو کوردێکە بە تایبەتی خەڵکی بەخشندەیی سلێمانی، ھەولێر شایەنی خزمەتی زیاترە و بودجەی پێویستیش ھەیە بۆ پەرەپێدانی تا لە ئێستا جوانتربێت، بەڵام پێویستە بودجەی سلێمانیش ھاوتای گەورەی شارەکەبێ.

ئازاری دەروونی خەڵکی سلێمانی ئەوەیە کاتێک دەبینرێت کە حکومەت لەبەر کێبڕکێی  و بەرژەوەندی دوو حیزب و دوو کۆمپانیا و دوو بنەماڵە سلێمانی بکرێتە قوربانی.

ئاخر کەی کێشەی سلێمانیە تێچووی شەقامی سەد مەتری سلێمانی ھەرچەندێک بێت و بەراورد بکرێت بە تێچووی شەقامی ١٢٠ مەتری ھەولێر، مەگەر ئەوە کاری حکومەت نیە؟

خۆ ئەگەر حکومەتێک نەتوانێت تەندەر بە شێوەی زیادکرنی ئاشکرا بدات بە کۆمپانیایەک کە باشترین کوالیتی و بە کەمترین تێچوو کارەکە ئەنجامبات لەترسی ھەڕەشەی کۆمپانیایەکی ئەملا یان ئەولا ئیتر چ مانایەک بۆ بوونی حکومەت و سەرۆکەکەی ئەمێنێتەوە!

ھیچ حیزبێک بۆ سلێمانی تێناکۆشێت ھەروەک چۆن ھیچ سیاسیەکی باڵا دەست و دەوڵەتمەداریش ئامادەنیە شەڕ بۆ ئەو شارە بکات. حیزبەکان تەنھا سود لە جۆش و ئازایەتی و ڕۆشنبیری و داھێنەرەکانی سلێمانی دەبینن بۆ گەشەی حیزبی و کەسی خۆیان.

پارێزگارێک کە بە دەنگی ٢٤٠٠٠٠ کەس ھەڵبژێرابێت و نەتوانێت پارێزەری مافەکانی شاربێت نەبوونی باشترە لە بوونی، سەرۆکی حکومەت لایەنی کەم لەبەر بەرژەوەندی حیزبەکەی و خۆ خۆشەویست کردنیشبێت دەبوایە شەقامی ١٠٠ مەتری لەکارە پێشینەکانی بووایە، بەڵام وا دیارە ڕق زاڵە بەسەر عەقڵدا. جێگری سەرۆکی حکومەت ناھەقی ناگیرێت، چونکە بۆ ئەو و حیزبەکەشی سلێمانی شوێنێکە بۆ ململانێی حیزبی و شکاندنی باڵەکان.