سەردێڕ:

ئـــــــــــایـــــــــــا ئەمە قورسە بۆ تێگەشتن؟

11/18/2019 10:22:24 AM
2152 جار خوێندراوەتەوە
سامانی وەستا بەکر
+ -

دوژمنی دوژمنەکەم دوژمنمە
ئەو سیاسەتەی تا ئێستا لە ھەرێمی کوردستان وبەتایبەتی و سێ بەشەکەی تری کوردستانیش بەشێوە گشتییەکەی بەڕێوە ئەبرێ پشت بەستووە بەو پەندە کۆنەی کە ئەڵێ (دوژمنی دوژمنەکەم دۆستمە) کە ئەمە ئەگەر بۆ سەردەمانێک کاری پێکرابێ بەھۆی سانای ژیان و دووری ناوچەکان لەیەک، بەھۆی نەبوونی ئامێری گواستنەوەی خێرا و نەگەشتن ھەم بە دۆست و ھەم بە دوژمن، چونک بۆ ھەر پەیوەندی بەستنێک کاتێکی زۆریان پێویست بووە بۆیە زۆرترین کات پێوەی پابەندبوون و ھەرکاتێک دوو لایەن لەسەر دوژمنە ھاوبەشەکەیان ھاوڕابووبن ئەوا خۆیان بوون بە دۆست بۆ دوژمنایەتی لایەنی سێیەم، بەڵام چیتر ئەو تیۆریە کاری پێناکرێ  بۆ ئێستا بەھۆی پێشکەوتنی تەکنۆلۆجیا و خێرای ئامێرەکانی گوستنەوە کە بەشێوەی جیاواز و ئاسان و تێچووی کەمەوە لەبەردەستان.
ئەگەر دوێنێ دوژمنی دوژمن دۆست بووبێ ئەوو ئەکرێ ئەمڕۆ دوژمنی دوژمنەکەم دوژمنی منیش بێت یان دوژمنێکی ھاوبەش بێت لەسەر ئەو بنەمایە پەیوەندی دۆستانە یان پێچەوانەکەی ڕێکنەخرێت.
نەک کایەی ڕامیاری بەڵکو ئەوەی باوە لەناو کۆمەڵگەو خێڵ و تاکەکانیشا ھەر پشت بەستن بەو دەستەواژەیە دۆستایەتی و یار و نەیار مامەڵە ئەکرێن و پەیوەندیەکان دائەڕێژرێن کە ئەکرێ ھۆکارێک بووبێ و تا ئێستاش ھۆکارێک بێ بۆ بەھەڵەداچوون.
ئەوەی مێژوو بۆمان ئەگێڕێتەوە کورد جا چ خێڵ یان مێرنشێن یان خێزانێکی باڵادەست یان حیزبێکی سیاسی بووبێ ھەمیشە لەکاتی ناکۆکیەکان پەنای بۆ ئەو دەوڵەت و ھێزە ناوچەییانە بردووە کە دوژمنی برای نەژادەکەی بووە تا لە پەنایا  سەرکەوتنێکی کاتی بۆ خودی خۆی یان خێڵ و خێزان و حیزب بەدەست بھێنێ لەبەرامبەر دۆڕان و ماڵوێرانی بۆ کورد و خاک و ناشرێن کردنی مێژووەکەی، بەجۆرێک مێژووی کورد پڕە لەو پەنا بردنە بۆ دوژمن ڕاودوونان و بێ ھێزکردنی کورد بە دەستی کورد کە ئەکرێ ٣١ی ئاب ڕوونترین مێژووی نوێ بێ کە کۆی ئەو نەوانەی گەواھی دەری ئەوەن ئێستا لە ژیاندا ماون.
لەدواین پەیامی ئاڕاستەکراوی سەرۆکی ھەرێم نێچیرڤان بارزانی بە ئاسانی ھەست بە پەیڕەوکردن و پابەندبوونی ئەو دەستەواژەیەوە ئەکرا (دوژمنی دوژمنەکەم دۆستمە) کە ووتی (تورکیا  کێشەی لەگەڵ کوردا نیە بەڵکو کێشەی بوونی پ.ک.ک ھەیە) لێرەش مەبەستی ئەوەبوو یان ڕاستر لەلایەن خەڵکانی غەیرە کوردەوە وا لێک ئەدرێتەوە کە ئەو کۆمەڵکوژی و داگیرکاریەی تورکیا لە ڕۆژئاوا ئەیکات کارێکی ئاساییە چونکە ئەوان دوژمنی پ.ک.ک و  ھیچ کێشەیەکیان لەگەڵ نەتەوەی کورد نیە، واتە داپۆشینی داگیرکاری "تورکیای دۆستی پ.د.ک" بەرامبەر تاوانبارکردنی "پ.ک.ک دوژمنی ھاوبەشی تورکیاو بەداخیشەوە پارتی".
سەرۆکی ھەرێم کە پێ دەچێت پەیامەکەی پێگەشتبێ لە تورکیاوە نەیتوانی ئەو ناکۆکیە سیاسیەی نێوان پ.د.ک و پ.ک.ک تێپەڕێنێ و کاری بە دوژمنی دوژمنەکەم دۆستمە کردو پەیامێکی بە جیھاندا، کە میللەتی کورد یان لایەنی کەم حکومەتی ھەرێم تێگەشتنی بۆ ئەو داگیرکاری و خوێنڕێژیەی تورکیا ھەیە چونکە ئەوان کار بۆ پاراستن و توندوتٶڵکردنی سنوری خۆیان ئەکەن لەبەر ئەو ھۆکارە ڕەوای بەھێرشەکانیان ئەدرێ ئەگەرنا تورکیا کێشەی لەگەڵ میللەتی کوردا نیە و بگرە دۆستیشمانە ئەمە لەکاتێکدا زۆرینەی ھەرە زۆری وڵاتانی ناوچەکە و ھەرێمایەتی و جیھانیش ئەو ھێرشە بە داگیرکاری و پاکتاوی سیاسی بێ بنەما و مەبەستی شاراوەش لێی پاکتاوی نەژادی ئەناسێنن.
ئەوەی سەیرە ئەوەیە کە کەسێک یان لایەنێک یان حیزبێکی سیاسی ھەبێ لە سەدەی بیست و یەک تا ئێستاش بۆ دژایەتی لایەنێکیتری ھاونەژاد پەنا بۆ نەتەوەیەک و وڵاتێکیتر بەرێ و مێژوو دەستی نەسوتانبێ!
پەیوەندیەکانی نێوان پەکەکە و پارتی ئەگەرچی ساردیشبێ یان پێشتر ھەرچۆنێک بووبێ بەڵام ھەرگیز ئەمانە نابێ ئێسکی یەکتر بشکێنن، بەڵام مەخابن ئەوەی پارتی و یەکێتی و حکومەتی ھەرێم ئەیکەن لە ھاوکاری کردنی تورکە مەغۆلیەکان ھەر دووبارەکردنەوەی "دوژمنی دوژمنەکەم دۆستمە"یە کە ئەمە ھەڵەیەکی مێژووی ناشرینن وقێزەون و ئابڕو تکێنە و ئەبێ نەفرەتی لێبکرێ چونکە ڕاستیەکەی ئەوەیە (دوژمنی دوژمنەکەم دوژمنی منیشە)، ئەوەتا تورکە مەغۆلیەکان نایشارنەوە و پڕ بەدەم ھاواردەکەن و ئەڵێن ھیچ کیانێکی کوردیان گیرانیە ئەگەرچی لە ھەسارەیەکی تریشبێ و ئەوەی ئێستاش لە باکوری عێراق ھەیە بەزمانی ئەوان کە مەبەستیان ھەرێمی کوردستانە پێشتر بەھۆی ڕەوشی ناوچەکەوە سەپێنراوە بەسەریانا ئەگەرنا ئەوەشیان پێ زۆرو ناپەسەندە بەڵام ڕاستیە مێژووەکەی ئەوەیە کە لەو سەردەمەی حکومەتی ھەرێم دروست بوو تورکیا وەک وڵات بێ ھێز بوو ئەگەرنا ھەر ئەو کات ڕێیان نەئەدا حکومەتی ھەرێم ڕووناکی ببینێ.
کوردستان لە مێژووی دوور و درێژیدا زۆرجار کەوتۆتە نێوان دوو زلھێزەوە یان زیاتر، ڕێڕەو بووە بۆ لەشکرکێشی ئیمپراتۆرەکان بۆ سەر وڵاتێکی تر، یان شەڕگای شەڕکەران بووە و ھەر ھێزێک شکستی خورادبێ لە چیاکانی کوردستان خۆی شاردۆتەوە.
ئەم جەنگانە کاریگەری جیاواز و ناجۆری لەسەر ئابوری و ڕامیاری و کۆمەڵایەتی و بگرە دەروونی کورد بەجێھێشتووە و خراپ بەسەریا شکاوەتەوە.
ئەگەر بە خێرای تەماشای مێژوو بکەیەن ھەر لە ھەزارەکانی پێش زایینەوە ھەتا ئەمڕۆ، شاڵاوی ھێرش و لەشکرکێشی و پاشەکشێی ھێزەکان بەناو کوردستاندا ئەبینرێت. ھەر لە سۆمەرو ئەکەد و بابلییەکان و فیرعەونی و ئاشوری و ئورارتۆو سەکسی و حسی و ولیدییەکانەوە ھەتا ئەگاتە یۆنان و مەکدۆنی و ڕۆمەکان و پاشتریش بۆ سەردەمەکانی ھەخامەنشی و ئەشکانی و سلوقی و ساسانیەکانەوە تا ئەگاتە فتوحات"داگیرکاری" ئیسلام و سەردەمەکانی ئەمەوی و عەباسیەکان، بە ھێرشی تەتەر و مەغۆل جەنگیزخان و ھۆلاکۆ و تەیموری لەنگ و ئیلخانی و جەلائری و ئۆزبەگی و ئەفشاری و تەیموری و سەفەوی و قاجاریەکانەوە، سەدەی نوێ و ئیمپریالیستە ڕوسی و ھەڵگیرسێنەرانی جەنگە جیھانیەکانی یەکەم و دووەم و ھەتا جەنگی عێراق ئێران و ھەتا ئێستاش بەردەوامی ھەیە.
ھەموو ئەمانە یان شەڕەکانیان ھێناوەتە خاکی کوردستان یان کوردیان کردووە بە گژی لایەنێکیتری دژی خۆیان یان کورد کراوەتە سوپەری ھێزێکیتریان وەک وەرەقەیەک بۆ پاڵەپەستۆ لەسەر لایەنێکیتر یان کوردی ناوچەیەک کراوە بە گژی ناوچەیەکیترا، بۆ ھەموو ئەمانەش ھەمیشە کورد بەوە لەخشتە براوە کە دوژمنی دوژمنەکەم دۆستمە و ھەمیشەش ڕاستیەکەی ئەوە بووە کە کورد وەرەقەیەک بووە لە یاریەکاندا و ھەمیشە ھەردوولایەنی شەڕکەر دوژمنی کوردن.
یەکێک لەو نەگبەتیانەی لە مێژووە کوردی تێوەگلاوە و تا ئێستاش شوێنەواری وەک سێبەر بە دوای کوردەوەیە شەڕی چاڵدێرانی ساڵی ١٥١٤ی زاینی بوو، ئەم شەڕە بەجۆرێک کوردی زەرەرمەند بووە لێی بە ھیچ جۆرێک دەەلایەنی شەڕ عوسمانی و سەفەوی زەرەرمەند نەبوون و کارێکی کردووە کە تا ئێستاش ماڵی کورد کۆنابێتەوە و ھەمیشە لایەنە بیرە ئایدیا جوداکانی کورد لەژێر سێبەری یەکێک لەم دوو بەرەی شەڕەی چاڵدێرانان کە لە ئێستایدا لە تورکیای مەنغۆلی و ئێراندا خۆیان نمایش ئەکەن.
کوردی ھەر چوار پارچەی کوردستان بەھۆی خەمساردی و بەرژەوەندی کەس و خێڵ و حیزبە سیاسیەکانەوە ھەمیشە  لەژێر باڵی ئەم دوو وڵاتەیان و دژایەتی یەکتر ئەکەن و بۆ پشت شکان و دۆڕانی یەکتر یەکێکیان ئەبێتە جاشی تورکیا و ئەوی تریشیان ئێران ھەر فێر نەبوون کە دوژمنی لایەنێک یان بەرەیەک یان حیزبێک یان کانتۆن و ھەرێمێک دوژمنی ھەموو کوردە بێ جیاوازی!
پرسیار: ئــــــایــــــا ئەمە قورسە بۆ تێگەشتن؟