سەردێڕ:

بەھا داڕماوەکان

9/21/2019 12:48:20 PM
2558 جار خوێندراوەتەوە
سامانی وەستا بەکر
+ -

ھەستی نەتەوایەتی یان خۆشەویستی خاک لە گوفتارا نیە بەڵکو لە کردارا بەرجەستە ئەکرێ.
دروست کردنی کیانێکی سەربەخۆ تەنھا ھۆشیاری کۆمەڵگەی پێویستە نەک پاساو ھێنانەوە.
لاوازکردنی ڕۆڵی ژن لە کۆمەڵگەیا بۆ لێدان و تێکشانی ڕۆڵی ژن لەژێر پەردەی ئاینا پەیوەستە بە پاشەکشێی بیرڕۆشنی خودی خۆتەوە.
لاوازکردن و شکاندنی پێشەوا بۆ تێکشاندنی ڕۆڵی زانستخوازان و خەڵکانی بیرمەند و ھەڵگرانی بیری نوێخواز و داھێنەر ئیتر کەسێک نامێنێ پەروەردەی دروست بڵاوکاتەوەو بەھا جوانەکانی مرۆڤ بوون و کامڵ بوونی مرۆڤایەتی بگەیەنێ، لە دروست بوونی بۆشاییەکەی وا گەورەشا سیاسەتمەدار ئەو بۆشاییە پرئەکاتەوەو سەرکردە و تاک پیرۆزەکرێ.
ڕۆڵی مێدیا بۆ گەیاندنی ڕاستی و بەئاگاھێنانەوەی کۆمەڵگەو ئاشناکردنی خەڵکییە بە کایە جیاوازەکان لە نیوانیشیانا کلتور و ناسنامەی نەتەوە نەک چەواشەکاری و گەیاندنی زانیاری ھەڵە لە بەرژەوەندی حیزبێک، کۆمەڵیک یان کەسێک لەوانەش سامناکتر بەفرێشتەکردنی دوژمن بڵاوکردنەوەی کلتور و نەریتی بێگانە پۆخڵ کردنی نەریتی دێرینی نەتەوەکەت.
قوتابخانەو خوێندنگاو فێرگەکان شوێنی فێربوونن نەک لەژێر ناوی بازاڕی ئازادا بکرێن بەسەرچاوەی بازرگانی لەبری ئەوەی مێشکەکان پڕکەن لە زانست گیرفانەکان سیخناخکەن لە دۆلار.
زانکۆ شوێنکە بۆ داھێنان و سەرچاویەکە بۆ زانست، زۆری زانکۆ نیشانەی پێشکەوتنە، بەڵام زۆری و بۆری لەبری پێشکەوتن پاشکەوتنی بەرپرس و بازرگانی ووشەی لێ ئەکەوێتەوە وە سەرنجام لەبری داھێنان داڕمانی زانست بەدوای خۆیا ئەھێنێ.
کاڵا و بەربوومی خۆماڵی لای ھەر نەتەوەیەک بەنرخترینە نەک لەبری دەستخۆشی و ساغکردنەوەی بەروبوومەکان و ھاوکاریکردن بازاڕەکان پڕکرێن لە کالای بێ کەڵک و بەروبوومی بێ جۆرو بێ ھیچ سوودێکی خۆراکی.
مووچە مافە لەبەرامبەر ئەو ئەرکەی مانگانە بەجێ ئەگەیەنرێ نەک خەڵات ھەربۆیە ھەروەک چۆن ڕۆژانە کاتی دەستپێکردن و کۆتای کارکردن دایارکراوەو ئەشبێ فەرمانبەر پابەندبێ پێوەی ھەرواش دابەشکردنی مووچە کات و بەرواری دابەش کردنی دیاری کراوەو ناشبێ تەنانەت یەک ڕۆژیش پاشبکەوێت و بۆھەر ڕۆژێک دواکەوتن بڕێک پارە وەک قەرەبوو دیاری کراوە، ئیتر بۆ ئەبێ دابەش کردنی مووچە بکرێ بەسەر دێڕی ھەواڵ و چەندین جۆر مێدیای جیاواز خۆیان بەکاتی دابەش کردنی مووچەوە سەرقاڵ بکەن کە کام مێدیا خێراتر ھەواڵی دابەشکردنی مووچە ئەگەیەنێ کە ئەمە دوور و نزیک کارێک نیە بۆ مێدیا و ئەرکێکی بێزراویشە.
پیاھەڵدانی دوژمن و ھاوکاری کردنی دوژمن تەنھا چەک ھەڵگرتن نیە بۆی یان پێشکەوتن و ڕێگەنیشاندان نیە بەڵکو جۆر و کانی جاشایەتی بەپێی کات و شوێن ئەگۆڕێن و دوژمن دیاری ئەکات چ جۆرە جاشێک لە چ کات و سەردەمێکا بەکارئەھێنی. بەگشتی جاشایەتی سێ جۆری ھەیە: جاشی چەکدار، جاش پێشمەرگە، جاشی فەرھەنگی.
ھەڵبەتە میلەتی کورد یەکێکە لەو میلەتانەی ھەر لەسەردەمی کۆرشی ھەخامەنشیەوە فێری کاری جاشایەتی بووەو لەو کاتەوە تا ئێستا ئەم پەتایەی لێنەبڕاوە و تا ئێستاش بەردەوامە لەسەر جاشایەتی.
لەوکاتەوەی "کۆرشــی ھەخامەنشـــی" "کوڕی مەنــدانەی کـچـــی ئەژیدەھاک" کە بەھاوکاری "ھارپــاک" کە یەکێـک بووە لەســەرانی دەوڵەتی مـــاد، ئەژیــدەھــاکی باپـیـرو چــوارەم شـــای مـــادی کوشــت و بــنــەی ئـیـمـپراتـۆریـەتــی فـارســـی دامەزران، تــاکو ھـێـرشــی ئەســکەندەری مەکدۆنــی و دەرکەوتـنــی ئـیـســلام و دروســت بوونـی ئـیـمبراتۆریەتــی عەرەب و پاشــان ھێرشــەکانی تەتەر و ھۆلاکۆ و دامەزرانــی ئـیـمــبـراتـۆریـەتــی تــورکی عوســمـانــی. کورد بەھۆی جاشایەتی و زۆری ژمارەی جاشەکان تەنـھـا ئەوەی لەدەسـتـھـاتـووە بەپـێــی بــاری ڕۆژ ھەرجارەو لەلایـەکی کوردســتـانـا مـێـرنـشـــیـنـی بـچــوک پـێـکـبـھـێــنــێ.
لەکۆنەوە تا ئێستا و بەردەوام کورد جاشی چەکداری لێنەبڕاوە کە ھەمیشە لە دوژمن سەرسەختتر ڕووبەڕی ھەر ھەوڵێک بوونەتەوە بۆ ئازادی کوردستان و تا ئەمڕۆش زۆرترین ژمارەی جاشی چەکدار لە ھەر چوار پارچەکەی کوردستان بوونی ھەیە و تەنانەت لە باشوری کوردستانیش پاش ئەو نیمچە سەربەخۆیەی کە ھەیە بەڵام ژمارەیەکی زۆر لەژێر ناوی (حشد الشعبی) دیسانەوە بوونەتەوە بە جاش.
بەڵام لە ئێستایا خەتەرناکترین جۆری جاشایەتی لەناو کوردا بوونی ھەیە و کەس باسی ناکا بەڵکو زۆر جاریش وەک دەسکەوت و ھاوکاری و پێشکەوتن بە میلەت ئەفرۆشرێتەوانێ ئەویش بەجۆرێک کە لەژێر ناوی ئاڵوگۆڕی بازرگانیا توانستی ناوخۆی سەرکوێر و زەلیل کراوە تا ئاستی فەوتان و لەناوچوون، کە لە ڕاستییا ڕووی ڕاستی ئەو بەناو ئاڵوگۆڕی بازرگانیە تەنھا بەبازاڕکردن وساغرکردنەوەی کاڵای وڵاتانی بێگانە بە گشتی وە بە تایبەتی بەزۆری بە چڕیش کاڵای دوژمنانی کوردستان ونەتەوەی کوردە.
لەوەش خراپتر بە بێ ئاگابێ یان بەئاگای مێدیای کوردی بۆتە مینبەرێک بۆ ڕێکلامن کردن و بانگەشە بۆ ئەو جۆرە کاڵا ناجۆرانە ، بەجۆرێک باسەکرێن کە خەڵکی سانا و مامناوەند و بگرە زۆرینەی کۆمەڵگە مەست و خەیاڵی ئەو کاڵایانە کراون بەجۆرێک دەست بۆ ھەر شتێک بەری و ئارەزوی کڕینی ھەر کاڵایەک بکەی کابرای بازرگان و فرۆشیار بۆ ڕاکێشانی سەرنج تا وات لێبکا کاڵاکە بکڕی پێت ئەڵێ لێی دوو دڵ مەیە (دەرەجە یەکە و تورکییە)  بەو واتایەی کە کاڵای و بەروبوومی تورکی باشترینن و بەوجۆرەش کەسی کڕیار پشت لە کاڵای ناوخۆی و ڕوو لە کاڵای بێگانە ئەکات.
جاشی فەرھەنگی یان جاش قەڵەم کاری ئەوەیە کە ڕای گشتی لە دژی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردی بەلاڕێێا بەرن پاساو بۆ سیاسەتی سەرکوتکارانەی داگیرکەران بھێنەوە و ھەروەھا کارئەکەن بۆ چەسپاندنی گوتاری زاڵی دەسەڵات ئەکەن لە کوردستان وەک ئەوەی لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان ڕەشید یاسەمـی بەناو نوسەر لە دوو توێی کتێبێکا ھەوڵییا بسەلمێنێ کە کورد نەتەوە نیەو لە ڕوی زمان کلتور فەرھەنگەوە بەشێکە لە نەتەوەی سەردەستی فارس.
لە باوکوریش جاشی فەرھەنگیەکان بەردەوام کار بۆ چەسپاندنی (یەک وڵات و یەک ئاڵاو یەک نەتەوە ) ئەکەن کە مەبەست لێێ وڵاتی تورکیاو ئاڵای تورکیا و نەتەوەی تورکە. جاشی فەرھەنگی یان جاش قەڵەم، پێشتر ئەم جۆرە لە جاش تەنھا لە ڕۆژھەڵات و باکور ھەبوو بەڵام ئێستا پەلیکێشاوەتەوە ناو باشوریش لە ڕێی مەزن کردنی تورک و ڕێکلام کردن بۆ کاڵاکانی ئەو وڵاتەو کردنەوەی چەندین قوتابخانەو زانکۆ کە مەبەست لێی لەبری زانست چەسپاندنی کلتوری تورک گەورەکردنیانە لەسەر حسابی کورد و کوردستان.
ئەوانەی لەسەرەوە باسمان کردن ھەمووی لەگەڵ چەندی نمونەی تریش کە لێرەیا باسم نەکردوون بوونەتە ھۆکار بۆ چەقبەستووی و سڕبیری کۆمەڵگە بەجۆرێک کە لە زۆرینەی میدیای حکومی و خۆیی و زۆرینەی خەڵکیش (پشتاوپشتی دەسەڵات وەک دەستاودەستی دەسەڵات باسەکرێت) کە ئەمەش یەکێکە لە کفرەکانی کاری ڕامیاری و بەڕیوەبردن کە ئەمەش لێدانی زەنگێکی مەترسیدارە بۆ بەئاگاھێنانەوەو ڕاچڵەکاندن تا شۆڕشێکی ھۆشیاری بەرپاکرێ.
بەڵام ئەوەی گرنگە مرۆڤ بوونە، ھەرگیز کات درەنگ نیە بۆ ھەڵسانەوە و چاکسازی چونکە بەھای مرۆڤ وەک بەھای دراوە ئەگەرچی بدڕێت و پیسبێ و چرچ و لوولیشبێ بەڵام بەھاکەی ھەر ئەو بەھایەیە کە بۆی دانراوە ھەروەک چۆن مرۆڤیش ھەمان بەھای ھەیە بە ھیچ شتێک بەھای لەدەستنایات ئەگەر مرۆڤ خۆی لەبەھای خۆی نەشکێنێ، بۆیە بەھای مرۆڤ لەوە گەورەترە کە بە ووشەی نەشیاو سوکایەتی و ڕوشان و ھێرشکردنە سەر لەبەھای کەمبکرێترەوە، ئەگەرچی ئازایەتی و بوێریش لەناختا شکێنرابێ، ھەرچەندە بەکاتێکی سەختیشا تێئەپەڕی، بەڵام بەھای مرۆڤ ھەر ھەمان بەھایە.  چونکە ئامانج ھەیە، نرخ ھەیە، بەھا ھەیە ئەگەرچی ھەوڵبدەی کۆڵبدەی یان ئازاریش بکێشی، بەڵام بیرت نەچێ کە  مرۆڤ دروستکەری کۆی شتەکانە.