سەردێڕ:

بێدەنگییەکی سامناک

5/25/2019 12:54:22 AM
5879 جار خوێندراوەتەوە
عەلی فەتحی
+ -

ئەو دۆخی بێدەنگییەی لەئێستادا کۆمەڵگایی ئێمەیی گرتۆتەوە، دۆخێکی ئێجگار مەترسیدار و سامناکە و دەرخەریی کۆمەڵێک مانایی  زۆر ترسناکن بۆ ئایندەی دونیایی ئێمە.  دۆخێک کە بەداخەوە، نەک خەڵکی ئاسایی بەڵکو، ئەو چین و توێژانەشی گرتۆتەوە کە دەبێت، خاوەنی دەنگی خۆیانبن و توانایی دروستکردنی ڕەئیی گشتیان ھەبێت، لەھەمبەر پرس و  بارودۆخە جیاوازەکاندا، کە ئەوانیش بەپلەی یەکەم، نوسەران  و ڕۆشنبیران و چالاکوانانی کۆمەڵگەیی مەدەنی و  ئەو ئەندام پەرلەمانانەن، کە پێشتر چالاکوانی خۆپیشاندان و دەنگی ناڕازی شەقام بوون.

ئەوەی کە لەئێستادا دەبیندرێت و جێگەیی داخە، ئەو دۆخەیە لە بێدەنگی کە تەواویی کۆمەڵگایی ئێمەی گرتۆتەوە و ھیچ کام لەڕوداوەکان کاریگەری گشتی دروست ناکەن و نامان ھەژێنن.  ئەمەش بناغەیەکی ئێجگار بەھێزە بۆ زیادبوونی ئاستی نائومێدی و ڕەشبینی لەلایی تاک و کۆمەڵگا کە لەئێستادا بەداخەوە دووچاری بەشێکی زۆر لە خەڵک بۆتەوە.

دەستگیرکردنی سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و باسنەکردن و ڕوون نەبوونەوەی دۆسیەکەی بۆ ڕەئی گشتی و  لەھەمبەر ئەوەیشدا بێدەنگبوون و بێ ھەڵوێستی نوسەران و ڕۆشنبیران و ھێزە سیاسیە ئۆپۆزسیۆنەکان و فراکسیۆنەکانی پەڕلەمان، لەبەرامبەر دەستگیرکردنی سەرۆکی جوڵانەوەیەکی ناڕازیدا، کارەساتێکی سامناکە و کۆیی ئەو دروشم و ھەڵوێستانەی ھێزە سیاسیە ئۆپۆزسیۆنەکانیش دەخاتە ژێر پرسیارەوە کە لەکاتی بانگەشەی ھەڵبژاردنەکاندا باسیان لێوەدەکرد، لە دروستکردنی فشار و ڕەئی گشتی بۆ ڕووداو و پێشھاتەکان و  دەبێتە سەرەتایەک بۆ بێدەنگبوون و تێپەڕینی ھەر ڕووداوێکی دیکەش کە بۆ کەسانی دیکە، کە لەئایندەدا ڕوودەدەن.

لەڕاستیدا ئەم دۆخە مەترسیدارە بێدەنگییە، مەترسییەکەی تەنھا پەیوەست نیە بە بێدەنگبوون بۆ دەستگیرکردنی سەرۆکی جوڵانەوەیەکی ناڕازیی، کە خاوەنی سەدان ھەزار دەنگی پەرلەمانییە، بەڵکو لەئایندەدا دەبێتە کارەساتێکی سامناک، کە ئیتر بەتەواوەتیی بێدەنگبوونی ئەو ناوەندانەی باسمانکردن،  ھێندەی تر چرایی ئومێد خامۆش دەکەن و تاریکستانی نائومێدی دەئافرێنن و بەھایەکی ئەو تۆش بۆ پێگەو قورسایی خۆیان ناھێڵننەوە. کە بەداخەوە لە زۆرناوچەو وڵاتی دیکەدا ئەو تۆێژ و ناوەندانە،  توانایی فشار و دروستکردنی ڕەئی گشتیان ھەیە، ھەتا بنەماکانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ پارێزراووبن و ئیرادەیی ھیچ کەسێک نەسەپێندرێت و نەبێتە ئەمری واقیع لە کۆمەلگادا.