سەردێڕ:

رێککەوتنی ناچاری (لەبارەی رێککەوتنی "ھەسەدە" – "دیمەشق")

10/14/2019 9:02:05 PM
20991 جار خوێندراوەتەوە
د. جەعفەر عەلی
+ -

لە ئێوارەی ١٣ی ئەم مانگەدا، دوای ٥ رۆژ لە لەشکرکێشی فاشیزمی ئاکەپە بە پشتیوانی ھێزەکانی سوپای سوریای ئازادی سەر بە ئەردۆغان، بۆ سەر ناوچەکانی بندەستی ھەسەدە. ئەم ئێوارەیە ھەسەدە رایگەیاند لەگەڵ دیمەشق گەیشتوونەتە رێککەوتن و ئیدی ئەرکی سوپای دەوڵەتی سوریایە سنورەکانی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا بپارێزێت، سنورەکانی نێوان سوریا و تورکیا، ئەو سنورانەی کە چەند رۆژێکە کەوتووەتە بەردەم شاڵاوی داگیرکاری ھێزەکانی دەوڵەتی ئاکەپە و مورتەزیقەکانی.

لە ئێستادا دیوە شاراوەکانی رێککەوتنەکە دیار نییە، نازانین بە تەواوی چۆنە و لەسەرچی رێککەوتوون، ئایا رێککەوتنێکی فرەلایەن و گشتگیرە، یان بە تەنھا رێککەوتنێکی سەربازی، لە چەند رۆژی داھاتوودا ئەوە زیاتر رووندەبێتەوە، بەڵام روونە ئەم رێککەوتنە بە پلەی یەکەم بۆ ھەسەدە "رێککەوتنی ناچارییە". 

ھەسەدە بە ھۆی پشتگیری ئەمریکا بۆ دەوڵەتی تورکیا، گەورەترین و سەرەکیترین ھاوپەیمانی خۆی لە دەستدابوو، ھاوپەیمانێک کە بە بوونی چەند راوێژکارێک، یان بوونی چەند بنکەیەکی سەربازی بچووک، یان تیمێکی ئاوەدانکردنەوە لە ناوچەکەدا، دڵنیایی پاراستنی ناوچەکەی دەدا لە ھەر پەلامارێکی دەرەکیدا. کاتێک ئەمریکا دەچێتە بەرەی دەوڵەتی تورکیاوە و گڵۆپی سەوز بۆ ئەردۆغان ھەڵدەکات تا پەلامار بدات، ئیدی سادەترین شیکەرەوەی سیاسی و سەربازی دونیا دەتوانێ ئەو راستییە ببینێت، کە تۆ چەندیش جەنگاوەری ئازا و دڵسۆز و خۆڕاگر بیت، سەرەنجام نابەرامبەری سیاسی، دیپلۆماسی، ئابووری، ناھاوسەنگی لە بوونی تەکنۆلۆژیای سەربازی مۆدێرن، دەتوانێ وا بکات لایەنی پەلاماردەر جەنگەکە بە قازانجی خۆی لە رووی سەربازییەوە بە کۆتا بێنێت.

ئەم راستییە وایکرد، ھەسەدە لەبەردەم گەورەیی پەلامارەکە و ھەڵوێستی ئەمریکا، بیر لە "چارەسەری ناچاری" و "رێککەوتنی ناچاری"  بکاتەوە. چارەسەری ناچاری، واتە دۆزینەوەی ھاوپەیمانێکی نوێ بە ناچاری، کە ھێزی راگرتن، یان لانیکەم بچووککردنەوەی مەترسییەکانی لەسەر ژیان و سامانی خەڵک لە ناوچەکەدا ھەبێت، لێرەوە ھەسەدە بە نێوەندگیری روسیا روو بە دیمەشق دەگاتە "رێککەوتنی ناچاری".
ھەسەدە دوو بژاردەی لەبەردەستدا بوو، بژاردەی سێیەم بوونی نەبوو. یان بەپشتبەستن بە ھێز و ئیرادەی خۆیان، بەردەوام دەبن لە بەرگری و ئەنجامدانی دژەھێرش، واتە درێژەدان بۆ ماوەیەکی درێژتر بە شەڕێکی نابەرامبەر، کە ئەنجامەکەی لە رووی عەسکەرییەوە بۆ فەرماندەکانی ھەسەدە و ھەر چاودێرێکی سیاسی، وەک رۆژی روون دیاربوون، یان رووکردنە بەرەی دیمەشق-روسیا، واتە گەڕان بە دوای دۆزینەوەی ئاڵتەرناتیڤێکی کۆنی تازەدا، "ئاڵتەرناتیڤی ناچاری"، چونکە دەبێ بزانین پێشتریش چەند مانگ بەر لە ئێستا کاتێک ئەمریکا باسی لە کشانەوەی ھێزەکانی لە سوریا دەکرد، قسەکردن لەبارەی رووکردنە ئەم ئاڵتەرناتیڤە ناچارییە بوونی ھەبوو، بەڵام دڕدۆنگی و راڕایی ئەمریکا لە بارەی پرسی کشانەوەکەی و دواخستنی بۆ ئێستا، ھەنگاوەکانی ئەم رووتێکردنەی سست و لاوازتر کرد. 

ھەسەدە لە نێوان ئەو دوو بژاردەیەدا، بژاردەی دووەم، "بژاردەی ناچاری" ھەڵبژارد، واتە بە ناچاری رووکردنە دیمەشق. ئامانجی سەرەکی ئەم ھەڵبژاردنەش بریتییە لە ستراتیژی "پاراستنی ئەوەی دەتوانرێ بپارێزرێ، بپارێزرێت" باشترە لەوەی ھەموو شتێک لە دەست بدەی. 

مەزڵوم کۆبانێ یەکێک لە فەرماندەکانی ھەسەدە ورد و لۆژیکی ئاماژەی بە دۆخەکە کرد و گوتی: "لە نێوان جینۆساید و سازشکردندا، ئێمە خەڵکەکەمان ھەڵبژارد"، رستەیەک ئەگەر بە دیوە ھیومانیستییەکەی سەیری بکەین، پڕیەتی لە ئینسانیەت و پەرۆشی بۆ ژیانی ئینسان، رستەیەک لەبەردەم بێ مۆڕاڵی دونیای گڵۆباڵ و بە بایەخگرتنی سەرمایە و پەیوەندی بازرگانی و کۆکردنەوەی پارەدا، ھەرچی زیاتر بێبەھاکردنی ئینسانمان لە نێو پرۆسەی ململانێ جیھانییەکە و بە یەکدادانی بەرژەوەندیەکاندا بۆ دەخاتە روو. ترەمپ روون و ئاشکرا، راستەوخۆ دوای دەستپێکردنی شاڵاوی داگیرکارییەکەی تورکیا، گوتی: "ئێمە سەربازی زیاتر بۆ سعودیە دەنێرین، چونکە سعودیە پارەمان دەداتێ". واتە ھۆکاری بنەڕەتی بڕیاری ئەمریکا بۆ پاشەکشەی سەربازی لە سوریا، ھێندەی پەیوەندیدارە بەوەی، کە ئەوەی لە رووی ئابووری و بازرگانییەوە لە تورکیا دەستیان دەکەوێت لە سوریا دەستیان ناکەوێت، پەیوەندی بە بابەتێکی دیکەوە نییە. بڕیاری ھەڵبژاردنەکەی ھەسەدە چەندیش لە رووی سیاسییەوە ناچاری بێت، لە رووی ئینسانی و ژیاندۆستییەوە، بڕیارێکە تەواو لە جێگەی خۆێدایە. مرۆڤ نابێت لەو چرکەساتەی دەرفەتی رزگاربوون بە زەرەری کەمتری بۆ دەڕەخسێت، بە ناوی گوتاری حەماسی، ھەڵچوونی ھەرزەکارانە، بە ناوی ئازایەتی و خۆڕاگرییەوە، بە قاچەکانی خۆی رێگە بەرەو ناو زاری ئەو ئەژدیھایە ببڕێت، کە فاشیزمی ئاکەپە بە پشتیوانی ئەو دونیا بێ مۆڕاڵە لەبەردەم دەروازەکانی کۆمەڵگەی ئێمەدا لە رۆژئاوا وەک دڕندەیەکی تینوو بە خوێن نوێنەرایەتی دەکات.

کورت و پوخت، بازنەکانی ململانێ و دابەشبوونی ناوچەکانی نفوز و دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری و ئەمنی لە نێوان وڵاتانی ناوچەکە و جیھاندا لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، لە رۆژھەڵاتیش، تایبەت لە سوریا، ھەمیشە ھێزەکانی خستۆتە بەردەم بژاردە و بڕیاری تازەوە. بە گوێرەی ئەوەی ململانێکان بەردەوامن، بە یەکدادانی بەرژەوەندییەکان درێژەیان ھەیە، ھاوسەنگی سیاسی و سەربازی و ئابووری لە گۆڕاندان، زۆر ئاساییە کۆی ئەو ململانێ و بەریەککەوتنانە، ھەسەدە بخاتە بەردەم بڕیار و بژاردەی نوێوە بە رووکردنە دیمەشقیشەوە. 

ئێمە دەزانین و کوردانی رۆژئاواش لە ھەر کەسێکی دیکە زیاتر لەوە ئاگادارن، کە دەوڵەتی سوریای ئەسەد بە درێژایی مێژوو بۆ کورد جێگەی ئومێد نەبووە، وەکچۆن ئەمریکا و روسیا و کۆی وڵاتانی ناوچەکە و عەرەبی و ئیسلامیش جێگەی ئومێد نەبوون، برینەکانی ناو مێژووی ئێمەش زەبر و جێ پەنجەی ھەموویانی بەسەرەوەیە، بەڵام دەبێ ئەوەش بزانین، کە نە ئەسەد و نە کوردانی رۆژئاواش لە دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی و سەربازی، تەنانەت ئابووری، پێش ساڵی ٢٠١١دا ناژین. بۆیە کاتێک ناچاری دەتباتە سەر مێزی گفتوگۆ، دواتریش دەتگەیەنێت بە رێککەوتن، دوور نییە ھەندێک دەرەنجامیشت ھەر لە ژێر باری ناچاریدا بەسەردا بسەپێنێت، ئەگەر بەشێک لەو دەرەنجامانە وەک خواردنەوەی پیاڵەیەک لە ژەھریش وابێت، ئەم خواردنەوەی پیاڵەی ژەھرە، چەند بۆ ھەسەدە تاڵە، ھێندەش بۆ دیمەشق، لە کاتێکدا ئەگەر تەنھا یەک خاڵی رێککەوتنەکە لە ئایندەدا بە قازانجی کورد و زەرەری تێزی روانینی کۆنی دیمەشق بۆ کورد، تەواو بێت. 

با چاوەڕوان بین، بزانین ئەمجارەش چاوچنۆکی بێ سنوری سیاسەتی دەرەئەخلاقی جیھان بۆ پارە و راگرتنی پەیوەندییە سیاسی و ئابووری و بازرگانییەکان، پرسیار لەسەر مرۆڤبوونی ئێمە و ئەوان، بەرەو کوێ دەبات.