سەردێڕ:

باڵباڵێنی یەکێتی و پۆستەکانی کابینەی نۆیەم

2/14/2019 3:58:11 PM
11166 جار خوێندراوەتەوە
شاخەوان برایم عەبدوڵڵا
+ -

پێکھێنانی حکوومەت دواکەوت و بەشی زۆری ھۆکارەکەشی بۆ ململانێ و باڵباڵێنی ناو یەکێتی دەگەڕێتەوە، یەکێتی، دروستتر گرووپەکانی ناو ئەو حیزبە لە پرسی پێکھێنانی حکوومەتدا ئەوەندەی خەمی خۆیان و بەرژەوەندیی ئەندامانی گرووپگەلەکانیانن، نیو ھێندە لە خەمی بەرژەوەندیی گشتیی نین، بەجۆرێک ئاڕاستەی گفتوگۆکان دەکەن، سێرە لە بەرژەوەندیی تایبەتی و شەخسی بگرن و لە کوێشدا بزانن سێرەکەیان بە ئاڕاستەیەکدا چووە کە بە دڵی خۆیان و گرووپەکانیان نییە، ئیدی کێشە دروستدەکەن و لەسەر حیسابی چاوەڕوانییەکانی ھاووڵاتییانیش ئیدارەی قەیرانەکان دەدەن و داواکاری خۆیانیش لەسەر حیسابی خەڵکی ساغ دەکەنەوە.

قەبارەی یەکێتی دیارە چەندە، تەنیا بە گۆڕان و نەوەی نوێ، ھێندەی یەکێتی دەبن، ئەمە قسەی من نییە و ئەنجامی ھەڵبژاردنە، ئەوە جگە لە پارتی و حیزبەکانی دیکەش، کەوایە ئەوەی یەکێتی داوای دەکات و لە پێناویدا کێشەی بۆ پێکھێنانی حکوومەت دروستکردووە، ھێندەی لە داواکاریی گرووپگەل دەچێت، داواکاریی لۆژیکی نین، ھیچ کەسیش گومان لە شەھید و ماندووبوونی کادیرەکانی ئەو حیزبە ناکات و ئەوە قسەیەکی دیکەیە!

کاتێک قسە دێتە سەر قەبارەی حیزب بە گوێرەی بەرکەوتەی ھەڵبژاردن، ئەوە پرسێکی دیکەیە و پەیوەندیی بە بنەما و ئەو چەمکانەوە ھەیە کە لە دیموکراسیدا بایەخیان پێدەدرێت، ئینجا ئێمە خاوەنی دیموکراسی بین یان نەبین، ئەوەش پرسێکی دیکەیە! بەڵام خۆ ناکرێت بۆ ھەمیشە ئێمە ھەر ئەو قەوانانە لێ بدەینەوە و بڵێین ھێشتا لە کوردستان دیموکراسی بوونی نییە و ئەزموونەکەمان ساوایە! راستی پێویستە ئیدی بڵێین ئەزموونەکەمان گەورە بووە و ھەمووانیش رێز لە بنەما و بەرکەوتەکانی دیموکراسی بگرین و لە تەک ئەوەشدا رێز لە ماندووبوونی حزبەکان بگیرێت تا ئەو شوێنەی کێشە بۆ دیموکراسییەت و رەئی ھاووڵاتییان دروست نەکرێت.

خەتای کەس نییە ھاووڵاتییانی کوردستان ھەر ئەوەندە دەنگەیان بە یەکێتی داوە کە ئێستا لە پەرلەمان ھەیەتی، دیسان نابێت زوڵم لە دەنگی ھاووڵاتییان بکرێت، مادام دەنگیان بە یەکێتی نەداوە، نابێ بەرکەوتەی حیزبەکانی دیکەش ببات, ئەوەی یەکێتی داوای دەکات بردنی دەنگی پارتییەکان و گۆڕانەکان و نەوەی نوێ و زۆر لایەنی دیکەیە، چونکە بە تەنیا بەو ٢١ کورسییەوە داوای زۆر شت دەکات کە ناکرێت ئەوە بە دیموکراسی ناوبندرێت.

ئەوەی یەکێتی داوای دەکات ھیچ بۆ حیزبەکانی دیکە ناھێڵێتەوە، جگە لەوەی ژێربەژێر داوا دەکات بە ھیچ شێوەیەک بەشداری بە گۆڕان نەکرێت و ھێڵی سووریشی لەسەر نەوەی نوێ داناوە، لە کاتێکدا بە گۆڕان و نەوەی نوێ، ھێندەی یەکێتی دەنگیان ھێناوە، ئەگەر بەوە بێت، ئەوانیش مافی ئەوەیان ھەیە داوای پۆست بکەن، چونکە ئێمە قسە لەسەر بەرکەوتەی دیموکراسی دەکەین نەک خەباتی شاخ و چاوسوورکردنەوە و ھەڕەشەی تێکدانی رەوشی کوردستان.

لە ناو یەکێتی ھێندەی کێشەی پۆست و ئیمتیازات ھەیە، نیو ھێندە بیر لە کێشەکانی دیکە ناکرێتەوە، ئەوان خۆیان دەزانن ئەو پۆستانەی کە مافی خۆیانە، بۆیان یەکلابووەتەوە، بەڵام لە ناو گرووپەکاندا کێشەی قووڵ ھەیە لەسەر دانانی کاندید بۆ ئەو پۆستانە، لە نموونەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، باڵی لاھور و کۆسرەت رەسووڵ لە کێشەی قووڵدان لەسەر ئەوەی ھەر لایەکە و دەیەوێت یەکێک لە دوو کاندیدە ژنەکەی پەرلەمان کە ناویان دێت، بکەن بە سەرۆکی پەرلەمان، ئەوە لەسەر ئاستی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، سەرەڕای ئەوە کێشە لەسەر پۆستی جێگری سەرۆکی حکوومەتیش ھەیە کە ئێستا گۆڕانیش داوای دەکات، تەنانەت لەسەر ئەو پۆستەش بەسەر چەند باڵێکدا دابەشبوونە و ھەر گرووپەی دەیەوێ کاندیدی ئەو ببێت بە جێگری سەرۆکی حکوومەت و ھاوکات لەسەر ئاستی وەزارەتەکانیش گەورەترین کێشەی گرووپەکانی ناو یەکێتی ئەوەیە کێ بکەن بە وەزیر! ھەر کچ و کوڕەی سەرکردە و مەسئولەکانی ئەو حیزبە ھەن، خۆیان بەسەر باڵێکدا ساغکردووەتەوە و داوای وەزارەت و بریکاری وەزیر و پۆستی بچووکتر دەکەن، ئەوەش گەورەترین کێشەی بۆ ئەو حیزبە دروستکردووە و بەھۆیەوە ناتوانن بڕیاری کۆتایی بدەن. تەنانەت لەسەر دیاریکردنی کەسێک بۆ پارێزگاری کەرکووک ھەمان کێشەیان ھەیە و ھەر گرووپ و باڵەی ناو ئەو حیزبە ھەن، داوای پۆستی پارێزگاری کەرکووک دەکەن، لە کاتێکدا پارتی ھێڵی سووری بەسەر ھەندێ ناودا ھێناوە کە یەکێتییەکان ناویان دەھێنن بۆ ئەوەی بکرێن بە پارێزگاری کەرکووک، بەڕاستی دۆخی یەکێتی ئاڵۆزە!