سەردێڕ:

بۆ کەرکوک بەردیش دێتە قسە

6/5/2019 5:44:37 PM
4652 جار خوێندراوەتەوە
پشکۆ حمەتاھیر ئاغجەلەری
+ -


سیاسەتمەدار و سیاسەتکاران پێش ھەموو شت دەبێت ئاگاداری مێژووبن بۆ ئەوەی بەرچاویان روونبێت، بزانن چۆن ھەنگاو دەنێن بۆ داھاتوو یاخود دەبێت شارەزابن لە مێژوو بۆ ئەوەی بتوانن ھەڵەکان راست بکەنەوە و شکستەکان دووبارە نەبێتەوە و بریاری سیاسی دروست بدەن. لەم راستیەی سەرەوە ئەگەر ئاورێک لە میژوو کورد بەگشتی و مێژوو شاری کەرکوک بدەینەوە ، بۆمان دەردەکەوێت سەرداران و بەناو سیاسەتمەدارانی  کورد لەباشووری کوردستان کەمیان توانویانە بە وردی و بەئاگای سیاسیانە مامەڵە لەگەڵ پرسی کەرکوک  بکەن. بەتایبەت سیاسیەکانی ئێستای گۆرەپانی سیاسی، ھەنگاوەکانیان بۆ چارەسەری دۆزی کەرکوک زۆر لاوازە نەک ھەر لاوازە دەتوانین بڵێن ھەنگاوی ھەندێک لایەن بۆ لێدان لە لایەنێکی دیکەی  زۆر مەترسیدارە بۆ زیاتر ئاڵۆزکردنی پرسی کەرکووک و  بردنەوەی مێژووی ئەو شارەیە بۆ ساڵانی دوای جەنگی یەکەمی جیھانی و سەردەمی حکومداری شێخ مەحمود، کە داگیرکەرانی بەریتانیا و عێراق ھیچ کات ئامادە نەبوو دان بنێن بەوەی کەرکووک بخەنە ژێر دەسەڵاتی حوکمداری شێخ مەحمود و بە ئاشکراش دوای ھێنانەوەی شێخ لە ھندستان پێیان ووت نابێت باسی کەرکوک بکەی!!
یاخود بردنەوەی شاری کەرکوک بۆ ساڵی (۱۹۲٤_۱۹۲٦) کە کەرکوک و تەواوی باشوری کوردستان بەھۆی نەوت و چاوچنۆکی زلھێزەکان لکێندرا بە عێراقی عەرەبیەوە، ھەر لەو کاتەدابوو مەلیک فەیسەڵ بەئاشکرا دەیووت: کەرکوک وەک سەروایە بۆ عێراق، عێراق بێ سەر ناژی!!! ئەمە قسەیە بەکورتی و کوردی پێمان دەڵێت عێراق بێ کەرکوک دروست نابێت و ناژی، دەبێت سیاسیەکانی کورد بزانن دەسەڵات و لایەنە سیاسیە عەرەبەکانی  عێراق ئێستاش وەک فەیسەڵ لە کەرکوک دەروانن.
لەلایەکی دیکەوە سیاسیەکانی کورد دەبێت بزانن بەم ماڵە ناجۆرەیان لەگەڵ پرسی کەرکوک ھەلێکی زیاتر دەدەنە دەسەڵاتدارانی عێراق کە بەردەوام بن لە سیاسەتی بەعەرەبکردن و راگواستن کورد لە کەرکوک، ھەر وەک چۆن ئەو سیاسەتە لە ساڵی ۱۹۲۹ ەوە بەئاشکرا دەستی پێکرد و دواتر لە ناوەراستی سییەکان بە دروستکردنی  پرۆژەی حەویجە ئەو سیاسەتی بەعەرەبکردنە چووە قۆناغی مەترسی دارو ساڵ بە ساڵ دەسەڵاتدارانی عێراق درێژەیان پێداو تاکو  بەعسیەکان لەساڵی ۱۹٦۸  گەیشتنەوە دەسەڵات  سیاسەتی بەعەرەبکردن و ڕاگواستن گەیشتە لوتکە و ماوەی ۳٥ ساڵ بە توندرین شێوە جێبەجێکرد.
 لەساڵی ۲٠٠۳شەوە ڕاستە بەناو عێراق بۆتە وڵاتێکی فیدراڵ بەڵام عەقڵی دەسەڵاتی عەرەبی بۆ دۆزی کەرکوک  وەک خۆیەتی نەگۆڕاوە، بەڵام بەداخەوە سیاسیەکانی گۆڕەپانی سیاسی ھەرێمی کوردستان لەبەر ململانێی حیزبایەتی خۆیان و چەند تەنکەرێک نەوت خەریکە پرسی کەرکوک زاتر ئاڵۆز دەکەن.
لێرەوە دەبێت ھەموو تاکێکی کورد بەگشتی و سیاسەتکاران ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی ئاگاداربن، بەو شێوە ماڵە کردنە لەگەڵ پرسی کەرکوک و ناشرینکردنی یەکتری و  یەکترقبوڵ نەکردن و لەمپەردروست کردن لەبەردەم دانانی پارێزگارێکی کورد و کەرکوکی و لایەنی براوەی ھەڵبژاردنەکان دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئەمنی شارەکە تێکدەدات و نەیارانی کوردیش لە کەرکوک بەھێز دەکات و بەردەوامی دەدات بە دووبارە بوونەوەی ئەو مێژووە رەشەی باسکرا.