سەردێڕ:

‌وەزیر بەخشین و دیاریی بۆ چییە ؟

7/27/2019 4:42:24 PM
10077 جار خوێندراوەتەوە
عەبدولستار مەجید
+ -

لە کابینەی ھەشتەمدا بەندە وەزیری کشتوکاڵ بووم، ئێستا کە کابینەی نوێ دەستبەکاربووە، ھاوشێوەی ڕابردوو بەفیڕۆدانی سامانی گشتیی لە بەرژەوەندی کەمینەیەک بەناوی (بەخشین و دیاریی)ـەوە ڕەنگە ھەر بەردەوام بێت .

پێمخۆشە دوو نمونە باس بکەم کە لەسەردەمی وەزیری خۆمدا بووە و بە کردەیی ڕێگریم لە بەفیڕۆدان و تەخشان و پەخشانی سامانی گشتیی کردووە .

یەکەم: ھەر وەزیرێک کە دەستبەکار دەبوو، بڕی (٣٠.٠٠٠) سی ھەزار دۆلاری وەک (دیاری) پێدەدرا، کاتێک سکرتێری بەڕێز بەڕێوەبەری نوسینگەی بەندە پارەکەی ھێنا و باسەکەی کرد، وتم "دەتوانم بیبەخشم بە خەڵک ؟" بەتایبەت کە قەیرانی دارایی سەریھەڵدابوو، موچەش دوو مانگ جارێک دابەشدەکرا .

وتیان " نەخێر ئەوە بۆ کڕینی پێداویستی ناوماڵە" منیش ڕۆژی دواتر پارەکەم گێڕایەوە و پێموتن من پێویستم بەوە نیە و وەرگرتنی ڕەتدەکەمەوە

برای بەڕێزم کاک عبدالرحمان عبدالرحیم یش بەھەمان شێوە .

دووەم: بۆ ھەر وەزیرێک بەناوی (نەسریە ـ مینحە)ەوە مانگانە جگە لە موچەکەی خۆی (٧.٥٠٠.٠٠٠) ی پێدەدرا .

ئەوەندەی پەیوەندی بە منەوە ھەبوو لێژنەیەکی سێ کەسیم لە وەزارەت دروستکرد بە سەرۆکایەتی بەڕێز بەڕێوەبەری ژمێریاریی و دوو ئەندامی دیکە .

ڕامسپاردن کە ھەر فەرمانگەیەک پێداویستییەکی ھەبوو داوایلێکردن لەو پارەیە بۆی بکڕن .

دیسان لەو مینحەیە ھاوکاری سەدان کەسی ھەژار و نەخۆش و پێشمەرگەمان کرد، لە ھەمووی گرنگتر نەمھێشتووە ھیچ فەرمانبەرێکم لەو کاتە سەختەدا پێویستی بە ھیچ ھەبێ، ھەر بەو مینحەیە.

ئێستاش بەڵگەنامە و سەرجەم داتاکاکان لە وەزارەتن و ھەر ڕۆژنامەنوسێک یان کەسێک بیەوێ وردەکاریی خەرجکردنەکە بزانێ، دەتوانێ بچێت و لە ژمێریاریی داوای بکات .