سەردێڕ:

ترسی ھونەرمەندان لە تورک

12/7/2019 12:10:24 PM
5532 جار خوێندراوەتەوە
گۆران ھەڵەبجەیی
+ -

کارێک کە کورد وەک میللەت نەک وەک حیزب و دەسەڵات  تا ئاستێکی باش سەرکەوتووبوو بێت تێیداو کوردانی نیشتەجێی ھەندەران و  بەشەکانی کوردستان  جێگەی خۆیان تێدا گرتبێت  مەسەلەی بایکۆتی شمەک و کاڵای تورکیە.
جەنگێکە کە کورد  توانای خۆی تێدا  ئەزموون کرد و  کاریگەریەکانی سنووری کوردستانی بەزاند و گەشتە ھەندێک وڵاتی عەرەبی و ھاوڵاتیانی ئەروپیش. خۆشبەختانە ئاکامەکەشی  کاریگەر و دڵخۆشکەر بوو.
ھەر کەس و لایەن و حیزبێکیش ھەوڵی بێنرخ کردنی  ئەو  بڕیارە شارستانیەی دابیت ئەوە ھیچی نەچنیوەتەوە و کاروان ھەر بەردەوامە.
من وەک تاکێکی کورد ،وەک خەمخۆرێک  بۆ نەتەوەکەم ،وەک پاڵپشتێک بۆ ھەڵمەتی بایکۆت بیرۆکەیەکم  بۆھات، وەبڕیاری پراکتیزە کردیم دا.

بیرۆکەکە بریتی بوو لە ھاندانی ھونەرمەندانی کورد{ ستران بێژان} تا ئەوانیش لەڕێگەی کوورتە کلیپێکەوە ھانی خەڵک بدەن  بۆ پەیڕەوکردنی بایکۆتی کاڵاو شمەک و سەفەرنەکردن بۆ تورکیا، واتە ھەرچی سوودی ماددی بە دەوڵەتی تورکیا دەگەیەنێت.
ئەم کارە ھیچ تەکلیفێکی دارایی  لەسەر ھونەرمەندەکە ناکات، لە دوو سێ خولەک بەولاوە  کات زیاتر نابات، تەنھا قسەکردنە،ھیچ جۆرە ستۆدیۆ و کامیراو ئامێرێکی پێویست نیە،لە ماڵەوە لە کاتی پشودا ،لە کاتی لێخوڕینی سەیارەدا  ،لە کاتی کاردا ،لە دەمی دانیشتن لەتەک برادەراندا  ،لە ھەموو ئەم شوێنانە  بە کامێرای مۆبایل  کارەکە جێبەجێ دەکرێت.

لەسەرەتاندا پەیوەندیم کرد بە ژمارەیەک لەو ھونەرمەندانەی کە ساڵنێکە یەکتر دەناسین و پەیوەندی پڕ ڕێز لە نێوانماندا ھەیە.
بەداخەوە  ھەندێکیان بێباکانەو لوتبەرزانە ڕەتیان کردوە بەشداری بکەن، ھەندێکیشیان زۆر بە خێرایی و دڵسۆزانە ھاتنە پێشەوە.
پاشان لە ڕێگەی  سۆشیال میدیاوە پەیوەندم لەگەڵ ئەو ھونەرمەندانەدا گرت کە  کەمتر پەیوەندیم ھەیە یا ھەر نیمە.
ئەوانیش دوو جۆر ھەڵسوکەوتیان ھەبوو بەشێکیان بەخێرایی وەڵامیان دایەوەو ئامادەییان نیشاندا و کارەکەشیان ئەنجامدا، کە  وەک بەندە  زۆر زۆر سوپاسیان دەکەم ،یەک دوانێکیشیان بەنامە وەڵامیان دامەوە کە ناخوازن ئەو کارە بکەن
ھەندێکیشیان تا ئێستاشی لەگەڵدابێت وەڵامیان نەداومەتەوە.
قسەم لەسەر ئەوانە  نیە کە وەڵامیان نەداومەتەوە، چونکە پێدەچێت نامەکەی منیان نەدیبێت ،یا لەوانەیە ئەو پەیچانەی نامەکەم ناردوە بۆ یان ھی خۆیان نەبێت و  کەسنی دیکە وەک ھەودار بیانبەن بەڕێوە.

ئەز لێرەدا  تەنھا  ئاماژە و  لێکدانەوە بۆ  پاساوەکانی ئەوانە  دەکەم کە   نەرینی وەڵامیان دامەوە  و ڕەتیان کردەوە ئەو کارە نەتەوەیی و ئینسانیە بکەن.
پاساوەکانیان لەم خاڵانەدا خۆی دەبینێتەوە
- کاتم نیە و زۆر سەرقاڵم
- دەمەوێت ماوەیەک دوور بکەومەوە و نامەوێت ھیچ کارێک ئەنجام بدەم
- حەز لە خۆدەرخستن ناکەم
- نەخۆشم و پەتایەکی تووندم گرتوە ،باوەڕناکەم بەم زوانە چاک ببمەوە
- من بە جۆری تر خزمەتی نیشتمانەکەمم کردوەو ئەمە بە گرنگ نازانم
- بڕوام بەم جۆرە کارانە نیەو سودی ئەوتۆیان نابێت
- شارەزاییم لە کلیپی مۆپبایلدا نیە
ئەم خاڵانە گرنگترین پاساوەکانی ئەو ھونەرمەندانە بوون کە ھێندە کوورتن ھێندە نالۆژیکن  ھێندە بێمانان تا بەرپێی خۆشیان بڕ ناکەن. ئەمانە بەم بەھانەیان تەنھا مەبەستیان خۆ دەربازکردن بوو لەو ئەرکە گچکە  ئینسانی ونیشتمانیە.

ئەوەی  مایەی سەیرو تاڕادەیەکیش شۆک بوو  پاساوی چەند دانەیەک لەو ھونەرمەندانە بوو کە بەکوورتی ئەمانەن:
- مووچەی خانەنشینیەکەم کەمە ئیترچۆن تاقەتی کاری وام ھەبێت؟ 
ڕاستیەکەی  تێنەگەشتم  کە کلیپیکی دوو خولەکی  بۆ خزمەتی دۆزێک چ پەیوەندی بە کەمی مووچەوە ھەیە؟
- با ئەو  کەسانە   باسی بایکۆت بکەن کە  بەناوی ھونەرمەندەوە مووچەی   بندیوارو  ئیمتیازاتی زۆر وەردەگرن. دیسان لەم برادەرش تینەگەشتم کە بۆ ئەم کارەی بەستەوە بە ئیمتیازاتی ھەندیک ھونەرمەندەوە، کە لەھەندران دەژی و کێشەی ماددی نیە؟
ھاوکات ھەر ھەمان کەس باسی پاڵەوانیەتی خۆی کرد کە لە ئەورپا چی بۆ کورد کردوە. وەک ئەوەی تەنھا ئەو خەباتی بۆ گەلەکەی کردبێت.
- خانمیکیش  گووتی من  لەسەرەتاوە بایکۆتم کردەوەو بەردەوامم ،جا گەر ئیستا ئەوە بکەم خەڵک وادەزانێت ئێستا خەبەرم بووەتەوە.دوو جار نووسیم بۆی خانم من باسی خۆت ناکەم کە بایکۆت بکەیت بەڵکو مەبەستم ھاندانی خەڵکە.بەڵام دیار بوو ھەر لێم تێنەگەیشت، یا نەیوست تێبگات.
- یەکێکیشیان کە نوێیە لە گۆرانیگووتندا ،ھێندە بێ ئەدەبە ، بەرگەی ڕەخنەکەمی نەگرت و لە برادەرایەتی فەیسبووک سڕیمیەوە. بەداخەوە کە ئەم بێ ئەدەبە ھاوشارریمە.

بە بۆچوونی خۆم ڕەتکردنەوەیان لەم سێ خاڵە بەدەر نیە.
ترس لە تورک  و دەسەڵاتی ئەردۆغان/ ئەم خاڵە بە ھۆکاری سەرەکی دەزانم . شارراوە نیە  کە زۆرێک لە گۆرانیبێژان ، زۆر شانازی بەوەوە دەکەن گەر کلیپێک لە تورکیا سازبکەن یا کاررێکی تەکنیکی بۆگۆرانیەکەیان جێبەجێ بکەن. وەک ئەوەی کوردستان خاوەنی سروشتی جوان و توانای تەکنیکی نەبێت. جا ئەو گۆرنیبێژانە حساب بۆ ئەوە دەکەن ،گەر بە دوو قسە پشتگیری بایکۆت بکەن  ئەوە ترسی  گرفتی سەفەری  تورکیایان دێتە پێش ،یاخود  پێدەچێت  بەترسەوە سەفەر بکەن و  لێپرسینەوەو سوکایەتی لەپێش چاویان بێت .جا لێرەدا ئەوەی گرنگە بەلایانەوە مانەوەی دەرگای سەفرە بە کراوەیی لەسەر حسابی ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوەیی. دەتوانم بڵێم ئەم خاڵە شمولی زۆربەی ئەوانە دەکات کە ڕەتیان کردەوە.

خۆ بەزل زان یا لوتبەرزی  ئەمە خەسڵەتێکی ڕۆژھەڵاتی دواکەوتووە ، بەوەی کەسێک بەھۆی بەھرەکەیەوە  دەگاتە پێگەیەکی دیاریکراو و جۆرێک لە ناوبانگ پەیدادەکات ،ئیدی لە خۆی بایی دەبێت و  دونیایەکی  پڕ وەھم و خەیاڵ و   نا واقیعی لە زھندانی خۆیدا بنیات دەنێت و بەو ھۆیەشەوە لە دۆخێکی دابڕودا خۆی دەبینێتەوە ، جا ئەم ھەستە نادرووستە وای لێدەکات بازنەی  پەیوەندیەکانی و تیکەڵاوی  بە خەڵکەوە  سنوورداربێت و دوورە پەرێز بیت،یاخود بەشداری  ناکات لە زۆر  چالاکی و بۆنەدا تا نەکوێتە بەرچاوی خەڵک ،چونکە  بە بۆچوونی خۆی دەرکەوتن لەم شوێنانەدا لە ئاستی مەزنی  و ناوبانگی  دێننە خوارەوە ، جا ئەز  وای بۆ دەچم بەشداری نەکردنی ھەندێکیان لەم کارەی مندا دەچێتە ھەمان خانەوە ، وای لێک دەدەنەوە بەشداریکردنیان لەم بەرنامەیەدا  لە ئاستی مەزنی و عەزەمەت و شکۆییان دێنێتە خوارەوە. 
ترس لە دەسەڵاتی کوردی {یەکێتی یا پارتی }،نەکا مووچەو ئیمتیازەکانیان ببڕن ،یاخود سەرزەنشتیان بکەن ،چونکە باش دەزانن ئەو دوو حیزبە بەھیچ جۆرێک لەگەڵ بایکۆدا نین.پێدەچێت ئەم خالە زۆر گرنگی نەبێت وەک خاڵەکانی یەک و دوو ،بەڵام دەبێ بەھەند وەریبگرین.
ھەر ھونەرمەندێک  یا فراوانتر بڵێم ھەر بەھرەمەندێک  سەرقاڵی ھەر بوارێک بێت ، گەر لەگەڵ  ئازار و خەم و  کۆژانەکانی خەڵکەکەیدا نەبێت و بە پراکتیک بەرجەستەی نەکات و نەبێتە یەکێک لە پێشەنگەکانی داکۆکیکار لە میللەتەکەی ،ئەوە پێی بزانێت یا نا کەسێکی  خۆپەرست ، بەرژەوەندی خواز ، بێباک، دابڕاو ، نادڵسۆز بۆ میللەتەکەی پێناسە دەکرێت. بۆیە  دەڵێم ئەو جۆرە مرۆڤانە باڵیش بگرن ، ھونەرەکەیان بە بێ ھەڵوێست فلسێکی قەڵب ناھێنیت.

ھونەرمەند بە ھەڵوستەوە جوانەو تەواوکەری ھونەرکەیەتی ، گەر ھونەر لە ھەڵوێست دابڕا ئەوە دەبێتە ھونەریکی وشک و بێ ئەرزش.
شەرمە زۆریش شەرمە ھونەرمەندێک لافی نیشتمانپەروەری لێبدات بەڵام بەھۆی ترس لە تورک ،نەوێرێت  بە دوو خولەک پشتیوانی خەمی نەتەوەکەی بکات.

دیسان دەڵێم شەرمە زۆر شەرمە  ھونەرمەندێک ھێندە خۆبەزلزان و لووتبەرزبێت  خۆی لەسەروی خەڵکی ترەوە دابنێت. 
دەزانم و چاوەڕێش دەکەم کە چەند کەسێک لەم ھونەرمەندانە لیم زوویر دەبن و لەوانەیە پەیوەندی بکەن پێمەوە ، لێ من گوێ بەوە نادەم،پێم باشە لەسەر گووتنی ڕاستی لێم زویر  بن ،نەک لە شاردنەوەی حەقیقەتدا خۆشیان بوێم .

لەکۆتایدا دەڵێم ،ناوی ئەو ھونەرمەندانەم لە کن خۆم پاراستوە، گەر ڕۆژێک لە ڕۆژان پۆزی نیشتمان پەروەریان لێدا و موزایەدەیان بەرسەر خەڵکی دیکەوە  کرد ،ئەوە دڵنیابن ئەم ھەڵوێستە  ناشیرین و نامەسئولەیان  دەدەمەوە بە ڕویاندا و بە ناویش ئاشکرایان دەکەم.