سەردێڕ:

ئەردۆغان لە کۆشکی سپیدا

11/14/2019 2:28:33 PM
8273 جار خوێندراوەتەوە
گۆران ھەڵەبجەیی
+ -

ئەوانەی تا ئیستاش ئومێدیان بەوەبوو کە ترامپ لە کۆشکی سپی گوێچکەی ئەردۆغان ڕادەکێشێت و لە ئاستی خۆیدا دەیوەستێنێت،  ئێستا ئەوکەسانە  ئومێدبڕاو بوون.
لە پریس کۆنفرانسە ھاوبەشەکەی نیوان ھەردو سەرۆک، شتەکان تەواو ئاشکرا بوون.
ترامپ تەنھا باسی "پارە"ی کرد نەک "مرۆڤ"، گووتی پەیوەندی نێوانمان باشەو ئەردۆغان برادەرمە، بازرگانیش بەرەو پیش دەچێت، بەئومێدین لە ئایندەدا ئاڵوگۆڕی بازرگانیمان بگاتە ١٠٠ ملیارد دۆلار.
ئەمە وای نیشاندەدا ترامپ سەرۆکی کۆمپانیایەکی بازرگانیە و بەناوی کۆمپانیاکەوە لێدوان دەدات  نەک سەرۆکی مەزنترین وڵات.
ھەر ھێندە باسی سیاسەتی کرد، گووتی تورکیا ھاوکارمان بووە  لە لەناوبردنی داعش و کوشتنی ئەبوبەکر بەغدادیدا، "کە پێچەوانەکەی ڕاستە".
ترامپ زۆر بەکورتی  باسی سیستەمی مووشەکی "ئیس٤٠٠"ی کرد و گووتی  دانووستانی زیاتری لە بارەوە دەکەین، ئەمەش جۆریک بوو لە خۆدزینەوە لەو کەیسە ھەستیارە کە  پێدەچێت بیکاتە  قوربانی بزنس.
ھەروەھا دەربارەی ئاگربەست گوتی لەگەڵ ئەوەی ھەندێک کیشەی تێدایە، بەڵام بەردەوامە.
جگە لەمە ھەندێک قسەی دیکەی ھەلەق و بەلەقی کرد کە لە ھیچ شوێنێکدا جێگەیان نەدەبووە و تەنھا بریتیبوون لە مجامەلەی وشکی ئەردۆغان.
بەسیمای ئەردۆغاندا دیار بوو بەو قسانەی ترامپ زۆر خەنی بوو، چونکە ھەموو قسەکانی ترامپ لە بەرژەوەندی ئەوبوون.
ئەردۆغانیش بە کەماڵی ئیسراحەت ژەھری خۆی ڕژاند و  ھەموو نەیارانی خۆی لە "پەکەکە، پەیەژە، پەیەدە، فەتحوڵا گوولەن و لایەنی دیکەش" بە تیرۆریست ناساند، ھەروەھا  لەبەرامبەردا ترامپ ھیچ کارادانەوەیەکی نەبوو، بەڵکو ھەندێک جار وەک ڕەزامەندی سەری بۆ دەلەقاند.
سەبارەت بە لەشکرکێشیەکەی ڕۆژئاواش ئەردۆغان گووتی ئەو دەڤەرانەمان لە تیرۆریست پاک کردوەتەوە و بەنیازین تا سنوری عیراق بڕۆین.
بە بۆچوونی من ئەردۆغان لەو پرێس کۆنفرانسدا سەرکەوتووبوو لە گەیاندنی ئەوەی کە دەیوست، بەڵام دیارە ئەوە بۆ رای تورکیا بوو نەک بۆ ناوخۆی ئەمریکا و جیھان، چونکە  سەرتاپای قسەکانی درۆ و چەواشەکاری بوون. 
ئەردۆغان ڕەخنەی توندی ئاراستەی کۆنگرێس کرد، بەھۆی بەجینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان، گووتی ئەوە کاری میژوونووسانە نەک کەسانی سیاسی، ھەر سەبارەت بەم مەسەلەیە ھەندێک درۆی دیکەی کرد  کە زۆر بێ مانابوون.
ئەوەی بێئومیدی کردم پرسیارەکانی ڕۆژنامەنووسان بوو، چاوەڕێم دەکرد بە پرسیارەکانیان ھەردوو سەرۆک شەرمەزار بکەن بەتایبەت دەربارەی ئاکامە نا ئینسانیەکانی لەشکرکێشیەکەی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاواو ھەڵکردنی گڵۆپی سەوز لەلایەن ترامپەوە بۆ ئەو کردەیە، مەخابن یەک دوو پرسیاری لێدەرچێت کە تاڕادەیەک باش بوون ئەوانی دیکە پرسیاری ئەوتۆ نەبوون، ھەندێکیان  دەربارەی  پەیوەندیە تەلەفۆنیەکەی  نێوان ترامپ و سەرۆکی ئۆکرانی بوو، کە ھەر ئیمڕۆ کۆنگرێس لێکۆڵینەوەی ئاشکرای لەوبارەوە دەستپێکرد، ئەم پرسیارانە  جگە لەوەی ترامپی سەغڵەت کرد ھاوکات کاتێکی زۆریشی بە وەڵامدانەوەکەی بەخشی.
تەنھا  پرسیارێک کە لە جێگەی خۆیدا بوو ئەو پرسیارە بوو کە یەکێک لە ڕۆژنامەنووسەکان ئاراستەی ئەردۆغانی کرد،پرسی "کاتێک ترامپ نامەیەکی ئاگادرکردنەوەی بۆ ناردیت کە ھێرش نەکەیتە سەر باکووری سوریا  و پێی وتیت گەمژە مەبە ،بۆچی بەگێوێت نەکرد؟".
من دڵنیا نیم  لەوەی وەرگێڕە تورکیەکە وشەی "گەمژە"ی بۆ ئەردۆغان وەرگێرا بێت، چونکە پێدەچێت ترسابێت  یا شەرم گرتبێتی ئەو وشەیە بکاتە تورکی .
لەوەڵامدا ئەرۆغان ھەر ھێندەی گووت من نامەکەم ھێنایەوە بۆ سەرۆک ترامپ وە ئێمە دژی تیرۆر ئەو لەشکرکێشیەمان  کرد.
پەیامنیرەکەی کەناڵ ٢٤، دووپرسیاری  ئاراستەی ترامپ و ئەردۆغان کرد.
ئەوەی ترامپ بەکوورتی بریتی بوو لە سوپاسگوزاری ئەمریکا و ترامپ لە پاراستی کوردو ھاوکاری پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعشدا، بەشی دوومی پرسیارەکەی بۆ ترمپ کە زۆر گرنگ بوو، تێڕوانینی  ئەمریکایە دەربارەی چارەسەری کێشەی کورد، ترامپ خۆی لەوەڵامی جەوھەری دزیەوەو گووتی، پەیوەندیمان لەگەڵ کورد باشەو بەردەوام دەبین لەو پەیوەندییە.
پرسیارەکەشی بۆ ئەردۆغان ئەوەبوو  "ئێوە پەیوەندیتان لەگەڵ کوردی باشوور باشە، بۆچی ھەوڵنادەن ھەمان پەیوەندی لەگەڵ کوردی سوریا ببەستن؟".
ئەردۆغان لە وەڵامدا گووتی "ئەوان تیرۆریستن و ئێمە پەیوەندی لەگەڵ تەرۆریست نابەستین"، ئەمەش وەڵامێکی چاوەڕوانکراوبوو  بۆ کەسێک  کە تا سەر ئێسقان دژەکوردە.
وەڵامێکی ترمپم تا ڕادەیەک بەدڵ بوو کە  بەرسیڤی کچە ڕۆژنامەنووسێکی تورکی دایەوە، کە من گومانم ھەیە ڕۆژنامەنووس بێت.
ئەو کچە، مەزڵوم کۆبانی بە تیرۆریست ناساند و تەقینەوەکانی ساڵی ٢٠١٤ی باژێڕەکانی تورکیای خستە ئەستۆی ئەو، کە لە ڕاستیدا داعش بە چاوپۆشی میتی تورکی ئەنجامی دان و زۆربەی کوژراوەکان کورد بوون، ئەو کچە پرسی ئایا پەیوەندیتان دەمێنێت؟
لە وەڵامدا ترامپ گوتی ئاساییە حکومەتی تورکیا بە جۆرێکی تر بڕوانێتە ھەندێک لە گرووپە کوردیەکان، بەڵام ئەوان ھاوکاری چاکی ئیمە بوون لە شەڕی داعشداو پەیوەندیمان بەردەوام دەبێت لە گەڵیاندا.
ئەم سەردانەی ئەردۆغان بۆ ئەمەریکا  ئەوەی پێ گووتین کە ترامپ لەبەر خاتری کورد دەستبەرداری   ئەردۆغان نابێت، چونکە لە ڕێگەی ئەردۆغانەوە  بەتەمای بەدەستھێنانی  ١٠٠ ملیار دۆلارە، کە ئەمەش بۆ ترامپ وەک بزنس مانێک گرنگترە لە سیاسەت و مافی مرۆڤ و قسەو ڕەخنەی  دەزگاو ناوەند و دامەزراوە ئەمریکیەکان.
جا ئێمەی کوردی بێ پشت و پەنا دەبێ چاوەڕێ بین تا بزانین لێکۆڵینەوەکانی کۆنگرێس دەربارەی پەیوندی نا یاسایی نیوان ترامپ و سەرۆکی ئۆکرانیا بەچی دەگات، گەر توانرا  متمانەی لێ بستێننەوە و لەسەر کار لایدەن  "کە ئەوە گریمانەیەکی زەحمەتە"،  ئەودەمە تا ڕادەیەک  ئومێدێکی نوێ بە کورد  دەبەخشێت، خۆ گەر  ئەوە ڕووینەدا  ئەو کاتە  دەبێ بە ھیوای ئەوەوە  بژین کە لە ھەڵبژاردنەکانی داھاتوودا نەبێتەوە بە سەرۆک، چونکە ئەم ترامپە خراپترین  و مەترسیدارترین و گەمژەترین و ناسیاسیترین سەرۆکە لە دیرۆکی ئەمریکادا، مانەوەی زیانی مەزنی  بۆ خودی ئەمریکا و بۆ جیھانیش ھەیە، بە تایبەتی بۆ ئیمەی کورد.