سەردێڕ:

کەروێشکە سوتاوەکەی کەرکوک لە ئەمریکایە و ئێستاش لەژیاندایە

6/9/2019 4:17:35 PM
8441 جار خوێندراوەتەوە
زمناکۆ ئیسماعیل
+ -

 چەند رۆژێکە لەنێو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی ھەرێمی کوردستان، ووێنەی کەروێشکێکی سوتاو دەبینین، بەپێی ھەواڵی بەشداربوانی تۆڕی کۆمەڵایەتی کوردی بێت، ئەو کەروێشکە لەناوچەی کەرکوک و لەپاش سوتاندنی دەغڵ و دانی جوتیاران سوتاوە، بەڵام راستی ھەواڵەکە بەو جۆرە نییە، بەڵکو ئەو کەروێشکە لە گەڵ چەند ئاژەڵێکی دیکەی نێو دارستانەکانی لە ئەمریکا سوتاوە.

 چیرۆکی سوتاندنەکەی بەم جۆرەیە، رۆژی پێنج شەممە رێککەوتی ٨ نۆڤەمبەری ٢٠١٨، ئاگر لەبەشێک لە دارستانەکانی ناوچەی پارادیزێ، لە باکوری کالیفۆرنیا، لە ئەمریکا دەکەوێتەوە، بەھۆی ئەو ئاگرەوە زیانێکی زۆر بەر سامانی سروشتی ئەو ناوچەیە دەکەوێت و نزیک بە ٧ ھەزارو سەد ماڵیش دەسوتێن، خەڵکیش بۆ دەرەوەی ئەو ناوچانە ھەڵدێن، لەگەڵ ئەوەشدا بەھۆی ئاگرەوە ٢٣ کەس ژیان لەدەست ئەدەن، لەلایەکی دیکەشەوە کڵپەی ئاگر، رەحم بە ئاژەڵان ناکات و ئەوانیش لەگەڵ دارستانەکاندا دەکات بە سوتوو، بەڵام ئەوەی کە دەبێتە جێگای سەرنج، ئەو کەروێشکەیە کە لەوێنەکاندا دەیبینن و ئەمڕۆش وەک کەروێشکە سوتاوەکەی کەرکوک، لەنێو دەغڵ و دانی سوتاوی ناوچەکانی کەرکوک و گەرمیان ھەژماری بۆ دەکرێت.

 ئەوەی گرنگە لەم چیرۆکەدا لەگەڵ ھەڵھاتن و ئاوارەبونی دانیشتوانی ناوچەی کارەساتبار، چەندین ئاژەڵیش توانیویانە خۆیان دەرباز بکەن لە سوتان، چریس روسەنۆسکی دەڵێت " کاتێک ووێنەی ئەو کەروێشکەم چرکاند، وامزانی نەماوە، بەڵام پاش کەمێک بینیم بەئازاری سوتانەوە دەتوانێت ھەناسە بدات". کریس ووێنەی ئەو کەروێشکەی لە ناوچەی مالیبۆ چرکاندوە لە کالیفۆرنیا، لەپاش ئەوەش دەتوانێت کەروێشکەکە بداتە دەست ئەو کەسانەی، کە لەنێو تیمی ڤرتنەری دیاریکرابون، بەمەبەستی پاراستن و چارەسەرکردنی ئاژەڵەکان.

  کەروێشکە سوتاوەکە نەک لەدەغڵو دانە سوتاوەکەی کەرکوک نەبوو، بەڵکو بەتەنھاش نەبوو، ئەو کەبرا بۆ چارەسەرکردن لە کەمپی ڤێرتنەری لە ناوچەی بیوتی لەکالیفۆڕنیا، چەندین جۆری دیکەی ئاژەڵی وەک سەگ و پشیلەو زەڕافەو گوێدرێژ و ئەسپ و قەل و مریشک و کەڵەشێر و بەرازو قازیشی لەگەڵدا بوو، کاپتن Fire Steve Millosovich کەیەکێکە لەپیاوانی ئاگر کوژێنەوە دەڵێت " لەنێو ئاگرەکەدا زۆر ئاژەڵمان رزگارکرد، ئەوەی ئازاریداین، سوتانی ئەو کەروێشکەبوو، بەڵام ئەوەی ببوە جێگای شۆکبون، ئەو کەروێشکە بەسوتاویش لەژیاندا مابوو ". رۆژنامەی ئەلەکترۆنی دەیلی مەیلی بەریتانی چیرۆکە جیاوازەکانی ئەو رۆژە لەزاری شایەتحاڵەکان دەگێڕێتەوە، لەپەنای ئەوەشدا ئاماژەی تەواو دەخاتە سەر ژیانی ئەو کەروێشکەو لە دیمەنێکی ڤیدیۆییدا نیشانی ئەدات، کە ئەو کەروێشکە چارەسەر کراوە، لەنێو ژیانێکی تایبەتدا دەستیکردۆتەوە بە جوڵەو بزۆکی، جیاواز لەو چیرۆکانەی کە ئەو کەروێشکەیان بە بەشێک لە سروشتی کەرکوک دەچواند.

 دەبێت ئەو راستییە دەزانین، کە (فەیک نیوز)، گرێ و کۆڵەی دونیایی رۆژنامەگەرییە، بەشێکە لەشێوێنەری ووێنای راستەقینەی ھەواڵ، لەوەش کارەساتتر ئەوەیە، کە فەیک نیوز زۆر بە زووی دەگاتە دەمی خەڵک، چونکە سەرچاوەی ھەواڵەکەی، سۆسیال میدیایە نەک ماس میدیا، لەوەش کارەساتتر ئەوەیە، کە ماس میدیا (رۆژنامە، تەلەفزیۆن و ماڵپەڕو رادیۆو گۆڤار) قسەی لەسەر نەکەن و نەتوانن یان نەیانەوێت ئەو ھەواڵە فەیکە راست بکەنەوە.


سەرچاوە:
https://www.dailymail.co.uk/news/article-٦٣٨٣٨٠٩/Heartbreaking-images-animals-injured-California-wildfires-killed-٤٤.html?fbclid=IwAR٢٦r٢iV٩OuL٣XxeMgF٩NLS-jEWc٧jmzUSSCRU٢k٢C١Zo_fQXSSXCEf٦٦Pc

https://www.mirror.co.uk/news/us-news/california-fire-devastating-images-burned-١٣٥٨٤٦٣٥

http://www.ladbible.com/news/news-horrifying-images-show-the-animals-injured-in-california-wildfires-٢٠١٨١١١٣

https://www.thenewsminute.com/article/fact-check-images-burnt-animals-supposedly-bandipur-fire-are-fake-٩٧٣١٤