سەردێڕ:

ئەو پیاوەی ھەمومانی گریاند

5/22/2019 3:07:52 PM
8557 جار خوێندراوەتەوە
زمناکۆ ئیسماعیل
+ -

گەر دەپرسی داد و گریان و فوغانــم بۆ چییە
ڕاستە باوکمردە نیم ئەمما جگەرسووتاوی تۆم
کوردی 

گریان و مرۆڤ دوو خەسڵەتن ناتوانرێت لەیەکتر جیا بکرێتەوە، ئەمەش بەشێکە لەپێکھاتەی مرۆڤ، لەپشکنینی زانستیدا گریان قسەو باسی زۆری لەسەرە، پڕۆسەی گریان، کە بە ڕشتی فرمێسک دەستپێدەکات، لەڕوی زانستییەوە، ھەردوو رەگەزی مرۆڤ لەچرکەساتی لەدایکبونەوە بۆ تەمەنی ١٣ ساڵی، بەیەکسانی دەگرین، بەڵام لەپاش ئەو تەمەنە، رەگەزی نێر یان پیاو لە ساڵێکدا شەش بۆ ١٧ جار دەگری، بەڵام رەگەزی مێ یان ژن ٣٠ بۆ ٦٤ جار دەگری، مرۆڤیش بەدرێژایی ژیانی، ١٠٠ لیتر فرمێسک دەڕێژێ، لەھەمانکاتدا بۆ ھەر جارێکی گریان، پیاو دوو خولەکی پێدەچێت، بەڵام ژن شەش خولەکی پێدەچێت، لەڕوی زانستییەوە پیاو گریان دەشارێتەوە، بەڵام بۆ ژن بەپێچەوانەوە، ناتوانێت دەست بەسەر ھەستی خۆیدا بگرێت، ئەوەش وایکردوە کە بەئاشکرا و بەبێ پەردەو شاردنەوە بگری، بەڵام ئەو رۆژەی کە بیرمەندو سیاسەتمەداری کورد، نەوشیروان مستەفا ئەمین رەوانی شادبوو، ھیچ کەسێک نەیدەتوانی گریانی بۆ ئەو پیاوە بشارێتەوە.

   رەوانشاد نەوشیروان مستەفا ئەمین، زاناو بیرمەندو سیاسەتمەداری کورد، لە رۆژی ١٩ ی مەی ٢٠١٧ رەوانی شادبوو، بەمردنی ئەو کەڵە پیاوە، بەتەنھا بۆشایی و کەلێنی لەنێو دوا پڕۆژەی سیاسی خۆی، بزوتنەوەی گۆڕاندا دروست نەکرد، بەڵکو مردنی ئەو، کاریگەری ھەبوو لەسەر کۆی پڕۆسەی سیاسی ھەرێمی کوردستان و ناوچەکە، ھەربۆیە ئەو رۆژەی ئەو پیاوە مرد، ھەموان بۆی گریاین، ئەو رۆژانە زۆر ووێنەم چرکاند و زۆر دیمەنی ڤیدیۆیی گریانم تۆمارکرد، ھەتا چلەی کاک نەوشیروان چوو، بەبەردەوامی دیمەنی ڤیدیۆیی گریانی خەڵکم تۆمار دەکردو ووێنەم دەچرکاند، کەسانێک نەیان دەشاردەوە، کە ھۆکاری گریانیان بۆ مەرگی ئەو زاناو بلیمەتە، دەگەڕێتەوە بۆ بێکەس بونی ھاوڵاتیان لەپاش مەرگی ئەو.

 بەدرێژایی مێژوی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان و لەپاش نەکسەکەی ١٩٧٥، ئەو کەسانەی کە ھەژارو نەداربون، نەوشیروان مستەفایان بە پەناگەی خۆیان دەزانی، ئاخرد میللەتێک بەدرێژایی مێژوو، کە دەست سوتاوی سەرکردەو بەرپرس و سیاسەتمەدارانی نێو شۆڕشەکانی خۆیەتی، چۆن ھەست بەتەنھایی پاش مەرگی نەوشیروان مستەفا ناکات، ھەر بۆیە ئەو رۆژگارەو لەپاش مردنی نەوشیروان مستەفا، درکییان بەوە دەکرد، ئەو بەتەنھا سەرکردە بوو، کە خەمخۆری راستەقینەی گەل و خاک و خەڵکەکەی بوو، ھەر ئەوەش بوو وایدەکرد، کە خەڵک ببینین، بۆ رەوانشادبونی نەوشیروان مستەفا دەگری، بۆ یەکەمجار بوو ببینین، لەمزگەوتی گەورەوە کەتەرمەکەی بەڕێکرا، ھەتا ناشتن و ئەسپەردەکردنی بەخاک لە گردی زەرگەتە، پیاوو ژن بەئاشکرا دەگریان، لەسەر شەقام و لەنێو کوچەو کۆڵانەکانی شاردا دەگریان.
   ئەگەر لەمڕۆدا بتوانین، گریانی ئەو رۆژەی خەڵک تێبینەر بکەین و بیخەینە بەردەم ووردگەری و تێڕوانین، دەبێت ووێنەکە بەم جۆرە وەربگرین و بپرسین، بۆ خەڵک بۆ نەوشیروان مستەفا دەگریا؟!.

نەوشیروان مستەفا ئەمین، ناوێک لە ناوەڕاستی شەستەکانەوە دروستبوو، ئەو لەسەردەمی لاوی و گەنجیدا، بە قەڵەمێکی بەھێز ھاتە نێو مەیدانی کارکردن، لە رۆژگاری دانانی بیرو فکری شۆڕشگێڕی، ھەتا رۆژگاری دوای ھەرەسی شۆڕشی کورد لە ساڵی ١٩٧٥، ئەم کەڵە پیاوە کۆڵی نەدا، بەتەنھا لەخەمی گەل و میللەتەکەیدا بوو، لەرۆژگاری راپەڕین ھەتا دەگەینە ئەو رۆژگارەی، کە پیرە ھەڵۆ توانی بزوتنەوەی گۆڕان دروست بکات و خەڵک لەدەوری بیرو ھزری گۆڕانکاری کۆ بکاتەوە، بەدوا پڕۆژەشی کە بزوتنەوەی گۆڕان و دروستبونی ئۆپۆزسیۆن بوو، چوار پایەیی بەھێزی بۆ خۆشگوزەرانی گەلەکەی دانا.

یەکەم: دروستکردنەوەی شۆڕش لەپاش ئاشبەتاڵەکەی ١٩٧٥، لەگەڵ چەند ھاوڕێیەکی سیاسی و ھاوخەبات و ھاوتەمەنی خۆی.
دوھەم: گڕوتینی فکری نەوشیروان مستەفا کڵپەی راپەڕینی بەدوای خۆیدا ھێناو توانی راپەڕین بخاتە نێو لاپەڕەی مێژووی خۆی، ھەتا ئەو ئاستەی کە مام جەلال پێی دەڵێت "نەوشیروان مستەفا"، ئەندازیاری راپەڕین بوو.
سێھەم: لەپاش راپەڕین و لەرۆژی ١٩ ی مەی ١٩٩٢، بە فکرو تێڕوانینی ئەو بیرمەندە، کورد توانی خەباتی شاخ بھێنێتە شارو مەدەنیانە بچێتە سەر سندوقەکانی دەنگدان، بەوەش نەوشیروان مستەفا، بوو بە ئەندازیاری دروستکردنی حکومەت و پەڕڵەمان و یاسا لەھەرێمی کوردستان.
چوارھەم: نەوشیروان مستەفا ئەمین، توانی ئۆپۆزسیۆنێکی کارای وەک بزوتنەوەی گۆڕان دروست بکات، ئەوەش لە ٢٥ ی ٧ ی ٢٠٠٩ دا بوو، لەو ڕوانگەدا توانی، برەو بە یەکەم چەکی خەباتی خۆی بدات، ئەویش قەڵەمی بەھێزی کاری رۆژنامەگەری بوو.

رەوانشاد نەوشیروان مستەفا ئەمین، لەسەرجەم خەباتی ئەو چوار قۆناغەدا لەسەر سێ چەمکی فکری کاری دەکرد (پاکسازی، رێکسازی، چاکسازی)، ئیدی بۆ ھەرقۆناغەو بەجۆرێک ئەو چەمکانەی بەکاردەھێنا، لەھەماکاتدا دەیزانی چۆن ئەو چەمکانە بخولێنێتەوە لەنێو بازنەیەکدا، ئەویش بازنەی بیرو ووردگەری نەوشیروان مستەفا بوو، کە پێکھاتبوو لەخۆشەویستی بۆ خاک و خەڵک و نیشتیمانەکەی، بەڵام لەپاش مەرگی ئەو کەڵە پیاوە، دەبێت ھۆنراوەکەی موفتی پێنجوێنی بڵێینەوە.

موددەتێکە من بە مەخفی، شیوەن و گریان ئەکەم
ھەر خەیاڵی خاک و قەومی، میللەتی کوردان ئەکەم
ڕوو بەسەحرا سەر ئەنێم و قوڕ ئەپێوم پڕ بەدڵ 
بێ خەبەر وا تێئەگەن، من بێ خەمم سەیران ئەکەم.