سەردێڕ:

ریزی مەرگ و خەندەی مەرگ، بە لاڕێدابردنی کەیسی ئەنفال

4/19/2019 12:33:10 PM
3471 جار خوێندراوەتەوە
زمناکۆ ئیسماعیل
+ -

ھەموو ساڵێک کە نزیک بە مانگی نیسان دەبینەوەو پێ دەنێنە نێو چواردەھەمین رۆژی ئەو مانگە، لاپەڕەی بەکارھێنەکانی سۆشیال میدیای وەک فەیسبوک و تویتەرو ئینستاگرام، پڕ دەبن لە وێنەی کارەساتی ئەنفال، لەنێو سەرجەم وێنەکاندا، وێنەی ریزێک منداڵ دەبینین، کە وەستاون رووەو شوێنێکی ئاراستەکراو.
 ئەم وێنەیە بەبەردەوامی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دەتەنێت، بەکارھێنەرانیش وەک ووێنەی (ریزگرتنی منداڵان لەکاتی ئەنفالدا بۆ مەرگ) ناوزەدی دەکەن، بەڵام راستینەی وێنەکە و چیرۆکی پشت وێنەکە، ریزگرتنی منداڵانی ھەڵھاتووە لەمەرگ، ئەوان ریزیان گرتووە بۆ ژیان نەک مەرگ، وەک ئەو چیرۆکە باوەی کە بۆ وێنەکە داتاشراوەو دەڵێت "ریزی مەرگ و خەندەی مەرگ"، زۆری ویست ھەتا خاوەنی راستەقینەی ئەم وێنەیەمان دەستنیشانکردو توانیمان بیدۆزینەوە، ئەوەش ئاسان نەبوو، بەڵکو لەڕێگای چەند ھاوڕێیەکەوە، توانیمان خاوەنە راستەقینەکەی ئەو وێنەیە دەستنیشان بکەین، ئەو لەڕێگای ھەرسێ ئەکاونتی تایبەتی خۆی، لە (ئینیستاگرام و تیلیگرام و فەیسبوک)، نوسیویەتی "وەک بیرھێنانەوەو دڵنیاکردنەوەیەک، وێنەیەک دانراوە بەناوی شاڵاوی ئەنفال، ئەو وێنەیە ماوەیەکی زۆر بەناوی (ریزی مەرگ و خەندەی مەرگ)، دەستاو دەستیکردووە، بەڵام راستی ئەو وێنەیە ئەنفال نییە". 
بەدوای چیرۆکی پشتی وێنەکە چووم و لەڕێگای ھاوڕێیەکی وێنەگرەکەوە بۆم دەرکەوت، خاوەنی راستەقینەی وێنەکە (جاسم غچبانپور)ە، ئەو خەڵکی خوڕمشھرە لەئێران، لە ساڵی ١٩٦٣ لەو شارە لەدایکبووە، لەساڵی ١٩٧٦ دەستی کردووە بەکاری وێنەچرکاندن، وەک وێنەچرکێنێکی لێھاتوو ناسراوە، لەشەڕی نێوان ئێران و عێراقدا، لەنێوان ساڵەکانی ١٩٨٣ بۆ ١٩٨٨، چالاکانە کاری چرکاندنی ووێنەکانی ئەو جەنگەی کردوە.
دەربارەی چیرۆکی پشت وێنەکە ئەوەم بۆ ئاشکرابوو، ئەو وێنەیە لەساڵی ١٩٨٨ چرکاوە، ئەوکاتەی خەڵکانی نێو گوندەکانی گەرمیان، لەدەست رژێمی بەعس ھەڵھاتن و پەنایان بۆ ئۆردوگاکانی ئێران برد، یەکێک لەرۆژەکانی کۆتایی مانگی چوار، جاسم غچبانپور و وێنەگری شەھید کاوە گوڵستانی، روو لەو ئۆردووگایە دەکەن بۆ ئەوەی وێنەی ئاوارەکان بچرکێنن و لەڕۆژنامە ئێرانییەکاندا بڵاوی بکەنەوە جاسم غچبانپور لەبارەی چیرۆکی پشت ئەو وێنەیەوە دەڵێت "ئەو رۆژەی ئەو وێنەیەم چرکاند، منداڵان ریزیان گرتبوو بۆ ئەوەی خواردنیان پێبدرێت، ئەو وێنەیە یەک دانەی بڵاوکراوەیە، لەکۆی دوو فیلمی ٣٢ وێنەیی، لەھەمانکاتدا چەندان وێنەی دیکەی ناخۆشی و ئاوارەیی کوردەکانی عێراق و ئۆردوگام لەلایە، ھەتا ئێستا بڵاوم نەکردونەتەوە". دەربارەی ئەو چیرۆکە ناڕاستەی کە لەسەر ئەو ووێنەیە نوسراوە و دەڵێت " تکام وایە کە ئەم چیرۆکە راستەقینە لەمن وەربگرن، ئەوان ریزیانگرتبوو بۆ ژیان نەک بۆ مەرگ". 
تاوەکو ئێستا، بەھۆی بەلاڕێدابردنی کەیسی ئەنفال، لە وڵاتانی جیھان نەتواندراوە وەک جینۆساید بناسرێنێت، سەرباری کەمتەرخەمی حکومەتی ھەرێم و بونی ململانێێ حیزبی و کەوتنە ناو گەمەی شەڕی ناوخۆ و شەڕی پلەو پۆستی حیزبەکان، لەھەمانکاتدا وەک پێویست نەتوانراوە ئیش بۆ کۆکردنەوەی وێنەو بەڵگەکانی ئەنفال بکرێت، یەکێک لە ھۆکارەکان ئەوەیە، لەکاتی خۆیدا حکومەتی بەعس، زۆربەی بەڵگەکانی وەک تۆماری ڤیدیۆو فۆتۆی چرکاوی ئەو کەیسەی لەناوبردووە، لەوەش کارەساتتر ئەوەیە، کە دەبینین لەڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، ھەواڵی فەیک و فۆتۆو ڤیدیۆی فەیک لەسەر ئەو کەیسە بڵاو دەکرێتەوە، چ بەزانین بێت یان بەنەزانین، ئەمە کارەساتە، کێشەیەکی گەورەیە لەسەر بەلاڕێدابردنی ئەو کەیسەو، لیخنکردنی گۆمی سیاسی ئەنفال.

وێنەی یەکەم: ئەو ووێنەیەیە کە بەناوی (ریزی مەرگ و خەندەی مەرگ) داندراوە و دەگوترێت منداڵانن کە ریزکراون بۆ مەرگ

وێنەی دووەم: وێنەیەکی دیکەی ھەمان رووداو لەزاوییەی ٤٥ چرکاوە

وێنەی سێھەم: ووێنەیەکی دیکەی ھەمان ئەو منداڵانە کە لەپشتی ریزەکەوە چرکاوە بەمەبەستی وەرگرتنی خواردن لە نێو ریزدا


وێنەی چوارەم : ووێنەیەکی جاسم غچبانپور