سەردێڕ:

رۆژنامەنووسێکی تیرۆرکراو، لەکونجی زینداندا دەژی

8/9/2019 4:31:33 PM
6802 جار خوێندراوەتەوە
زمناکۆ ئیسماعیل
+ -

تیرۆرکردنی رۆژنامەنوسان لەھەرێمی کوردستان، یەکێکە لەو چەمکە قێزەون و بێزراوەی، کە چەندین ساڵە ئێمەی ھاوڵاتیانی ئەم ھەرێمە، پێی ئاشنابووین، لەڕابردودا چەندین ھەوڵی زۆر دراوە کە تیرۆری رۆژنامەنووسان رابگیرێت، چەندین رۆژ و کات و سات خراوەتە سەریەک، بۆ ئەوەی کە تیرۆری رۆژنامەنوسان رابگیرێت، بەڵام ھەتادێت ئەم تیرۆرکردنە، لەشێواز و فۆڕمی دیکە زیاترو بەرفراوانتر دەبێت، لەتازەترین تیرۆرکردنی رۆژنامەنووسانی ھەرێمی کوردستاندا، زیاتر لە بیست رۆژە رۆژنامەنوسێکی تیرۆرکراو، لە کونجی زیندانەکانی پارتیدا دەژی، بەڵام بێدەنگییەکی کوشندە، باڵی بەسەر رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کۆی گشتی میدیا و رۆژنامەنووسان و خاوەن قەڵەمە ئازادەکاندا کێشاوە، بێدەنگییەکی شێوە خنکێنەر، کە بۆ داھاتووی کاری رۆژنامەگەری و ئازادی رادەربڕین، رێگرییەکان زیاتر دەبن و نەفەسی ئازادی کارکردن، بەتەسکتر دێتە پێشچاو، بە جۆرێک، رۆژنامەنووسان چاو ترسێن دەبێت، لەلایەک شەقام و رۆژنامەنووسان لەیەک دەترازێنێت، لەلایەکی دیکە، گروپ و رێکخراو و چالاکوانان لەیەکتر دور دەخاتەوە، بەو ئامانجەی کەبەرگریکاری کاری یەکتر و پاڵپشتی کاری یەکتری نەبن لە کارکردندا.

لەمڕۆژەدا بەڕونی ئەوە بەرامبەر بە رۆژنامەنوسی تیرۆرکراو، (زوبێر برادۆستی)، دەبینین، ئەو رۆژنامەنووسەی کە ماوەی بیست رۆژە، بەھۆی تۆمارکردنی دیمەنی بۆردومانی ناوچەی برادۆست، لەلایەن سوپای تورکیا و گواستنەوەی ئەو ھەواڵە بۆ (ئاژانسی رۆژنیوز)، لەلایەن ھێزێکی پارتی دەستگیرکراوە و تا ئێستا چارەنوسی نادیارە، ئەوەش تیرۆرکردنێکی دیار و بەرچاوە، کە دەیبینین بەرامبەر بەرۆژنامەنوسێک، لەو جۆرە تیرۆرکردنەیە، کە خوێنی نەڕژاوە و لەژیاندا ماوە، بەڵام لەکونجی زیندانەکاندا دەیھێڵنەوە و بە گوتەی خۆیان "دەیکەن بە عیبرەت بۆ چاوترسێنکردنی رۆژنامەنووسانی دیکە"، بۆ بەرچاو ڕونی دەبێت ئەوە بزانین، کە تیرۆرکردن چەمکێکی قوڵی فکری و فەلسەفییە، لە دێر زەمانەوە ھەتا ئەمڕۆ، قسە و باسی زۆری ھەڵگرتوە، لە نەوەدەکانی رابردودا مایکڵ لیمەن کە باسی تیرۆریزم دەکات و دەڵێت " لەبنەڕەتدا تیرۆریزم بریتییە لە کەڵک وەرگرتن لە توندوتیژی، یان ھەڕەشەی بەکارھێنانی توندوتیژی، بەجۆرێک گروپ و ھێز و کەسانێک، بەمەبەستی بەرەو پێشبردنی ئامانجێکی دیاریکراو لەبەرژەوەندی خۆیان، چاوترسێنی ھاونیشتیمانی و ھاوڵاتیان دەکەن، ئەوەش لەڕێگای نایاسایی وەک ( کوشتن، گرتن، ھەڵکوتانە سەر کەسایەتی و ڤڕاندن و وونکردن و بەبارمتەگرتن)".

لەڕوانگەی ئەو پێناسەیەی مایکڵ لیمەن، دەستگیرکردنی رۆژنامەنوسی ئاژانسی رۆژنیوز، (زوبێر برادۆستی)، تیرۆرکردنە، لەو جۆرە تیرۆرکردنەیە کە خوێنی نەڕژاوە، بەڵام بۆ چاوترساندنی رۆژنامەنووسانی دیکە، لە کونجی زینداندایە، ئەم جۆرە تیرۆرکردنە مەرگی رانەگەیەندراوە، بەڵام لەو ڕوانگەیەوە مەرگی ئازادی رۆژنامەنوسی راگەیەنراوە، چونکە ئەو بێدەنگییەی بەرامبەر بەدەستگیرکردنی رۆژنامەنووس زوبێر برادۆستی دەیبینین، عەیبەیەکی گەورەیە لەسەر قەڵەم و کیبۆرد و کامێرای رۆژنامەنوسان و میدیاکاران، عەیبەیەکی گەورەیە لەگەردنی یەکەبەیەکەی پەرلەمانتارانی ھەرێمی کوردستان و پەرڵەمانتارانی کورد لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، عەیبەیەکی گەورەیە بەناوچاوی رێکخراو و میدیا و رۆژنامە و سەنتەر و ئاژانس و ھەموو گروپ و تاقم و کەسیک کەکاری رۆژنامەنوسی دەکات، بە میدیایی حزبی و حکومی و ئەھلی و ئازاد و تاکەکەسی و بازرگانی، عەیبەیەکی گەورەیە بە تەوێڵی ئەو رێکخراوانەی کە بۆ بەرگری ئازادی رادەربڕین و دروستبون.

 ئەمڕۆ زوبێر دەستگیرکراوە و تیرۆری کەسی کراوە و لە سوچی زینداندایە، سبەی من و تۆش ھەمان چارەنوسمان دەبێت، دوێنێ سۆران و سەردەش و کاوەو وویدات و دەیان رۆژنامەنوسی دیکە، تیرۆرکران و خوێنیان بەناھەق ڕژێندرا، کەیسی خوێن ڕژانیان بەلاڕێدا برا، بەڵام ئەو کەیسانە بەتەنھا لەگەردنی دەسەڵاتدارانە، رۆژی خۆی دێت، بکەرانی ئەو تیرۆرکردنە لەبەردەم دادگای دادپەروەرانەی خەڵک، ریز بکرێن و بەسزای خۆیان دەگەیەندرێن، بەڵام کەیسی رۆژنامەنوسێکی دەستگیرکراو، لە گەردنی ھەر یەکەماندایە تا ئازاد دەکرێت، لەوڕوانگەیەوە زوبێر برادۆستی، لەگەردنی ئێمەدایە و دەبێت رێگای ئازادبوونی بۆ بدۆزینەوە، دەبێت بەر لەھەموو کەس من و تۆ دەنگ ھەڵبڕین، داواکارییەکانمان بگەیەنینە بەشوێنی مەبەست، ھەتا گوشار بخەنە سەر حکومەتی ھەرێم و حکومەتی عێراقی و چارەنوسی ئەو رۆژنامەنوسە، دیاری بکەن، بە بێدەنگی من و تۆ بەراوبەر بەو تیرۆرکردنە، بەشێکین لە کردەی فڕاندن و تۆقاندن و گرتنی رۆژنامەنوسان، وەک گاری پۆتەر دەڵێت "تیرۆرکردن نانەوەی کەشێکی ترسناکە بۆ چاوترساندن و تۆقاندن"، خوێنی زوبێر برادۆستی، بەرلەوەی لە ئەستۆی دەستگیرکارانی بێت، لە ئەستۆی ئەو کەسانەشدایە کە بێدەنگن بەرامبەر بەو تیرۆرکردنە، لەپاش تیرۆرکردنی لاشەو تیابردن و لێسەندنەوەی ژیانی، نە شەقام گرتن و خۆپیشاندان، نە گوتار و پیاھەڵدانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و فەیسبوک، نە پەیککار بۆ کردن و بەستنی نەمەراسیم و بەخشینەوەی خەڵات، ژیان بەبەژنی ئەو رۆژنامەنووسەدا ناکەنەوە، بەڵام بێدەنگینەکردنی ئەمڕۆی من و تۆ، دەتوانین ژیانی بۆ بگێڕینەوە، با من و تۆ بەشدار نەبین لەم تیرۆرکردنە و دەنگ ھەڵبڕین بۆ ئازاد کردنی.