سەردێڕ:

پارتی STOP‌

5/28/2019 3:48:18 PM
12328 جار خوێندراوەتەوە
بەختیار شاوەیس
+ -

لەدوای ئیمزاکردنی ڕێککەوتنی ستراتیژیەوە، پارتی بەردەوام ئەم ڕێککەوتنەی ئیستغلالکرد بۆ بەھێزکردنی خۆی و لاوازکردنی یەکێتیی. تەنھا جیاوازیەکیش لەمەدا ئەوە بوو کە یەکێتیی بەرژەوەندی خاک و خەڵکی کوردستانی دەخستە سەرووی بەرژەوەندی حیزبیەوە، و پارتیش بەرژەوەندی خەڵک و خاکی کوردستانی دەخستە ژێر بەرژەوەندی حیزب و بنەماڵەوە. خۆ ئەگەر نا لە ساڵی ۲۰۰٥ لەھەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نیشتمانی عێراق ، یەکێتیی بەتەنھا خۆی ۳۰ھەزار دەنگ زیاتری ھێنا لە پارتی و ۱٤ حیزبیتر کە ناوی خۆیان نابوو ھاوپەیمانی دیموکراتەکان. ئاماراکان ماون.

ئەم ئیسغلالکردنەی یەکێتیی لەلایەن پارتی بەھۆی ڕێککەوتنەکەوە بەردەوام بوو ھەتا گەشتە ئەوەی کە لە ساڵی ۲۰۰۹یەکێتیی لەتکردوو حیزبێکی تری لێجیابوویەوە بەناوی گۆڕان ، کە بەشی زۆری ھۆکاری جیابوونەوەیان بۆ ڕێککەوتنی ستراتیژی و تەنازولی یەکێتیی دەگەڕاندەوە و دواتر لەسنوری سێ پارێزگاکەی ھەرێم بەشە زۆرەکەی دەنگەکانی یەکێتیان بۆخۆیان برد و پارتیش نەک موراعاتی یەکێتیی نەکرد بەڵکو لەبەغداد کێشەیان بۆ مام جەلال دروست دەکرد و بەتەھدید و ھەڕەشە و دەرھێنانی نەوت دەیان سەرئێشەیان بۆ مامجەلال خوڵقاند. لەدوای نەخۆشکەوتنی مام ھەر بەردەوام بوون و لەڕاگەیاندن فرمێسکی تیمساحیان دەڕشت و لەبنەوەش کەوتبوونە بنکۆڵکردنی یەکێتیی ، و دواتر لە ۳۰حوزەیران بەناوی ڕێککەوتن و برایەتیەوە گۆڵێکی تریانکرد و دواتریش کەدەنگەکانی یەکێتیی کەمیکرد و ۱۸کورسیمان ھێنا، پارتی بەبێ یەکێتیی حکومەتی لەگەڵ گۆڕان پێکھێنا. لەگەڵ ئەو گۆڕانەی کە ھۆکاری دروستبونی تەنھا ئەوەبوو کە یەکێتیی نزیکە لەپارتی نەک دژایەتی گەندەڵی و گۆڕانکاری، چونکە ئێستا ئیتر ھەموو شتێک ڕوونبوەتەوە کە بۆ و ئامانجی سەرەکیان چیە.

لەم سەرووبەندەی پێکھێنانی حکومەتی نوێی ھەرێمی کوردستان ، دەبێت پارتی و بڕیار بە دەستەکانی لەوە تێبگەن کە سیاسەتی یەکێتیی گۆڕاوە و ئەوەی پێشتر نیە، دەبێت لەدوای بردنەوەی سەرۆک کۆماری عێراق و دواتریش ئامادەنەبوونی یەکێتیی لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکی ھەرێم و سووربون لەسەر ھەڵوێستەکانی، ئیتر کاتیەتی کە ھەموو ئەمانە ببێتە ھۆی مراجەعەکردنی سیاسەتی پارتی لەگەڵ ئێستای یەکێتیی و ھەزمی ئەوە بکات بڕیاری دروستی یەکێتیی لای کەسانێکی گەنج لەتەمەن و گەنج لەئەزموونی ململانێی پارتی بوونی ھەیە و چەندین ساڵە سەرکردایەتی ناسینی گەبیعەتی سەرانی پارتی دەکەن و پێکەوە بڕیاریانداوە کە  زەمەنی تاکڕەوی گوزەشت و لەھەر ڕووداوێکدا کە فێڵ و تەڵە و قۆڕخکاری و تاکڕەوی تیابێت ، بەپارتی دەوترێت STOP.

پارتی و پڕۆپارتییەکان سەرکەوتن لە ھەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی ھەرێم، بەڵام خۆ ئەگەر لەپەرلەمانەکەی دوای ۳۱ی ئاب کە لە ھەولێر درووستیان کردبوو ، ھەڵبژاردنیان بکردایە ھەمان دەنگی ئێستایان دەھێنا.

پارتی و حیزبە پرۆ پارتییەکان ، سەرکەوتن بەوەی پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکوک دانەنرێت، بەڵام خۆ کە ئیدارەکەیان جیاکردەوە وەک چۆن ئێستا کاری بۆ دەکەن ، کەرکوک لەسەر ئەو ئیدارە دەبێت کە نیوەی دەنگەکانی ھەموو پارێزگاکەی بردووە.

ھەربۆیە ئەوەی کەلای خەڵکی کوردستان ڕوونبویەوە ئەوەبوو کە:

یەکێتی لەبەر ساغنەبوونەوەی کەرکوک بایکۆتیکرد و دەنگی بە سەرۆکی ھەرێم نەدا کە ئەمە لە داھاتوو مانای زۆر ھەڵدەگرێت، ھەر وەک لەئێستادا  بە پارتی وت ئیتر تۆ بڕیاری شتەکان نادەیت.

ھەروەک لەلایەکی دیکەوە، ئەم ڕووداوە پێی ووتین کە ئەوانەی ناوی پڕۆپارتیان لەبەشێک لەسەرکردەکانی یەکێتیی نابوو، ئێستا بێئاگان لەوەی کەخۆیان بەکۆمەڵ و بەحیزب بونەتە پڕۆ پارتی و شێت و شەیدای فلس و عانەن و لەسەر پۆست و پلە و پول بەربونەتە گیانی یەکتر.