سەردێڕ:

لوتکە پەرلەمانییەکەی بەغداد

4/23/2019 6:57:36 PM
3212 جار خوێندراوەتەوە
بەختیار شاوەیس
+ -

بەغدادی پایتەخت و ھۆڵەکەی فندق ڕەشید بە ‌دیاریکراوی بووە شوێنی کۆکەرەوەی دەسەڵاتی تەشریعی دەوڵەتانی دراوسێی عیراق و مەسەلە ‌گرنگەکانی سەقامگیری و پەڕەپێدان بوونە فاکتەری گەرانەوەی بەغداد بۆ ڕۆڵە میحوەریە ئیقلیمی و نێوەدەوڵەتیەکەی.
بەخوێندنەوەی لێکەوتەکانی ئەم لوتکەیە و ھەلومەرجی گۆڕانکاریەکانی ناوچەکە و دۆخی سیاسی لەئاستی ناوخۆی وڵات دەکرێ ھەندێک ئاماژە بەدیبکرێت کە ‌تیشک دەخەینە سەریان;

١- لەئاستی دیپلۆماسی: گەڕانەوەی  ھێزی عێراقە لە ئاستی پەیوەندیە دەرەکیەکان و جموجوڵە دیپڵۆماسیەکان و فراوانکردنی ئاسۆی ئەم تێگەیشتنەیە بەوەی کە بەتەنھا دەوڵەتانی عەرەبی دراوسێ نەگرێتەوە، بەڵکو ئێرانیەکان و تورکەکانیش بەجیاوازی باکگراوندی تائیفی و زمان و ڕیزبەندی ستراتیژی و قوڵای مێژوویەوە دێن لە بەغداد بەشداری دەکەن لە گردبونەوەیەکدا کە ھێڵەگشتیەکانی لەسەر سەقامگیری و پەرەپێدان دامەزراوە و ئەم خاڵەش ڕاستەوخۆ کاریگەری دەبێت لەسەر;

٢-لەئاستی سەقامگیری; لوتکەکە ھۆکارێکی ئیجابی دەبێت بۆ سەقامگیربونی دۆخی عیراق لەڕووی ئەمن و ئاڕامیەوە، چونکە لەساڵانی ڕابردوودا بەشێکی سەرەکی لە ھۆکاری تێکچونی ئاسایش و ئەنجامدانی کارو کردەوەی تیرۆریستی پەیوەندی بە ‌دزەکردنی تیرۆریستانەوە ھەبوو کە ‌لەوڵاتانی دراوسێوە دەھاتن و لە ‌عیراق چالاکیەکانیان ئەنجامدەدا، تەنانەت لەحوزەیرانی ٢٠١٤ داعش لەسنورەکانی سوریاوە ھاتنە موسڵ و دواتر دەستیان گرت بەسەر پانتایەکی فراوان لەخاکی عیراق و دەیان و سەدان کارەساتی گەورەی مرۆیی و مەعنەوی و ماددیان لێداین. ھەربۆیە ڕووبەڕوبونەوەی تیرۆر و چەسپاندنی سەقامگیری ئەگەر لە ‌دیوێکدا وابەستەی زەمینە فکری و پەروەردەییە ناوخۆیەکەی عێراق بێت، ئەوا لە دیوەکەی تردا گرێدراوە بە پتەوکردنی پەیوەندی نێوان دراوسێ و تەنسیق و ھاریکاریکردنی زیاتر لەنێوان دەوڵەتان کە ‌کاریگەریە ئیجابیەکانی ئەمە نەک بە ‌تەنھا بۆ خودی عیراق بەڵکو بۆ دراوسێکانیشیەتی. ئەم خاڵەش دەبێت فاکتەری;

٣- لەئاستی پەرەپێدان: حاڵی حازر عیراق و پڕۆسە سیاسیەکەی لە ‌قۆناغی ئاوەدانکردنەوە و وەبەرھێنان و نەھێشتنی ئاسەوارە وێرانیەکانی دوای داعشدان، ھەربۆیە بەشداری چالاکانەی ئەم دەوڵەتانەی دراوسێ و وەگەڕخستنی کۆمپانیا وەبەرھێنەکانیان دەبێتە ھەوێنی ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکانی سنووری موسڵ، بەغداد، فەلوجە، کەرکوک، ئەنبار، دیالە و سەڵاحەدین کە زیانی گەورەیان بەرکەوتووە. ھەروەک دەکرێ لەڕەھەندێکی دیکەوە کاریگەری ھەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی خزمەتگوزاری لە پارێزگای بەسرە.

ماوەتەوە بڵێین: لوتکەکە گرنگ و کاریگەرە بۆ ئێستای عیراق و پێشخستنی پڕۆسەی سیاسی بەڵام گرنگتر لەمە ئەوەیە کە ‌لە ‌داھاتوودا بەرھەمە کردارییەکانی ئەم لوتکەیە دەرکەوێت و خاڵەکانی بەیانی کۆتاییەکەی بە ‌پڕۆژەی کرداری ڕەنگبداتەوە.