سەردێڕ:

نوێبوونەوەی یەکێتیی.. لە رەفتار تا رووخسار

11/16/2019 4:17:46 PM
4713 جار خوێندراوەتەوە
بەختیار شاوەیس
+ -

(١) 
لەدوای دابەزینی جەماوەری یەکێتیی و پاشەکشەکردنی ئەم حیزبە لەتاقیکردنەوە دیموکراسیەکان ، نەک بۆ دەنگدەر و کادیری یەکێتی بەڵکو بۆ ئەوانەشی کەلەدەرەوەی ئەم حزبەدا ژیانی ئاسایی خۆیان بەڕێدەکەن، رێژەی دەنگەکانی یەکێتی جێگەی نیگەرانی و چاوەڕواننەکراو و  نائومێدی بوون. نیگەرانییەکانی ھاوڵاتیان بەناو کۆمەڵێک بەھاو مۆراڵی سیاسی و رێکخراوەیی و داھێنانی گەورەو گرنگی نەتەوەیی و رۆحی شۆڕشگێڕی و دەسکەوتەی ناوازەی سەروەختی حکومڕانی تێدەپەرێت کەئەم ھێزە سیاسییە چ لەسەروبەندی شاخ و خەباتی پێشمەرگایەتی و چ لەدەورانی دەسەڵات و دەوڵەتداریدا پێیدەناسرێتەوەو شوناسی خۆی پێوەرگرتووە. نیگەرانییەکانی خەڵکی لەلاوازبوونی یەکێتی، بەشێوەیەکی راستەوخۆ نیگەرانییە لەبەرتەسکبوونەوەی پانتاییەکانی ئازادی و دەربڕینی بیروبۆچوونی ئازادو لاوازکردنی پرەنسیبەکانی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ و تەواوی ئەو دەسکەوت و بەھا جوان و دانسقانەی کەسەرباری لەمپەری سیاسی و سەرەرای عەقلیەتی چەقبەستووی نەریتگەرایی و پاوانخوازی، بەڵام دواجار ھەمویان لەکوردستان بەگشتی و لەزۆنی سەوزدا بەتایبەتی بەدیھاتوون. نیگەرانیە لەوەی کەمومکینە لەماوەیەکی سنورداردا ھێزێکی سیاسی بە توانای دارایی و ئیداری و سەربازی و ئەمنییەوە ھەژموونی بەسەر کۆی تێڕوانین و بیرکردنەوەکانی تاکی کوردی و کرانەوە رێژییەکانی کۆمەڵی ئێمە درێژبکاتەوەو تەنانەت لەدواجار بتوانێت و بۆی ھەبێت دەستکاری خەبات و خەون و چاوەڕوانیەکانیشمان بکات. نیگەرانییە لەوەی کەلەغیابی یەکێتیی لەناو ھاوکێشە سیاسییەکانی کوردستان و عیراق و ناوچەکە، پاڵپشتیکەری یەکەمینی خەباتی رزگاریخوازی کورد لە رۆژئاوا و باکور و رۆژھەڵات بوونی نامێنێت و ئەوەندەی دیکە ئاستەنگ بۆ پرۆژەی سەربەخۆبوونی ئەو بەشانەی کوردستان دروست دەبێت. نیگەرانییە لەوەی کەلەناو شەڕە دەستوری و سیاسییەکانی بەغدا بەئاراستەی دەستکەوتی مافەکانی خەڵکی کوردستان و بەرپەرچدانەوەی پلانی پاشماوەکانی بەعسیزم و عەقلیەتی عەرەبی-شۆڤێنی ، کورد رۆڵە ئەکتیڤەکەی لەدەست دەدات و لەئاسۆدا چارەسەرکردنی قەیرانەکانمان لەگەڵ حکومەتی عیراقی لێڵ دەبێت. ئەم نیگەرانییانەو زیاتریش، زادەی  دەیان نوسین و بڵاوکراوەو وتاری سیاسی و شرۆڤەی خەمخۆرانەن لەسەر یەکێتیی و ئایندەکەی، کەلەلای رۆشنبیران و نوسەران و خەڵکان و کەسایەتییەکان وھەروەھا دامەزراوەکانی دەرەوەی ئۆرگانەکانی ئەم حزبەوە کەرەھەندێکی پۆزەتیڤیان ھەبووە نوسران و بڵاوکراونەتەوە. ئەم نوسەرو رۆشنبیرانە کەبۆ تەنھا ساتێکیش یەکێتیی نەبوون و ھەندێکیان پێشتر رەخنەی توندیان لەیەکێتیی و ئەدای کار وبەرپرسەکانی گرتووە، ھەر بۆیە بەوردییەوە قۆناغی دوای یەکێتیی و ئەو لێکەوتە نێگەتیڤانە دەخوێننەوە کەلەسەر ئایندەی ئێمەو کایەکانی دیکەی کۆمەڵگەی کوردی دەکەوێت. ھەموو نیگەرانییەکانی ناو جەماوەری یەکێیی و دەرەوەی لەکەسانی بێلایەنی سیاسی و رۆشنبیرو مامۆستای زانکۆ لە چین و توێژە جیاوازەکان ، ئەگەر ئاماژەیەکی ئەرێنی دەربخات بۆ کاریگەری و پێویستی مانەوەی یەکێتیی بۆ پرسە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئیدارییەکانی کورد، ئەوا رەنگە لەروانگەی ئەوانەی کەبەشێک لەعومری شیرینیان بەم حزبەو ئامانجەکانی بۆ رزگاری نیشتمانی بەخشییوە زیاتر بکەوێتەوە و لەدڵ و دەرونی کەسوکاری شەھیداندا جۆرێک لەنائومێدی رێژەیی لێبکەوێتەوە، بەوەی کەئاستی دەنگەکانی یەکێتی نەک ھەر بەرامبەر مێژوو و دەستکەوتەکانی نیە، بەڵکو لاسەنگییەکی دیارو بەرچاو لەم مەسەلەیەدا ھەیە. ھەر لەم روانگەوە پرسیاری جەوھەری لەم لێکدانەوەیەدا ئەوەیە داخۆ لەناو ھەڵاوێرکردنی پرسەکانی نائومێدیدا، پانتاییەک بۆ ھەستانەوە لەئاسۆی دووردا بۆ یەکێتیی و یەکێتییەکان بوونی ھەیە؟ ئایا کەرەستەکانی تێپەڕاندندی ئەم دۆخە نەخوازراوەو ھەستانەوەو جۆشدانەوەی بنەما حزبی و دیسپلینییەکان بەئاراستەی وەرگرتنەوەی متمانەی زۆرایەتی دەنگدەری کورد بەم ھێزە سیاسییە لەسەر زەمینی واقیعدا بەدی دەکرێت؟ یەکێتیی وەک ھێزێکی کاریگەر لەناو ھاوکێشە سیاسییەکان کە ئەزموونێکی دورودرێژو ھەمەلایەنەی لەگەڵ پرسی ھەستانەوە لەدوای گلان و نشوستییەکان ھەیە، نەک ھەر ئەمە بەڵکو دەتوانین بڵێین کە سەرەتاکانی دامەزراندنی یەکێتیی بەتەحەدایەکی گەورەیی نسکۆو شکستی بزوتنەوەی کوردایەتی و لەناو ژانی نائومێدیەکی گەورەی تاکی کورد بەرزگاربوونی کوردستانەوە لەدایک بووە. دواتر یەکێتیی لەنائومێدی کارەساتی ھەکاری و لەنائومێدی پرۆسەکانی ئەنفال کەبۆ لەچاڵنانی ئەو جەماوەرو پێگە بەھێزە بووە کە قوڵایی ستراتیژی یەکێتیی پێک دەھێنێت و ھەروەھا لەنائومێدی کارەساتەکانی دوای شەری ناوخۆو ٣١ی ئابی ساڵی ١٩٩٦ ھەستایەوە. سەرباری ئەوەی کەلەناو ئەو گلان و شکستانەدا دوو فاکتەری کاریگەر بوونی ھەبووە کەئەوانیش جەنابی مام جەلال و جەماوەرەکەیەتی کەھەریەک لەمانە کارای یاریدەدەری ھەستانەوەکانن، و بەداخەوە ئێستا غیابی مام تەحەدای یەکەمی کۆنگرەکەی یەکێتییە. بەڵام دەکرێت لەمبارەشدا جارێکی دیکە ھێڵەکانی ھەستانەوەو زاڵبوون بەسەر ئاریشەو گرفتەکان دیاریبکرێت، بەتایبەتی لەدوای دیاریکردنی رۆژی کۆنگرەو ئامادەگی ئیرادەیەکی فراوان لەناو کادیران بەمەبەستی ھەستانەوە کەئەمەش خاڵی بنەڕەت