سەردێڕ:

لەیادی خیانەتی ۱٦ ی ئۆکتۆبەر، ئەی بۆ ۱۳ی ئۆکتۆبەری ڕۆژئاوا چ دبێژن؟؟؟!!!

10/16/2019 4:13:51 PM
14497 جار خوێندراوەتەوە
بەختیار شاوەیس
+ -

ئەوەی لەڕۆژئاوا ڕوودەدا بەرامبەر بەکوردانی ئەوپارچەیەی کوردستان بەھۆی لەشکرکێشی سوپای داگیرکەری تورکیا لەکوشتن و برین و لەجینۆسایدی خەڵکی کوردستان. نەک بەتەنھائێمە، نەک ھەر کوردانی ھەموو سەرزەمین ، بەڵکو ویژدانی ئازادیخوازان و مرۆڤدۆستانی دنیای دەرەوەی ڕاچەنیوەو چەند ڕۆژیکە خەوی لەھەموان تاساندوەو دەست بەدۆعا و بەوپەڕی ماتەم و حوزنەوە تابەیانی بەدیار ھەواڵێکی خۆش بۆ منداڵ و ژن و پیرو پەککەوتەکانی کوردانی مەزڵومی ڕۆژئاوا ڕۆژ دەکەینەوە.

دوای پێنج ڕۆژ لەدەستپێکردنی لەشکرکێشیەکەو لەناو ئەو شەڕە نابەرابەرەی کەلەنێوان سوپای تورکیا و شەڕڤانان ھاتە ئاراوە، کە بەداخی زۆرەوە شەھیدبونی نزیکەی ۲۰۰ ھاونیشتمانی و سەدان بریندار و ئاوارەبونی ۲۷۰ ھەزار ھاوڵاتی ڕۆژئاوای کوردستانی لێکەوتەوە. ھەربۆیەلە۱۳ی ئۆکتۆبەر فەرماندەی گشتی ھێزەکانی سوریای دیموکرات ھەسەدە مەزڵوم کۆبانی ڕێککەوتنی لەگەڵ سوپای سوریا ڕاگەیاندو وتی: لەنێوان ڕێککەوتن لەگەڵ سوریا و قڕکردنی گەلەکەمان بێگومان ژیانی گەلەکەمان ھەڵدەبژێرین.

ئەم دۆخە تراژیدیایەی کەئێستا لەڕۆژئاوا دەگوزەرێ، دەکرێ سوتفەیەکی سەیر بێت لەگەڵ ئەو ڕوداوانەی کە ۱٦ی ئۆکتۆبەری دوو ساڵ لەمەوبەر لەکەرکوک ڕویاندا،وەک مێژووی ڕۆژەکە بەتەنھا سێ ڕۆژ جیاوازیان ھەیە، بەڵام لەقوڵایدا و لەمامەڵەی ژیرانەی سەرکردە سەربازیەکانی ئەوکاتی کەرکوک و ئێستای ڕۆژئاوا زۆر لەیەک دەچن.

پەندێک ھەیە دەڵێ: ھەندێک حەقیقەت ھەیە تەنھا بەتێپەربونی کات ڕون دەبێتەوە. ئەوەی کەلە۱٦ ی ئۆکتۆبەری کەرکوک ڕوویدا، ھەمان سیاسەتێک بوو کە لە۱۳ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ لەڕۆژئاوا ئەنجامدرا، بەڵام جیاوازیەکە ئەوەیەکەلەلای کەسانێک ئەوەی کەرکوک خیانەت و ئەمەی ڕۆژئاوا لەلای زۆرینە بڕیاری ژیرانەوشەرەفمەندانەو دڵنیام ھەروایە.

لەپەیوەندیدا بەم مناقەشە بەردەوامە بێئەنجامەوە، پێموایە بەھەمومان لەدووساڵی ڕابردوو نەمانتوانی وەک بڕیارەکەی مەزڵوم کۆبانێ حەقیەتی ۱٦ی ئۆکتۆبەری ۲۰۱۷ بۆ جەماوەر ڕوون بکەینەوە.

مەزڵوم بەبڕیارە ژیرانەکەی ھەربەتەنھا مەزڵومیەتی کوردی لەڕۆژئاوا نەپاراست و کوردقڕانی دوورنەخستەوە، بەڵکو پەیامێکیشی دابەگوێی فس فس پاڵەوانەکانی ناوبەشێک لەکەناڵەکانی تەلەفزیۆنی خۆمان و پێی وتن  ئیتر بوختان وچەواشەکاری و تەشھیرەکانتان بەوەی ۱٦ی ئۆکتۆبەر خیانەت بوە درۆیەکی گەورەیە.چونکە لەناوجەرگەی شەڕی نابەرابەر و لەم سەردەمەی تەکنەلۆجیاو پیلانگێڕی سەربازی دەوڵەتانی بەرژەوەندیخواز ، پاراستنی ژیانی گەل و ڕێگەگرتن لە ڕژانی  پەنجەی منداڵێک  گەورەترین دەسکەوت و شانازی یە.

کەواتە جەنگاوەرانی ۱٦و۱۳ ئۆکتۆبەر لەباشوور و ڕۆژئاوای کوردستان، حەقیقەتی سیاسەتی ژیرانەتان ئەمڕۆ لای خەڵک بەدەرکەوت، ھەروەک دەزانم ڕۆژیکیش دێت کەخەڵاتی شانازی و مەدالیای سەربەرزیتان دەکرێتەگەردن. وەک ئەوەی پەشێوی شاعیر بۆمەزڵوم کۆبانێ نوسیوە؛ ئەمەی تۆ کردت ھەرگیز فرۆشتن نیە، ھەرگیز. بەڵکو ڕێگری بو لەسڕینەوەی نەژادی نەتەوەیەک. سوپاس، جەنگاوەر.سوپاس