سەردێڕ:

متمانە لەعادل مەسەننەوە!

9/9/2019 11:09:34 AM
9311 جار خوێندراوەتەوە
بەختیار شاوەیس
+ -

بەھیچ شێوەیەک ئەم وتارە سۆزی تایبەتی و بەرژەوەندی شەخسی ناینوسێتەوە و کەمترین پەیوەندیم لەگەڵ سەرۆک وەزیران نیە و نەبوە. بەڵام ئەوەی کەلەم ڕۆژانە دەگوزەرێ سەبارەت بەپرسی سەندنەوەی متمانە لەعادل عەبدولمەھدی شتێکی عەجیبەو مایەی تێڕامان و ھەڵوێستە لەسەرکردنە. ئاخر ھەندێک لەکوتلە سیاسیەکان وەک ئەوەی لەبیریان کردبێت کە ساڵێک بەرلەئەمڕۆ خۆیان ڕێک نەدەکەوتن و بەناچاری عادل یان تەکلیفکرد و بەبێ بونی پشت و پەناو بەبێ بونی تاقە کورسیەک لەپەرلەمان کورسیەکەی سەرۆکوەزیرانیان کرد بەدیاری بۆی، ئەگەر نا لەبەرچاوی کاڵی عەبدولمەھدی نەبوو، بەڵکو لەبەر بەرژەوەندی خۆیان و لەبەرئەوەی وڵات نەکەوێتەبۆشایی دەستوری و ھەڵبژاردنی پێشوەختە نەکرێت ئەمیان ھەڵبژارد و ئێستاش بەبێ ھەبونی بەدیلی باشتر کەوتونەتە بەخشینەوەی تۆمەت و پەلاماردان گوایە لەماوەی ساڵێکداھیچی نەکردوە، وەک ئەوەی کە ئەم پیاوە عەسای سیحری پێبێت و لەماوەی ساڵێکدا ھەموو خەوشیەکانی پانزە ساڵی ڕابردوو ڕێکبخاتەوە.
ئەوانەی کەداوای ئەوە دەکەن لەماوەی ساڵێکدا سەرۆک وەزیران ببێتە فریاد ڕەس، سێ توخمن و ئامانجی تایبەتی و جیاوازیان ھەیە:

۱- بەشێکیان چاویان بڕیوەتە کورسیەکەی عادل ودەیانەوێت سێ ساڵی داھاتوو کێکەکە لەنێوان خۆیان و دەست و پێوەندەکانیان ھەر لەناوخۆی وڵات تا دەرەوە لەت بکەن و زیاتر قەڵەو بن

۲-بەشێکی تریان ئەوانەن کە دەیانەوێت لەڕێگەی ئەم لێدوان و داواکاریانە بۆ سەندنەوەی متمانە لەعادل عەبدولمەھدی خۆیان لەگەندەڵی و کەموکورتی وئەو بەپرسیاریەتیانە پاک بکەنەوەکە لەساڵانی ڕابردوولەسەرشانیان بوە.

۳-بەشی سێیەم ئەوانەن کەخۆشیان نازانن بۆ ئەم داوایە دەکەن و دوای خەڵکەکە کەوتون و لەگەڵ شەپۆلەکە مەلە دەکەن و ھیچ خوێندنەوەیەکیان بۆ دەرەنجامەکانی ئەم پڕۆسەیە نیەو نازانن چۆن تەنگژەیەکی سیاسی و بۆشاییەکی دەستووری و پشێوی ئەمنی دروست دەبێت.

لەپانزە ساڵی ڕابردوو زۆرینەی دەسەڵاتدارانی عیراق لەخزمەتنەکردنی ھاوڵاتیان درێغیان نەکردوە، لەدزینی سەروەت و سامان و بەتاڵانبردنی سەدان ملیار دۆلاری نەوت درێغیان نەکردوە، لەدابەشکاری پۆستەکان و وەلائی سیاسی بۆ ئەم دەوڵەت و ئەو دەوڵەت و بەحیزبی کردنی حکومەت و بەشەخسەنەکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت و بڵاوکردنەوەی مەحسوبیەت و خزم خزمێنە درێغیان نەکردوە. لەدروستکردنی پڕۆژەی وەھمی درێغیان نەکردوە، لەدروستکردنی نەخۆشخانە و خوێندنگە و باخچەی ساوایان و پارک و شەقامی نوێی وەھمی یان پڕ لەگەندەڵی ھەر درێغیان نەکردوە. بەڵام ئەوەی درێغیان تیاکردوە پێکھێنانی دەوڵەتێکە لەسەر بنەمای ھاوڵاتیبون و عەدالەت و چاکسازی. ئەوەی کە درێغیان کردوە پێکھێنانی دەوڵەتێکە کەتیایدا ھاوڵاتی ھەست بەسەروەری یاسا بکات و دەستور پێشێل نەکرێ

گەر دەتانەوێ عادل سەرکەوێ و لەسەر ئەرزی واقع گەندەڵی کەمبێتەوە دەبێت دەستان دەربێنن لە ناو بینەقاقەی سێکتەری نەوت و تەندروستی و گواستنەوەو ئاوەدانی و ئابووری و پەروەردە... ھتدو پیاوەکانتان بنێرنەماڵەوە. گەر دەتانەوێ کەسێک بتوانێت لەساڵێکدا عیراق چاکبکات لێگەڕێن با یاسا سەروەربێت و نەزاھە نەزی بێت و دادگا دادگەرانە ئەرکەکانی جێبەجێبکات.

ھەرلەم ڕوانگەوە مەسەلەی سەندنەوەی متمانە لەعادل عەبدولمەھدی پێویستە زیاتر لێکدانەوەی بۆ بکرێت و ھەموو لێکەوتەکانی بخوێنرێتەوە، پێویستە ھەموان لەوە تێبگەن کەئەو داواکاریە زۆر و زەوەندانەی کەھەیە بەتەنھا کەسایەتیەک و لەو ماوەیەدا جێبەجێناکرێ، بەڵکو ئیرادەی ھەموو لایەک و ئیدارەیەکی تۆکمەو بەھێزی دەوێت.

‌بەپەلە