سەردێڕ:

سەدامی لە کەرکوک

7/14/2019 1:12:57 PM
4371 جار خوێندراوەتەوە
بەختیار شاوەیس
+ -

بەبەرچاوی ھەمووانەوە، بەبێ شەرم و بەبێ ترس لەبەردەم کامێراکان، ژنێک لەکەرکوک ھاواری کرد و وتی سەدامیم و بەعسیم.

ئەم رووداوە لەرووکەشدا واسەیردەکرێت کە کاردانەوەیەکی عاتفیە و پێویست ناکات زۆر لەسەری بوترێت و باشترە ئیھمال بکرێت، کەئەم جۆرە لەبیرکردنەوە و تێگەیشتنە لەخودی رووداوەکە ترسناکترە، چونکە ئەو بێشەرمیەی کە ئەو ژنە کردی ھەروەک زەنگێکی مەترسیدارە بۆ داھاتووی عیراقی نوێ و دەستکەوتەکانی پڕۆسە سیاسییەکەی، ھەروەھا  بێحورمەتییەکی لەرادەبەر نائینسانیشە دەرھەق بەمێژووی عیراقی بەرلەساڵی ۲۰۰۳، دەرھەق بەکەسوکاری قوربانیانی عیراقییەکان لەبەسڕەوە بۆ کوردستان، بێحورمەتیە دەرھەق بە کەسوکاری ٥۰۰۰ پەپولەی خنکاوی ھەڵەبجە و ۱۸۲ ھەزار گۆڕ ونی ئەنفال و ھەزاران لەسێدارەدراوی خوشک و براکانمان لەپارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوور و بێڕێزییە بەرامبەر وشککرنی ھۆڕاوەکان و ڕاپەرینی شەعبان و دەیان حاڵەتی تراژیدی تر. 

ھەروەک ئەم ڕووداوە تەحەدایەکی گەورەی ئێمەشە وەک نوێنەرانی گەل و پێمان دەڵێ، ئەو دەستورەی کەئێوە کردووتانەتە بنەمای کارکردن و ئەو یاسایانەی کەنوێنەران دەریدەکەن بەڕۆژی نیوەڕۆ پێشێل دەکرێن و کەسیش بەدواداچوون ناکات بۆ پەراوێزخستنیان و کار وابڕوات ھێدی ھێدی بەھاوسەنگینی و میسداقیەتی یاساکان لەدەستدەچن.

لەرووی سایکۆڵۆژییەوە، ئەم رووداوە پێمان دەڵێت کەناخی بەشێک لەتاکی عێراقی لەفیکرەی بەعسیبون و سەدامیبون پاکنەبووەتەوە و لەھەر کێشەیەکدا پەنای بۆدەبرێت و دەبێتە ئامڕازێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەسیاسی و ئیدارییەکان و سەدام وەک مۆتەکە لەدوای ۱۳ ساڵ لە ئیعدامکردنی ئێستاش دەکرێتە چەکێک بۆ ترساندنی پاشماوەی قوربانیەکانی ڕابردوو.

ئەمە پەیامێکی وریاکەرەوەیە دەبێت ھەموان لێی تێبگەین، بەپەرلەمانتار و ئەنجومەنی نوێنەرانەوە، بەسەرۆک وەزیر و کابینەکەیەوە، بەسەرۆک کۆمار و چەترە دەستوریەکەیەوە پێویست تێبگەین کە شەپۆلی سێیەمی پاشماوەکانی بەعس لەجموجوڵ و پیلانی تازەدان و دەیانەوێت چەقی ئەم پیلانگێڕییە لەکەرکوک جێبەجێبکەن. ھەروەک چۆن شەپۆلی یەکەمی بەعسیەکان ھەماھەنگی قاعیدە بوو ھەتا تەقاندنەوەی مەزاری ھەردوو ئیمامی شیعی ھادی و عەسکەری لەشوباتی ۲۰۰٦ و شەپۆلی دووەمیشیان ھەماھەنگی داعش و ئەبوبەکری بەغدادی بووە بۆھاتنە ناو خاکی عێراق، ئێستاش بەعسییەکان بەخۆپیشاندان و بەناوی کۆمەڵگەی مەدەنی خەریکی نانەوەی ئاژاوە و فیتنەن لەکەرکوک، دەیانەوێت دۆخەکە ببەن بەرەو شەڕ و ئاژاوە و ململانێی ئەھلی.

ھەربۆیە باشرترین ئەلتەرناتیڤ سەپاندنی یاسا و دەستورە لەکەرکوک، جێبەجێکردنی یاسا بەسەر ئەوانەی کەداوای گەڕانەوەی بەعس دەکەن و جێبەجێکردنی مادەی ۱٤۰ی دەستوور بەسەر ئەو پیلانە ناوخۆیی و ئەجێندا دەرەکیانەی کە دەیانەوێت لەکەرکوکەوە ئاگر بەربدەنە تەواوی عێراق.