سەردێڕ:

زانکۆی ھەڵەبجە بە کەمپەین و فرەیم گۆڕینی فەیسبووک پێشدەخرێت؟

1/15/2020 7:56:14 PM
4341 جار خوێندراوەتەوە
شوان ئادەم ئەیڤەس
+ -

ئەگەرچی لە پێش سەرپێخستنی ھەر پلان و پرۆژە و پرۆگرامێکدا؛ زەمینەسازیی زەینیی و دەروونیی سوود و بایەخی بێوێنەی خۆی ھەیە، بەڵام بەدڵنیاییەوە بەرزکردنەوەی ئاستی زانستیی زانکۆ، بەکەمپەین و فرەیم گۆڕینی فەیسبووک پێشناخرێت، بەڵکو پلانی ورد و ئیرادە و ئیدارەی بەھێزی دەوێت.

ھەروەک پێشتر راگەیاندرا، بەپێی ئەنجامەکانی دوایین ریزبەندی نیشتمانیی زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان؛ زانکۆی ھەڵەبجە دواھەمین گروپی ریزبەندییەکەی گرتووە، ئەوەش نیگەرانیی و کاردانەوەی لای دەستەی سەرۆکایەتیی زانکۆکە دروستکرد، ھەربۆیە بە راگەیاندنی کەمپەینی «زانکۆی ھەڵەبجە پێشدەخەین» دەیانەوێت وەڵامی رەخنە و ناڕەزایەتییە نێوخۆیی و دەرەکییەکان بدەنەوە و زەمینەسازییەکی زەینیی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڕەخسێنن تاوەکو سۆزی کەس و لایەن و گروپە جیاجیاکانی کۆمەڵگە رابکێشن، بەئامانجی ھەرچی زیاتر ئاوڕدانەوە لە پێداویستییە زانستیی و کارگێڕیی و داراییەکانی زانکۆکە و پێشخستنی.

لە راستییدا، ئەوەی بووەتە ھۆکاری دواخستنی ئاستی زانکۆیەکی گشتیی و حکومیی تەمەن نۆ ساڵەی وەک زانکۆی ھەڵەبجە؛ پڕکردنەوەی کەلێنەکانی ھەمان ئەو پێوەرانەیە کە کراونەتە بنەمای ریزکردنی نیشتمانیی زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان، لەبەرئەوەی:
لە رووی زانستتیەوە؛ ئەگەرچی زانکۆی ھەڵەبجە خاوەنی پێنج کۆلیژ و ١٦ بەشی پسپۆڕیی جیاوازە و لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتەکانی کوردستان و عێراقەوە دانپێدانراوە، بەڵام ھێشتا ھیچ پرۆفیسۆرێک لەم زانکۆیەدا نییە و کەمترین ستافی ئەکادیمیی خاوەن پلەی زانستیی پرۆفیسۆری یاریدەدەر و مامۆستای ھەیە بە بەراورد بە زۆریی ژمارەی خوێندکارەکانی، ئەوەش لەکاتێکدایە، ھەڵەبجەیی و ھەورامیی پشکی شێری ستافی ئەکادیمیی زانکۆ حکومیی و ناحکومییەکان پێکدێنن! ھەربۆیە دەکرێت لە رێی ھاندانی مادیی و مەعنەوییەوە، پێشوازیی لە ھەندێ لەو سەرکردە ئەکادیمییانە بکرێت و بۆ زانکۆی ھەڵەبجە بگوێزرێنەوە؛ ئەگەر بەشێوەیەکی کاتیی و بۆماوەی ٤-٥ساڵییش بێ ئەرکداربکرێن.

بەدەر لەوەش، ھێشتا نێوەندێکی گشتیی توێژینەوەی زانستیی نییە کە دەرد و گرفتە نێوخۆیی و دەرەکییەکانی زانکۆکە و ژینگەی گەشتیاریی و کشتوکاڵیی و دەرھاویشتەکانی کیمیاییباران و تاوانەکانی جینۆسایدکردنی ھەڵەبجە و سروشتەکەی بناسێنێت و لە رێی دەرەنجامی توێژینەوە پێویستەکانەوە لەگەڵ لایەنی پەیوەندییداردا رێگە چارەی گونجاو بگرنەبەر، بەوەش ھەم دەتوانرێت ھانی ستافی ئەکادیمیی بدرێت کە توێژینەوەکردن بکەنە بەشێک لە کولتوری کارکردنی زانکۆی ھەڵەبجە و کێبرکێی نێوانیان؛ ھەم رانکینگی زانکۆکەیشی پێبەرزبکەنەوە.

لە ڕووی کارگێڕیی و داراییەوە؛ ھاوشێوەی ئەوانیدیکە زانکۆی ھەڵەبجە سەربەخۆ نییە و ھێشتا گرێدراوی بڕیار و راسپاردەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییە، ھەربۆیە گرنگە ئەم زانکۆیە جیاواز لەوانیدیکە، تایبەتمەندێتیی زیاتری بدرێتێ بۆ رێکخستنەوەو تەواوکردنی پەیکەری کارگێڕیی زانکۆ و دابینکردنی سەرچاوەی مرۆیی و باشتر رەخساندنی ھەل و ژینگەی خوێندن و توێژینەوە و ھەماھەنگیی لەگەڵ کەرتی گشتیی و تایبەتییدا.

ھاوکات پێویستە ئەم زانکۆیە بەرە و تایبەتمەندێتیی و پسپۆڕیی وردتر ھەنگاو بنێت لەرێی کردنەوەی ئەو بەشانەی کە سروشت و ژینگە و بازاڕی کاری پارێزگای ھەڵەبجە دەیخوازێت لەوانە بەشەکانی: کشتوکاڵ، گەشتوگوزار، بازرگانی، بایۆلۆجی، پزیشکی.

لە رووی میدیاییەوە؛ گرنگە زانکۆی ھەڵەبجە پیشەییانەتر بازاڕسازیی بۆکۆلیژ و بەش و چالاکییەکانی بکات و سوود لە توانای مرۆیی بەسەلیقەتر و تەکنۆلۆژیای میدیایی نوێ وەربگرێت، ھاوکات پێویستە تۆڕی پەیوەندییە نێوخۆیی و دەرەکییەکانی بەرفراوانتر بکات؛ لە رێی بانگھێشت و زەمینەسازیی ئازادتر بۆ رێکخراوە ناحکومیی و ئەکادیمییەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، ھەروەھا گرنگە ھەڵمەتێکی بەرفراوانی میدیایی رێکبخرێت، بە ئاڕاستەی جووڵاندنی رایگشتیی کەرتی ئەکادیمییا و سەرکردەکانی بۆ زیاتر ئاوڕدانەوە لە زانکۆی ھەڵەبجە و باشتر خزمەتکردنی.

لە رووی حزبییەوە؛ زانکۆی ھەڵەبجە لە ژێر ھەژموونی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندایە، زۆر گرنگە ھەڵمەتێکی چڕوپڕی ناوخۆیی و حکومیی بخاتەگەڕ، بەئاڕاستەی ھەرچی زووتر بوژاندنەوە و گەشەپێدانی کۆلیژ و بەشەکانین ئەویش لەرێی رەخساندنی ھەلی کار بۆ کەسانی ئەکادیمیی خوێندەواری ئیشکەر و تەواوکردنی پرۆژە وەستێنراو و دوورکەوتنەوە لە گرێی ملشکاندن و بیرکردنەوەی تەسکی حزبی.