سەردێڕ:

خوێندنی باڵا و یاسایەکی کورتەباڵا

10/15/2019 3:28:11 PM
5368 جار خوێندراوەتەوە
شوان ئادەم ئەیڤەس
+ -

یاسای ژمارە ١٠ی ساڵی ٢٠٠٨ی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی؛ پێویستیی بە ھەموارکردنەوەیەکی ورد و بەسەلیقەی ئەکادیمیی و کارگێڕیی ھەیە. بەجۆرێک رەنگدانەوەی دۆخی نوێی ھەرێمی کوردستانی بندەستی عێراق و گۆڕانکارییەکانی سەدەی بیست و یەک بێت کە پاراستن و رێزگرتن لەسەربەخۆیی بڕیاردان و پسپۆڕیی ورد و بەھەدەرنەدانی کات بە رۆتینیاتی بێپاساو؛ بەشێکن لەتایبەتمەندییەکانی
ئەم یاسایە کە ١١ساڵ پێش ئێستا و نزیکەی سێ ساڵ لەپاش «یەکگرتنەوەی ئیدارەی سلێمانیی و ھەولێری حکومەتی ھەرێم» دەرچووە؛ چیدیکە رووماڵی ھەموو دەزگا و دامەزراوەکانی سەر بەوەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی و ئیشوکارەکانیان ناکات، ئەویش لەبەر زیاد لەھۆکارێک؛ لەوانە:
١. ئێستا زیاد لە ٣٠ زانکۆی حکومیی و ناحکومیی مۆڵەتپێدراو لەھەرێمێکی پێنج بۆ شەش ملیۆن کەسییدا ھەن؛ بەبێئەوەی پێویستییە زانستی، کارگێڕیی و داراییەکانیان لەبەرچاو گیرابێت. ئەوەش وایکردووە «زۆریی و بۆری» بەپەیام و ئامانجەکانی دامەزراندنیان، سەرچاوەی داھات، پێکھاتەی کارگێڕیی و لۆژیکی بڕیاردانیانەوە دیاربێت؛ بەبێەوەی ئەم یاسایە رێوشوێنێکی گونجاوی بۆ دیارییکردبێتن.
٢. لەم یاسایەدا، کەموکورتیی زۆر لەجۆر و چییەتی ئەرک و دەسەڵات و شێوازی پێکەوەبەستنەوەی ئێستای وەزارەت بە دەستە و دەزگا و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی ھەرێمی کوردستان ھەن. بەجۆرێک ھەندێکیان تا دوارادە دەستکراوەن لە پەیداکردن و پێشخستنی سەرچاوەی داھات و خەرجی و کردنەوەی کۆلیژ و بەش و نێوەندی تایبەتمەند بەخۆیان. ھەندێکی دیکەشیان، تەواو بەپێچەوانەوەن.
٣. ھەموو ئەو مەرج و رێوشوێنانەی لەم یاسایەدا بۆ دانانی سەرۆکی زانکۆو یاریدەدەرەکانی، راگری کۆلیژ و یاریدەدەر، سەرۆکبەش و بەڕێوبەری سەنتەرەکان دانراون؛ ئێستا بەئاشکرا پێشێلدەکرێن. لەھەندێک زانکۆدا، لەپای ھەبوونی چەندین ستافی ئاستبەرز لەرووی بڕوانامە و پلەی زانستی، ئەوانە کراون و دەکرێن بە راگر و سەرۆک و بەڕێوبەر کە راژەی کارکردن و بڕوانامە و پلەی زانستییان کەمترە!
٤. ئەگەر وەزارەت و ئەو یەکانەی پێوەی لکێنراون لەرووی کارگێڕیی و دارایی و زانستییەوە، حساب بۆ بەرز و نزمیی بڕوانامە و پلەی زانستیی نەکەن، ئەی ئەبێت کێ بەرپرس بێت لەوەی خاوەن دبلۆمێک یان تازە بەکالۆریۆسێک بخرێتە دەستەی وانەبێژانی ھەندێ زانکۆ و پەیمانگاوەو بەبێئەوەی شارەزایی ھەبێت و ھیچ خولێکی وانەوتنەوەی بینیبێت؛ رێگەپێدراوبن کە وانە بەخوێندکاران بڵێنەوەو سەرپەرشتی «توێژینەوەی دەرچوون»یان بکەن؟!
٥. دەستوەردانی بێپاساو و نالۆژیکیی کەسانی دەرەوەی کەرتی خوێندنی باڵا لەوردەکارییە زانستیی و کارگێڕیی و داراییەکانی؛ وایکردووە ھیچ شکۆ و بەھایەک نەمێنێتەوە بۆ پسپۆڕانی بوارەکە. ھەروەک دەبینرێت ئێستا بازرگانێک یان بەرپرسێکی نەخوێندەوار و بێئاگا لەبڕوانامە و پلەی زانستی؛ دەسەڵاتی لەپڕۆفیسۆر و دکتۆرەکان بەرزتر و بڕیارەکانیشی؛ یەکلاکەرەوەو رێزلێگیراوترە!
لەگەڵ ھەموو ئەوانەشدا، ھێشتا ھەبوونی یاسا لەنەبوونی باشترە. ھەربۆیە گرنگە ئەم یاسایە بەجۆرێک ھەمواربکرێتەوە کە لانیکەم رێز و شکۆ بۆ کەسانی خوێندەوار و خاوەن بڕوانامەو پلەی زانستیی بگەڕێنێتەوە و چیدیکە «حەسیرمەیدان» و سوکایەتییان پێنەکرێت؛ کوردوتەنی: بەردێک نەزان فڕێی بداتە گۆمێک «ی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی» بەھەزار حەکیم و زانا دەرنایەتەوە.