سەردێڕ:

سووتاندنی دانەوێڵەی جوتیاران لە عێراق و سوریا

6/9/2019 4:52:26 PM
2011 جار خوێندراوەتەوە
بورهان شێخ ڕەئووف
+ -

ئەوەی ئەمساڵ و لە وەرزی دروێنەی دەغڵودان  لە عێراق و سوریا ڕویدا بەم فراوانییەی ئێستای باوەڕناکەم لە مێژووی کۆن و نوێ ی ئەم ناوچەیەدا ڕوویدا بێت، ئەگەر لە سەردەمانی پێشوو و کۆنی فیوداڵی و دەرەبەگایەتی لە کێشەی نێوان ئاغا و جوتیار یان کێشەی کۆمەڵایەتی و خێڵەکی لە نێوان خێڵەکاندا وەکو تۆڵە سەندنەوە لە دژی یەکتری پەنایان بۆ سووتاندنی پووش و پاوەن و دانەوێڵەی یەکتر بردبێت، ئەوەش لە لایەن خەڵکی ترسنۆک و بێ بارەوە ئەنجامدراوە تەنانەت لە ناو خێڵەکانیشدا ئەو کارە بە کاری کەسانی ترسنۆک وبێ توانا قێزەون  ناوبراوە .
ڕاستییەکەی سەرەتا ویستم ئەم وتارە تەنھا بە شاڵاو و پەلامار بۆ سەر جوتیارانی کورد لە عەفرینەوە تا خانەقین  ناوبنێم، بەڵام کاتێک سێرچم کرد و بەدوای ھەواڵەکاندا گەڕان بۆم دەرکەوت نەک جوتیاری کورد بەڵکو شتەکە فراوانتر ە و سنووری  کوردستانی بڕیووە و تا ناوەڕاست و باشووری عێراقیش .

بۆیە ئەگەر تا ئەوکاتە بە پیلانی عەرەبە ھاوردەکانی سەردەمی پێشووی عێراقمان زانیبێت، ئەم تاوانە گەورە کە سووتانی بەرھەمی ساڵێکی جوتیارانە و تاکە سەرچاوەی داھات و پارووی دەمی مناڵەکانیان بێت،  جگە لە پیسکردنی ژینگە و سووتاندنی بە کۆمەڵی ھەزاران جۆری زیندەوەر و ئاژەڵی کێوی کە تاوانێکە کەس ناتوانێت پاکانەیەنان بۆبکات بە ھەموو پێوەرەکان و یاسا وڕێسا و ئاینەکانیش، ئەوا ئێستا گومان بۆ زۆر فاکتی تر دەچێت و پێویستی بە خوێندنەوەی ورد و گشتگیر ھەیە بۆ ھەموو پاڵنەر و کارەکتەرەکانی لە ئاستی بڵندا لە عێراق، بە تایبەتی کە حکومەتی ھەڵبژێردراو ھەیە  و دامودەزگاکانی دەوڵەت ھەر لە ئەنجومەنی نوێنەرانەوە تاوەکو سەرۆکایەتی کۆمار بە سەدان ڕاوێژکار و بە حکومەت و سوپا و دامودەزگای ھەواڵگرییەوە کە بودجەی زەبەلاحیان بۆ تەرخانکراوە .

ئەگەر لە سوریا کاولەی دوای شەڕ و ماڵوێرانی بێت ھەربەشەی بەدەست وڵاتێک و میلیشیاییەکەوە بێت، ئەوا عێراق ئێستا لە دۆخێکی تردایە و سەرمەستی دوای سەرکەوتنەکانن  لە شەڕی داعش و کۆنترۆڵی تەواوی ناوچە جێناکۆکەکانی مادەی ١٤٠ ی دەستووری عێراقیشیان کردووە و ئەرکی پاراستنی سەروماڵی ھاوڵاتیان لە ئەستۆی ھێزەکانی سوپای عێراق و وەزارەتی ناوخۆ و حەشدی شەعبیدایە .

ئەوەی ڕویدا سووتانی ھەزاران  دۆنم زەوی چێنراوی جوتیاران لەم دوو وڵاتە عێراق و سوریا بە تایبەتی تریش ناوچە کوردنیشینەکانی، کارەساتی سروشتی نەبووە تاوەکو بە بێدەنگی بەڕێبکرێت تەنھا داخ و پەژارەی بۆ بخورێت، بەڵکو ئەوەی ڕوویداوە بە بەرنامە و بە ڕێکخراوی بە مەبەست ئەنجامدراوە کە دەکرێت خوێندنەوەی جیاجیای بۆ بکرێت :

١. ئەوەی سووتاندنی بەرھەمی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستانە ھەموو ئاماژەکان بۆ ئەوە دەڕۆن کە عەرەبە ھاوردەکانن کە پێش پرۆسەی ئازادی عێراق بە بڕیاری مجلس قیادە سەورەی بەعس زەوی جوتیارە کوردەکانیان پێ درابوو، کە دوای پرۆسەی ڕوخانی سەدام ڕایانکردوو زەوییەکان گەڕانەوە بۆ خاوەنە ڕاستەقینەکانی خۆیان، بەڵام ئێستا لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ ئۆکتۆبەر بە پشتیوانی پارێزگاری داسەپاوی کەرکوک دەخوازن زەوییەکان داگیربکەنەوە جارێکی تر .

٢.ئەم کردەوانە دەچێتە خانەی کاری تێکدەرانە و تیرۆریستییەوە،  چونکە پەیوەندی بە ئاسایشی خۆراکی ئەم دوو وڵاتەوە ھەیە لە کاتێکدا ئەمساڵ ساڵێکی پڕ خێر و بەرەکەت و باراناوی بوو، کە ساڵانێکی درێژبوو باران بەم شێوە نەباری بووە و بەشێکی زۆری کشتوکاڵیش  لەم وڵاتانەدا پشت بە بارانی سروشتی دەبەستێت، بۆیە چاوەڕوان دەکرا بەشی پێویستی خۆراکی ناوخۆیی ھاوڵاتیان بەرھەم بێت و پێویست بە ھاوردەکردنی گەنم و لە دەرەوە نەبێت کە ئەمەش زیان بە وڵاتانی تر دەگەیەنێت کە چاویان لە بازاڕەکانی عێراقە بۆ ساغکردنەوەی بەرھەمەکانی خۆیان .

٣.ئەم تاوان و کارەساتانە ناکرێت چاویان لە ئاستادا دابخرێت و بە کردەوەیەکی ئەنجامدەری نەناسراو لەلایەن حکومەت و دامودەزگانییەوە دابپۆشرێت، چونکە دەتوانرێت و دەکرێت بکەرەکەی دیاری بکرێت، چونکە دیارە کێ زیانمەندە و کێ سوودمەندە و ناکرێت بە کاری سودفە و ڕێککەوت ناوزەد بکرێت، بە تایبەتی ھەواڵەکانی پارێزگای سەلاحەدین باس لەوە دەکەن کە کەرەسە و پێداویستی تەکنۆلۆجی پێویست دەستی بە سەرداگیراو،ە کە بەکاریان ھێناوە بۆ ئەنجامدانی ئەو تاوانە مەزنە .

٤.ھەموو ئەوانە و ڕۆڵی میلیشیا و ناکۆکی تائیفی و ئتنیکیش لەو ھۆکارانە کە دەکرێت کاریگەرییان ھەبێت لەسەر ئەو ڕووداوانە .