سەردێڕ:

​ھەڵوێستی شیعەکانی عێراق لەمەڕ ململانێکانی ئەمریکا و ئێران

6/3/2019 10:44:33 AM
2352 جار خوێندراوەتەوە
بورهان شێخ ڕەئووف
+ -

ھەرچەندە دەبوو ھەڵوێستی  فەرمی دەوڵەتی عێراق لەمەڕ گرژی و ھەڵکشان و داکشانی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە لایەن حکومەتی عێراقەوە ڕابگەیەنرایە بەڵام لە بەرئەوەی حکومەت و دامودەزگاکانی فەرمانڕەوایی لە عێراقدا فۆرمی تەواوی نیشتمانی یان وەرنەگرتووە و لە چوار چێوەیەکی تەسکی تائیفی و ئتنیکی دا دەخوولێتەوەو ئەوەش بە ئاشکرا لە لێدوانی سەرکردەی لایەن و تاقمەچەکدارەکانی حەشدی شەعبی بە دەردەکەوێت کە یەکێکیان دەڵێت عێراق دەکەین بە ڤێتنام بۆ ئەمریکییەکان ئەگەر پەلاماری ئێران بدەن و یەکێکی تریان بەجۆرێکی تر لێدوان ھەڵوێستی خۆی دەردەبڕێت .

جگە لەوانەش باڵەکانی حەشدی شەعبی مەرجەعیەتی جیاوازییان ھەیە ئەگەر لە ڕووی سیاسی و یاساییەوە لە چوارچێوەی  ھەردوو وەزارەتی بەرگری وناوخۆی عێراقدا ڕێکخرابن و لە ژێر فەرمانی فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکانی عێراقدا بن کە دکتۆر عادیل عەبدولمھدیە  ئەوا لە ڕووی مەزھەبی یەوە   ھەرلایەنێکیان وابەستەی ناوەندو مەرجەعێکی ئاینزای شیعەن دیارترینیان کە خۆی لە تاقمەکانی بەدری ھادی عامری  عەسائیبی ئەھلی ھەقی قەیس خەزعەلی و بزوتنەوەی نوجەباو حزبوڵای عێراق و ...تد سەربە مەرجەعیەتی ئایەتوڵای عوزما عەلی خامنەئی ولایەتی فەقیھو ڕابەری شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران و جیھانی ئیسلامی شیعەیە و پابەند بوون بە فەرمان و ئامۆژگارییەکانی ئەرکێکی ئایینی پیرۆزەو ھیچ لێکدانەوەو قسەوباسێک ھەڵناگرێت و دەبێت جێبەجێ بکرێت و وەکو فەرمانی خوداوەند وان فەرمانەکانی دەبێت خێرا و دەستەجێ بخرێنە بواری پراکتیکەوە چونکە خامنەئی وەلی ئەمری مووسڵمانانە تا ھاتنی ئیمامی مەھدی  بۆیە ئەم فەرمانانە  نەک ھەر لە ئێران بەڵکو دەبێت ھەموو ھێزەکانی وابەستە بە مەرجەعیەتی ولایەتی فەقیھەوە لە تەواوی ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوین وبگرە جیھانیش  جێبەجێ ی بکەن  بۆ سەرخستنی چەوساوەو زۆرلێکراوان بە قەولی خۆیان .

لە گەڵ ئەمانەشدا چەند باڵێکی تریان ھەیە شیعەکانی عێراق وابەستەی مەرجەعیەتی نەجەف و سەید عەمار حەکیم و سەید  موقتەدا سەدرن وەکو سەرایا سەلام و سەرایا عاشورا و فرقەی عەباسی جەنگاوەر و لیوای عەلی ئەکبەر کە ئەمانە فەرمانەکانیان لە ناوخۆی عێراقەوەیەو لە گەڵ ئەوەدان بەتایبەتی موقتەدا سەدر کە عێراق بێلایەن بێت لە شەڕی چاوەڕوانکراوی ئەمریکاو ئێراندا و خاکی عێراق نەکرێتە گۆڕەپانی یەکلا کردنەوەی ئەو ململانێ دێرینەی  ئەمریکا و ئێران .

ھەرچەندە حەشدی شەعبی لە چرکە ساتێکی مێژوویی ھەستیاردا ھاتە دامەزراندن ئەویش لە دوای داگیرکردنی شاری مووسڵ لەلایەن چەتەکانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش ) لە سەر بانگەوازی سەید عەلی سیستانی گەورە مەرجەعی شیعەی عێراق کە ئامانج لێ ی پاراستنی مەزارو شوێنە پیرۆزەکانی شیعە بوو لە عێراق بەڵام لە ئێستاو دوای نەمانی داعش  بە ئاشکراو ھەندێک لە پێکھاتەکانی عێراق بە تایبەتی سوونەو دواتر کوردیش لەو بڕوایەدان ئیتر ھیچ پاساوێک بۆ مانەوەی ئەو ھێزانە نی یە  بەڵکو دەبێت سوپای عێراق ئەرکی پاراستنی خاک و سەروەر ی و سنوورەکانی عێراق بگرێتە ئەستۆ چونکە سوپای عێراق بە شێوەیەکی ھاوسەنگ پێکھاتووەو ھەموو پێکھاتەکانی عێراقی لە خۆ گرتووە بەڵا م ھێزی چەکداری تائیفی و مەزھەبی مەترسی یەکی گەورەیە بۆ ئایندەی پێکەوەژیان و مانەوەی عێراق وەکو وڵاتێکی سەربەخۆ .

لەوەش سامناکتر پێکھاتەکانی تری عێراق جگە لە شیعە مانەوەی ئەم ھێزە تائیفیە  بەو چەک و توانا و بوودجە زەبەلاحەی کە بۆی تەرخانکراوە بە مەترسی گەورە دەبینن و ئەجندای دەرەکی پێ جێبەجێ دەکرێت بە تایبەتی ئەو ڕۆڵەی کە لە شەڕی ناوخۆیی سوریا گێڕایان پێدەچێت لە ئایندەشدا بەشداری ململانێ و شەڕە تائیفیەکانی ناوچەکە بکەن کە ھەموو ئەمانە کاریگەر خراپیان بۆ عێراق دەبێت .

ماوەتەوە لە کۆتاییدا ئەوە بڵێین ھەرچەندە سەید سیستانی فەتوای ئەوەی داوە کە عێراق بێلایەن بێت لە ململانێ ی ئێران و ئەمریکادا بەڵام پێناچێت ئەو فەتوایە زۆر خۆی بگرێت لە بەر زۆر فاکتەر لەوانە لەبەرئەوەی زۆربەی ئەو تاقم گروھە چەکدارانەی حەشدی شەعبی بە تایبەتی سەرەکیەکانیان وابەستەی مەرجەعیەتی قوومن و حکومەتی عێراقیش ناتوانێت کۆنترۆڵیان بکات .