سەردێڕ:

بەرەو سەرژمێری گشتی دانیشتووانی عێراق لە ساڵی ٢٠٢٠ دا

5/19/2019 3:45:58 PM
1914 جار خوێندراوەتەوە
بورهان شێخ ڕەئووف
+ -

پرۆسیسی سەرژمێری دانیشتووان ھەنگاوێکی گرنگ و پێویستە بۆ دانانی پلان و بەرنامەی گەشەکردنی ئابووری و مرۆیی لە سەرئاستی وڵات و بەرکەوتەی ھەر تاکێک لە بوودجەی گشتی،لە لایەکی تریشەوە لە ڕووی سیاسی و یاسایی و دەستووریشەوە دەکرێت بەرچاو ڕوونی تەواو بدات بۆ دیاریکردنی قەوارەی ڕاستەقینەی ھەر بازنەیەکی ھەڵبژاردن .

ئەگەرچی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق  لە ھەردوو سەردەمی پاشایەتی و کۆماریشدا ھەر دە ساڵ جارێک سەرژمێری گشتی یان  ئەنجامداوە لە ساڵی ١٩٢٧ ەوە تا ١٩٩٧ سەرەڕای ھەموو قەیران و کێشەکان بەڵام لە عێراقی نوێ تا ئێستا ئەو پرۆسە گرنگە ئەنجام نەدراوە .

ئەوەی شایانی ھەڵوەستە لە سەرکردن و مەبەستی ئەم وتارەی منە ئەمجارە سەرژمێری گشتی یە لە عێراقدا کەوا بڕیارە لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠ دا ئەنجام بدرێت ئەگەر جارێکی تریش دوانەخرێت وەکو چەند جارێکی تر بڕیاری وا دراوەو دواتر بە بیانوو و پاساوی نەبوونی بڕی پارەی پێویست بۆ ئەنجامدانی ئەو پرۆسەیە، جگە لە نەسازان و ڕێک نەکەوتن لە نێوان ھێزە سیاسییەکان و پێکھاتەکانی عێراقدا لە دوای نووسینی دەستووری عێراقەوە لە ساڵی ٢٠٠٥ ەوە بە تایبەتی بە ھۆی مادەی ١٤٠ دەستوری تایبەت بە ناوچە جێناکۆکەکان کە دەبوو تا ساڵی ٢٠٠٧ چارەنووسی ئەو ناوچانە بە گوێرەی دەستوور یەکلایی بکرایەتەوە  .

ئەوەی ئەمجارە ئاماژەی بەھێزە بۆ ئەوەی سەرژمێری گشتی بەڕێوە بچێت لە عێراقدا و دوانەخرێت بە ھیچ پاساو بیانوویەک ئەوەیە کە دەستەی باڵای سەرژمێری دانیشتووان و شوێنی نیشتەجێ بوون واتە (مسکن ) یان ماڵ لە ساڵی ٢٠٢٠  پێکھێنرا وەکو وەزارەتی نەخشەکێشانی عێراق ڕایگەیاندووە کە پێکھاتووە لە ھەردوو سەرۆکی لیژنەی نیشتمانی سیاسەتی دانیشتووان و دەزگای ئاماری ناوەندی عێراق و دوو نوێنەر لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان و نوێنەری ئەنجوومەنی نوێنەران و بریکاری وەزراتەکانی ئاسایش و خزمەتگوزاری و ھەروەھا نوێنەری دیوانەکانی وەقفی شیعەو سوونەو ئاینەکانی دی کە ئەرکی ئەم دەستە باڵایە ئەوەیە کە:

١- دانانی پلانێکی گشتگیر بۆ چۆنیتی ئەنجامدانی پرۆسەی سەرژمێرییەکەو ھەموو کۆمیتەکان و لقەکانی لە سەر تا خواری وڵاتدا لە ھەموو قۆناغەکانی لە کاتە جیاوازەکاندا

٢- دەستنیشانکردنی ھەموو پێداویستیە مادی و مرۆییەکانی و چۆنیەتی خەرجکردنی تێچووی پرۆسەکە و سەرپەرشتی و چاودێری کردنی لە ھەموو قۆناغەکانیدا.

٣- بڕیاردان لە سەر دوا شێوەی ئەو فۆرمەی کە سەرژمێرییەکەی لە سەر دەکرێت لە چۆنیەتی سەرژمێریکردن و ھەر بابەت و پرسیارێکی  تر کە دەستەکە بە پێویست و گرنگی بزانێت و جێگیری بکات لەو فۆرمەدا .

وتەبێژی وەزارەتی پلان دانانی عێراق  بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە کە لە کۆتاییەکانی ساڵی داھاتوو واتە ٢٠٢٠ پرۆسەی سەرژمێری دانیشتوان و ماڵەکانیان ئەنجام دەدرێت ئەوەی ئەمجارەی جیاوازە لە جارەکانی دی وشەی مساکن ی بۆزیاد کراوە سەرژمێری کە مەبەست ماڵ و شوێنی نیشتەجێبوونی ھاوڵاتیانە، ھەروەھا ئەوەشی ڕاگەیاندووە کە کە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ھەندێک وڵاتی تری دۆست کۆمەک و ڕاوێژی پێویستمان پێشکەش دەکەن بۆ ئەنجامدانی ئەم پرۆسە گرنگە .

لە کۆتاییدا ئەوەی پەیوەندی بە کوردو مادەی ١٤٠ی دەستوورو ناوچە جێناکۆکەکانەوە ھەیە و جارێکی تر بە ئاشکرا خۆدزینەوەیە لە جێبەجێکردنی ئەوەیە کە عەبدولزەھرە ھنداوی کە وتەبێژی وەزارەتی پلاندانان و سەرۆکی دەزگای ئاماری ناوەندیشە ھەر لەو میانەدا ئەوەشی وتووە کە ئەم ئامارو سەرژمێرییە ھیچ پەیوەندییەکی بە مادەی ١٤٠ ی دەستوورەوە نییەو تەنانەت وەڵام دانەوەی پرسیاری نەتەوە و ئاین و ئاینزا ئارەزوو مەندانەیە و ھاوڵاتیان ئازادن لە وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە یان وەڵام نەدانەوەی و ھەروەھا وتی ئامانجی ئەم پرۆسەیە تەنھا بۆمەبەستی پلان و گەشەکردنی وڵاتە.