سەردێڕ:

ئایا داعش سەرھەڵدەداتەوە؟

1/19/2019 3:40:05 PM
1644 جار خوێندراوەتەوە
بورهان شێخ ڕەئووف
+ -

ھەرچەندە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند کە ھێزەکانی وڵاتەکەی لە سوریا دەکێشێنێتەوە، دوای ئەوەی سەرکەوتنیان بەسەر تیرۆریستانی داعشدا بەدەستھێنا و  ئەو ئامانجەی کە بۆی ھاتبوون بە دەستیانھێنا، بەڵام لەسەر زەوی ڕاستییەکان شتێکی ترمان پێدەڵێن و ھێشتا لە زۆر شوێن و ناوچەی  سوریاو عێراق جموجووڵ و چالاکییان ھەیە.

بەڵێ ڕاستە ڕەقەی پایتەختی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام ئازادکرا و ئەو ئیستراتیجیەتەی کە ھەردوو سەرۆکی ئەمریکا،  باراک ئۆباما و دواتر  دۆناڵد ترەمپ سرکردایەتیانکرد بۆ لەناوبردنی تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی بەشێوەیەکی کاتی ونیمچە ناتەواو و سەرکەوتنی بەدەستھێنا، بەڵام گەلێک فاکتەر ھەبوون کە زەمینەیان خۆشکرد بۆ سەرھەڵدانی بیر و ڕەوتی توندڕەوی لە ناوچەکەدا، ھەموو ئەو فاکتەرانە  بە ئێستاشەوە ماون و زەمینە زیاتر لەبارە بۆ گەشەکردن و نەشونماکردنیان .

وڵاتێکی وەکو سوریا کە ھەشت ساڵی ڕەبەقە شەڕو شۆڕشە و نزیکەی دوازدە ملێۆن کەس لە دانیشتوانەکەی ئاوارە و دەربەدەری وڵاتانی جیھان بوون کە بەشی زۆریان لە تورکیا و لوبنان و ئوردن و عێراق و بەشێکیشی لە وڵاتانی ئەوروپان بە تایبەتی ئەڵمانیا کە ڕاوێژکارەکەی خاتوو ئەنگیلا مێرگل دەرگای بۆکردنەوە،  سەرەڕای ڕەخنە و گلەیی زۆرێک لە خەڵک و حزبە ئۆپۆزەسیۆنەکانی وڵاتەکەی، خاوەنی ئەو وتە بەناوبانگەیە کە وتی، خەڵکی لە سوریا و عێراق و ڕۆژھەڵاتی ناوینەوە دێن بۆ لای ئێمە دەرگایان لێنەکەینەوە لە کاتێکدا ناڕۆن بۆ مەککە و مەدینە. ھەروەھا زیاتر لە نیو ملیۆن کەس بوونەتە قوربانی و کوژراون جگە لەوەی بەشێکی زۆر شارە گەورەکانی ئەو وڵاتە خاپور و وێران بوون و ژێرخانی ئابوری داڕوخاوە بە تایبەتی .

لە ڕووی سیاسییەوە بوونی ھێزی دەرکی  ڕوسی و ئێرانی و تورکی لە سەر خاکی سوریا مایەی نیگەرانیە بۆ خەڵکەکەی لە کاتێکدا زۆربەی عەرەبی سوریا سوونی مەزھەبن و بوونی ھێزی ئێرانی شیعە مەزھەب بە شەرمەزارییەکی گەورە دەزانن و بوونی سوپای تورکیا لە ناوچە کوردنشینەکانی سوریا بە ھەمان شێوە بۆ کوردەکانی سوریا مایەی نیگەرانی و بێزارییە، لە لایەکی ترەوە بوونی ھێزەکانی حزبوڵا و ئێران لە نزیک سنوورەکانی ئیسرائیل مایەی نیگەرانی و ناڕەزایەتی ئیسرائیل و ئەمریکاشە چونکە یەکێک لە ئامانجەکانی بوونی ئەمریکا لە ڕۆژھەڵاتی ناوین پاراستنی ئاسایش و بەرژەوندییەکانی دەوڵەتی ئیسرائیلە .

ھەموو ئەو ھۆکارو فاکتەرانە یارمەتیدەر دەبن بۆ ئەوەی ڕەوتێکی توند ئاژۆی تر بە مۆدێل و ڕیتمێکی نوێتر و توندڕەوتر لە داعش و ئەلقاعیدە سەرھەڵبدەن و کارو کردەوەی زۆر لەوانی پێش خۆیان ئەنجام بدەن .

لە ھەمانکاتدا بڕیارەکەی ترەمپ بۆ کشانەوەی ھێزەکانی لە سوریا ھەرچەندە تا ئێستا کشانەوەیەکی زۆر کەم بە ژمارە  و ئامێرەکان کراوە و بە ھەوڵی بەشێکی زۆر لە وەزیر و ڕاوێژکارانی ئیدارەی ئەمریکا و تەنانەت کۆنگریسمانەکانیش  پێناچێت وا بە خێرایی ڕوبدات بە تایبەتی لە دوای گەشتەکانی جۆن پۆڵتن و مایک پۆمپیۆ بۆ وڵاتانی ناوچەکە دڵنییاندا کە دۆست و ھاوپەیمانەکانیان بە تەنیا جێناھێڵن, بەڵام لە حاڵەتێکیشدا ئەگەر ئەمریکا بە تەواوی ھێزەکانی بکێشێتەوە ئەوە ھێندەی دی دۆخەکە نالەبارتر دەبێت و ھێزەکانی بەشار ئەسەد بە ھەر شێوەیەک بێت وەکو خۆیان وتیان بە شەڕ بێت یان بە ئاشتی دەگەڕێینەوە بۆ ھەموو ناوچە و شارەکان .

لەلایەکی ترەوە ھێزەکانی  سوریای دیموکرات ( ھەسەدە) کە تاکە  ھاوپەیمانی سەرەکی ئەمریکا بوون لە سوریا بەر شاڵاوێکی توندی سوپای تورکیا دەکەون و ھەڕەشەکانی وەزیری بەرگری تورکیا خەلوسی ئاکار لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا باشترین بەڵگەن .

تا ئێستا زۆر بە کورتی باسی داعشمان کرد لە سوریا بەڵام وەکو دیارە ھەر بە ناوەکەیدا دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق وشامە و یەکەمجارە لە دوای سەد ساڵ لە سایکس بیکۆ ھێزەکانی دەوڵەتی ئیسلامی داعش قوولەکانی چاودێری سنووری نێوان عێراق و سوریایان تێکدا و لە بەریەکیان ھەڵوەشاندەوە و ئەبوبەکر بەغدادی خەلیفەیان لە مزگەوتی نور لە موسڵ دەوڵەتەکەیانی ڕاگەیاند .

بەڵێ داعش لەماوەی ڕابردودا جموجوڵی خێرا و بەرچاویان لەزۆر لە ناوچەکانی باشووری کەرکوک و دیالە و حەمرین و بیابانەکانی ڕومادی خۆرئاوای عێراق موسڵ دەستپێکردووە تەنانەت باسی سەرھەڵدانی ڕەوتێکی نوێ دەکەن بەناوی (حراس الدین ) کە لە داعشە ئیگۆر و بیانیەکان بە زۆری پێکھاتوون .

دۆخی سیاسی عێراق لە دوای ھەڵبژاردنەکانی ٣٠/٩/٢٠١٨ زۆر ئاڵۆزتر و پڕ قەیرانتر بووە و حکومەتی نوێ دوای چەند مانگێک ھێشتا وەزارەتەکانی پڕنەکردۆتەوە، دۆسیەکانی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری و کێشەکانی نێوان ھەرێم کوردستان و حکومەتی ناوەندی و جێبەجێنەکردنی دەستوور و بوونی میلیشیا جیاجیا و ئاوەدان نەکردنەوەی ناوچە وێران و خاپوربووەکانی شەڕی داعش و بوارنەدان بە گەڕانەوەی ئاوارەکانی ناوچە سوونیەکان لە لایەن میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و بەتایبەتی پشتێنەی بەغداد ھەموو ئەمان ھۆکار و پاڵپشتن بۆ سەرلەنوێ سەرھەڵدانەوەی داعش و لە داعش دڕندەتریش .

لە ھەمووی گرنگتر و مەترسیدارتر شکستی حزب و لایەنەکانی ئیسلامی سیاسی بە شیعە و سوونەوە لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا و دان نەنان بەو ڕاستیەدا و پشت بەستن بە گزی و فرتوفێڵ لە ھەڵبژاردنەکان و  ھەموو ئاوات و ئومێدێکی خەڵکی عێراقیان زیندەبەچاڵ کرد تا کار گەیشتە ئەوەی شارێکی زیندووی وەکو بەغداد کەمتر لە سەدا سی بەشداری ھەڵبژاردنیان کرد.

خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکی چەند مانگی پێشووی بەسرەی دووەم گەورە شاری عێراق باشترین گەواھین بۆ بێزاری و نیگەرانی خەڵکی ئەم وڵاتە بۆیە  پێشبینی دەکرێت ئەگەرچاکسازی خێرا و گوێ لە گلەیی و گازندە ڕەواکانی خەڵک نەگیرێت ئەوا زۆر ڕەوتی توندئاژۆ و مەترسیدار سەرھەڵبدەن و ئەو کات تەڕو وشک بەیەکەوە بسوتێنن .

لە کۆتاییدا ڕاستییەک ھەیە دەبێت ھەموو کاربەدەستانی ناوچەکە و زلھێزەکانیش پەی پێ ببەن و بیزانن ئەوەیە کە لە ناوبردنی تیرۆر و توندڕەوی ھەر بە سوپا و ڕۆکێت و فڕۆکە و تانک ناکرێت بەڵکو ڕیفۆرم و چاکسازی پێویستە لە ھەموو سێکتەرە گرنگەکانی بەڕێوەبردن چ دادپەروەری و شەفافیەت و مافی کەمینە نەتەوەیی و ئتنیکەکان و دابینکردنی ھەلی کار و خزمەتگوزاری ئاسایش و سەقامگیری پاراستنی شکۆ و کەرامەتی ئینسان بە یەکسانی.