سەردێڕ:

عێراق و خۆپیشاندانە ملیۆنیەکان

1/26/2020 2:22:28 PM
14806 جار خوێندراوەتەوە
بورهان شێخ ڕەئووف
+ -

خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکانی عێراق لە سێ مانگی رابردوودا نزیکەی ٧٠٠ قوربانی و زیاتر لە ٢٢ ھەزار برینداری لێکەوتووەتەوە، ئێستا لە ئەدەبیاتی سیاسی و میدیایی عێراقدا بە شۆڕشی تشرین ناودەبرێت، دەستوری عێراق ئەو مافەی بۆ ھاوڵاتیانی عێراق دەستەبەرکردووە بە ئازادی ڕای خۆیان دەربڕن، بەڵام لە تەنیشت ئەو مافەشدا لایەنی نەناسراو و نادیار، واتە لایەنی سێیەم تا ئێستا ئەو ژمارانەی لە ھاوڵاتیانی عێراق بەو دەردە بردووە کە لە سەرەوە باسمکردوون، جگە لەوانەی لە زینداندان و یان ڕفێنراون و تیرۆر کراون.
خۆپیشاندانی ملیۆنی کە موقتەدا سەدر لە دوو ھەفتەی ڕابردوودا بانگەشەی بۆ کرد سەرەتا لە ڕێگەی تویتەکەیەوە و لە ئێرانەوە، دواتر ھەموو تاقم و میلیشیا چەکدارەکان چوونە پاڵی و لە ڕێگەی کەناڵەکانیانەوە گەورەترین ھەڵمەتی بانگەشە و ریکلامیان بۆ کرد بۆ ئەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بچنەدەرەوە.
ھەرچەندە ھیچ پێوەر و پێوانەیەکی ورد و دروست لەبەردەستدا نیە بۆ دیاریکردن و جێگیرکردنی ئەو ژمارە گەورە، جگە لەوەی تەنھا بۆ بانگەشە و بەرزکردنەوەی ورەی لایەنگرانی موقتەدا سەدر ساڵانێکە خۆپیشاندانی ملیۆنی لە ئەدەبیاتی سیاسی شیعە و تائیفی عێراقدا بەکاردەھێنێت.
بەڵام لە ھەمانکاتدا ئەوەی خۆپیشاندانی ملیۆنیە بەڕاستی، خۆپیشاندانەکانی ١٠٠ ڕۆژی ڕابردووی خەڵکی ناوەڕاست و باشووری عێراقە کە بەشێکی زۆری لاوانن، داوای مافە ڕەواکانی خۆیان دەکەن داوای نان و ئازادی و یەکسانی و خزمەتگوزاری و ئاو کارەبا و ئارامی و سەروەربوونی یاسا و نەمانی حوکمی میلیشیاتی چەکدار و بیمەی بێکاری و بیمەی تەندروستی و بەرگرتن لە دەستوەردانی وڵاتانی دراوسێ لە کاروباری ناوخۆی عێراق 
ئەوەی جێی نیگەرانی خەڵک و تەنانەت لایەنگرانی خودی سەید موقتەدایە ئەوەیە کە، ئەم بەڕێزە لە سەرەتای ئەم بزاڤە جەماوەرییەوە خۆی بە خاوەن و پشتیوانی دەزانێت، بەڵام ئێستا ھێشتا ئەم بزاڤە نەگەیووەتە مەنزڵ، ئەو بانگەشەی خۆپیشاندانێکی تر دەکات کە دژ بە ئامانجەکانی بزاڤە سەرەکیەکەیە، ھەرچەندە لە دواساتەکانی پێش ئەنجامدانی خۆپیشاندانەکە شوێنەکەی گۆڕی بۆ جادریە دوور لە گۆڕەپانی تەحریر کە ئەمە دەرگای بەریەککەوتنی داخست لە نێوان ئەو دووبەرەدا کەبەرەی گەل و بەرەی میلیشیا و تاقمە وابەستەکانیانن.
ھۆکاری خۆپیشاندانی ھەوادارانی سەدر
ھۆکاری سەرەکی ئەم خۆپیشاندانە وەکو سەرچاوە ئاگادارەکان لە ماڵی شیعە باسی دەکەن ئەم ئەرکە بە موقتەدا سپێردراوە لەلایەن ھەموو تاقمە شیعیەکانی ترەوە بەو پێیەی کە موقتەدا پێگەی لە ھەموویان لە ئێستادا لەوانی تر بەھێزترە بۆ ئەوەی ئەو ڕاپەڕینە جەماوەریە گەورە و بەھێزەی عێراق لاوازبکەن و سەرنجی میدیا و ناوەندەکانی بڕیار و وڵاتان بگۆڕن بە ئاڕاستەیەکی تر و داوای چوونەدەرەوەی ھێزەکانی ئەمریکا بکەن، لەلایەکی ترەوە ئەوەی چاودێرانی خۆپیشاندانەکە و لایەنی تریش باسی دەکەن کە ژمارەی بەشداربوون زۆر کەمتر بووە لە ملیۆن و دروشمەکانی خۆپیشاندەرانیش گۆڕا لە  چوونەدەرەوەی ھێزەکانی ئەمریکا بۆ چوونە دەرەوەی ئێران و کۆتاییھێنان بە دەستوەردانی لە کاروباری ناوخۆی عێراق و دروشمدان دژ بە سەرۆکی تاقم و گروپە میلیشیاویەکان و تەنانەت خودی موقتەداش.
لە کۆتاییدا پێویستە ئەوەش بڵێم کە موقتەدا سەدر لە گەڵ خۆپیشاندانەکانیشدا پەیامێکیشی بڵاوکردەوە بۆ لایەنگرانی و ڕوو لە گەلی عێراقیش کە دەخوازێت  میلیشیاکانی حەشدی شەعبی ھەڵبوەشێنرێنەوە و لە ناو ھێزەکانی وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری عێراقدا جێگەیان بکرێتەوە، بەڵام ئەم داخوازییەی پێشتر عادیل عەبدولمھدیش سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەر کە فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکان بوو، بۆی نەچووەسەر بۆیە بۆ سەید موقتەداش ناچێتە سەر.