سەردێڕ:

لێکەوتەکانی کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق

1/19/2020 12:38:59 PM
4181 جار خوێندراوەتەوە
بورهان شێخ ڕەئووف
+ -

کوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی  ئێران و ئەبو مەھدی موھەندیس جێگری فەرماندەی حەشدی شەعبی عێراق لە ٣/١/٢٠٢٠ لە پەلامارێکی فڕۆکەیەکی  بێفڕۆکەوانی ئەمریکی لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا بووە ھۆی ئاڵۆزی و گرژبوونی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و عێراق تا ڕادەی ھەڵچوون و کوڵان .

کارگەیشتە ئەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە دانیشتنێکی کتوپڕو نائاساییدا لە ٥/١/٢٠٢٠ بە ئامادەبوونی عادل عەبدولمەھدی سەرۆکوەزیرانی دەست لەکارکێشاوە و کار بەڕێکەر و بەبێ ئامادەبوونی دوو پێکھاتەی  گرنگ و سەرەکی عێراق ئەوانیش سوننە و کورد و جگە لەوەی ھەندێک لایەنی شیعەش لەوێ نەبوون، بڕیاری دەرکردنی ھێزەکانی ئەمریکا بدات، داوا لە حکومەت بکات کە کۆتایی بە ھەموو ھەماھەنگی و ھاوکارییەک لەگەڵ ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتی ئەمریکا لە عێراق بھێنێت و داوایان لێ بکات بە زووترین کات خاکی عێراق بە جێ بھێڵن .

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش لەلای خۆیەوە نیگەرانی و بێ ئومێدی خۆی لەم ھەنگاوەی پەرلەمانی عێراق ڕاگەیاند و  خوازیار دووبارە پیاچوونەوەی تێداکرد، ھەروەھا ڕایانگەیاند کە ئەمریکا ناخوازێت ھێزەکانی لە عێراق بکێشێتەوە،  بەڵکو لە ئاوا حاڵەتێکدا بیر لە سزادانی عێراق دەکەنەوە بە سزای ئابووری زۆر قورس وەکو ئەوەی ئێران کە ئابوری عێراق ھەڵدەتەکێنێت .

لێکەوتەکانی دەرکردنی ھێزە کانی ئەمریکا لە عێراق 

 ھەرچەندە ھەر ھێزی ئەمریکا لە عێراقدا نیە، بەڵکو ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی ھێزی زۆر وڵاتی تری تێدایە و ھێزی تورکیاش لە عێراقدا ھەیە و ئێرانییەکانیش لە ڕێگەی ھاوپەیمانەکانیان لە حەشدی شەعبی کاریگەرییان لە ھەموو لایەنەکانی تر زیاترە، بەڵام کێشە گەورەکە ئەوەیە ھێشتا سوپای عێراق و سیستمی بەرگری وڵات لە ئاستێکدا نیە کە بەرگری لە ئاسایش و ئارامی و سەقامگیری و سەروەری زەوی و ئاسمانی عێراق بکات و جموجوڵی تیرۆریستەکانی داعش تا ئێستاش لە زۆر شوێنی عێراق بە دی دەکرێت، لەوەش خۆشتر نیە وڵات سەربەخۆ بێت و دەستی دەرکی تێدا نەبێت و خۆی خاوەنی بڕیاری سەربەخۆی خۆی بێت و ملکەچی ھیچ وڵاتێک نەبێت .

١. یەکەم کاردانەوە و لێکەوتەیەک کە لە ئەنجامی سزادانی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە دێتە ئاراوە ئەوەیە عێراق دەچێتە ژێر عابای ئێرانەوە و بێ بەش دەبێت لە ھەموو ھاوکاری و کۆمەکەکانی ڕۆژئاوا و ئەمریکا بە تایبەتی .

٢. بێبەشکردنی عێراق لە تاکە سەرچاوەی داھاتی کە نەوتە .

٣. کشانەوەی ھەموو کۆمپانیا نەوتییە ئەمریکی و جیھانیەکان کە ئەمەش کاریگەری کارەساتبار بە دوای خۆیدا بۆ عێراق دەھێنێت .

٤. کۆتاییھێنان بەو چاوپۆشی و لێبوردنە کە عێراق گاز و غاز لە ئێران بکڕێت بۆ وێستگەکانی کارەبا کە لەوەرزی ھاوینی داھاتوودا دۆخی عێراق زیاتر شپرزە دەکات .

٥. لەلایەکی ترەوە جگە لە پێگەی جیۆسیاسی گرنگی عێراق ئەمڕۆ عێراق وڵاتێکی گەورەی بەرھەمێنی نەوتە لە سەرئاستی ئۆپێک و جیھان، ئەگەر بەم شێوە بەردەوام بێت و ھێزەکانی ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانی بمێننەوە ئەوە عێراق دەتوانێت کەڵک لەو سامانە سروشتیەی خۆی وەربگیرێت و خۆی بنیات بنێتەوە و ببێتە وڵاتێکی گەشەسەندوو .

جگە لە مانەش مانەوەی ھێزی ھاوپەیمانەکان ھاوکار و یاریدەدەر دەبێت بۆ کۆتاییھێنان بە پاشماوەکانی داعش و تاقم و گروھە تیرۆریستەکانی تر، بە پێچەوانەوەش ئەگەر ئەمریکا و ھاوپەیمانان بکشێنەوە لە عێراق ئەوا عێراق دەبێت بە گۆڕەپانی ململانێی زیاتری تاقم و گروھە توندئاژۆکان و ئێران زیاتر ھەژموونی خۆی بەسەر ناوچەکەدا دەسەپێنێت و سوود لە سامان و داھاتی عێراق وەردەگرێت .

لە کۆتاییدا ئەگەر ئەمریکییەکان عێراق بە جێ بھێڵن بەھۆی کوژرانی قاسم سلێمانیەوە ئەوا ئەو ئامانجەی سەردار سلێمانی بەدی دێت کە ئەو لە ژیانیدا بۆی جێ بەجێ نەکرا ئەمڕۆ بەمەرگی دێتەدی کە ئەمە قسەی ناوەندە ئەمریکیەکانە، لە ھەمانکاتیشدا شکستێکی سیاسی و سەربازی گەورەیە بۆ ئەمریکا لە ناوچەکەدا بەگشتی نەک ھەر لە عێراق .