سەردێڕ:

ئەمریکا و ئێران لە دوای مووشەکبارانی بنکەی عەین ئەسەد و ھەولێر

1/14/2020 2:58:57 PM
7767 جار خوێندراوەتەوە
بورهان شێخ ڕەئووف
+ -

پەلامارو مووشەکبارانی بنکەی ئاسمانی عەین ئەلسەد لە پارێزگای ئەنباری خۆرئاوای عێراق، کە دووەم گەورەترین بنکەی سەربازی و ئاسمانی عێراقە لە دوای بنکەی بەلەد، وەکو تەواوکەرو کاردانەوەی ئەو زنجیرە پەلامارو بەریەک کەوتننانەی ھەردوو وڵاتی ئەمریکاو ئێرانە لە سەرخاکی عێراق، دوای پلامارەکانی حەشدی شەعبی بۆسەر بنکەی  K١ لەکەرکوک و کوژارانی بەڵێندەرێکی ئەمریکی بەناوی فراس حامید و ھێرشی فڕۆکەکانی ئەمریکا بۆ سەر بنکەکانی حەشد لە قائیم و کوژرانی ژمارەیەک لە چەکدارەکانیان ولە ناویاندا عەلی خەزعەلی فەرماندەی لیوای ٤٥ ی حەشدی شەعبی .

دواتر خۆپیشاندانەکانی بەغداد لەلایەن لایەنگرانی حەشدی شەعبی بۆ سەر باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغداو سووتاندنی دەرگای دەرەوەی و دواتر کوژرانی سەردار قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و ئەبو مەھدی موھەندیس جێگری فەرماندەی حەشدی شەعبی لەلایەن فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی ئەمریکاوە لە بەرەبەیانی ٣/١/٢٠٢٠ لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا .

دواتر ئێرانیش لە دوای نیوەشەوی ٨/١/٢٠٢٠ وەکو وەڵامێک و تۆڵەیەک بۆ خوێنی سلێمانی ڕۆکێتبارانی بنکەی عەین ئەسەدو ھەولێری پایتەختی ھەرێمی کوردستانی کرد.

لەدوای پەلامارەکەی عەین ئەسەد

ھەرچەندە ئێرانیەکان پێنج ڕۆژ دواکەوتن و دوای بیرکردنەوەو لێکۆڵینەوەو کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی ئێران بە سەرۆکایەتی ڕابەری کۆماری ئیسلامی عەلی خامنەئی  بڕیاری تۆڵەسەندنەوەیان دا و باشترین شوێنیش بۆ ئۆپراسیۆنەکەیان عێراق بوو، بۆیە ھەر لە سەر خاکی عێراق وەڵامیان دایەوەو پەلاماری ئەو دوو شوێنەیان دا کە پێشتر باسمکردوون .

ھەرچەندە بەیاننامەی سەرکردایەتی پاسدارانی ئێران باس لە کوژرانی ٨٨ سەربازی ئەمریکی دەکات لەو ئۆپەراسیۆنەدا، بەڵام ئەمریکیەکان لەزاری سەرۆک ترەمپەوە دەڵێن ھیچ زیانیێکی گیانیمان نەبووە .

بەھەرحاڵ ئەوەی دوای ھێرشەکە خوێندنەوەی بۆ دەکرێت ئەوەیە ھەرچەندە ئێرانیەکان بە دوو وتاری جیا گوزارشتیان لێکرد یەکێکیان بۆ ناوخۆی ئێران کە راگەیەنراوی سوپای پاسداران و میدیاو ماڵپەڕەکانی نزیک بوو لێیان کە زۆر بە توندی و گەورەیی باسی ھێرشەکەیان کردو بۆ ڕێکخستن و یەکگرتنی بەرەیی ناوخۆیی خۆیان و شیعە بەگشتی و ھەوادارانیان لە عێراق، ھەر لەو کات و ساتەدا کە قاسم سلێمانی کوژرا ئەوانیش ھێرشەکەیان دەستپێکرد و بە تۆڵەسەندنەوەیەکی جەرگبڕ وەسفیان کرد .

وتاری دووەمیان لە زاری وەزیری دەرەوەیان موحەمەد جەواد زەریفەوە بوو کە ئاڕاستەی ڕای گشتی دەرەوە کرابوو وای پیشاندا کە ئەمە بەرگرییە لە خۆمان و ئێران زوڵمی لێکراوە ئێمەش لە چوارچێوەی مادەی ٥١ میساقی نەتەوەیەکگرتووەکاندا بەرگریمان لە خۆمان کردووە، ئێران ھەوڵی ھەڵکشان و جەنگ نادات و ناخوازن شەڕ لە گەڵ ئەمریکا بکەن .

لە ھەمانکاتیشدا ئێرانیەکان سەرکەوتوو بوون لەوەی شەڕێکی سەخت و خوێناوی و وێرانکەر  لە خۆیان بە دوور بخەنەوە لە ئێستادا ھیچ نەبێت بەوەی کە گورزی گەورەو پەلاماری شوێن و پێگەی تریان نەدا چ لە بنکە ئەمریکیەکانی تر لە وڵاتانی ناوچەی کەنداو و ئیسرائیل .

لە لایەکی ترەوە دیبلۆماسیەتی ئێران ھەوڵی تریان خستە گەڕ بۆکەمکردنەوەی ئاڵۆزی و گرژییەکانی ناوچەکە و پەیوەنددییە نێودەوڵەتییەکانیان ئەوەش خۆی لەوەدا بینیەوە کە ئەو تۆمەتەی کەساڵی ڕابردوو دابوویانە پاڵ  ژنەزانای کۆمەڵناسی ئەکادیمی فەرەنسی (فابریکا عەدلخا )لاببەن و سووکی بکەن لەسەری .

لە ھەمانکاتیشدا ئەوە ڕابگەیەنن ئێرانیەکان کە پابەندن بە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمیەکەوە و ھەوڵنادەن جەنگ ھەڵبگیرسێت لەگەڵ ئەمریکادا و وەڵامدانەوەکەی خۆیان بۆ ئەمریکا بە ھاوسەنگ ناو ببەن .

لە کۆتاییدا لە ئاوا بارودۆخێکدا ئەگەرەکانی ھەڵگیرسانی جەنگ دوورنیە تاوەکو زەمینە ساز نەکرێت بۆ  دانوستان و دیالۆگ لە نێوان ئەو دوو جەمسەرە گرنگەدا، لە کاتێکدا ئەمریکا لە خۆسازدانی سەربازیدایە لە ھەموو بنکەو بارەگاکانی لە عێراق و کوەیت و وڵاتانی ترو بنکە ی دییگۆگارسیا لە ئۆقیانووسی ھندی، و ئێرانیەکانیش بە ھەمان شێوە لە تەنگەی ھورمز و ھەڕەشەو ھوتافو دروشمە ئایینی وە مەزھەبیەکانیان لە کاتی بە خاکسپاردنی ژەنراڵ سلێمانی، موژدەی خۆشی بە گەلانی ناوچەکە نادەن، ئەگەر ھەموو لایەک وکۆمەڵگای نێودەوڵەتی ھەوڵی خێراو جدی نەدەن بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە