سەردێڕ:

تویتەکەی سەرۆکە تازە ھەڵبژێردراوەکەی تونس

12/8/2019 12:51:05 PM
6636 جار خوێندراوەتەوە
بورهان شێخ ڕەئووف
+ -

لەمساڵی ٢٠١٩ یەدا وا ئێستا لە مانگی کۆتایی و رۆژەکانی دواییدان، چەندین خۆپیشاندان و شۆڕشی جەماوەری گەورە ناوچەی  خۆرھەڵاتی ناوین و باکوری ئەفریقیای گرتەوە تاوەکو ئێرانیش، ئەوەی لەم خۆپیشاندانانەدا جیاوازبوو لەوانی پێشتر دروشمی بنبڕکردنی گەندەڵی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی  دابینکردنی خزمەت گوزاری خێراو پێویست بوو جگە لە شەفافیەتیش کە ئەویش ڕووبەرێکی فراوانی داگیر کردبوو لە داخوازییەکان .
لە گەرمە ی ئەم باسوخواستانەدا سەرۆک کۆماری تونس، ئەو وڵاتەی کە دەست پێشخەرو دەروازەی ڕاپەڕینەکانی بەھاری عەرەبی بوو، ھەر زوو دکتاتۆری ئەو وڵاتە زەینلعابدین  بن عەلی ھەڵھات و گەل و سوپای ئەو وڵاتە دەستەڵاتیان گرتە دەست.
 دەکرێت ھەر تونسیش بە تاکە وڵاتێک دابنێین لەو وڵاتانەی کە بەھاری عەرەبی گرتەوەو بە  سەرکەوتوویی لەو شۆڕش و بەرخۆدانانە دەرچوو، تونس تێوەنەگلا بە شەڕی ناوخۆیی و تائیفی بە جۆرێک لە جۆرەکانی دەستاودەستکردنی دەستەڵات و ژیانی سیاسی و دیموکراسی پیادەکرا .
لەم ڕۆژانەشدا مامۆستا قەیس سەعید سەرۆکی تازە ھەڵبژێراوی تونس لە تویتێکی جوان و شایستە و پڕ ماناو گشتگیر نەک بۆ تونس بەڵکو بۆ ھەموو وڵاتانی ناوچەکەش گونجاوە و دەرمانە بۆ ئەو دەردەی کە زۆرێک لە وڵاتان موبتەلای بوون دەڵێت، ( ئیمتیازات و خانەنشینی خۆش و یاسای پارێز بەندی  پەرلەمانتاران ھەڵبوەشێننەوە، ئیتر کەسێک نادۆزنەوە جگە لەوانەی کە ڕاستگۆ و دڵسۆزن بۆ خزمەتی گەل و وڵات )
زۆر دروستە ئەم پەندەی ئەو بەڕێزە وا بە وردی و بە کورتی بەیانی کردووە.
 ھەر لە بەر ئەو ئیمتیازات و مووچەو پاسەوان و خانەنشینی بە گەنجی و پارێزبەندی و پاسەپۆرتی دیبلۆماسیە لە عێراقیش ھەموو ئەندامانی تاقم و حزب و لایەنەکان شەڕی لە سەردەکەن.
کار گەیووەتە ئەوەی کاربەدەستان وەکو دیاری ودەسەنە  ئەو پۆستانە دابەش دەکەن بە سەر کەسە نزیکەکانی خۆیاندا و ئەندامانی حزبەکانیشیان با داناو زانا و لێھاتووش بن ئەو شانسەیان بەرناکەوێت.
بۆیە بۆ دۆخی عێراقیش کە وا دوو مانگی تەواوە خەڵکی بەغدادی  پایتەخت و شارەکانی باشوری عێراق خۆپیشاندانی گەورە و کۆڵنەدەرانە ئەنجام دەدەن، سەرەڕای قوربانی زۆر و دەست لەکارکێشانەوەی سەرۆک وەزیران، خوازیاری بنبڕکردنی گەندەڵی و خزمەتگوزاری و سزادانی گەندەڵکاران و دوورخستنەوەی ئەو تاقم و حزبانەی کە لە شازنزە ساڵی ڕابردوودا گەندەڵی و بە فیڕۆدانی گەورەی ماڵی گشتیان ئەنجامداوە.
لە ھەموویشی قورستر و خەمناکتر بۆ گەلی عێراق ئەو ئیمتیازات و مووچەی خانەنشینی خەیاڵیانەیە کە بەناو نوێنەرانی گەل بە یاسا بۆ خۆیان تەرخانکردووە، کە لە ھیچ شوێنێکی ئەم جیھانەدا لە وێنەی نییە.
لە کاتێکدا دەکراو دەبوو بە دانانی زۆر کاراکتەری بە تواناو لێھاتووتر لەو خەڵکانە کاروباری وڵات بە جوانترین و باشترین شێواز بەڕێوەببرایە، چونکە ھەموومان شاھیدی سەدان و ھەزاران خەڵکی بەتواناین لە چالاکوانان و ئەندامانی ڕێکخراوە پیشەیی و مەدەنیەکان کەلەسەر حسابی خۆیان  زۆرکاری گەورە ئەنجام دەدەن.
بۆیە دەکرێت حکومەتەکان لە ڕێگەی خەڵکی و لەو بابەتەوە خزمەتی وڵات بکەن و بەڕێوەی بەرن، نەک دانانی لە شکرێک لە خەڵکی مشەخۆرو بێ پرنسیب و دوور لە مۆراڵ، کە ماڵی گشتی بەماڵی خۆیان دەزانن و پۆست و پلە بۆ بەرژەوەندییە تایبەتەکانی خۆیان بەکار دەھێنن .
لە کۆتایدا ئیتر ئەم شەپۆلەتوڕەو حەقخوازە  پێناچێت وا بە ئاسانی دابمرکێتەوە ئەگەر ئاگرەکەی ھەموو ئەوانە نەسووتێنێت کە لە کۆمەڵگایەکدا  بەشێکی زۆر بێکارو  برسی  بێت و بەشێکی تریش کە کارمەندی حزب و دەوڵەتن کە داھاتەکەیان دیاریکراوە ، بوون بە ملیاردێر و خاوەن گەلێک سامان و سەرمایەن  کە بەکارمەندو بەڕێوەبەرانی دەوڵەت ناکرێت.
 ئیتر کاتی ئەوەیە بەتوندی یاسای (( ئەمەت لە کوێ بووە ))  جێبەجێ بکرێت.