سەردێڕ:

​ئەبوبەکر بەغدادی لە ئۆپراسیۆنی کایلا مولەردا کوژرا

11/2/2019 6:23:49 PM
4985 جار خوێندراوەتەوە
بورهان شێخ ڕەئووف
+ -

دواجار ئەبوبەکر بەغدادی خەلیفەی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام کۆتایی بە ژیانی ھات و چۆن لە پێنج ساڵی ڕابردووی تەمەنی خەلافەتە کەیدا کوشتن و بڕین و تاڵانکردن و بە سەبایا کردن و تێکدانی شوێنەوارە مێژووییەکان حەڵال کردنی خوێنی ھەموو ئەو کەسانەی کە لە گەڵیاندا نەبوون ، چ لە ئێزدیەکان و کریستیانەکان و شیعەکان و کوردەکان و زۆر تاوانی گەورەی تریان ئەنجام دا کە مرۆڤایەتی شەرمەزارە لە ئاستیاندا .

بەڵێ ئەوە چارەنووسی ھەموو خوێنڕێژو دیکتاتۆر و گەندەڵێکە کە زوو یان درەنگ  ئاکامی کارو کردەوەکانی وەردەگرێت بۆیە  ھەر دەبوو  چاوەڕوانی ئەو چارەنووسە بین بۆ ئەو جانەوەرە سامناکە.

کێ بەغدادی کووشت ؟

ئەمڕۆ ٢٧ی ئۆکتوبەر ٢٠١٩  سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند کە ھێزە تایبەتەکانی ئەمریکا شەوی ڕابردوو لە ئۆپەراسیۆنێکی جۆری نھێنی و نەخشە بۆداڕێژاوی وردا لە ژێرناوی ((کایلا مۆلەر))دا کە دواتر بە درێژی باسی ئەو ناوە دەکەین  توانیان کۆتایی بە ژیانی ئەبوبەکر بەغدادی خەلیفەی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام بھێنن ، بێگومان ناوی بەغدادی ناسراوە لە سەر ئاستی جیھان بۆ تاوان وخوێن ڕشتنەکانی ، کە شوێنێک نەما لەم جیھانە دەستی تاوانی نەیگاتێ ، لە  خۆر ھەڵاتەوە بۆ خۆر ئاوا،  لە باکورەوە بۆ باشوری زەوی .

ترەمپ زانیاری زیاتری لە سەر چۆنێتی کوشتنی بەغدادی خستە ڕوو وتی : ھەڵھات بۆ تونێلێکی تاریک کە دەرنەدەچوو و سەگ دوای کەوتبوون ، بۆیە خۆی تەقاندەوە بەو چاکەتە بۆمبڕێژکراوەی کە لە بەریدا بوو خۆی و سێ منداڵ کەلە گەڵیدا بوون کوژراو تونێلەکەش ڕووخا بەسەریدا  تەرم و لاشەکەشی شێوا و لەت و پەت بوو.

کێ ھاوکار بوو لەم ئۆپەراسیۆنەدا ؟

ترەمپ ڕایگەیاند کە کوردەکان مەبەست کوردانی خۆرئاوا ھاوکار بوون و زانیاری پێویستیان پێداون و بۆیە زۆر سوپاس و ستایشی کردن ، لە ھەمان کاتدا وتەبێژی ھەسەدەش ڕایگەیاند کە ئۆپەراسۆنێکی ھاوبەش بووە لە نێوان ئەوان و ھاوپەیماناندا ، لە لایەکی ترەوە ترەمپ سوپاسی ڕوسیای کرد کە بوار ی ئاسمانی سوریای بۆ کردونەتەوە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە ، بەڵام ڕووسەکان ئەوەیان ڕەتکردەوە کە ئاگادار ی ئەو ئۆپەراسیۆنە بووبن .

لە لایەکی تریشەوە وەزارەتی بەرگری عێراق ڕایگەیاند کە دەزگای ھەواڵگری سەربازی عێراق ڕۆڵی کاریگەری ھەبووە لە چاودێری و دەستنیشانکردنی شوێن و پەناگەی بەغدادی دوای ئەوەی بۆ ماوەی یەک ساڵ تیمێکی تایبەت بە وردی بەدواداچوون و چاودێری وردیان کردووە تا لە نزیک ئەدلب شوێنەکەی دیاری کراو و بە ھەماھەنگی لە گەڵ ئەمریکیەکان ئۆپەراسیۆنەکە بە سەرکەوتووی ئەنجام درا .

قازانجی ئۆپەراسیۆنەکە بۆ ترەمپ

پێدەچێت ئەم کوشتنەی بەغدادی لەم کاتەدا سوودو کەڵکی باش بە سەرۆک ترەمپ بگەیەنێت لەو پرۆسەی لێپێچینەوەی کە  دیموکراتەکان دەستیانداوەتی َ لە دژی ترەمپ .

بۆ ناوی ئۆپەراسیۆنەکە نرا ( کایلا مولەر)

کایلا مولەر ئەو کچە ئەمریکیە یە لە دایکبوی ساڵی ١٩٨٨ ولایەتی ئەریزۆنا،   چالاکوانی مافی مرۆڤ و  ، وەکو خۆبەخش و چالاکوانی مەدەنی لە بواری یارمەتی مرۆڤایەتی دا کاری دەکرد ، لەلایەن داعشەوە ڕفێنراو وەکو بارمتە دەستبەسەرکرا  لە حەڵەب لە ساڵی ٢٠١٣لە نەخۆشخانەی پزیشکانی بێ سنوور و دواتر لە ٦ شوباتی ٢٠١٥ کوژرا .

ئەوەی لە سەر زاری دایک و باوکی کایلا مولەرەوە باسی کراوە کە بۆ میدیاکانی ئەمریکا قسەیان کردووە بە تایبەتی بۆ تۆڕی ABC   ئەوەیە کە کچەکەیان ئەشکەنجە دراوەو و دەستدرێژی سیکسی کراوەتە سەر لەلایەن ئەبوبەکر بەغدادیەوە .

بۆیە ئێستا دوای چوارساڵ ئەمریکیەکان لە کوژران وتیرۆر کردنی ئەو ھاوڵاتی یەیان کە گێڕانەوەی جۆراو جۆر ھەیە لە سەر شێوازی کوشتنەکەی ، بە ھەقی خۆیانی دەزانن سزای ئەو تاونبارە بدەن و تۆڵەی کایلا مولەر و ھەزاران خەڵکی تری بێ تاوان لە عێراق و سوریا لە سەری یەکەمی داعش بکەنەوەو ئەو ئۆپەراسیۆنە بەناوی کایلا مۆلەری مرۆڤ و ئازدیخوازو چالاکوانی مەدنی یەوە بنێن .