سەردێڕ:

بۆشایی کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە سوریا

10/22/2019 4:53:48 PM
4615 جار خوێندراوەتەوە
بورهان شێخ ڕەئووف
+ -

ئەمە یەکەم جار نیە ئەمریکا ھێزەکانی لەم ناوچە ھەستیارو گرنگە کە پێ ی دەبێژن ڕۆژھەڵاتی ناوین پاشەکشە پێ بکات، ساڵی ٢٠١١ کە سەرۆکی پێشوو باراک ئۆباما ھاتە سەرکار وەکو بەڵێنی بە دەنگدەرەکانی دابوو ھێزەکانی ئەمریکای لە عێراق بە خێرایی برق کێشایەوە، سەرەڕای ئەوەی بارودۆخی عێراق ئارام و سەقامگیر نەبوو، ئەمریکاخۆیشی ھەزاران سەربازی بوون بە قوربانی و تریلیۆنەھا دۆلاریشی خەرج کردبوو  لە پرۆسەی ئازادی عێراقدا.

بەڵام لە عێراق ھەر زوو ئێران ئەو بۆشاییەی پڕ کردەوەو، ئێستا خۆی بڕیاربە دەست و فیگەرێکی کاراو بەرجەستەی سەر گۆڕەپانی سیاسی عێراقە، ئەمە ڕاستیەکە وەکو ڕۆژ بەبەرچاوانەوەیە کەس ناتوانێت نکووڵی لێبکات، بە تایبەتی عەرەبەکان ھاواریان دەگاتە کەشکەڵانی فەلەک لە داخا.

کشانەوە لە سوریا
ئەوەی مەبەستمە لەم باسە کورتەدا شەن و کەوی بکەم کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا یە لە ڕۆژئاوای کوردستان واتە لە باکوری ڕۆژھەلاتی سوریا، ساڵانێکیشە لە گەڵ ھێزەکانی سوریای دیموکراتدا کە کوردەکانی سوریا بڕبڕەی پشت  و زۆرینەی پێک دەھێنن ھاوپەیمانن و بە یەکەوە شەڕی تیرۆر و دەوڵەتی ئیسلامی یان لە عێراق و شام کرد ، دواتر پایتەختەکەی کە ڕەقە بوو ئازاد کرا لە سەردەستی ئەم ھێزە ھاوپەیمانانە .
بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانی و مشتومڕی گەرمە، ئەوەیە سەرۆکی ئەمریکا لەناکاودا بڕیار ی کشانەوەی ھێزەکانی دا، ھەرچەندە تا ئێستا بە تەواوی نەکشاونەتەوە ھەرچەندە جێ گۆڕکێیان پێ کراوە، بەڵام ترەمپ دەڵێت دەیانکشێنمەوە و ئەوە بڕیاری کۆتاییە .
تا ئێرە تەواو، من باسی خیانەتی ئەمریکا لە ھاوپەیمانە کوردەکەی ناکەم چونکە ھەر لە ئەمریکا خۆی قسەی زۆری لە سەر کراوەو، ترەمپیش بەرشاڵاوێکی چڕوپڕی میدیاکان و سیاسیەکان و کەسایەتیەکانی وڵاتەکەی خۆی کەوت.
ئێستا گۆڕەپانی سوریا چۆڵکرا لە لایەن ئەمریکاو ە و ئەو تاکە پێگەو ھاوپەیمانەی کە ھەیبوو کوردەکانی ڕۆژئاوای کوردستان جێی ھێشتن و ئێستا لەلایەن تورکیاوە بەر شاڵاوێکی دڕندانە کەوتوون.

کێ ئەو بۆشاییە پڕ دەکاتەوە؟
١- ئەگەرچی  ڕوسیا ھەر لە سەرەتای قەیرانی سوریاوە ھاتۆتە ئەو وڵاتەو بەو پێیە کە بەندەری تەرتوسی  سوری لە بندەستدایە زۆر بە ئاسانی کۆنترۆڵی بارودۆخی سوریای کرد و نەیھێشت دوا پێگەی ڕوسیا لە سەر ئاوی گەرمی لە دەست دەربچێت بۆیە ورچی ڕوسی ئێستا خاوەن بڕیاری سەرەتاو کۆتاییە لەو وڵاتەو ھەر دوای بڕیارەکەی ترەمپ خێرا کوردەکانی سوریای لە گەڵ ڕژێمی بەشار ئەسەد کۆکردەوە و گەیشتنە جۆرێک لە ڕێکەوتن کە سوپای عەرەبی سوری بگەڕێتەوە بۆ سەر سنوورە نێودەوڵەتیەکان  و بەر بە پەلامار و ھێڕشەکانی تورکیا بگرن .
دواتریش ھەوڵی چارەسەری سیاسی مەسەلەی کورد لە سوریا بدەن و بە تایبەت کوردەکانی سوریا کە خوازیاری پێکەوە ژیان و مانەوەن لە سوریادا و داوای جیابوونەوە ناکەن لەو وڵاتە، ئیتر لە ڕێگەی نووسینەوەی دەستووری نوێی سوریا و بڕیاری ٢٥٥٤ی ئەنجوومەنی ئاسایش کە دەکرێت بکرێتە بنەما بۆ ھەر چارەیەکی داھاتوو، ڕووسەکانیش لەم ڕێکەوتنەدا گرەنتییان کردووە .
بۆیە پێدەچێت ئەمریکا لە زۆر شوێنی تریش ھەمان ھەنگاو بنێن بکشێتەوە چۆن لە سوریا لە ژێر فشاری تورکیادا کشایەوە، لەوەیە ڕووسەکانیش ھەمان فشار بکەن لە ئەمریکا بۆ کشانەوە لە کوێ مەبەستیان بوو.

٢- هێزی دووەم ئێرانە کە پێشتر ئاماژەم پێدا کە بۆشایی عێراقی پڕ کردەوە لە ساڵی ٢٠١١ دوای کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا، ئێستا ھەمان وڵات لە سوریاش ئامادەگی ھەیە و ڕۆڵی کاریگەر و بزوێنی لەشەڕو ململانێکانی ئەو وڵاتەدا ھەبوو لە ھەشت ساڵی ڕابردوودا لە ھەموو بوارەکانی سەربازی و ئابوری و ئاسایش و قوربانی گەورەشی لەو پێناوەدا داوە.

بۆیە ئێرانیەکان کە ئێستا ھیلالی شیعیان تەواو کردووەو لە تارانەوە بۆ بەغداد و دیمەشق و بەیروت بە ئاسانی دەجووڵێن، زۆر ئاسانە بۆیان جڵەوی زۆرێک لە ڕوداوەکانی بگرنە دەست خۆیان و لە کاتێکدا لە گەڵ ڕوسیادا پەیوەندی باشیان ھەیە.

ماوەتەوە بڵێم ئێرانیەکان دەتوانن کاری گەورە بکەن بە تایبەتی لە دۆسیەی کوردا چ لە عێراق و سوریا بەو پێیەی دۆستایەتی و ھاوپەیمانی باشیان لە گەڵ بەغداو دیمەشق ھەیەو دەتوانن ڕێ لە زۆر پیلان و پلان بگرن بە تێچوویەکی زۆرکەم ئارامی و سەقامگیری بکەنە دیاری بۆگەلانی ناوچەکەو پێگەی خۆیشیان بەھێزتر بکەن.