سەردێڕ:

ئەمریکای سەردەمی ترەمپ

10/18/2019 8:39:57 PM
4496 جار خوێندراوەتەوە
بورهان شێخ ڕەئووف
+ -

دەگێڕنەوە کە لە ھەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا لە دەریای باشووری چین بەلەمێکی بچووک کە کۆمەڵێک خەڵکی لە سەر بووە کە لە ستەمی ڕژێمە دکتاتۆرەکانی ئەو ناوچەیە ھەڵاتبوون و بەلەمەکەیان کوون ببوو, ئاوی تێچوو بوو, خەریک بووە نوقمی ئاوببێت و ھەمووان بخنکێن, کە فڕۆکەھەڵگرێکی ئەمریکی دەبینن لەناو دەریادا, ھاوار بۆ دەریاوانە ئەمریکیەکان دەکەن تاوەکو ڕزگاریان بکات, دەریاوانەکەش دەچێت بە ھانایانەوە و یارمەتی ئەو ھەڵاتووانە دەدات تاوەکو ڕزگاریان بێت و لە شوێنێک مافی پەنابەری بەدەست بھێنن .
ئا لەو کاتەدا یەکێک لە سەرنشینی بەلەمە کوونبووەکە ھاوار دەکات لە دەریاوانە ئەمریکیەکەو دەڵێت سڵاولە دەریاوانی ئەمریکی سڵاو لە پیاوی ئازادی .
بەڵام ئەمریکای ئێستا و ئەمریکای ترەمپ ئەو ئەمریکای جاران نیە کە بە جەنگاوەری ئاشتی و مافی مرۆڤ و چەسپاندنی ئاشتی و سەروەی یاسا ناسرابوو, ئێستا ئەمریکا لە زاری سەرۆکەکەیەوە کورد بە جەنگاوەر ئازاو لێھاتوو ناودەبات و دەڵێت ھەرگیز پشتیان بەرنادەین و دواتر لە ڕێگەی تویتە یەک لەدوای یەکە بێ تام و مناڵانەکانیەوە پشتیان بەردەداو گورگان خواردیان دەدات و برادەرو دۆستەکانی تەنگانەی ناناسێتەوە.
ھەر دەربارەی ھەڵوێست و تویتەکانی ترەمپ بەرامبەر بە کورد حەزدەکەم پێش ئەوەی ڕای خۆم بڵێم ڕای نووسەرێکی بیانی دەنووسم ئەویش ( جۆن شوارتز)ە کە نووسیویەتی لەم جیھانەدا سێ شت زۆر مسۆگەرن و ڕوو دەدەن پێویستە ھەموو کەس جێ بە جێ ی بکات یەکەم مردن کە ھەموومان مردنێک قەرزارین و دەبێت بمرین, دووەم باجی دەرامەت کە ھەموو ھاوڵاتیەک دەبێت بیدات, سێ یەم خیانەت و ناپاکی ئەمریکایە لە کورد لە مێژوودا .
ھەر سەبارەت بەو باسە پێم باشە ئەوەش بە بیر خوێنەرانی ھێژا بێنمەوە کە لە سەد ساڵی ڕابردوودا ئەمریکا ھەشت جار خیانەتی لە کورد کردووە لە زۆر وێستگەی جیاوازدا کە دواترینیان ئەم بڕیارەی سەرۆک ترەمپ بوو بە داگیرسانی گڵۆپی سەوز بۆ تورکیا کە پەلاماری ھەسەدە بدات .
ئێستا کە ئەمریکا لە دوا پێگەی خۆی لە سوریا کە ناوچە کوردنشینەکان و ڕۆژئاوای کوردستان بوو , لە ژێر فشاری ئەردۆگان و تورکیادا پاشەکشەدەکا و لە عێراقیش ھەرچەندە خۆی لە ساڵی ٢٠٠٣ ەوە داگیری کردووە پێگەکەی زۆر لاوەزەو,  ئێرانیەکان بەھێزترن لە بەغداد چونکە کاتێک سەرۆکی ئەمریکا ترەمپ ھاتە عێراق بە شەو  و بە نھێنی و چەند کاتژمێرێکی کەم مایەوەو بەڵام سەرۆکی ئێران حەسەن ڕۆحانی چەند ڕۆژیک مایەوە .
ئەمریکا بۆ پێگەی خۆی لە دەست دا لە ناوچەکەدا ؟
گرنگترین فاکتەر بۆ لاواز بوونی ھەژموون و پێگەی ئەمریکا لەم ناوچەدا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوەکە سەرۆکی پێشوو باراک ئۆباما لە ساڵی ٢٠١١ بە خێرایی  ھێزەکانی ئەمریکای لە عێراق کشانەوەو بۆشاییەکی گەورە ھاتە ئاراوە کە خێرا ئێرانییەکان پڕیان کردەوەو بۆخۆیان وەبەریان ھێنا .
ھەر ئەو کات وەزیری دەرەوەی عەرەبستانی سعودیە کۆچکردوو ئەمیر سعود ئەلفەیسەڵ وتی ئەمریکا عێراقی داگیرکردوو لە سەر سینیەک لە زێڕ پێشکەشی ئێرانی کرد.
لە دوای ئەویش دەستبەکار بوونی دۆناڵد ترەمپ ی سەرۆکە پۆپۆلیستەکە کە ھیچ شارەزاییەکی وردو ستراتیجی بۆ کێشەو ململانێکانی جیھان و ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوینیش نیە , بە تایبەتی وەکو بازرگانێک ھەڵسوکەوت دەکات ھەموو شتێک بە بیرۆکەی بازرگانی زیان و قازانج لێک دەداتەوە, تەنانەت لە زۆرێک لە ڕێککەوتننامەو پەیماننامە نێودەوڵەتیەکان کشایەوە وەکو ڕێکەوتننامەی کەش و ھەوای پاریس .
لەھەمان کاتدا لە مێژووی ھەموو سەرۆکەکانی ئەمریکادا کەس ھێندەی  سەرۆک ترەمپ ئەندامانی تیمەکەی ھەرلە وەزیرو ڕاوێژکارەکانیەوە دەستیان لەکار نەکێشاوەتەوە بە ھۆی نەگونجان و ھەڵسوکەوتەکانی ترەمپەوە .
ماوەتەوە بڵێین ھەرچەندە زۆرێک لە شارەزایان و چاودێران لەو بڕوایەدان کە لە سەد ساڵی داھاتووشدا ئەمریکا تاکە ھێزی باڵادەستی جیھان دەبێت بەڵام ئێستا ئەو گریمانەیە شکستی ھێناوەو ئەوەتا ھێزی نوێ و جەمسەری نوێ سەری ھەڵداوەو وا سەرەتاکەی وەدەردەکەوتووە .