سەردێڕ:

با ترەمپ وەڵامی تانەوتەشەرەکان بداتەوە

10/14/2019 8:49:21 AM
4930 جار خوێندراوەتەوە
بورهان شێخ ڕەئووف
+ -

ئەگەرچی ئەمە یەکەم جار نیە کورد بەم دەردەی ئێستا ببردێت لە نیوەی ڕێگادا بە تەنیا جێبھێڵرێت و قوربانی و شەڕی سەخت و گەورەی پێ بکرێت دواتر بکرێتە قۆچی قوربانی حەز و بەرژەوەندی زلھێزە نامەرد و سپڵەکان.

ھەرچەندە ئەمریکیەکان لەزاری کیسنجەر کە وەزیری دەرەوە و ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی  بووە لە حەفتاکانی سەدەی پێشوو وتوویەتی کە ئێمە دۆست و برادەری ھەمیشەییمان نیە بەڵکو بەرژەوەندی ھەمیشەییمان ھەیە، بۆیە ئیتر نابێت ھەموو ئۆباڵەکە بخرێتە ملی ئەمریکا، دەبێت بەرامبەرەکانیانیشیان تێبگەن.

من ناخوازم ئێستا لاپەڕەکانی مێژووی چەند ساڵی ڕابردووی شەڕی تیرۆر و ڕۆڵی ھەسەدە و شەڕڤانانی کورد لە باکورو خۆرھەڵاتی سوریا وەبیر ترەمپ و دواتر ھەموو ئەندامانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام بھێنمەوە، چونکە ئەوە دوێنێ بوو لە بیرەوەری تاک بەتاکی خەڵکی ناوچەکە و ھەموو چاودێرانی دۆخەکە و ھەموو خاوەن پەیوەندیەکان بەو مەسەلەدا زیندووە ھێشتا.

ئەوەی مەبەستمە لەم وتارە کورتەدا باسی بکەم، لەم بارودۆخە ھەستیارەی کە ناوچەکە و کورد بەتایبەتی تێیدا تێپەڕ دەبێت کە بە بەرچاوی دنیاوە چەقۆ خراوەتە سەرملیان لە باکوری سوریا و ھەموو تیرۆریستەکانی سوپای ئازادی سوریا و ھەموو پاشماوەی  تاقم و گروپە دڕندەکانی داعش و ئەلقاعیدە بە بەرگێکی نوێوە ئارایشت کراون و بە ھاوکاری تورکیا پەلاماری گرێ سپی و کانی عیسا و ھەموو گوند و شارۆچکەکانی تری ڕۆژئاوای کوردستان دەدەن بە ھەموو پێکھاتەکانیەوە.

تەنیا گوناھی ئەمانە ئەوە بوو کە لە جیاتی مرۆڤایەتی بە  گشتی شەڕی تیرۆر و داعشیان کرد ئەم قسەی من نیە ئازیزان، قسەی زۆرێک لە سەرکردە ئەمریکی و ئەوروپیەکانیشە.

با بێینەوە سەر ئەسڵی مەبەستەکەو ناونیشانی وتارەکەشم

حوسنی موبارەکی دیکتاتۆری پێشووی میسر کاتی خۆی و لە کۆتایی دەستەڵاتەکەی لە ساڵی ٢٠١١ وتبووی ئەوەی خۆی بە ئەمریکا دابپۆشێت ڕووتە، ئەمە وەسفێکی جوانە بۆ بێ باری و بێ وەفایی ئەمریکا بەرامبەر بە دۆست و ھاوپەیمانەکانیان، ھەر بۆیە ئێستا خودی ئەمریکیەکانیش ھەستیان بەم ھەڵە کردووە و بۆیە لە زۆر ئاستدا ھەر لە بەرپرسانی حکومەت و حزبەکان و میدیاکان و کەسایەتیەکان و ھونەرمەندەکانیش دژ بەم ھەنگاوەی ترەمپ وەستاونەتەوە و ڕەخنەی توندی لێدەگرن و بەگژیدا دەچنەوە.

لە دوا لێدوانیدا فەیسەڵ میقدادی جێگری وەزیری دەرەوەی سوریا لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەواناندا وتی ئێمە  دان و سان لە گەڵ کوردەکاندا ناکەین ئەوان بەکرێ گیراوی ئەمریکان و جوداخوازن و ئەوان پاساویان دا بە تورکیا تاوەکو خاکی سوریا داگیر بکات، با ترەمپ و ئیدارەکەی وەڵامی فەیسەڵ میقداد بدەنەوە.

ھەر ئەمڕۆ سەید حەسەن نەسروڵاش سەرۆکی حزبوڵای لوبنان وتی ئەمریکیەکان جێگەی متمانە نین و لە ناکاودا پشتی کوردەکانی سوریایان بەردا بە جۆرێک لە گاڵتە و لاقرتیەوە.

ھەر چەندە پێشتریش لە ساڵی ٢٠١٨ ھەمان ھەڵوێست ڕوویدا لە کاتێکدا تورکیا کانتۆنی عەفرینی داگیرکرد بە بیانووی پاراستنی ئاسایشی خۆی، ئەمریکا و ڕوسیا  گڵۆپی سەوزیان بۆ داگیرساندلە ئێستاشدا بۆ جاری دووەم ھەمان ھەڵوێست ڕویدا و بە تایبەتی لە کۆبوونەوەکەی ڕۆژی ٩/١٠/٢٠١٩ ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بە ڕوونی دەرکەوت کە ئەو دوو ھێزە قایل نابن تەنانەت بەیاننامەیەکی سەرەکۆنەکردنیش دژ بە دەوڵەتی تورکیا دەربکرێت لە ئەنجوومەنی ئاسایشەوە.

لە ئاوا بارودۆخێکدا کە وڵاتە زلھێزەکان بە دوای بەرژەوەندیە تایبەتییەکانی خۆیانەوە بن ناکرێت و نابێت چاوەڕوانی ئارامی و سەقامگیری و ئاشتی بین لەم ناوچە گرنگەی جیھاندا، لە ھەمان کاتیشدا ئەمە شکستی ستراتیجیەتی ئەمریکا بوو لە ناوچەکەدا ھێشتا ڕوون نیە کێ شوێنی دەگرێتەوە.