سەردێڕ:

ڕووبەری خۆپیشاندانەکانی عێراق فراوانتر دەبێت

10/6/2019 1:02:18 PM
12136 جار خوێندراوەتەوە
بورهان شێخ ڕەئووف
+ -

ئەم یەکی مانگی تشرینی یەکەمەی ئەمساڵ، لاپەڕەیەکی تری خۆپیشاندان و ناڕەزایی خەڵکی بەغدادی پایتەخت و شارەکانی تری باشور و ناوەڕاستی عێراق لە گەڵ خۆیدا ھێنا، ئەم خۆپیشاندانانەی ئەمجارە، پێچەوانەی جارەکانی پێشوو کە لەناوچە سوونە نشینەکان یان ئەوەی پێ یان دەگووت ناوچە گەرمەکان سەری ھەڵدەدا، بەڵکو ئەمجارە لەو شار و ناوەندە چڕانەیە کە دانیشتوانەکەی شیعەن و لە شازدە ساڵی ڕابردوودا حوکمڕانی عێراق بوون و ھەموو جومگەو پێگە گرنگەکانی عێراقیان بە دەستەوە بوو.
ئەمجارە ئەگەر لە دروشم ولێدوانەکانی خۆپیشاندەران وردبیتەوە، دەبینیت جیاوازە لە جاران،  شێوازو ڕوخسارێکی تری لەبەرکردووە. ھیچ حیزب و ڕەوتێکی سیاسی بەشداربووی پرۆسەی سیاسی عێراقی خۆی ناکات بە خاوەنی و خۆپیشاندەرانیش بوار نادەن ئەوان سوار کۆڵی داواکاری و خواستە ڕەواکانیان ببن. جگە لە ئاڵای عێراق و داخوازی سادە کە خۆی لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ڕۆژانەی ژیانی خەڵکدا دەبینێتەوە کە ئەوانیش ئاو، کارەبا، دەرمان، کار، ئاسایش، بەرگرتن لە دەستوەردانی وڵاتانی دراوسێ، سەروەری یاسا، نزمی ئاستی پەروەردە و فێرکردن، دیاردەی گەندەڵی، فرۆشتنی پۆستە حکومیەکان و زۆر شتی تر.
خۆپیشاندان، مانگرتن و ئازادی ڕادەربڕین مافی سەرەتایی و بێ ئەملا و ئەولای گەلی عێراقە لە باکورەوە بۆ باشور. دەستووری عێراق ئەو مافەی مسۆگەر کردووە و ھیچ حکومەت و دەستەو تاقمێکی میلیشیایی ناتوانێت سنوورداری بکات. ئەوەی  زیاتر قوڕەکەی خەست کردەوە، تەقەکردن و پەنابردن بوو بۆ چەک، و کوشتن و بریندارکردنی ھاوڵاتیانی ناڕازیی، کە داوای مافە ڕەواو دەستووریەکانی خۆیان دەکرد.
ناڕەزایەتیەکان لە پای چی  ؟
ئێستا لە عێراقدا، لە دوای شەڕی داعش و دوای نزیکەی ساڵێک لە دەست بەکاربوونی  حکومەتەکەی عادل عەبدولمەھدی، لە کاتێکدا باس لەوە دەکرێت عێراق ڕۆژانە نزیکەی شەش ملیۆن بەرمیل نەوت دەفرۆشێت، و ھاوڵاتیانی ئەم وڵاتەش بێبەشن لە زۆر شت، بە تایبەتی نەوەیەکی نوێ پێ گەییشتووە کە ترس و تۆقاندنی ڕژێمی پێشووی نەدیوە و وڵاتانی تر دەبینیت، بە تایبەتی وڵاتانی کەنداو دراوسێکانی تر. تەنانەت ھاوڵاتیانی باشور باسی شارەکانی ھەرێمی کوردستانیان دەکرد لە تەلەفزیۆنەکانەوە کە دەیان وت ئەوان واتە ھەرێمی کوردستان چۆن دەژین و ئەوان کاری زۆریان بۆ کراوە و بەڵام لای ئێمە لە باشورو ناوەڕاست ھیچی وامان بۆ نەکراوە. ئاساییە و مافی خۆیانە داوای مافەکانیان بکەن بەڵام بە ھێمنی و دوور لە توندوتیژی، و پاراستنی ماڵی گشتی  ڕەچاو بکەن.
جگە لەوانەش ڕاپۆرتە فەرمیەکان باس لەوە دەکەن کە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە، لە عێراقدا ٤٥٠ ملیار دۆلار دیار نەماوە. ڕێژەی بێکاری ٩،٩%یە لە وڵاتدا و لەوانە ٢٦% لاوەکانن و ھەروەھا ژنانیش لەو ڕێژەوە نزیکن. ھەروەھا عێراق لە ڕیزی دوازدەھەمین دا دێت لە وڵاتە گەندەڵەکاندا بە گوێرەی پۆلبەندی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ شەفافیەت.
کاردانەوەکانی حکومەتی عێراق
بڕینی ھێڵی ئینتەرنێت لە عێراق جگە لە ھەرێمی کوردستان، بەکارھێنانی ھێز و غازی فرمێسک ڕێژ و ئاو و گولەی پلاستیک و گولەی ڕەساس دژ بە خۆپیشاندەران و ھەرەوەھا داخستنی ڕێگاو پردەکان و قەدەغەکردنی ھاتوچۆ و بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران بە زۆری ھێز و خستنە حاڵەتی ھۆشداری توندی ھەموو ھێزە چەکدارەکانی عێراق.
لەلایەکی تریشەوە سەرۆک کۆمار مافی خۆپیشاندانی بە دەستووری وەسفکرد و داوای دان بەخۆداگرتنی کرد. سەرۆک وەزیران لیژنەی لێکۆڵینەوەی لە سەر کوشتن و برینداربوونی ھاوڵاتیان ڕاگەیاند، بەڵام ڕووبەری خۆپیشاندانەکان فراوانتر بوو.
لە کۆتاییدا ئەوەی بۆ گەلی عێراق ڕوونتر و ئاشکرابووە، شکستی تاقم و حزبە تائیفیە دینیەکانە لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا و نووقم بوون و تێوەگلانیانە بە گەندەڵی گەورەو ئابڕووبەرانە و کەڕوکاسییانە لە ئاست خواست و مافی ھاوڵاتیانی عێراقدا.