سەردێڕ:

بەئامانج گرتنی دامەزراوەکانی ئارامکۆ ناوچەکە نزیک دەکاتەوە لە جەنگ؟

9/23/2019 7:38:27 PM
4995 جار خوێندراوەتەوە
بورهان شێخ ڕەئووف
+ -

عەرەبستانی سعودیە یەکێک لە گەورەترین وڵاتانی بەرھەمھێنی نەوت لە گێتیدا  لە ھەمانکاتیشدا یەکێکە لە زەبەلاحترین فرۆشیارانی نەوت لە جیھان، ئەو کۆمپانیایەش کە سەرپەرشتی ئەم پرۆسە گەورە و گرنگە دەکات کۆمپانیای ئارامکۆی سعودیەیە، ئێستا ئەم کۆمپانیا مەزنە  لە ژێر سێرەی چەکە جۆراوجۆرەکانی ئێران و ھاوپەیمانەکانیدایە لە یەمەن و عێراق و خودی ئێرانیش، دوای ئەو پەلامارەی کە لە ١٤/٩/٢٠١٩ کە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان ئەنجامی دا لە ناوچەی بەقیقی ڕۆژھەڵاتی سعودیە نیوەی بەرھەمی ڕۆژانەی ئەو وڵاتەی وەستاند کە دەکات ٦ ملیۆن بەرمیل نەوت لە کۆی ١٢ ملیۆن .

کاریگەرییەکانی ئەم پەلامارە

پەلاماردانی بیرە نەوتەکان و پاڵاوگەکانی عەرەبستانی سعودیە کە کۆمپانیای ئارامکۆ سەرپەرشتی دەکات کە ناسراوە بە کۆمپانیای ڕۆنی عەرەبی ئەمریکی،  بەرھەمھێنانی تا ئاستی نیوە دابەزی، کە دواتر حووسیەکانی یەمەن بەرپرسیارێتی خۆیان ڕاگەیاند لە ئەنجامدانی لە کاتێکدا ئێستا ھەواڵی تر ھەیە کە لە عێراقەوە ھێرشەکە کرابێت لە لایەن تاقمەکانی حەشدی شەعبییەوە، ھەرچەندە عادل عەبدولمەھدی سەرۆک وەزیران ئەوەی بە توندی ڕەتکردەوە. لە لایەکی ترەوە  سعودیەکان و ئەمریکییەکان ئۆباڵەکەی دەخەنە سەر ئێران و تەنانەت باس لەوە دەکەن کە فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان بە ئاسمانی دەوڵەتی کوەیتدا ڕۆیشتبن . تەنانەت ھەواڵی ئەوە بڵاوکرایەوە کە ھێزە چەکدارەکانی کوەیت خرابنە حاڵەتی ئینزار و ئامادەباشی  ھۆشداریی تا پلەی (ج) ھەرچەندە دەوڵەتی کوەیت دواتر ئەم ھەواڵەی ڕەتکردەوە.

لە ھەمانکاتدا ئەم دەستدرێژییە بۆ سەر ئارامکۆ کاریگەریی ڕاستەوخۆی کردە سەر نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیھان و تا ئاستی ٢٠%  بەرز بووەوە، جگە لەوەی زیانی ئەم کردەوەیە نەک ھەر بۆ عەرەبستانی سعودیە  زۆر بوو، بەڵکو بۆ ھەموو بازاڕەکان و  ئابوری جیھان کاریگەریی ڕاستەوخۆی ھەبوو .

گرنگی کۆمپانیای ئارامکۆ

کۆمپانیای ئارامکۆ نەوت و ھەموو بەرھەمەکانی تری لە عەرەبستانی سعودیە بەرھەم دەھێنێت ھەرلە بیابانە لماوییەکانی ڕەبع ئەلخالیەوە تاوەکو ئاوەکانی کەنداو، ھەروەھا پاڵاوگەی بەقیق کە کەوتە بەر ئەم پەلامارە ئەرکی پاڵاوتنی نەوتی خاو و پاککردنەوەی لە ھەموو خڵتە و پیسییەکانی گرتووەتە ئەستۆ ئامادەی دەکات بۆ فرۆشتن بە بەرمیل .
شایانی وتنە کۆمپانیای  ئارامکۆ توانای ڕۆژانەی بەرھەمھێنانی ١٢ ملیۆن بەرمیل نەوتە، بۆیە عەرەبستانی سعودیە تونای یەدەکی زۆری ھەیە لە ھەرکوێیەک لە جیھاندا کێشە بۆ فرۆشتنی نەوت دروستببێت و بەرھەم کەم ببێتەوە ئەمان خێرا بۆشاییەکەی پڕدەکەنەوە بۆ ئەوەی قەیران نەخوڵقێت، بەڵام لە ئێستادا کە عەرەبستان خۆی کێشەی بۆدروستبووە ئارامکۆ بە ئامانج گیراوە ئەمریکا خۆی ناچار بووە پەنا بۆ یەدەگی ستراتیجی خۆی ببات .

بەرەو لێکۆڵینەوەی نێو دەوڵەتی 

 وەزارەتی دەرەوەی سعودیە بەیاننامەیەکی زۆر توندی دەرکرد وێڕای سەرکۆنە و نیگەرانی زۆر لەم کردەوە تێکدەرانە بە ھەڕەشەی توندی زانی بۆ سەر ئاسایش و ئارامی و سەقامگیری جیھان، ھەروەھا ئاماژەیان بۆئەوە کردووە کە ئەم ھەنگاوە ھەڕەشەشە بۆ سەر سەرچاوەکانی وزە لە جیھاندا، ھەروەھا بەیاننامەکە خوازیاری ئەوە بوو کە نەتەوە یەکگرتووەکان تیمێکی لێکۆڵینەوەی شارەزای نێو دەوڵەتی  بنێرن بۆ سعودیە بۆ لێکۆڵینەوە لە سەرچاوەو شوێن و چۆنیتی ئەنجامدانی کردەوە تێکدەرانەکە، تاوەکو دواجار لە بەر ڕۆشنایی ئاکامی ئەو لێکۆڵینەوانەدا بڕیاری پێویست و شیاو بدەن، لە ھەمان کاتدا ئەوەشیان ڕاگەیاند کە توانای بەرپەرچ دانەوە و بەرەڤانی تەواویان ھەیە لە ھەموو دامەزراوەکانی وڵات .
ھەر تایبەت بەم ھەوڵە دواتر سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بڕیاری ئەوەی دا کە تیمێکی نێودەوڵەتی ڕەوانەی عەربستانی سعودیە بکات بۆ لێکۆڵینەوە لەو بابەتە .

ماوەتەوە بڵێین ئێستا ئیتر ھیچ بوارێک بۆ مانۆڕ و خۆلادان لە جەنگ نەماوە ولەوەناچێت ئێران بە ھێزی نەرم بچێتە ژێرباری داخوازییەکانی ئەمریکا، ئاکامی لێکۆڵینەوەکان بەتایبەتیتر ئەگەر لە لایەن تیمی نێو دەوڵەتییەوە بکرێت وەکو بڕیاردراوە پێدەچێت وەڵامێکی توند و کەمەرشکێن بێت، بە تایبەتی کە ئەوروپیەکانیش زۆر نیگەرانن لەم پەلاماردانەی ئارامکۆ.