سەردێڕ:

ئێران وئیمارات کرانەوە بەڕووی یەکدی دا

9/1/2019 5:10:46 PM
2684 جار خوێندراوەتەوە
بورهان شێخ ڕەئووف
+ -

ساڵانێکی دوورو درێژە کە سەرەتاکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی ھەژدە ئێران چاوی لەوەیە ھەموو کەنارەکانی کەنداوی لە بندەستدا بێت،  بەڵام لە مێژووی نوێ یشدا ئێران و دەوڵەتی میرنیشینە  عەرەبیە یەکگرتووەکان کێشەو ناکۆکیان ھەبووە لە سەر سنوورو بە تایبەتی لە سەر دووڕگەکانی تونبی بچووک و توونبی گەورەو ئەبو موسا کە لە ساڵی ١٩٧١ ەوە ئێران داگیری کردووە چەند ڕۆژێک پێش ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی دەوڵەتی ئیمارات .
ئیمارت و سعوودیە ھاوپەیمانی یەکن بەتایبەتی تر، جگە لەوەی ھەردووکیان ئەندامی ئەنجوومەنی ھاریکاری وڵاتانی کەنداوی عەرەبین، بۆیە لە زۆر وێستگەو کاتی پێویستدا ڕاوێژو گفتوگۆی دووبەدوو و زیاترییان کردووە.
بەڵام ئەوەی دەخوازم لەم باسە کورتەدا تیشکی بخەمە سەر پەیوەندییەکانی ئێران و ئیماراتە لە گەرمەی ململانێ و ناکۆکیەکانی نێوان عەرەبستانی و سعوودیەو ئێراندایە کە بۆ لەم کاتەدا سەرەڕای ناکۆکی و ململانێکانی نێوانیان ئێران و ئیمارات  بە تایبەتی لە سەر ئەو سێ دووڕگەی کە ستراتیجیترین پێگەن لە دەروازەی گەرووی ھورمزدا و ئێران داگیری کردووە کەچی  ئیمارات مەیلی بە دان وسانە لە گەڵ ئێران ؟
١-ھەرچەندە ئەم ھەنگاوەی ئیمارات لە ھەنگاوێکی تەکتیکی دەچێت تا ستراتیجی، بە پلە ی یەکەم مەسجێکە بۆ  سەرۆک ترەمپ لە پاش ساردبوونەوەی پەیوەندی نێوان ئیمارات و ئەمریکا بە ھۆی  نزیک بوونەوەی ئەمریکا لە قەتەر، لە لایەکی ترەوە ئابووری ئیمارات و بە تایبەتی دوبەی لەوەیە بەرگەی ململانێ و ناکۆکی لە گەڵ ئێران نەگرێت، لەوانەش بەھێزترئەو ئەگەرەیە کە ئیماراتییەکان لەو بڕوایەدان ئیدارەی ئەمریکا لە ھەوڵی دانوستانە لەگەڵ ئێران و پەنا بۆ جەنگ نابات و ھەوڵی پاراستنی ھاتوچۆی دەریایی لە تەنگەی ھورمز دەدات، بۆیە پێدەچێت ئەمە ھەنگاوێک بێت پێشی ڕووداوەکە بکەون لە لایەن ئیماراتەوە.
٢-ئەم ھەنگاوەی ئیمارات لەوەیە خاڵێکی گۆڕانکاری گەورە بێت لە سیاسەتی دەوڵەتی ئیماراتدا کە لەمەودوا دەست وەرنەداتە کاروباری وڵاتانی ترەوە چونکە بەشێکی ھێزەکانیشی لە یەمەن پاشەکشە پێکرد، لە ھەمانکاتدا ئەم ھەنگاوەی ئیمارات گورزێکی گورچکبڕە بۆ سیاسەتی ئەمریکا و ترەمپ بۆئەو ھەوڵانەی داویانە بۆ پێکھێنانی ھاوپەیمانێتیەکی عەرەبی لەگەڵ ئیسرائیل دژ بە ئێران لە ھەمانکاتدا ڕێککەوتنێکی فەلەستینی و ئیسرائیلی پڕلە کەمووکوڕیشی لە گەڵدا بێت، لەلایەکی ترەوە کۆسپ دەبێت بۆ ئەو ھاوپەیمانیە عەرەبییەی کە ئەمریکا بەنیازە دروستی بکات بۆ پاراستنی کەنداوو، ھاوپەیمانی دووقۆڵی ئیمارات و سعوودیەش دەخاتە ژێر پرسیاری جدییەوە و بەحرێن و عەرەبستانیش بەتەنیا جێدەھێڵێت لەوشەڕە قسەو میدیاییەی کە ئێستا لە نێوان ئەو دوو وڵاتەو ئێران دەگوزەرێت .
٣-ئەم ھەنگاوەی سیاسەتی ئیمارات بۆ دەست درێژ کردن بۆ وتو وێژ  ھەنگاوێکی تاڕادەیەک لۆجیکیە، چونکە پێشتر ئیمارات ھیچ کات لەگەڵ ئەوە نەبووە شەڕ لە ناوچەکە ھەڵبگیرسێت لە نێوان ئێران و ئەمریکادا، بەڵکو خوازیاری گۆڕانکاری لە سیاسەتەکانی ئێراندا بووە دەرھەق بە پرسە گرنگەکانی ناوچەکەو دژ بە پرسی گۆڕینی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران .
٤-ھەروەھا ئەو ڕووداوانەی کە لە گەرووی ھورمز ھاتنە ئاراوە لە ماوەی ڕابردوودا بە تایبەتی پەلاماری کەشتییە نەوت بەرەکانی ئیمارات وەکو ھەڕەشەیەک دەرکەوت بۆ ئیمارات پێدەچێت ئیمارات نەخوازێت ببێتە بەشێک لەو ململانێ یە .
٥-لە ڕووی ناوخۆیی یەوە پێدەچێت میرنیشینی دوبەی ئەم دەستوەردانانەی میرنیشینی ئەبوزەبی پێ گونجاو نەبێت کە لە ساڵانی ڕابردوودا بە تایبەتی لە شەڕی یەمەنیش تێوەگلاوەو کە ئەم کارانە بە سوودو بەرژەوندی ئابووری بۆ ئیمارات ناگەڕێتەوە بەڵکو لە ڕوانگەی ئاسایشیەوە سەیریان کردووە  کە قازانجی بۆ بەرژەوەندی گشتی وڵات نابێت بەڵکو ئاسایش و بەرژەوندییە باڵاکانی وڵات دەخاتە مەترسییەوە .
لە کۆتاییدا ماوەتەوە بڵێم سیاسەتی ئەمریکاش تائێستا ڕوون و ڕەوان نیە چی دەکات بەرامبەر بە ئێران جارێک باسی ڕیگا چارەی سیاسی و دبلۆماسی دەکا و جارێک باسی بژاردەی سەربازی، لە ئاوا بارودۆخێکدا ئەگەر ئیمارات و بەرژەوەندییەکانی بە ئامانج بگیرێت لەوەیە زیانی گەورەی بەربکەوێت، بۆیە باشترین بژاردە بۆ  دەوڵەتی ئیمارات و بە تایبەتی میرنیشینی ئەبوزەبی ئەوەیە کە کرانەوەو ھەوڵی چارەسەری دبلۆماسی قەیرانەکە بدات لە گەڵ ئێران و لایەنەکانی دیشدا.